جێری ساینفێڵد

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-16-21:54:00 - کۆدی بابەت: 12926
جێری ساینفێڵد

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جێری ساینفێڵد (بە عەرەبی: جيري سيىفيلد، بە ئینگلیزی: Jerry Seinfeld) نمایشکارێکی کۆمیدی، نواندنکار، نووسەر و بەرهەمهێنەرێکی ئەمریکییە. لە بەرواری ٢٩ی نیسانی ساڵی ١٩٥٤ لەدایکبووە. بەناوبانگترین کاری بەشداریکردن بوو لە زنجیرەی ساینفێڵد وەکوو وەشانێکی نیمچە خەیاڵی کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی، بە هاوبەشی لەگەڵ لاری دەیڤددا کاری نووسینیان بۆ دەکرد. زنجیرەکە لە تۆڕی NBC لە ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٨ـەوە پەخشکرا، بوو بە یەکێک لە بەناوبانگترین سیتکۆمەکان. لە ساڵی ٢٠٠٤دا جێری بە ١٢یەمین مەزنترین نمایشکارە کۆمیدییەکان هەڵبژێردرا.

زانیاری گشتی

ناوی تەواو

جڕۆم ئاڵن ساینفێڵد

لەدایکبوون

٢٩ی نیسانی ساڵی ١٩٥٤. شاری نیویۆرک، ئەمریکا

بواری کارکردن

نمایشی کۆمیدی، تەلەڤیزیۆن، فیلم

خوێندن

کۆلێجی کوینز

ماوەی کارکردن

١٩٧٦ - بەردەوامە

هاوسەر

جێسیکا سکڵار

منداڵ

سێ

ژیاننامە

جڕۆم ساینفێڵد لە ڕێکەوتی ٢٩ی نیسانی ساڵی ١٩٥٤ لە بڕۆکڵن، نیویۆرک لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵییەوە و بەهۆی باوکییەوە حەزی چووەتە بواری کۆمیدیا. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا ساینفێڵد بە سەختی دەستی کردووە بە ڕاهێنان لە بواری کۆمیدیدا، شەو و ڕۆژی بە سەیرکردنی تەلەڤیزیۆنەوە بەسەربردووە تا شارەزای تەکنیکەکانی نمایشکارە کۆمیدییەکان بێت. بە درێژایی ساڵەکان شێوازی تایبەت و بێ هاوتای تایبەت بەخۆی دۆزییەوە کە سەرنجی دەخستە سەر شتە ئاسایییەکانی ژیانی ڕۆژانە.

ساینفێڵد بەشی پەیوەندییەکان و شانۆی لە کۆلێجی کوینز خوێندووە، لە زانکۆی نیویۆرک و ماوەیەکی کەم دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی ١٩٧٦ یەکەمین نمایشی کۆمیدی خۆی ئەنجامدا. بە کارەکانی توانی بخۆی بگەیەنێتە بەرنامەی The tonight show لە ساڵی ١٩٨١ و لە ڕێگەی ئەمەوە لەناو وڵاتەکەی خۆی ناسرا و ناوبانگی پەیداکرد. لە کۆتایییەکانی ساڵانی ١٩٨٠ـاکاندا، بوو بە یەکێک لە ناسراوترین نمایشکارە کۆمیدییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لەدوای بەشداریکردنی لە بەرهەمێکی تایبەتی تەلەڤیزیۆنی بەناوی Jerry seinfeld’s stand-up confidential لە ساڵی ١٩٨٧دا، لەلایەن تۆڕی NBCیەوە داوای لێکرا سیتکۆمێک بەرهەم بهێنێت. لەگەڵ هاوڕێ و هاوپیشەی لاری دەیڤددا دەستیان کرد بە کارکردن لەسەر زنجیرەی ساینفێڵد، کە لە ساڵی ١٩٨٩دا پەخشکرا. سیتکۆمەکە ناوبانگێکی زۆر و چاوەڕواننەکراوی پەیداکرد، ڕەخنەگران ستایشی کارەکەیان دەکرد، هەروەها زۆربەی قسە و ڕووداوی چیرۆکەکان بوونە بەشێك لە فەرهەنگی کولتووری وڵات. زنجیرەی ساینفێڵد نۆ وەرز بەردەوام بوو و کاتێک کۆتا ئەڵقەی لە ساڵی ١٩٩٨دا پەخشکرا یەکێک بوو لەو زنجیرانەی خاوەنی بەرزترین نمرە بوو. لە ڕێكەوتی ٢٥ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٩ هاوسەرگیری لەگەڵ جێسیکا سکڵار و کرد و تا ساڵی ٢٠٢٣ خاوەنی سێ منداڵن.

کارەکانی

جێری ساینفێڵد لە چەندین بواردا کاری کردووە کە بریتین لە: فیلم، نووسین و بڵاوکردنەوە و تەلەڤیزیۆن. گرنگترین کارەکانی بریتین لە:

فیلم:

ساڵ

ناونیشانی فیلم و ڕۆڵ

٢٠٠٢

فیلمی بەڵگەنامەیی Comedian، بە ڕۆڵی کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی و وەکوو بەرهەمهێنەری جێبەجێکار بەشداربوو

٢٠٠٧

فیلمی ئەنیمەیشنی Bee movie، بە دەنگ بەشداربوو لە ڕۆڵی سەرەکی هەروەها هاوبەشی نووسەر و بەرهەمهێنەریش بوو

٢٠١٤

فیلمی بەڵگەنامەیی Tom’s everything

تەلەڤیزیۆن:

ساڵ

ناونیشانی بەرهەم و ڕۆڵ

١٩٨٠

لە زنجیرەی Benson بە ڕۆڵی فرانکی

١٩٨٧

لە بەرهەمێکی تایبەتی تەلەڤیزیۆندا Stand-up confidential بە ڕۆڵی  کەسایەتی ڕاستەقینەی  خۆی

١٩٨٩-١٩٩٨

زنجیرەی Seinfeld بە ڕۆڵی جێری ساینفێڵد

٢٠٠٤-٢٠٠٩

زنجیرەی Curb your enthusiasm بە ڕۆڵی  کەسایەتی ڕاستەقینەی  خۆی

٢٠١٠-٢٠١١

زنجیرەی Marriage ref بە ڕۆڵی  کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی و وەکوو دروستکەر و  بەرهەمهێنەری جێبەجێکار

٢٠١٢- بەردەوامە

زنجیرەی Comedians in cars getting coffe بە ڕۆڵی کەسایەتی ڕاستەقینەی  خۆی

٢٠١٧

بەرهەمێکی تایبەتی بەڵگەنامەیی بۆ تۆڕی نێتفلێکس Jerry before seinfeld بە ڕۆڵی کەسایەتی ڕاستەقینەی  خۆی

٢٠٢٠

بەرهەمێلی تایبەت بۆ تۆڕی نێتفلێکس 23 hours to kill بە ڕۆڵی کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی

کتێب:

ساڵ

ناونیشانی بەرهەم

١٩٩٣

Seinlanguage

٢٠٠٣

Halloween

کاری خێرخوازی

لە ساڵی ٢٠٠١ و دوای لەدایکبوونی یەکەمین منداڵیان، جێری و هاوسەرەکەی ڕێکخراوێکی خێرخوازییان دامەزراند بەناوی The good+Foundation. تا ساڵی ٢٠٢٠ ڕێکخراوەکە ٤٢ ملیۆن دۆلاری بەخشیوە لە سەرانسەری ئەمریکادا.

خەڵات

  • خەڵاتەکانی پرایم تایم ئێمی: لە کۆی هەموو کارەکانی، ١٨ جار پاڵێوراوی خەڵاتەکانی ئێمی بووە و تەنها براوەی یەک خەڵات بووە بۆ باشترین زنجیرەی کۆمیدی بۆ زنجیرەی ساینفێڵد.
  • خەڵاتەکانی گرامی: لە کۆی هەموو کارەکانی، چوار جار پاڵێوراوی خەڵاتەکانی گرامی بووە و هیچیانی نەبردووەتەوە
  • خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب: چوار جار پاڵێوراوی خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب بووە و یەکجار خەڵاتەکەی بردووەتەوە بۆ باشترین نواندنکاری کۆمیدی لە زنجیرەی ساینفێڵد
  • خەڵاتەکانی سکرین ئاکتەرس گیڵد: چوار جار پاڵێوراوە و سێ جار خەڵاتەکەی بەدەستهێناوە بۆ زنجیرەی ساینفێڵد
  • لە ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٣دا بە کۆمیدیترین (قسەخۆشترین) نمایشکاری پیاو هەڵبژێردراوە بۆ زنجیرەیەکی تەلەڤیزیۆنی.


سەرچاوەکان



3833 بینین