شیرین ئەبووعاقلە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-30-21:55:00 - کۆدی بابەت: 13075
شیرین ئەبووعاقلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیرین نەسڕی ئەبووعاقلە (بە عەرەبی: شيرين أبو عاقلة، بە ئینگلیزی: Shireen Abu Akleh) خانمە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرێکی فەڵەستینی بوو کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان بە ڕاستەوخۆ بۆ کەناڵی جەزیرە لە خێوەتگەی جەنین لە قودس لەلایەن ئیسرائیلەوە شەهیدکرا. شیرین ئەبووعاقلە یەکێک بوو لە خانمه ڕۆژنامەنووسە دیارەکانی جیهانی عەرەبی و بە "پەیامنێری دێرین" ناسراو بوو، دوای مردنیشی بە یەکێک لە "کەسایەتییە دیارەکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی" ناسێنرا. ژیانی پیشەیی ئەو ڕووماڵکردنی چەندان ڕووداوی گرنگ و گەورەی فەڵەستینی تێدابووە، نموونەی ڕاپەڕینی دووەمی فەڵەستین کە بە ڕاپەڕینی دووەمی مەزن ناسراوە لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕوویدا. شیکارکردنی سیاسییەکانی و ڕاپۆرتەکانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە شوێنی ڕووداوەکان لە تەلەڤزیۆن دەگوازاریەوە ڕووماڵی ڕووداوی جەنگی و ڕاپەڕین و ڕێپێوان و پشێوییەکانی فەڵەستین و قودس بە تایبەتی دەکرد.

زانیاری گشتی

ناو شیرین نەسڕی ئەنتوان ئەبوعاقلە
ساڵی لەدایکبوون سێی نیسانی ساڵی ١٩٧١
شوێنی لەدایکبوون  قودس، فەڵەستین
کۆچی دوایی  ١١ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢
هۆکاری مردن  دەستڕێژی گوللـە لەلایەن سوپای ئیسرائیلی داگیرکەر
ئایین مەسیحی کاسۆلیکی
پیشە ڕۆژنامەنووس، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی
زمان عەرەبی، ئینگلیزی، عیبری
ڕەگەزنامە  عەرەبی فەڵەستینی، ئەمریکی

ژیاننامە و ئەزموونی

شیرین نەسڕی ئەنتوان ئەبووعاقلە لە سێی نیسانی ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودسی فەڵەستین لە خێزانێکی مەسیحی لەدایکبووە. لە قوتابخانەی کچە ڕەبەنەکانی وەردی لە بەیت حەنینا لە قودس دەرچووە و خوێندنی تەواوکردووە. لە زانکۆ لە سەرەتادا لە زانکۆی زانست و تەکنەلۆژیا لە ئوردن ویستی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی بخوێنێت، پاشان پسپۆڕییەکەی گۆڕی بۆ ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی یەرمووک لە ئوردن لە ساڵی ١٩٩١ بەدەستهێناوە.

دوای تەواوکردنی خوێندن گەڕایەوە بۆ فەڵەستین و لە چەندین پلە و پۆستدا کاری کردووە وەک، دەزگای UNRWA کە دەزگایەکی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ پەنابەرانی فەڵەستین، ڕادیۆی دەنگی فەڵەستین، کەناڵی ئاسمانی عەممان، پاشان لە دامەزراوەی میفتاح و ڕادیۆی مۆنتی کارلۆیش کاری کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٧ ڕووی لە کەناڵی ئاسمانی ئەلجەزیرە کردووە، هەر لە سەرەتاوە شیرین کاری بۆ ڕووماڵکردنی هەموو ڕووداو و ململانێکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل کردووە، شیرین ڕووماڵی ڕووداوەکانی ڕاپەڕینی گەورەی فەڵەستینی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر جەنین و کەمپی توڵکەرمی گواستوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕووماڵی ڕۆژنامەوانی ڕاستەوخۆی هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە جۆراوجۆرەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کردووە. یەکەم خانمە ڕۆژنامەنووسی عەرەبی بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێگەی پێدرا بچێتە ناو زیندانی ئەسقەلانەوە، لەوێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ زیندانییە فەڵەستینییەکان ئەنجام دا کە سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندرابوو.

کۆچی دوایی و تیرۆرکردنی

لە ١١ـی ئایار ساڵی ٢٠٢٢ وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند کە بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە، گوللـەیەک بەر سەری شیرین ئەبووعاقلە ڕۆژنامەنووسی کەناڵی ئاسمانی ئەلجەزیرە کەوتووە و لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جەنین لە قودس بە سەختی بریندار بووە و بارودۆخی تەندروستی لەڕادەبەدەر ناجێگیرە، دوای چەند خولەکێک لەو ڕاگەیاندراوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاند کە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی پسپۆڕی ئیبن سینا لە جەنین لە ئەنجامی سەختی برینەکەی سەری شیرین ئەبووعاقلە گیانی لەدەستداوە.

لە دوای ڕووداوەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکی و توێکارییەکان دەرکەوت کە گوللـەیەک بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە دووری کەمتر لە یەک مەتر بەر سەری شیرین کەتووە. دوای ڕاگەیاندنی شەهیدبوونی کۆمەڵێک لە چالاکوانان لە پێش ماڵەکەی شیرین کۆبوونەوە، هێزەکانی داگیرکاری ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و کۆتاییان بە کۆبوونەوەکەی نزیک ماڵەکەی هێنا.

پرۆسەی ناشتنی 

دوای ڕێکارەکان تەرمەکەی شیرین گواسترایەوە بۆ کڵێسای دێر لاتین لە جەنین بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن، دواتر دوای داوای داواکاری گشتی فەڵەستین و ڕەزامەندی خێزانەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادوەری گواسترایەوە بۆ شاری نابلس بۆ پشکنینی توێکاری، پاشان تەرمی ناوبراو بۆ بارەگای نووسینگەی ئەلجەزیرە لە شاری ڕامەڵڵا و دواتر بۆ نەخۆشخانەی ئیستیشاری عەرەبی گواسترایەوە. ڕاگەیەندرا کە ڕێوڕەسمی پرسەکەی لە ١٢ـی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢ لە بارەگای سەرۆکایەتی فەڵەستین لە شاری ئەلبیرە بەڕێوەدەچێت.

پرسەی شیرین ئەبووعاقلە ڕۆژی هەینی ١٣ـی ئایار لە شاری قودس بەڕێوەچوو. کاروان و ئاپۆڕای جەماوەری کە لەگەڵ تەرمەکەی بوون لە نەخۆشخانەی فەڕەنسی (سەینت جۆزێف) لەلایەن هێزی داگیرکاری ئیسڕائیلی ڕاگیران، پۆلیسی ئیسرائیل ئەو ماتەمینیەیان ڕاگرت و هەوڵیان دەدا تابوتەکەی بکەوێنن و لەو کەسانەیان دەدا کە لە کۆبوونەوە و هەڵگرتنی تەرمەکەی شیرین بەشداربوون، بە شێوەیەکی دڕندانە ویستیان تابوتەکەی تەرمی شیرینی تێدایە بکەوێتە سەر زەوی و لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە کەناڵی جەزیرە ڕووداوەکەیان پەخشیان کرد پێشێلکارییەکان دەرکەوتن.

دواتر بە ناچاری تابوتەکە لەسەر میحرابێک بارکرا و گواسترایەوە بۆ کاتێدراڵی مژدەدەران، پاشان لە گۆڕستانی چیای سەهیۆن لە باب ئەلخەلیل لە شاری قودس نێژرا، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆری ڕۆژنامەنووس شیرین ئەبووعاقلە لە تەنیشت گۆڕی دایک و باوکی نێژرا.


سەرچاوەکان



180 بینین