جەنگی شەش ڕۆژە (١٩٦٧)

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-10-19-18:51:00 - کۆدی بابەت: 11471
جەنگی شەش ڕۆژە (١٩٦٧)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی شەش ڕۆژە (بە عەرەبی: حرب ستة یومي، بە ئینگلیزی: The Six days of war ) ئەم جەنگە چەند ناوێکی هەیە بە ئینگلیزی ئەوانیش battle of six days و six days of conquest و چەند ناوێکی تر بەڵام بە گشتی بە جەنگی The six days of war ناسراوە واتا جەنگی شەش ڕۆژەکە، کە لە نێوان ئیسڕائیل و میسڕ ڕوویداوە و بە سەرکەوتنی ئیسڕائیل کۆتایی هاتووە.

ئەم جەنگە بە گەورەترن سەرکەوتنی قەوارەی جولەکە دادەنرێت دوای دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ جولەکە لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە، چونکە تەنها بە شەش ڕۆژ شەڕ کردن توانیان دەستکەوتێکی زۆر بە دەست بهێنن و کۆتایی بێنن بە شەڕەکە. سەرکەوتنی ئیسڕائیل لەم جەنگەدا بەندە لەسەر دوو بابەت یەکەم هەوڵەکانی فەرماندە مۆشی دایان و دووەمیان هەواڵگری ئیسڕائیل کە هەرزوو خۆیان بۆ جەنگەکە ئامادەکرد

چاوەڕوانییە درێژەکە

مۆشی دایان لە یاداشتەکانیدا دەڵێت: "لە شەوی ١٤ی ئایاری ١٩٦٧ کە لە گەرمەی ئاهەنگ گێڕان بۆ یادی ١٩ ساڵەی دامەزراندنی ئیسڕائیل بووین. لە هەواڵگرییەوە هەواڵمان پێ گەیشت کەوا هێزەکانی میسڕ لە کەناڵەکە دەپەڕنەوە، پاش سێ ڕۆژ جەمال عەبدولناسڕ سەرۆکی میسڕ داوا دەکات هێزەکانی فریاکەوتنی نێودەوڵەتی بکشێنەوە، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕازی دەبێت. لە ماوەی چەند ڕۆژێک ژمارەی هێزه میسڕییەکانی  ناو سینا دەگاتە ٨٠ هەزار سەرباز و ٨٠٠ تانک".

لە ڕۆژی ٢٢ی ئایار، جەمال عەبدولناسڕ کەناڵەکەی بە ڕووی کەشتییە ئیسڕائیلییەکان داخست. ئیسڕائیل پاش کشانەوەی هێزەکانیان لە شەرم ئەلشێخ هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندبوو کەوا ئەم چالاکیانەی میسڕ دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگ و چالاکی سەربازی لە ناوچەکەدا. تەنها دوای چوار ڕۆژ سەرۆکی میسڕ گوتی "میسڕ، ئیسڕائیل لەناودەبات". هەروەها شای ئەردەن "شا حوسێن" هێزەکانی خۆی خستە ژێر فەرماندەیی میسڕ بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئیسڕائیل، عێراقیش هەمان کاری ئەنجامدا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەواڵگری ئیسڕائیل هەریەکە لە کوێت و جەزائیریش چەند یەکەیەکی سوپاکەیان ناردە میسڕ تاوەکو پشتیوانی لە هەوڵەکانی جەمال عەبدولناسڕ بکەن بۆ لەناوبردنی ئیسڕائیل.

سەرکردایەتی  قەوارەی جولەکە پشتیان بە تواناکانی مۆشی دایان بەستبوو، بەهۆی ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشووی ببووە جێگەی بایەخپێدانی لەلایەن سەرۆک ئەرکان و وەزیری بەرگری. بۆیە مۆشی لە بەرواری ٢٢ی ئایار، پاش نۆ ڕۆژ لە جموجۆڵ و بەرەو پێش چوونی هێزەکانی عەرەب سەردانی فەرماندەیی بەرەکانی باشوور دەکات و لەگەڵ جنڕاڵ شایبک "یشعیاهو جافیتنس" لە فەرماندەیی گشتی بوو، هەموو پێگە سەربازییەکانی میسڕ بۆ مۆشی دایان ڕوون دەکرێتەوە، چونکە فەرماندەیی هێزەکانی ئیسڕائیل بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی میسڕ بە ئەم سپێردرابوو.

مۆشی دایان لەم بارەیەوە دەڵێت "کاتێک چوومە ژووری پلاندانان، پلانێکی یەکگرتوو و ڕێکوپێک نەبوو، پلانەکان ئاڵۆز بوون، گرنگترین بابەتیش لە کاتی پلاندانان ئەوەیە نەرمی تێدابێت و ئاسان بخوێندرێتەوە تا بەجۆرێک بێت دوژمن تووشی شپرزەیی بکات و ناچار بە گۆڕینی پلان بکەن".

بڕیارەکە

تا ڕۆژی ١ی حوزەیران ئەنجومەنی وەزیران هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدابوو بەڵام دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، مۆشی دایان وەکو فەرماندەی هێزەکانی ئیسڕائیل دەست نیشان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نیشتمانی تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. گشت پرسەکانی چالاکییە سەربازییەکەی وڵاتانی عەرەب بۆسەر قەوارەی جولەکە تاوتوێ کران. لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لە سێ خاڵ کرانەوە:

  • ئیسڕائیل دەبێت شەڕ بکات بۆ پاراستنی دەستکەوت و قەوارەکەی.
  • پێویستە ئیسڕائیل لە ماوەیەکی کەمدا ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێنێت، گەر ماوەکەی سنووردار نەبێت دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر قەوارەی جولەکە.
  • ئەم جەنگە بە گوێرەی ئیسڕائیل دوو قۆناغە یەکەمیان دەبێت هێزەکانی ئیسڕائیل بگەنە سینا. ئەگەر لە سینا سەرکەوتوو بوون ئەوا دەبێت بەرەو شەرم ئەلشێخ بڕۆن.

تەقینەوەکە

ڕۆژی شەڕەکە ٥ی حوزەیران کاتژمێری سفر ٧:٤٥ی بەیانی

هێزەکانی ئیسڕائیل بە پشت بەستن بە هێزی ئاسمانی تەواو پەرۆش و شپرزە بوون و گشت فەرماندەکان چاوەڕێی نوێترین زانیارییەکانیان دەکرد و هەمووان لە بارەگای فەرماندەیی سەرقاڵ بوون چونکە دڵنیابوون لەوەی جەنگەکە ڕوودەدات و شتێک نییە تەنها خەیاڵی بکەن بەڵکو ڕاستییەک بوو نەیان دەتوانی خۆیانی لێ لابدەن. کاتێک گوێیان لە ناوی ئەم وڵاتانەی ببوونە پشتیوانی میسڕ هێندەی تر شپرزە دەبوون چونکە بە نموونە وڵاتێکی وەکو عێراق کە لە لوتکەی گەشەسەندندا بوو، یاخود خودی میسڕ کە خاوەنی سەدان تانک و دەیان هەزار سەرباز بوو.

مۆشی دایان دەڵێت: لەو چرکە ساتەی کە شپرزە و نیگەران بووین هەواڵی پلۆتەکانمان پێ گەیشت "سەدان فڕۆکەی دوژمنمان تێکشاندووە، پێگە موشەکییەکانمان لەناوبردوون، بە دەگمەن فڕۆکەیەک دەتوانێت ئامانجەکانمان بپێکێت، هێشتا هیچ تانک و زرێپۆشێکمان نەچۆتە شەڕەوە". جەنگەکە لەم هەواڵەوە دەست پێدەکات و ئەمەش جۆش و خرۆش لەناو فەرماندەکان زیاد دەکات و گڕ و تینیان دەداتێ. ئەوەش وادەکات ترسیان نەبێت لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی جولەکە و تەواو پارێزراو بوون.

فەرماندەکانی ئیسڕائیل پێیان وابوو ئەگەر سەربازەکان (هێزی پیادە) هاوشانی هێزی ئاسمانی شەڕ بکەن ئەوا دوژمنەکانیان توانای بەرگریان نابێت و بۆشایی دروست دەبێت بەمەش دەتوانن لە خاڵی لاوازیان بدەن و ئەو دوو ئامانجەی مەبەستیان بوو کۆنتڕۆڵی بکەن کە ناوچەی سینا و شەرم ئەلشێخ بوو.

هێریشی ئیسڕائیل بۆ سەر پێگەکانی میسڕ

سوپای ئیسڕائیل بە دوو شەپۆل هێرشیان کردە سەر بنکەکانی فڕۆکەوانی میسڕ. یەکەم کاتژمێر ٧:١٤ بەیانی و دووەمیان ٧:٣٥ بەیانی، لە هێرشی یەکەم توانرا ١١ بنکەی ئاسمانی لەناوبەرن، ١٨٩ فڕۆکە لەسەر زەمین و ٨ فڕۆکە لە ئاسماندا تێکدەشکێنن، شەش فڕۆکەخانە توانای بەکارهێنانیان نامێنێت کە چوار دانەیان لە سینا و دوو دانەیان لە فاید و کبریتی ڕۆژاوای کەناڵی سوێس بوون. هەروەها ١٦ ڕادار بەیەکجاری لە کارخران. 

لە هێرشی دووەم، ١٦٤ فڕۆکەی ئیسڕائیلی پەلاماری ١٤ بنکەی ئاسمانی دەدەن، تیایدا ١٠٧ فڕۆکە تێکدەشکێنن، زیانی ئیسڕائیل  ١١ فڕۆکەوان بوو شەش کوژراو، پێنجیان لە هێرشی یەکەم و یەک دانەش لە هێرشی  دووەم. دوو دیل و سێ بریندار. 
لەم هێرشەدا میسڕ سێ بەشی هێزی ئاسمانی خۆی لە دەستدا. 

لە ڕۆژی دواتردا فەرمان کرا بە هێزەکانی ئاسمانیی ئیسڕائیل کەوا کاتژمێر ٣:٤٥ شەو لە خەو هەستن و دەست بکەن بە بۆردومانی ناوچەکان، ڕەوە فڕۆکەیەک بە ٢٢ لێدان بۆردومانی بنکەکانی بەنی سویف و ڕۆژاوای قاهیرە و بیر جفجافە دەکەن ئەم سێ بنکەیە گەورەترین بنکەی سەربازی میسڕ بوون و بەتەواوی لەناو چوون. ئەمەش واتای ئەوەی دەگەیاند پشتێنەی بەرگری میسڕ لە عەریش تێکشکابوو و هێزی پیادەی ئیسڕائیل دەیان توانی بێنە ناوەوە و فڕۆکەخانەکانی بەکاربهێنن و بەمەش ئاسانتر دەیان توانی کۆنتڕۆڵی ئاسمان بکەن.

لە هەمان ڕۆژدا کاروانی دووەمی فڕۆکە جەنگییەکان لە کاتژمێر ٩:٣٥ی بەیانی دەرچوون لەم هێرشەدا پەلاماری ١٤ بنکە دران، شەش بنکە پێشتر لێیان نەدرابوو، ئەم کاروانە ١٦٤ دەرچوونیان کرد و ١١٥ یان بۆردومانی فڕۆکەخانەکانیان دەکرد تاوەکو بە تەواوی هێزی ئاسمانی میسڕ پەک بخەن. لەم هێرشەدا فڕۆکەخانەکانی مەنسورە، بلبیس، حەلوان ملیز، غەردەقە و ئۆقسر بۆردومان کران کە دوورە دەست بوون. فڕۆکەخانەی ئەبو سویر دوو جار بۆردومان کرا و ١٦ فڕۆکە بە ٥٢ لێدان وێران کرا.

لەو ساتەی ئیسڕائیل لە میسڕ پێگەکانی میسڕییەکانی بۆردومان دەکرد فڕۆکەکانی عێراق و ئەردەن و سوریا بۆردومانی چڕی ئیسڕائیلیان بە فڕۆکەی میگ - ١٧ دەکرد. ژمارەی ئەم فڕۆکانە ١٢ فڕۆکە بوو، ئەم فڕۆکانە بۆردومانی کیبوتزەکانی دجانیا و بەیت یارج و حەیفا و عەین هایفراتز دەدەن و زیانێکی زۆر لە ئیسڕائیل دەدەن.

ئیسڕائیل لە هەمان ڕۆژ لە کاتژمێر ١٢:١٥ی نیوەڕۆ کاروانی سێیەمی فڕۆکە جەنگییەکانی بەرەو ئەردەن نارد و دوو بنکە بۆردومان دەکەن بەناوەکانی ئەلمفرق، عەممان کە بە ٥٢ لێدان بوو و ٢٢ فڕۆکەیان هەبوو لەو دوو بنکەیە هەموویان لەناوچوون. هەروەها ڕێڕەوی فڕینەکانیشیان بۆردومان کرد.

دوای دوو ڕۆژ، لە کاتژمێر ١١:٤٥ی پێش نیوەڕۆ هەر یەک لە سوریا و ئەردەن بەشداری شەڕەکەیان کرد کە بەدرێژایی هێڵی ئاگربەست پێشڕەویان کرد و لە ڕێگەی تۆپ هاوێژی دوور مەودا پێگەکانی هێزی زەمینی ئیسڕائیلیان بۆردومان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕەکی جولەکە نشینەکانی قودسیشیان بۆردومان کرد. دوای نیو کاتژمێر لە جەنگ هێزەکانی سوریا هەردوو شاری تەبەرییە و مجیدویان بۆردومان کرد. 

بەشداری کردنی سوریا و ئەردەن چەند پرسیارێکیان لای هێزەکانی  ئیسڕائیل دروستکرد یەکێک لەوانە "ئەگەر سوریا و ئەردەن بەردەوام بن لە پێشڕەوی هەڵوێستی ئیسڕائیل چی دەبێت؟ چونکە هەردوو وڵات لەلایەن عێراق پاڵپشتی سەربازی دەکران و موشەک و جبەخانە و فڕۆکەکانیان پاڵپشتی ئاسمانیان بوون" سەرەنجام بڕیاردرا کەوا ئیسڕائیل لە ڕێگەی هێزی ئاسمانی بۆردومانی هەردوو دەوڵەت بکات لە ڕێگەی پەکخستنی فڕۆکەخانەکانیان و ڕێڕەوەکانی فڕین. تاوەکو نەتوانن کەڵک لە هێزی ئاسمانی ببینن.

دەرئەنجامی شەڕەکە

دوای چوار ڕۆژ شەڕکردن و لێکەوتنەوەی زیانێکی زۆر لە هاوپەیمانی عەرەب هەوڵدرا جەنگەکە کۆتایی پێ بێت سوپای ئیسڕائیل توانیبووی ناوچەی سینا بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکات و هێزەکانی میسڕیش دانیان بە شکستەکیان دەنا. سوریا و ئەردەن گەرچی لە ڕۆژانی کۆتایی جەنگەکە بەشداریان کرد ئەوانیش دووچاری شکستی گەورە هاتن.

بۆیە دەیان ویست بەهەر جۆرێک بێت تووشی زیانی زیاتر نەبن و جەنگەکە ڕابگرن. ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٧ ڕادیۆی قاهیرە ڕایگەیاند جەمال عەبدولناسڕ دەست لەکاری سەرکردایەتی سوپا و هێزی ئاسمانی و دەریایی دەکشێنێتەوە بەهۆی قەبارەی گەورەیی زیانەکانیان دوایکاتژمێر ٦ی ئێوارە بڕیاری دەستبەرداربوون لە دەسەڵاتیشی ڕاگەیاند.

مۆشی دایان دەڵێت: لە ڕۆژی ١٣ی حوزەیران ڕاپۆرتێکم لەگەڵ سەرۆک ئەرکان پێشکەش کرد کە تیایدا  باسم لەسێ خاڵ کردبوو:

  • نەبوونی کاردانەوەمان بەرامبەر سوریا هەڵەی گەورەی گەورەمان کرد و تووشی زیانی زۆر هاتین و ڕێژەیەکی زۆر ئەفسەر و سەربازمان لەو بەرەیەوە لە دەستداوە.
  • پێمان وابوو میسڕ دوای شکستەکەی لە سینا تەواو تێکدەشکێت بەڵام هەڵە بووین و بەهانای هێزەکانی سوریاوە هات و زیانێکی زۆری لە هێزەکانی ئیسڕائیل داوە.
  • ئیسڕائیل گەرچی براوە بوو بەڵام سیاسەتێکی پڕ لە چەواشەکاری و هەڵەی هەواڵگریمان هەبوو کە ڕۆڵەکانی نیشتمان هەرگیز ناتوانن شانازی بە بردنەوەمان لەو جەنگەدا بکەن، کە تووشی ئابڕوو چوون هاتووین بەوەی نەمانتانیوە ئاگاداری تەواوی پێشهاتەکان بین لە بەرەکانی جەنگەکەدا. 


سەرچاوەکان



675 بینین