ساردکەرە

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-13-21:40:00 - کۆدی بابەت: 7822
ساردکەرە

ناوه‌ڕۆك

ساردکەرە چییە؟

ساردکەرە یان سەلاجە (بە ئینگلیزی: Refrigerator، بە عەرەبی: الثلاجة)، یەکێکە لە گرنگترین و بەسوودترین ئامێرە کارەباییەکان و ٢٤ کاتژمێر کار دەکات، لە ناوماڵ، دوکان، بازاڕ و مۆڵەکاندا هەیە، پێویستییەکی گرنگە و ئەستەمە خەڵکی بتوانن بەبێ بوونی سەلاجە لە ماڵەکانیان ژیان بەڕێبکەن، کاری ئەم ئامێرە سارد کردنەوە، پارێزگاری کردن لە خراپ بوون و بە تازەیی هێشتنەوەی هەموو جۆرەکانی خواردنە، بە چەندەها شێوە، جۆر، قەبارە و ڕەنگی جیاواز دروستکراوە.

مێژووەکەی

کتێبە مێژووییەکان ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین چینییەکان یەکەم کەس بوون کە بیریان لە ساردکردنی خواردنەکان کردووەتەوە، ئەوان سەهۆڵ و بەفریان بەکارهێناوە و لەسەر خۆراکەکان دایانناوە تا خراپ نەبن و بۆ ماوەیەکی درێژ وەک خۆیان بمێننەوە، دواتر میسرییەکان و هیندییەکان بە شەوان مەنجەڵیان پڕ دەکرد لە ئاو و لە دەرەوەی ماڵەکانیان بەجێیان دەهێشت تا ببێت بە سەهۆڵ و بۆ ساردکردنەوەی خۆراکەکانیان بەکاریبهێنن، دواتر و لە سەدەی ١٧ دا خوێ بەکارهات بە شێوەیەک کە خۆراکەکان دەکرانە ناو ئاو و خوێ تا لە خراپبوون پارێزراو بن، لە ساڵانی ١٨٦٠ـدا ئەمریکییەکان سندووقی سەهۆڵییان بەکارهێنا کە بەفر و سەهۆڵیان دەکردە ناوی و خواردنەکانیان تێدا هەڵدەگرت، لە ساڵی ١٨٩٩ یەکەم جۆری سەلاجەی میکانیکی لەلایەن ئەلبێرت مارشاڵ دروستکرا، لە سەرەتادا لە وڵاتانی ئەورووپا بە تایبەت ئەڵمانیا نرخی سەلاجەکان زۆر بەرز بوون و خێزانە ئاساییەکان نەیاندەتوانی بیکڕن و کارەباش لەو کاتەدا بۆ چەند ماڵێکی کەم بەردەست بوو، دواتر لە ساڵی ١٩٣٠ ئەلبێرت ئەنیشتاین جۆرێکی سەلاجەی دروستکرد کە بە ژینگەدۆست ناسرابوو چونکە پشتی بە بەکارهێنانی کارەبا نە دەبەست بۆ کارکردن.

بەشەکانی ساردکردن لە سەلاجەدا

سەلاجە لە کۆمەڵێک بەش و پارچە پیکدێت کە یارمەتی ساردکردنی سەلاجە دەدەن:

  • ماددەی ساردکەرەوە: ئەم ماددەیە گەرمی لە خۆراکەکانەوە هەڵدەمژێت و بە ساردی دەیانهێڵێتەوە.
  • پەستێنەری گاز (کۆمپرێسەر): ئەم بەشە دەکەوێتە پشتەوەی سەلاجەکە لە بەشی خوارەوە و چالاکترین ئامێرە و هۆکاری سەرەکی کارکردنی سەلاجەیە کە بە یارمەتی مۆتۆرەکەی کاردەکات.
  • چڕکەرەوە (کۆندێسەر): بۆرییەکی مسی باریکە کە دەکەوێتە بەشی پشتەوەی سەلاجەکە، شلەی ناو پەستێنەری گازەگە دێتە ناو ئەم بەشە و بەهۆی گەرمی هەواوە سارد دەبێتەوە.
  • کێبڵی فراوانکردنی گەرمی: پێکدێت لە چەند بۆرییەکی باریکی مس کە ماددە ساردکەرەوەکە پیایدا تێپەڕ دەبێت دوای تێپەڕبوونی بە چڕکەرەوەکەدا.
  • هەڵمێنەر (ڕادێتەر): ئاڵوگۆڕکەری گەرمییە، پێکدێت لە چەندین لولەی مس یان ئەلەمنیۆم.

بەناوبانگترین بڕاندەکانی سەلاجە لە جیهاندا

سەلاجە و ئامێرە کارەباییەکانی دیکەی ناوماڵ لەلایەن چەندین کۆمپانیای جیهانەوە دروست دەکرێن، وەک:

  • Whirlpool: بڕاندێکی باوەڕ پێکراوە لە سەرانسەری جیهاندا.
  • LG: کۆمپانیایەکی بواری ئەلکترۆنیاتە کە هەموو جۆرە ئامێرێکی کارەبایی بە هەموو قەبارەیەک و نرخێک بەرهەم دەهێنێت بە تایبەت سەلاجەکان و هەموو ئامێرەکان گرەنتی درێژخایەنیان هەیە.
  • Samsung: بە سەرکردەی جیهانی بەرهەمهێنانی ئامێری ئەلکترۆنی دادەنرێت، چەندین جۆری سەلاجە بەرهەم دەهێنێت بە جۆرەها مۆدێلی جیاواز و گرەنتی پێنج بۆ یازدە ساڵی لەگەڵدایە.
  • KitchenAid: سەلاجەکانی ئەم کۆمپانیایە بە چەندین ڕەنگ، جۆر و قەبارەی جیاواز بەردەستن و چەند تایبەتمەندییەکیان هەیە وەک، کۆنترۆڵ کردنی پلەی گەرمی، زۆرترین بۆشایی و شوێنی تایبەت بە هەڵگرتنی سەوزەوات.
  • GE Appliances: یەکێکە لە باشترین براندەکان بۆ دروستکردنی سەلاجە، بە چەندەها جۆر، قەبارە و ڕەنگی جیاواز بەردەستە، لەگەڵ ئەوەشدا نرخیان گونجاوە.
  • Panasonic: ئەم کۆمپانیایە بە جیاوازی لە دروستکردنی سەلاجەکاندا بەناوبانگە چونکە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە وەک، کۆنترۆڵکردن بە دەست لێدان (لەمس)، شوێنی تایبەت بۆ بەهارات، کۆنترۆڵ کردنی شێ و ڕەفەی بەرز و شووشە.
  • Hitachi: کۆمپانیای هیتاچی لە هەموو جیهاندا بەناوبانگە و شێوازی دروستکردنی سەلاجەکانی بە شێوەیەک تایبەتمەندە، بە جۆرێک کە لە کاتی سارد کردنی خۆراکەکاندا ڕێگە دەگرێت لە لەدەستدانی ڤیتامین، کانزا و ماددە خۆراکییەکانی ناو خۆراکەکان.


سەرچاوەکان



947 بینین