چاودێریکردنی برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-02-16:01:00 - کۆدی بابەت: 6474
چاودێریکردنی برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

برینی بڕینی نەشتەرکاری منداڵبوون

ئەو خانمانەی بە نەشتەرکاری منداڵیان دەبێت، بڕینێک دەکرێت لە سکیاندا کە ئەندازەی بڕینەکە بچووکە و نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ سانتیمەترە و بە شێوەی خەتێکی ئاسۆییە کە لە بەشی خوارەوەی سکدایە، ئەوەندە بچووکە لەوانەیە سەیرت لێبێت کە منداڵەکەت چۆن لەوێوە هاتۆتە دەرەوە.

چاودێریکردنی برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

دوای دەرچوون لە نەخۆشخانە، ئەگەر پزیشک تەقەڵی ناوەوەی لە برینەکەت دابێت ئەوە خۆی دەبێتەوە بە گۆشت و پێویست بە دەرهێنانی تەقەڵەکە ناکات، بەڵام ئەگەر تەقەڵی ئاسایی بوو ئەوا پێویست بە دەرهێنانی تەقەڵ دەکات و دەبێت هەفتەیەک دوای منداڵبوونەکەت پچیتەوە نەخۆشخانە بۆ دەرهێنانی تەقەڵەکانت، لەم ماوەیەدا لەفاف بەسەر تەقەڵەکەتەوە هەیە، بە پێی لەفافەکەش کە چ جۆرێک بێت ڕۆژانە پێویستی بە گۆڕان هەبێت یاخود نا، هەفتەیەک دوای ئەوەی کە تەقەڵەکانت دەرهێنا ئیتر پێویست بە دانانی لەفاف ناکات لەسەری، تاکوو برینەکەشت تازەیە نابێت لەو ماوەیەدا شتی قورس هەڵبگریت، لە ڕۆژانی سەرەتادا ئاگاداری برینەکە بە کە لەکاتی خۆشۆردندا تەواو نەبێت، بەڵام دوای ئەوەی کە تەقەڵەکانت دەرهێنا دەتوانیت خۆت بشۆیت و تەڕی بکەیت.

چاکبوونەوەی برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

برینەکەت دوای نزیکەی ٦ هەفتە چارەسەر دەبێت، بەو واتایەی کە دەتوانیت وەک جاران ژیانی ئاسایی ڕۆژانەت بکەیت، بهێڵە تاکوو خەتی برینەکەت نەمێنێت ئینجا کاری قورس ئەنجام بدە، دوای ئەوەی کە جێگای تەقەڵەکان چاکبووەوە لەوانەیە دەوروبەری تەقەڵەکان سوور یان وەنەوشەی ببن، کە ئەمەش زۆر ئاساییە، پێش ئەوەی کە شوێنی تەقەڵەکان سپی ببێت نزیکەی شەش مانگ سوور و پەمەیی دەبێت، دەتوانیت ڤیتامین E بەکاربهێنیت بۆ شوێنی تەقەڵەکان کە هیچ کێشەیەکیش دروست ناکات بۆ کاتی شیردان بەو مەرجەی زیادەڕەوی نەکرێت لە بەکارهێنانیدا.

ئاوسانی شوێنی برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

زۆرینەی تەقەڵەکان و شوێنی برینەکان خۆیان چاکدەبنەوە بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بە تایبەت لە خانمانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵیدا کە ڕەنگی پێستیان تۆخە دوو جۆری ئاوسان هەیە.

  1. جۆرە برینێک کە کۆمەڵێک دەرهاتوون کە لە شوێنی برینەکەوە هاتۆتە دەرەوە و لە دەوروبەری برینەکەشەوە ئاوساوە.
  2. ئەم جۆرەیان دەرهاتووی گەورەتر و توندترن و کە تەنها لە شوێنی برینەکەوە هاتوونەتە دەرەوە نەک لە دەوروبەریدا.

ئایا شوێنی برینی نەشتەرکاری لەناودەچێت؟

بە هیچ شێوەیەک جێگای برینی منداڵبوون به تەواوی لاناچێت و تەنها شوێنی برینەکە ساف دەبێت و کاڵ دەبێتەوە.

چارەسەرکردنی جێگای برینی نەشتەرکاری منداڵبوون

Radio frequency

یەکێکە لە ڕێگا نوێیەکان بۆ لابردنی برین، لەم ڕێگایەدا کۆلاجینی ژێر پێست هان دەدرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆلاجینی نوێ بەرهەم بهێنرێت و خانەکانی پێست دووبارە نوێ ببنەوە و برینەکە بڕوات.

دەرزی سترۆید 

ئەم جۆرە ڕێگایە بۆ شوێنی برینە قووڵەکانە و سترۆید یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن و قەبارە و ڕەنگی برینەکە دەدات. 

نوێکردنەوە

لەم جۆرە چارەسەرەدا پزیشکان خانەکانی برینەکە دەردەهێنن و پێستی دەوروبەری برینەکە دووبارە دەدورنەوە و تەقەڵی لێ دەدەن، ئەم کارە وادەکات کە برینەکە کەمتر دیاربێت، ئەم جۆرە چارەسەرە ٦ مانگ دوای نەشتەرکاری منداڵبوون دەکرێت.

توندکردەوەی پێستی سک

ئەگەر پێستی سکت بە هۆی نەشتەرکارییەکەوە زۆر کشابێت پزیشک توندکردنەوەی بۆ دەکات و گۆشتە زیادەکە دەبڕێت و لێی دەکاتەوە.

چی بکرێت تاکوو شوێنی برینەکە خراپتر نەبێت؟

گرنگە کە خانمان بە هیچ شێوەیەک برینی نەشتەرکارییەکە نەخەنە بەر تیشکی خۆر، تەنانەت بەسەر جلیشەوە بە لایەنی کەمەوە تاکوو ساڵێک دوای منداڵبوونەکە.


سەرچاوەکان



7907 بینین