نەخۆشی میری

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-01-12:54:00 - کۆدی بابەت: 6456
نەخۆشی میری

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی میری چییە؟

نەخۆشی پاشا یان میری جۆرێکە لە جۆرەکانی هەوکردنی جومگەکان، کە بەهۆی کۆبوونەوەی ترشی یوریاوە لە جومگەکاندا پەیدا دەبێت، کە کۆبوونەوەیان هاوکاری دەرکەوتنی چەندین ناخۆشی و ئازاری زۆر و توندە، کە بە زۆری لە جومگە نزیکەکان لە پەنجە گەورەی پێوە ڕوو دەدەن، دەکرێت لە هەر جومگەکەیەکی تردا ڕووبدات وەکوو پاژنە و مەچەک، هەروەها دەکرێت ئازاری نەخۆشی میری بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت بەتایبەت لە حاڵەتی گۆڕانی ترشی یوریک بۆ بەرد کە پەستان دەخاتە سەر دەمارە کۆبووەوەکان لە جومگەکاندا، نەخۆشی میری توشی نێر و مێ دەبێت بەڵام بە ڕێژەی جیاواز بە جۆرێک نێر ئەگەری توشبوونی زیاترە.

نیشانەکانی نەخۆشی میری

نەخۆشی میری بە چەند نۆرە ئازارێک دەناسرێتەوە لە جومگەکاندا وێڕای ئاوسان و سووربوونەوە و سڕبوون، کە بە زۆری لە پەنجە گەورەی پێدایە، بە زیادبوونی تەمەنیش نیشانەکان ئاڵۆزتر و کاریگەرتر دەبن و زیاتر ژیانی کەسەکە لەکاردەخەن، لەگەڵ زانینی ئەوەی لە زانستی نەخۆشییەکاندا هەوکردن یەکێکە لە ڕێگاکانی بەرگری کە جەستە لە ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی ئەو تەنە نامۆیانە دەبێتەوە کە دێنە ناوی، کە نیشانەکانی هەوکردن خۆیان دەبیننەوە لە سووربوونەوە و سڕبوون و گەرم داهاتن و لەدەستدانی بەشێکی ئەرکی ناوچەی هەوکردنە، بە جۆرێک ئەو ئەندامەی هەوکردنەکە تێیدا ڕووی داوە زۆر کارا نابێت، لەبەر ئەوەی نەخۆشی میری هەوکردنە، بۆیە نیشانەکانه وەکوو هەموو نەخۆشییەکانی تری هەوکردنە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئەو ماوەیەی ئەم هەوکردنە دەمێنێتەوە زیاترە لە ماوەی هەوکردنەکانی تر، هەروەها لەبەر ئەوەی نەخۆشییەکی درێژخایەنە و پێویستی بە گرنگیپێدان و سەرپەرشتی پزیشکی هەمیشەییە، نیشانەکانیشی خۆیان دەبیننەوە لە:

- ئازاری جومگەی توند: ئازارەکە بە زۆری لە جومگەی پەنجەگەورەی پێدایە، بەڵام لە قۆناغە قورسەکاندا درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی زۆربەی جومگەکانی لەش بگرێتەوە وەکوو جومگەی پاژنە و مەچەک و ئەژنۆ، ئازارەکە بە درێژایی شەو دەمێنێتەوە. 
- لاوازی هەمیشەیی لە جومگەکاندا: نۆرە ئازارەکان کە ماوەی جارێک ڕوودەدەن جۆرێک لە بێتوانایی لە جومگەکاندا بەدوای خۆیاندا دەهێنن بە جۆرێک نەخۆش ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت و بیچەمێنێتەوە و بە شێوەی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکات، کە دەبێتە هۆی جۆرێک لە سنورداری جوڵە لای نەخۆشەکە.
- سووربوونەوە: یەکێکە لە نیشانەکانی هەوکردن، وە بە دانانی نەخۆشی میری بە یەکێک لە هەوکردنەکان، بۆیە سووربوونەوە هەمیشە دەردەکەوێت وەکوو نیشانەیەک لە ناوچەی توشبوو، لەگەڵ سووربوونەوەشدا زۆرجار میشانەکانی تری هەوکردنیش هەن وەکوو ئاوسان. 
- سنورداری جوڵە و لەکارکەوتنی بەشەکی: لە قۆناغە درەنگەکانی نەخۆشی میری نۆرە ئازارەکان زیاد دەکات بە جۆرێک نەخۆش ناتوانێت بجوڵێت، وێڕای بەکارهێنانی ئازارشکێنەکانیش نەخۆش ناتوانێت سادەترین چالاکییە ڕۆژانەکان ئەنجام بدات کە پێویستی بە جوڵە و چالاکی و نەرمییە.

هۆکارەکانی نەخۆشی میری

هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی میری زۆرن و هەمووشی لە کۆبوونەوەی ترشی یوریک بە شێوەی بەردی کریستاڵی خۆی دەبینێتەوە، ترشی یوریک لە تێکشکاندنی بنەما نایترۆجینییەکانەوە پەیدا دەبێت کە لە گۆشتدا هەن، کە ئەم نەخۆشییە باش پەیوەست دەکرێت بە خواردنی خۆراکە پڕۆتینییەکان بەتایبەتیش گۆشتی سوور، بۆیە بەوە ناسراوە لە کۆندا کە توشی چینی دەوڵەمەند دەبێت، هەربۆیە ناو نراوە نەخۆشی میری، لە حاڵەتی ئاساییدا واتا زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنی گۆشت ترشی یوریک لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ گورچیلە و دەکرێتە دەرەوە، بەڵام لە حاڵەتی زۆر خواردنی گۆشت و خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە پڕۆتین بڕی ترشی یوریک زۆر زیاددەکات و گورچیلە ناتوانێت ئەو بڕە زۆرە بپاڵێوێت و ئەمەش هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی و لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەبێت هۆی پێکهێنانی بەردی کریستاڵی، لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشی میری بریتین لە:

- قەڵەوی کە هۆکارەکەی زیادەڕەوییە لە خواردنی گۆشتی سووردا.
- زیادەڕەوی خواردنەوەی کهول بەتایبەت ئەو جۆرەی کە لە جۆ دروست دەکرێت.
- بەرزبوونەوەی کالسیۆمی خوێن.

چارەسەری نەخۆشی میری

نەخۆشی میری یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کە کۆئەندامی بەرگری بەردەوام دەبێت لە بەرکەوتن بە ئەو خانانەی ترشی یوریکیان تێدا کۆبووەتەوە و حساب بۆکردنی وەکوو تەنی نامۆ و بەردەوام شەڕیان لەگەڵ دەکات، بەم جۆرەش جەستە بەردەوام دەبێت لە جەنگان دژی خۆی و نیشانەکانی زیاتر دەبن، بە زۆری ڕیژەی ناتەواوی لە نەخۆشەکەدا بە شێوەی پلەبەندی زیاد دەکات، پزیشکانیش هەوڵدەدەن بۆ ڕێگری لە زیادبوونی نەخۆشییەکە و نەهێشتنی نیشانەکان و کەمکردنەوەی بەپێی توانا، لە چارەسەرەکانیش:

- وەرگرتنی ئازار شکێنەکان.
- هەوڵدان بۆ دانانی قاڵبی سەهۆڵ لەسەر جومگەکان بە بەردەوامی، بەتایبەتیش جومگەکانی خوارەوە، ئەویش بۆ کەمکردنەوەی گەرمی جومگەکان، دواتریش کەمبوونەوەی ئازارەکەی.
- زۆر خواردنەوەی  شلەمەنییەکان بۆ یارمەتیدانی گورچیلە لە دەرکردنی ترشی یوریکی کۆبووەوە لە جەستەدا، بەڵام مەرجە ئەم خواردنەوانە کهولی یان خواردنەوەی گازی نەبن.
- بەردەوامی لەگەڵ پزیشکدا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری دەرمانی پێویست.
- هەوڵدان بۆ پشوودان، چونکە شڵەژاوی و دوودڵی کاریگەری نەرێنی دەکەنە سەر حاڵەتی جومگەکان.
- داوای یارمەتی لە نزیکان بۆ ئەنجامدانی ئەو کردانەی پێویستیان بە هەوڵێکی زۆرە، زۆر پەستان نەخستنە سەر جومگەکانیش بە پشت بەخۆ بەستن لە چالاکییە قورسەکاندا.
- پشت بەستن بە کۆرتیزۆن بۆ کەمکردنەوەی بەرگری گەر ئازارشکێنە ئاساییەکان سوودێکی وایان نەبوو لە کەمکردنەوەی ئازار و چارەسەری نەخۆشی میری.
- کەمکردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور، هەروەها گۆڕینی سیستمی خۆراکی بۆ سیستمێکی نزیک لەوەی سەوزەواتییەکان.
- نەشتەرگەری بە بەکارهێنانی ڕێگە پێشکەوتووەکانی نەشتەرگەری بۆ گۆڕینی جومگەکە بە شێوەیەکی بەشەکی یان بە تەواوەتی لە پێناو بنەبڕکردنی نەخۆشی میری.


سەرچاوەکان



1886 بینین