واکین فینێکس

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-08-14-23:25:00 - کۆدی بابەت: 6303
واکین فینێکس

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

واکین ڕافایل فینێکس نواندنکار و بەرهەمهێنەر و چالاکوانی مافی ئاژەڵانە، لە ٢٨/١١/١٩٧٤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دایک بووە، منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی و خاوەنی ٤ خوشک و برایە بە ناوەکانی (ڕووبار (River)، باران (Rain)، ئازادی (Liberty)، هاوین (Summer)) هەموو خوشک و براکانی لە بواری نواندندا کاریان کردووە، باوکی واکین پێش ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ دایکی واکین بکات خاوەنی کچێک بووە و بەمەش واکین خاوەنی خوشکێکە لەلایەن باوکییەوە، کاتێک واکین تەمەنی سێ ساڵان بوو، لەگەڵ خوشک و براکەی کە لە خۆی گەورەتربوون ماسیگرێکیان بینی بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە ماسییەکانی دەکێشا بەو بزمارانەی کە بە دیوارەکەی تەنیشتییەوە داکوترابوون، ئەم ڕووداوە وای لە هەموو خێزانەکە کرد ببن بە ڕووەکخۆر بە هیچ جۆرێک گۆشتی ئاژەڵ و بەرهەمەکانی ئاژەڵ ناخۆن، هەروەها واکین ناوی خۆی گۆڕی بۆ گەڵا Leaf، بۆ ئەوەی وەک خوشک و براکانی ناوێکی پەیوەست بە سروشتەوە هەبێت، واکین دەستپێکی کاری هونەری لە ساڵی ١٩٨٠ بە بەشداری کردن لە زنجیرەی تەلەفزیۆنیدا بوو لەگەڵ براکەی بە ناوی ڕیڤەر، یەکەم ڕۆڵبینینی لە فیلمی خێوەتگای بۆشایی (SpaceCamp) لە ساڵی ١٩٨٦ بووە و دواتر ڕۆڵی بینیوە لە فیلمی دایک و باوکایەتی (Parenthood) لە ساڵی ١٩٨٩، لەم ماوەیەدا واکین خۆی بە ناوی لیف فینیکس ناساندبوو تاکوو کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٠ ناوی خۆی کردەوە بە واکین فینیکس، لەسەرەتای ڕۆڵگێڕانیدا واکین ناسرابوو بە دووەم بەناوبانگترین فینیکس، چونکە ڕیڤەری برای نواندنکار و میوزیکژەنێکی بەناوبانگ بوو لەو سەردەمەدا، ئەم نازناوەی فینیکس هاوکات بوو لەگەڵ مردنی ڕیڤەر لە ساڵی ١٩٩٣، دوای مردنی براکەی، واکین بەوە ناوبانگی دەرکرد کە بڕوای بە میدیاکان نەماوە، هەندێکیش پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە هۆکاری ئەم بێ متمانەییەی واکین بە میدیاکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هۆکاری مردنی براکەی لەلایەن میدیاکانەوە پەردەپۆشکرا، زۆرجار پرسیاری ئەو رۆژەیان لێدەکرد کە ڕیڤەر مرد، ئێستاش هەر ئەو پرسیارەی لێ دەکرێت، واکین بەوە ناسراوە کە ڕقی لە ئاهەنگە کەلتورییەکانە، بە دەگمەن چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات و زۆر بە کەمی دەربارەی ژیانی تایبەتی خۆی قسە دەکات، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ واکین دەستی کرد بە وەرگرتنی چارەسەری ئالوودەبونی ماددە کحولییەکان، دوای دوانزە ساڵ ئەوەی ئاشکراکرد کە نەیویستووە بکەوێتە ژێر کاریگەری ماددە کحولییەکان و وتی (من خۆمم بە ئارەزووباز دەهاتە پێشچاو، من نواندنکار بووم لە لۆس ئانجلس، دەمویست کاتی خۆش بەسەربەرم، بەڵام بەو ڕێگایەی من دەمویست نەمدەتوانی لەگەڵ ژیان و خۆمدا بگونجێم)، لە ٢٦/١/٢٠٠٦ کاتێک لە هۆڵیوود شۆفێری دەکرد تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، ڕووداوەکە بە هۆی نەمانی وەستێنەی (ئیستۆپ) ئۆتۆمبێلەکەیەوە بوو، واکین دەلەرزی و پەشۆکابوو لەناکاو کەسێک تەقەیدا لە پەنجەرەکەی و پێی وت (ئارامبە)، واکین بە جوانی ڕووخساری پیاوەکەی نەبینی و پێی وت (من باشم، ئارام بوومەتەوە)، پیاوەکە وەڵامی دایەوە (نەخێر تۆ ئارام نیت)، لە کاتێکدا ئۆتۆمبیلەکە گازۆلینی لێدەڕۆیشت واکین خەریکی داگیرساندنی جگەرەکەی بوو، بەڵام پیاوەکە ڕێگری لێکرد، لەو کاتەدا واکین درکی بەوە کرد کە ئەو پیاوە بەرهەمهێنەری ئەڵمانی وانا هەتزۆگە (Werner Herzog)، هەتزۆگ یارمەتی واکینی دا تاکوو لە ئۆتۆمبیلە تێکشکاوەکە بێتە دەرەوە بە شکاندنی جامی دواوەی ئۆتۆمبیلەکە، ئەو کەسانەشی لە دەوری ڕووداوەکە بوون پەیوەندییان بە ئۆتۆمۆبیلی فریاکەوتنەوە کرد.

لە ساڵی ٢٠١٢ واکین خەڵاتەکانی ئەکادیمی بە بێنرخ وەسفکرد، پاشان چاوپێکەوتنێکی ڕێکخست و داوای لێبوردنی کرد، هەروەها ئەوەی بەرز نرخاند کە خەڵاتە ئەکادیمییەکان شانازییەکی شایستە دەبەخشن بە بەرهەمهێنەران، لە ساڵی ٢٠١٨ خۆی بە جولەکەی دنیایی ناساند (جولەکەی دنیایی بەو کەسانە دەوترێت کە لەسەر هیچ دینێک نین، تاکە شتێک کە باوەڕیان پێی هەبێت بەخشندەییە)، واکین کەسێکی ڕووەکخۆرە، دەربارەی هۆکاری بوونی بە ڕووەکخۆر دەڵێت (بۆ من ئەوە شتێکی ڕوونە، نامەوێت ببم بە هۆکاری ئازاردانی زیندەوەرێکی بە هەست، نامەوێت منداڵەکانی لێ دووربخەمەوە، نامەوێت بخرێتە چوار دیوارەوە و قەڵەو بکرێت تەنها بۆ ئەوەی سەری ببڕدرێت، ئەوە کاریگەرییەکی گەورە دەخاتە سەر ژینگەی ئێمە، کەواتە ئەوە بۆ من ژیانە و هەمیشە ژیانم بووە، هەروەها بەڕاستی ئەوە گرنگترین شتە بە لای منەوە).

پەیوەندی و خێزان

لە ساڵی ١٩٩٥ واکین ژووانی لەگەڵ لیڤ تایلەر Liv Tyler بەست کە لەگەڵیدا ڕۆڵی گێرابوو لە فیلمی Inventing the Abbotts، تاکوو ساڵی ١٩٩٨ جیابوونەوە، بەڵام وەک دوو هاوڕێی نزیکی یەکتر مانەوە و تایلەر واکین و خوشکەکەی وەک خێزانی خۆی سەیر دەکرد، لە ساڵی ٢٠٠١ تاکوو ٢٠٠٥ لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بوو لەگەڵ کچە مۆدێلی باشوری ئەفریقا تۆپاز پەیج گرین (Topaz Page-Green)، لە ساڵی ٢٠١٢ نواندنکار ڕوونی مارای (Rooney Mara) ناسی کە بۆ ماوەی چوار ساڵ هاوڕێ بوون و پاشان کەوتنە داوی خۆشەویستی یەکترەوە لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلمی ماری ماگدلین (Mary Magdalene)، لە ساڵی ٢٠١٩ هاوسەرگیرییان کرد و ساڵی دواتر ڕایانگەیاند کە دەبن بە خاوەنی منداڵ، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٠ بوون بە خاوەنی کوڕێک و واکین ناوینا ڕیڤەر کە ناوی براکەی بوو، واکین ئاماژەی بە سادەیی ژیانی خۆی و خێزانەکەی داوە، چێژ دەبینێت لە بیرکردنەوە، سەیرکردنی دۆکۆمێنتاری، خوێندنەوەی دەقی نوسراو و بەشداری کردن لە وانەکانی کاراتی، خاوەنی پشتوێنی ڕەشی کاراتییە.

خەڵات و کارە هونەرییەکانی

بە پێی بۆچوونی کۆمەڵەی سایتی تەماتە گەنیوەکان (Rotten Tomatoes) و سایتی بۆکس ئۆفیس (box-office) سەرکەوتووترین فیلمەکانی واکین ئەمانەن:

  • دایک و باوکایەتی Parenthood (1989)
  • مردن لە پێناویدا To Die For (1995)
  • جەنگاوەر Gladiator (2000)
  • نیشانەکان Signs (2002)
  • ورچی برا Brother Bear (2003)
  • گوند The Village (2004)
  • بە هێڵەکەدا بڕۆ Walk the Line (2005)
  • دوو خۆشەویست Two Lovers (2008)
  • سەرکردە The Master (2012)
  • کۆچەرییەکە The Immigrant (2013)
  • ئەو Her (2013)
  • بەدکاری بۆ ماوەییInherent Vice (2014)
  • تۆ هەرگیز بەڕاستی لێرە نەبوویت You Were Never Really Here (2017)
  • جۆکەر Joker (2019)

خەڵاتەکان

ساڵی ٢٠٠١ لە ئاهەنگی حەفتاو سێیەمینی خەڵاتە ئەکادیمییەکان، پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکاربوو بۆ باشترین نواندنکاری پاڵپشت لە فیلمی جەنگاوەر (Gladiator).

ساڵی ٢٠٠٦ لە ئاهەنگی حەفتاو هەشتەمینی خەڵاتە ئەکادیمییەکان، پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکاربوو بۆ باشترین نواندنکار لە فیلمی بە هێڵەکەدا بڕۆ (Walk the Line).

ساڵی ٢٠١٣ لە ئاهەنگی هەشتا و پێنجەمینی خەڵاتە ئەکادیمییەکان، پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسکاربوو بۆ باشترین نواندنکار لە فیلمی سەرکردە (The Master).

ساڵی ٢٠٢٠ لە ئاهەنگی نەوەد و دووەمینی خەڵاتە ئەکادیمییەکان، بوو بە براوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین نواندنکار لە فیلمی جۆکەر (Joker)، لە دوای بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار ‏لە وتارەکەیدا وتی (‎من زۆر سوپاسگوزارم، هەست ناكەم لە سەرووی ئەو هاوڕێیانەی كە پاڵێوران یان هەركەسێكی تربم لەم هۆڵەدا، چونكە ئێمە هەمان خۆشەویستیمان هەیە، خۆشەویستی بۆ فیلم، ئەم شێوازی دەربڕینە بە سینەما ژیانێكی گرنگی بە من بەخشی، نازانم لە كوێ دەبووم ئەگەر ئەم هونەرە نەبووایە، بەڵام گرنگترین دیاری كە ئەم هونەرە بەخشیوییەتی بە من، هەروەها بە زۆرێكی تریش لەم هۆڵەدا ئەوەیە كە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووین ببین بە دەنگی ئەوانەی بێدەنگن و دەنگیان ناگات، بیر لەو سەختی و ئازارانە دەكەمەوە كە ئێمە پێكەوە تووشی بووین، ‎ئەوكاتەی هەست دەكەین، یان شتێك وامان لێدەكات هەستبكەین هۆكاری جیاوازمان هەیە، بەڵام بۆ من، ئەوكاتەی باسی جیاكاری رەگەزی دەكەین، باسی مافی هاوڕەگەزی، مافی نەتەوە ڕەسەنەكان، یان مافی ئاژەڵان دەكەین، ئەوە ئێمە دەربارەی جەنگ لە دژی نادادپەروەری قسەدەكەین، جەنگێك دژی ئەو بڕوایەی پێی وایە كە یەك نەتەوە، یەك گەل، یەك نەژاد، یەك ڕەگەز یان یەك جۆر مافی ئەوەی هەیە دەست بگرێت بە سەر ئەوانی تردا و لە لێپرسینەوەش بەدووربێت، ئێمە لەگەڵ سروشتدا تەواو لەیەك دابڕاوین، زۆرێك لە ئێمە تاوانبارە چونكە پێی وایە مرۆڤ دەبێت باڵادەست بێت و خۆی پێ چەقی گەردوونە، ئێمە لە پێناو وزە و سەرچاوەدا بە سروشتدا تێدەپەرین و هەرچیمان دەستكەوێت هەڵیدەدڕین و دەیشێلین، پێمان وایە مافی خۆمانە مانگایەك بە دەست دووگیان بكەین، دواتر منداڵەكەی لێ بدزین و گوێ لە هاوار و ئازارەكەی نەگرین، ئەو شیرەی كە دەبوو بۆ بێچووەكەی بێت ئێمە بیكەینە قاوەكانماوە، ئێمە لەو بیرۆکانە دەترسین كە ژیانمان دەگۆڕێت، چونكە وا دەزانین قوربانی دەدەین، یان دەبێت بە ناچاری دەستبەرداری شتەكانمان ببین، بەڵام مرۆڤایەتی ئێستا لە باشترین بارودۆخی داهێنان و نوێگەریدایە، ئێمە دەتوانین سیستمێك دابمەزرێنین و پەرەپێبدەین كە بەسوودبێت بۆ هەمووان و بۆ ژینگەش، من لە ژیانمدا زۆر جار خراپ بووم، خۆپەرست بووم، دلڕەق بووم، بەڵام زۆرێك لەئێوە دووبارە هەلی دیكەتان پێدامەوە، هەر ئەمەشە باشیەكانی ئێمەی مرۆڤایەتی، كاتێك پشتی یەكتردەگرین، كاتێك یارمەتی یەكتر دەدەین، كاتێك یەكتر فێردەكەین یان كاتێك ڕێنوینی یەكتر دەكەین بەرەو ڕێگای ڕزگاری، نەك لەبەر هەڵەكانی ڕابردوو یەكتر ڕەشبكەینەوە، ‌‎براكەم كاتێك تەمەنی حەڤدەساڵان بوو لە هۆنراوەیەکدا وتی (بە خۆشەویستییەو بە هانای کەسانی دیکەوە بچۆ، ئاشتی خۆی بەدواتدا دێت).

واکین خاوەنی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە، یەکەمیان بۆ ڕۆڵبینینی وەک باشترین نواندنکار لە فیلمی بە هێڵەکەدا بڕۆ (Walk the Line)، دووەمیان بۆ باشترین نواندنکار لە فیلمی جۆکەر (Joker)، هەروەها لە حەفتایەمین فیستیڤاڵی فیلمی کان بوو بە براوەی خەڵاتی باشترین نواندنکار لە فیلمی تۆ هەرگیز بەڕاستی لێرە نەبوویت (You Were Never Really Here)، واکین و ڕیڤەری برای تاکە دوو برا بوون کە پاڵێوراوی خەڵاتە ئەکادیمییەکانی ئۆسکار بوون، واکین و هیس لێجە هەردووکیان براوەی خەڵاتی ئۆسکاربوون بۆ ڕۆڵبینین وەک یەک کارەکتەر کە بریتیبوو لە کارەکتەری جۆکەر لە فیلمی  جۆکەر (Joker)، کە دووەم دووانە بوون بەم شێوەیە بۆ یەک کارەکتەر خەڵاتی باشترین نواندنکار ببەنەوە و یەکەم دووانە بریتی بوون لە ماڕلۆن بڕاندۆ و ڕۆبێرت دێنیرۆ بۆ ڕۆڵی ڤیتۆ کۆرلیۆن لە فیلمی باوکی ڕۆحی (The godfather).


سەرچاوەکان



871 بینین