قودس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-06-23:25:00 - کۆدی بابەت: 10852
قودس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قودس ( بە ئینگلیزی: Jerusalem، بە عیبری: יְרוּשָׁלַיִם Yerushaláyim، بە عەرەبی: القدس)، شارێکە لە ڕۆژاوای ئاسیا. ئەم شارە دەکەوێتە سەر بانێک لە زنجیرە چیای جوودی لە نێوان دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای مردوو، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە شارە کۆنەکانی جیهان و لە هەر سێ ئایینی جوولەکە، مەسیحی و ئیسلام بە شارێکی پیرۆز دادەنرێت. هەریەک لە ئیسرائیل و فەڵەستین قودس بەپایتەختی خۆیان دادەنێن، بەڵام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دان بە هیچ کامیاندا نەنراوە.

مێژووی شارەکه

بەدرێژایی مێژووی دوور و درێژی قودس لانیکەم دووجار وێرانکراوە، ٢٣ جار گەمارۆدراوە، ٤٤ جار گیراوەتەوە و کۆنترۆڵکراوەتەوە و ٥٢ جار هێرش کراوەتە سەری. لە هەزارەی چوارەمی پێش زایینەوە نیشانەی یەکەم نشینگە لە ئەو بەشەی قودس کە پێی دەوترێت شاری داود (City of David) بینراوە کە لە شێوەی چادرگەکانی شوانە کۆچەرییەکاندا بووە. لە سەردەمی کەنعانییەکاندا (سەدەی ١٤ـی پێش زایین)، لەسەر لەوحە میسرییە کۆنەکان ناوی قودس بە ئورشەلیم (Urusalim) هاتووە، پێدەچێت ئوروسەلیم بە واتای "شاری شەلیم" بێت کە خواوەندێکی کەنعانی بووە. لە سەدەی نۆی پێش زاییندا چالاکییە بیناسازییەکان لە قودس دەستیپێکرد و لە‌ سەدەی هەشتەمی پێش زایین، شارەکە گەشەی کردبوو و بوو بە ناوەندی ئایینی و کارگێڕی شانشینی یەهودا.

لە ساڵی ١٥٣٨ـدا و لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا شووراکانی شارەکە بۆ دوایینجار لە دەوروبەری قودس دروستکرانەوە. ئەمڕۆ ئەو شوورانە پێناسەی شارە کۆنەکە دەکەن، کە بەشێوەیەکی نەریتی دابەشکراوە بەسەر چوار گەڕەکدا و لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە بە گەڕەکی ئەرمەنی، مەسیحی، جوولەکە و موسڵمان ناسراوە. شارە کۆنەکە لە ساڵی ١٩٨١ بووە شوێنەوارێکی میراتی جیهانی و لە لیستی میراتە جیهانییە مەترسی لەسەرەکاندایە. ژمارەی دانیشتووانی قودس لە ساڵی ٢٠١٥ـدا نزیکەی ٨٥٠٫٠٠٠ کەس بوو، کە نزیکەی ٢٠٠٫٠٠٠ـیان لە جوولەکەی عەلمانی ئیسرائیلی و ٣٥٠٫٠٠٠ـیان جوولەکە هاریدی و ٣٠٠٫٠٠٠ـیان فەڵەستینی پێکهاتووە. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی قودس گەشتە ٨٨٢٫٧٠٠ کەس، کە جوولەکەکان ٥٣٦٫٦٠٠ کەسیان پێکهێنا واتە ٦١٪ـی دانیشتووان، موسڵمانان ٣١٩٫٨٠٠ كەس بوون واتە ٣٦٪ـی دانیشتووان، مەسیحییەکان ١٥٫٨٠٠ كەس بوون واتە ٢٪ـی دانیشتووان و ١٠٫٣٠٠ـیان پۆلێن نەکراون واتە ١٪ـی دانیشتووان.

لە سەردەمی هاوچەرخدا پێگەی قودس وەک یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٤٨ـدا جەنگێک لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا هەڵگیرسا، قودسی ڕۆژاوا لەنێو ئەو ناوچانەدا بوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا، لە کاتێکدا قودسی ڕۆژهەڵات بە شاری کۆنیشەوە لەلایەن ئوردنەوە داگیرکرا. ئیسرائیل لە جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ـدا قودسی ڕۆژهەڵاتی لە ئوردن وەرگرتەوە و دواتر دایەدەم قودسەوە. یەکێک لە یاسا بنەڕەتییەکانی ئیسرائیل یاسای قودسی ساڵی ١٩٨٠ـیە، کە وەکوو پایتەختی دابەش نەکراوی وڵات ئاماژە بە قودس دەکات. هەموو لقەکانی حکوومەتی ئیسرائیل لە قودسن، لەوانە پەرلەمانی ئیسرائیل، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیران و سەرۆک و دادگای باڵا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک کارێکی نایاسایی دانەدەم ڕەتدەکاتەوە و وەک خاکی فەڵەستین مامەڵە لەگەڵ قودسی ڕۆژهەڵات دەکات کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.

دانیشتووان

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ـدا، ژمارەی دانیشتووانی قودس ٧٤٧٫٦٠٠ کەس بوو، ٦٣٫٧٪ جوولەکە، ٣٣٫١٪ موسڵمان و ٢٪ مەسیحی بوون. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ چڕی دانیشتووانی شارەکە ٥٫٧٥٠٫٤ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی جوولەکەکانی دانیشتووانی شارەکە بەرەو کەمبوونەوە چووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوونی موسڵمانان و جێهێشتنی دانیشتووە جوولەکەکان. هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە نزیکەی لە سەدا نۆی ئەو ٣٢٫٤٨٨ کەسەی شارە کۆنەکە جوولەکە بوون.

لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا ٢٫٨٥٠ کۆچبەری نوێ لە قودس نیشتەجێ بوون کە زۆربەیان خەڵکی ئەمریکا، فەڕەنسا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو بوون. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە شارەکە جێدەهێڵن زیاترە بە بەراورد بەو کەسانەی ڕوو لە شارەکە دەکەن، لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا ١٦ هەزار کەس قودسیان بەجێهێشت و تەنها ١٠ هەزار کەس ڕوویان لە قودس کرد. سەرەڕای ئەوەش، ژمارەی دانیشتووانی قودس بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون.

ڕێژەی منداڵبوون لە قودس ٤٫٠٢ و زۆر لە سەرووی تێکڕای نیشتمانییەوەیە کە ٢٫٩٠ یە. لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا، ژمارەی دانیشتووان بەڕێژەی ١٫٨٪ زیادی کردووە، هاوشێوەی تێکڕای نیشتیمانی ئیسرائیل، بەڵام پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەگەرچی ٣١٪ـی دانیشتووانی جوولەکە لە منداڵانی خوار تەمەنی پانزە ساڵ پێکهاتوون، بەڵام ٤٢٪ـی دانیشتووان عەرەبن. پێدەچێت ئەمە ئەو تێبینییە پشتڕاست بکاتەوە کە ڕێژەی جوولەکەکان لە قودس لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کەمیکردووە. لە ساڵی ١٩٦٧ـدا جوولەکەکان لە سەدا ٧٤ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا بۆ لە سەدا نۆ دابەزی.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ـدا ژمارەی دانیشتووانی قودسی ڕۆژهەڵات ٤٥٦٫٣٠٠ کەس بوو کە ٦٠٪ـی دانیشتووانی قودس پێکدەهێنن. لەوانە ١٩٥٫٥٠٠ كەسیان کە ٤٣٪ـی دانیشتووانن جوولەکە بوون، (کە بەشێوەیەکی گشتی ٤٠٪ـی جوولەکەکانی قودس پێکدەهێنن)، و ٢٦٠٫٨٠٠ کەسیان کە ٥٧٪ـی دانیشتووانن موسڵمان بوون (٩٨٪ـی موسڵمانی قودس پێکدەهێنن). لە ساڵی ٢٠٠٨دا، نووسینگەی سەرەکی ئامارزانی فەڵەستین ژمارەی ئەو فەڵەستینیانەی کە لە قودسی ڕۆژهەڵات دەژین بە ٢٠٨٫٠٠٠ کەس ڕاگەیاند.

ژمارەی دانیشتووانی قودس لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٨٠٤٫٤٠٠ کەس بوو، لەو ژمارەیە جوولەکەکان ٤٩٩٫٤٠٠ کەس (٦٢٫١٪)، موسڵمانان ٢٨١٫١٠٠ کەس (٣٤٫٩٪)، مەسیحییەکان ١٤٫٧٠٠ کەس (١٫٨٪) و ٩٫٠٠٠ کەس (١٫١٪)ـیان بەپێی ئایین پۆلێن نەکراون. ژمارەی دانیشتووانی قودس لە ساڵی ٢٠١٦ـدا گەشتە ٨٨٢٫٧٠٠ کەس، کە جوولەکەکان ٥٣٦٫٦٠٠ کەسیان پێکهێناوە (٦٠٫٨٪)، موسڵمانان ٣١٩٫٨٠٠ کەس (٣٦٫٢٪)، مەسیحییەکان ١٥٫٨٠٠ کەس (١٫٨٪) و ١٠٫٣٠٠ کەس (١٫٢٪) پۆلێن نەکراون.

سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە ئیسرائیلییەکان بەهۆی کەمی گەشەسەندن و گرژییە ئایینی و سیاسییەکانەوە خۆیان لە قودس بەدوور دەگرن، بەڵام شارەکە فەڵەستینییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و هەلی کار و دەرفەتی زیاتر لە هەموو شارەکانی کەناری ڕۆژئاوا یان کەرتی غەززە پێشکەش دەکات. بەرپرسانی فەڵەستین بەدرێژایی ساڵان هانی عەرەبیان داوە لە شارەکەدا بمێننەوە بۆ ئەوەی مافە یاساییەکانی خۆیان بپارێزن. فەڵەستینییەکان بە دەسکەوتنی کار، چاودێری تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، یارمەتییەکانی تر و کوالێتی ژیان کە ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی قودس دابینی دەکات سەرنجیان ڕاکێشراوە.

عەرەب نشینەکانی قودس کە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلییان ناوێت، ناسنامەی ئیسرائیلییان پێ دەدرێت کە تا ڕادەیەک ڕێگەیان پێدەدات بە بازگەکاندا تێپەڕن و بە سەرتاسەری ئیسرائیلدا گەشت بکەن، ئەمەش ئاسانکاری دۆزینەوەی کاریان بۆ دەکات. هەروەها دانیشتووان مافی کۆمەکی چاودێری تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی هەیە کە ئیسرائیل بۆ هاووڵاتیانی خۆی دابین دەکات، و مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان. عەرەبەکانی قودس دەتوانن منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەو قوتابخانە و زانکۆیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێن. سەرڕای ئەوەش، پزیشک و نەخۆشخانە ئیسرائیلییەکانی وەک سەنتەری پزیشکی حەداسا بۆ دانیشتووان بەردەستن.

لەڕووی ئایینییەوە

قودس نزیکەی ٣٫٠٠٠ ساڵە بۆ ئایینی جوولەکە، نزیکەی ٢٫٠٠٠ ساڵە بۆ ئایینی مەسیحی و نزیکەی ١٫٤٠٠ ساڵە بۆ ئیسلام پیرۆزە. لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ١٫٢٠٤ کەنیسە و ١٥٨ کڵێسا و ٧٣ مزگەوت لە ناو شارەکەدا هەبوون. سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە بۆ پاراستنی پێکەوە ژیانی ئایینی ئاشتیانە دراون، هەندێک شوێنی وەک مزگەوتی ئەقسا بەردەوام بەریەککەوتن و مشتومڕی لەسەرە.

جوولەکە

لەو کاتەوەی پاشا داود لە سەدەی ١٠ـی پێش زایینەوە شاری قودسی بە پایتەختی خۆی ناساندووە، شارەکە پیرۆزترین شارە لە ئایینی جوولەکەدا و نیشتیمانی باوباپیرانی گەلی جوولەکە بووە. بەبێ ژماردنی ناوەکانی تری شارەکە، ناوی قودس لە کتێبی پیرۆزی عیبریدا ٦٦٩ جار هاتووە. بەشی یەکەم کە تەوراتە، تەنیا باسی مۆریای کردووە، بەڵام لە بەشەکانی دواتری کتێبی پیرۆزدا، بە ڕوونی باسی شارەکە کراوە. مزگەوتی ئەقسا کە شوێنی پەرستگای سلێمان و پەرستگای دووەم بووە، پیرۆزترین شوێنە لە ئایینی جولەکەدا و ئەو شوێنەیە کە جولەکەکان لە کاتی نوێژکردندا ڕووی لێ دەکەن.

مەسیحی

شاری قودس بەگشتی بە لانکی ئایینی مەسیحی دادەنرێت. مەسیحیەت بەهۆی مێژووی پەیمانی کۆن (تەورات) ڕێز لە قودس دەگرێت، هەروەها بەهۆی گرنگییەکەی لە ژیانی پێغەمبەر عیسادا سەلامی خوای لێ بێت. بەپێی پەیمانی نوێ، عیسا هەر زوو دوای لەدایکبوونی هێنرایە شارەکە و دواتر لە ژیانیدا پەرستگای دووەمی پاککردەوە.

ئیسلام

قودس سێیەم شاری پیرۆزە لە مەزهەبی سوننیدا. بەپێی نەریتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نزیکەی ساڵێک پێش ئەوەی ڕووگە بۆ هەمیشە بگۆڕدرێت بۆ کەعبەی پیرۆز لە شاری مەککە، ڕووگەی موسڵمانان قودس بووە. بەڵام گرنگی ئەم شارە لە ئیسلامدا بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ شەوڕەوی محەمەد ﷺ (نزیکەی ٦٢٠ـی زایینی). موسڵمانان پێیان وایە کە محەمەد ﷺ بە شێوەیەکی پەرجوویی لە مەککەوە شەوڕەوییکرد بۆ مزگەوتی ئەقسا، پاشان بەرز بوویەوە بەرەو ئاسمان و لەوێ چاوی بە پێغەمبەرانی پێش ئیسلام کەوت. ئایەتی یەکەمی سوورەتی (الاسراء)ـی قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بە گەشتەکەی محەمەد (ﷺ) کردووە، خوای گەورە لە قورئان دەفەرمووێت: (سُبْحَٰنَ ٱلَّذِىٓ أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِۦ لَيْلًۭا مِّنَ ٱلْمَسْجِدِ ٱلْحَرَامِ إِلَى ٱلْمَسْجِدِ ٱلْأَقْصَا ٱلَّذِى بَٰرَكْنَا حَوْلَهُۥ لِنُرِيَهُۥ مِنْ ءَايَٰتِنَآ ۚ إِنَّهُۥ هُوَ ٱلسَّمِيعُ ٱلْبَصِيرُ). واتە: پاکی و بێگه‌ردی و ستاییش بۆ ئه‌و زاته‌ی که شه‌وڕه‌وی کرد له به‌شێکی که‌می شه‌ودا به‌به‌نده‌ی خۆی (محمد صلی الله علیه وسلم) له مزگه‌وتی (حرام، که‌عبه‌ی پیرۆزه‌وه‌) بۆ مزگه‌وتی (الاقصی) له (بیت المقدس) که ده‌وروبه‌ریمان پیرۆز و پڕ به‌ره‌که‌ت کردووه‌، تا هه‌ندێك نیشانه‌ و به‌ڵگه‌و ده‌سه‌ڵاتداری و توانایی خۆمانی نیشان بده‌ین، به‌ڕاستی ئه‌و زاته بیسه‌ر و بینایه‌.

لەڕووی مێژووییەوە ئابووری قودس بەنزیکەیی تەنیا پشتی بە زیارەتکارانی ئایینییەوە دەبەست، چونکە دوور بوو لە بەندەرە سەرەکییەکانی یافا و غەزەوە. باڵەخانە و شوێنەوارە ئایینی و کولتوورییەکانی قودس لەمڕۆدا سەرنجی سەردانکەرانی بیانی بۆ شارەکە ڕادەکێشن و زۆربەی گەشتیاران سەردانی شوورای ڕۆژاوا و شارە کۆنەکە دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا، ٧٥٪ـی ئەو ٣٫٥ ملیۆن گەشتیارەی هاتبوونە ئیسرائیلەوە سەردانی قودسیان کرد.

کەشوهەوا

وەرزی هاوین لە شاری قودس درێژ، گەرم، وشک و ڕوونە و وەرزی زستانیش سارد و زۆربەی کات ڕوونە. پلەی گەرمی بە شێوەیەکی گشتی لە ٥ پلەی سەدی بۆ ٢٩٫٤ پلەی سەدی دەگۆڕێت و بەدەگمەن لە خوار ١٫٦ پلەی سەدی یان سەروو ٣٢٫٧ پلەی سەدییەوەیە.

وەرزی گەرما ٤٫٥ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٥ـی ئایار تا ٨ـی تشرینی یەکەم، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە سەرووی ٢٦ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە قودس مانگی ئاب و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرما ٢٩٫٤ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرما ١٨٫٨ پلەی سەدییە. هەروەها وەرزی سەرما ٣٫١ مانگ دەخایەنێت، لە ٧ـی کانوونی یەکەم تا ١٠ـی ئازار، تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ١٥ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ لە قودس مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرما ٥ پلەی سەدی و بەرزترین پلەی گەرما ١١٫٦ پلەی سەدییە.

بارانبارین

ڕۆژی باراناوی ئەو ڕۆژەیە کە لانیکەم ١٫٠١٦ مللیمەتر باران ببارێت. ڕۆژانی باراناوی لە قودس بە درێژایی ساڵ جیاوازە. وەرزی باراناوی ٤٫٥ مانگ دەخایەنێت، لە ٩ـی تشرینی دووەم تا ٢٤ـی ئازار، مانگی کانوونی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە، بە تێکڕای ٦٫٥ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها وەرزی وشک ٧٫٥ مانگ دەخایەنێت، لە ٢٤ـی ئازار تا ٩ـی تشرینی دووەم، مانگی تەممووز وشکترین مانگی ساڵە و کەمترین بارانی لێ دەبارێت، بە تێکڕا ٠٫٠ ڕۆژ و لانیکەم ١٫٠١٦ مللیمەتر باران دەبارێت.

درێژی ڕۆژ لە شارەکەدا‌ بەدرێژایی ساڵ جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا کورتترین ڕۆژ ٢١ـی کانوونی یەکەم بوو، کە ماوەکەی ١٠ کاتژمێر و ٤ خولەک بوو، درێژترین ڕۆژ ٢١ـی حوزەیران بوو کە ماوەکەی ١٤ کاتژمێر و ١٤ خولەک بوو.


سەرچاوەکان



1085 بینین