ساکێی ئۆبە: دوایین سامورای

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-21-20:42:00 - کۆدی بابەت: 13238
ساکێی ئۆبە: دوایین سامورای

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساکێی ئۆبە: دوایین سامۆرای (بە عەرەبی: ساكاي أوبا آخر الساموراي، بە ئینگلیزی: Sakae Oba the last samurai) ساکێی ئۆبە کۆتا سامۆرایە کە لە نێوان ١٩١٤ بۆ ١٩٩٢ ژیاوە. چەندین مەدالیای شانازی وەرگرتووە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٤ بۆ ١٩٤٥ و بەشداری چەندین جەنگی کردووە.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی تەواوی ساکێی ئۆبە
نازناو ڕێویەکە
نەتەوە یابانی
پلەی سەربازی نەقیب
ساڵانی خزمەتی لە سوپا ١٩٣٤ بۆ ١٩٤٥
ئەو شەڕانەی بەژداری تێکردووە شەڕی شەنگەهای، شەڕی سایپان
بەرواری لە دایکبوون ٢١ی مانگی ئاداری ساڵی ١٩١٤
شوێنی لە دایکبوون گاماگۆری، ئیچی
بەرواری مردنی ٨ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢. لە تەمەنی ٧٨ ساڵی
شوێنی مردنی گاماگۆری، ئیچی
هاوژین مینۆکۆ ئۆبە
ئەو مەدالیا سەربازییەی بە دەستی هێناوە گۆڵدن کیتی
پیشەی تر وەک ئەندامی دەستەی شارەوانی ئیچی کاری کردووە، لە کۆمپانیای مارویش دوای جەنگ کاری کردووە.

زانیارییەکی گشتی

ساکێی ئۆبە، ئەفسەری سوپای ئیمپراتۆریەتی یابان بوو لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم خزمەتی لە سوپادا کردووە وەکو پاڵەوانی وڵاتەکە لەم جەنگەدا سەیر دەکرێت و چەندین فیلم و کاری وێژەیی لەسەر ژیانی نووسراوە. بەشداری لە ئۆپراسیۆن و شەڕەکانی هەردوو بەرەی چین و زەریای هێمن کردووە. دوای یابان شەڕی سایپان دەدۆڕێنن بەرانبەر هاوپەیمانان، ساکێی ئۆبە سەرکردایەتی ئەو سەرباز و هاوڵاتییە مەدەنیانە دەکات کە لە دوای شەڕەکە بە زیندوویی مابوونەوە بۆ نێو دارستانە چڕەکانی دوورگەکە، تا نەکەونە دەستی هێزەکانی هاوپەیمانانن.

توانی پارێزگاریان لێبکات و بیانپارێزێت بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک دوای دۆڕانی شەڕی دوورگەکە، دوای سێ مانگ لە کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و خۆ بەدەستەوە دانی یابان ئینجا بە فەرمی خۆی بەدەستەوەدا، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرماندەی هێزەکانی یابان واتا بە فەرمانی سوپای یابان خۆی بەدەستەوەدا، نەوەکو بە ناچاری. دوای جەنگ گەڕایەوە یابان و بازرگانێکی سەرکەوتووی لێ دەرچوو، دوای ئەوەش وەک ئەندامی دەستەی شارەوانی گاماگۆری ئیچی خزمەتی کردووە. 

ساڵانی سەرەتای ژیانی

ساکێی ئۆبە، لە بەرواری ١٤ی مانگی ئاداری ساڵی ١٩١٤ لە دایک بووە، لە شارۆچکەی گاماگۆری پارێزگای ئیچی. کوڕی یەکەمی جوتیارێک بوو بەناوی (ئیسوکا ئۆبە). لە بەهاری ساڵی ١٩٣٣ توانی خولی ڕاهێنانی بوون بە مامۆستا تەواو بکات. هەر لەو ساڵە بوو بە مامۆستا هەر لە ناوچەکەی خۆی. لەو ماوەیەی وەکو مامۆستا کاری دەکرد هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (مینۆکۆ هارانۆ) کرد هەر لە گاماگۆری.

خزمەتی سەربازی

لە ساڵی ١٩٣٤، ساکێی ئۆبە پەیوەندی بە یەکەی ١٨ی پیادەی سوپای یابان کرد، کە بنکەکەیان لە شاری تۆیۆهاشی بوو. لەو یەکەیە هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەفسەری یەکەم لە هێزە پیادە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕاهێنانی تایبەتی پێکرا و نێردرا بۆ (مەنچوکوا) کە ئەو یەکەیە لەوێ ئەرکێکی پێ سپێردرابوو. لە ساڵی ١٩٣٦ گەڕایەوە شارۆچکەکەی (تۆیۆهاشی) لەوێ توانی ماوەیەک چاوی بە هاوسەرەکەی بکەوێت.

لە مانگی تەممووزی ساڵی ١٩٣٧، یابان دەستی بە شەڕ لەگەڵ چین دەست پێکرد و یەکەی ١٨ بەشداربوو لە جەنگەکە. لە مانگی ئاب ساکێی ئۆبە و یەکەکەی کە گەیشتە نێو خاکی وڵاتی چینەوە،  بەڕێکەوتن بۆ داگیرکردنی شاری شەنگەهای. لە مانگی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ساکێی ئۆبە پلەی بەرزکرایەوە بۆ ملازم. لە ساڵی ١٩٣٩ پلەی بەرزکرایەوە بۆ ملازمی پلە یەک. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤١ بوو بە بەرپرسی کەتیبەیەکی هێزی پیادە. لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤٣ پلەی بەرزکرایەوە و بوو بە نقیب. 

شەڕی سایپان

لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٤ کەتیبەی پیادەی ١٨ لە (مەنشوریا)ی وڵاتی چین گواسترانەوە بۆ بەرەی زەریای هێمن. ملازم ئۆبە بوو بە بەرپرسیاری یەکەی پزیشکی جەنگی. لە کاتژمێر ٣ی دوای نیوەرۆ لە ڕۆژی ٢٩ی مانگی شوباتی هەمان ساڵدا ئەو کەشتییەی کە کەتیبەکەی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە هێرشی کرایە سەر لە ئەنجامی هێرشەکە کەشتییەکە لە نزیک دوورگەی سایپان نوقم بوو. نیوەی سەرنشینەکانی لەگەڵیدا نوقمبوون، بەڵام ئۆبەی ڕزگاری بوو. هەرچەندە هێزە دەریاییەکانی تری یابان سەرکەوتووانە توانیان زیاتر لە ١٨٠٠ کەس ڕزگار بکەن لە کاتی نوقمبوونی کەشتییەکە بیانگوازنەوە بۆ دوورگەی سایپان، کە یەکێک لەوانە ئۆبە بوو.

دوای ڕێکخستنەوەی یەکە پیادەکە گواسترانەوە بۆ (گوام)، بەڵام نەقیب (ساکێی ئۆبە) ٦٠٠ سەربازی تر لە دوورگەی سایپان جێهێڵدران تاوەکو بەرگری لە دوورگەکە بکەن. نەقیب (ساکێی ئۆبە) ڕاسپێردرا تاوەکو ٢٢٥ سەرباز کە پێکهاتبوون لە ئەندازیار و شوفێری تانک و چەندان پسپۆڕی تر لە بوارە جیاوازەکان، کە لە نقومبوونی کەشتییە ڕزگاریان ببوو ئامادە بکات بۆ جەنگ وەک دەستەی پزیشکی. سەرباری کەمی پێداویستییە پزیشکییەکان توانی یەکەیەک بۆ مەبەستی پزیشکی ئامادەبکات. لە بەیانی رۆژی ١٥ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٤ هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە کەناراوەکانی دوورگەی سایپان دابەزین، شەڕی سایپان دەستی پێکرد. سەرباری بەرگریکردنێکی زۆری سوپای یابان، بەڵام بەهۆی فشارێکی زۆرەوە ناچار بە کشانەوە بوون لە کەناراوەکانی دوورگەکە.

فەرماندەی هێزەکانی یابان چیای (تۆپاچۆ)ی بەکارهێنا وەک بنکە و سەنتەر و بارەگای هێزەکانی یابان تا لەوێوە سەرپەرشتی هێڵەکانی بەرگری سوپاکەی بکات. هێزەکانی یابان بەشێوەی کامیکازی "شەڕکردن لە پێناو مردنی پڕ شکۆ" جەنگان، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی و گەیاندنی هاوکاری بە هێزی دوورگەکە یابانییەکان جەنگەکەیان دۆڕاند. فەرماندەی هێزەکانی یابان  فەرمانی بە هێزەکانی یابان دا کە دوا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، چونکە هیچ شتێکیان پێ نەمابوو شەڕی پێبکەن فەرماندەکەش ئەمەی پێ باشتر بوو لە خۆ بەدەستەوەدان.

دوای ١٥ کاتژمێر لە شەڕی دەستەویەخە لە نێوان هەردوو لا کە تێیدا زیاتر لە ٤٣٠٠ سەربازی یابانی کوژران. هێزەکانی هاوپەیمانان ڕایانگەیاند کە دوورگەکەیان کۆنترۆڵ کردووە لە ٩ی مانگی تەمووز ساڵی ١٩٤٤. لە ساڵی ١٩٤٥ سوپای یابان ڕایگەیاند کە هەموو سەربازەکانی ئەم دوورگەیە مردوون لە ئەرکدا، بەبێ ئەوەی بزانێت کە ئایا ڕاستە یاخود ڕاست نییە واتا بەبێ دۆزینەوەی تەرم یان ملوانەکەکەیان. کە لە نێوانیان دا نەقیب ساکێی ئۆبەی تێدابوو، وەک ڕێزلێناکێک بۆ دوای مردنە ناڕاستییەکەی پلەی بەرزکرایەوە بۆ ڕائید.

لە نێو جەنگەڵەکانی دورگەی سایپان

لە ڕاستیدا (ساکێی ئۆبە) ڕزگاری ببوو لە جەنگەکە واتە نەمردبوو بە شێوەی سوپای یابان باسی کردبوو، لەگەڵ سەدان سەربازی تر و خەلکی مەدەنی بارەگایەکیان دروست کردبوو لەناو جەنگەڵەکانی دوورگەکە. تەنها ٥ سەرباز لە کەتیبەکەی خۆی لە شەڕەکە ڕزگاریان ببوو، دوو دانەیان هەر دوای چەند مانگێک لەوانەی ڕزگاریان بوو مردن. دواتر سەرکردایەتی ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی دەکات و دەیانباتە نێو جەنگەڵەکانی دوورگەکە و دەیان پارێزێت لەوەی بکەونە دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان. ئۆبە و پیاوەکانی هاوڵاتییەکانیان حەشاردا لە گوندە شاراوەکان و ئەشکەوتەکانی دوورگەکە.

نەقیب ئۆبە و پیاوەکانی بەم شێوەیە بەردەوام بوون لە شەڕکردن لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی سوپای ئەمەریکا. ئۆبە بە هەمان شێوەی فەرماندەکەی چیای (توپاچۆ) وەک بارەگای سەرەکی خۆی بەکاردەهێنا، بەهۆی بەرزی چیاکە کە ٤٧٣ مەتر کە دەکاتە ١٥٥٢ پێ بەرز بوو دەیان توانی کەناراوەکانی دوورگەکە ببینن، و جار جار هێرشی پارتیزانانە بکەنە سەر هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە دوورگەکە. بەهۆی زیرەکی و فێڵبازی ئۆبە لە خێرایی و خۆشاردنەوە هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا نازناوی (ڕێوییەکە)یان دابوو بە ئۆبە.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٤ هێزی دەریایی ئەمەریکا بڕیاریاندا دوورگەکە بخەنە ژێر چاودێری چڕەوە، چونکە ئەو کەسانەی کە ڕزگاریان ببوو لە جەنگەکانی ئەم دوورگەیە بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر بنکەکانیان و خۆراک و خواردەمەنیان دەدزی. لە ژێر چاودێری ناوچەکە ئەو کەسانەی کە دەگیران لە کاتی هێرشەکان دەنێردران بۆ زیندانی کەمپەکە. فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە دوورگەکە بڕیاریدا کە بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت ئۆبە ڕاوبکەن، بۆیە پلانێکی داڕشت بۆ ئەم مەبەستە کە هێزەکانی یەک لە دوای یەک بە شێوەی هێڵ بۆ هێڵ کە هەر یەکەکیان ٢ مەتر لە یەکتر دووربن گەڕانێکی فراوان لە باشووری دوورگەکە بۆ باکووری دوورگەکە بکەن تا ئۆبە و بارەگایەکەی بدۆزێتەوە.

فەرماندەکە پێی وابوو ئۆبە و پیاوەکانی یان دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکەن، یان خۆیان بەدەستەوە بدەن، یاخود هەر پاشەکشە بکەن بۆ باکوور تا شوێن نامێنێتەوە بۆی بچن و ناچار دەستگیردەکرێن. بەهۆی ئەم پلانەی فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا هاوڵاتییە پیر و لاوازەکان خۆبەخشانە بڕیاریاندا خۆیان بەدەستەوە بدەن تا نەبنە کێشە بۆ کەسەکانی تر. هەندێک لە پیاوەکانی ئۆبە حەزیان دەکرد شەڕ بکەن و نەهێڵن ئەو کەسە نەخۆش و لاوازانە خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام نەقیب (ئۆبە) پێی وا بوو پاراستنی هاوڵاتیەکانی تر و درێژەدان بە جەنگ گرنگترە لەو بابەتە.

کاتێک هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا گەیشتن بە بارەگا و ناوچەکانی (ئۆبە و هاوڵاتیەکان) زیرەکانە هەموویان خۆیان حەشاردا لە ناوچە شارەواکان و سەخت و نشێوەکانی جەنگەڵەکانی نێو چیاکە، خۆڕاگرانە لەو شوێنانە بۆ چەندین ڕۆژ مانەوە تا پشکنینی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەیان تەواوبوو، بۆیە فەرماندەی هێزەکانی دوورگەکە بە ناچاری پشکنینەکەی هەڵوەشاندەوە، چونکە هیچیان نەدۆزیەوە.

خۆ بەدەستەوەدان

ئۆبە و پیاوەکانی بۆ ماوەی ٥١٢ رۆژ واتە نزیکەی ١٦ مانگ خۆیان ڕاگرتبوو لە نێو جەنگەڵەکانی چیاکە. لەلایەن لیوا (ئوماهاچی ئۆمۆ) فەرماندەی هێزەکانی یابان لە جەنگی سایپان توانی بە لێدانی سروودی هێزی پیادەی نیشتیمانی هەندێک لە یابانییەکان فریو بدات بێنە دەرەوە لە جەنگەڵ و خۆیان بەدەستەوە بدەن. دوای ئەمە ئۆمۆ نامەیەکی تایبەتی بۆ ئۆبە و پیاوەکانی کە ژمارەیان ٤٦ کەس بوو لە بنکەی سەرەکی جەنەڕاڵەکانی یابان نووسی تێیدا داوای کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن بۆ هێزەکانی ئەمریکا.

لە ڕۆژی ١ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥، دوای سێ مانگ لە خۆبەدەستەوەدانی فەرمی یابان، یابانییەکان لە چیای (تۆپاچۆ) کۆبوونەوە بە گووتنەوەی سروودەوە. ئۆبە و ئەوانەی لەگەڵی بوون خۆیان بەدەستەوەدا بۆ هێزی دژە ئاسمانی لە یەکەی ئاسمانی. نەقیب ئۆبە بە شێوازێکی فەرمی و بەوپەڕی شکۆوە شمشێرەکەی خۆی ڕادەستی فەریق (هاوەرد) کرد. دوای ئەویش پیاوەکانی خۆیان بەدەستەوەدا. ئۆبە دوایین هێزی یابان بوو کە لە دوورگەی سایپان مابێتەوە. 

ژیانی دوای جەنگ

دوای ئەوەی حکوومەتی یابان دڵنیابووە کە ئۆبەی نەمردووە لە دوورگەی سایپان، خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی دوای مردنی هەڵوەشاندەوە کە کردبوویان بە ڕائید. دوای ئەوەی لە کەمپەکە ئازادکرا گەڕێندرایەوە بۆ یابان. دوای گەڕانەوەی بۆ یابان بە هاوسەرەکەی و کوڕەکەی شاد بووەوە کە یەکەم جار بوو بیبینێت، چونکە چەند مانگێک دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بەرەو چین بەڕێکرابوو لەدایک ببوو. ئۆبە لە کۆمپانیای (مارویی) دەست بەکاربوو لە ساڵی ١٩٥٢ لەوێ وەکو وتەبێژی دەستەی بەڕێوبردنی کۆمپانیایەکە کاری دەکرد تا ساڵی ١٩٩٢. لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٧ بۆ ١٩٧٩ وەک ئەندامی دەستەی شارەوانی شارۆچکەی (گاماگۆری) ئیچی کاری کردووە.

دۆن جۆنز سەربازی پێشووی هێزی دەریایی ئەمەریکا، کە پێشتر لەلایەن ئۆبە و پیاوەکانی هێرشی کرابووە سەر کاتێک لە خزمەتی سەربازی لە دوورگەکە سایپان بە دوای ئۆبە وەبوو. تا توانی بە هاوکاری ئۆبە کتێبێک لەسەر ئەزموون و ژیان کردنی ئۆبە لە دوورگەی سایپان بنووسێت و بڵاوی بکاتەوە. جۆنز بوو بە هاوڕێیەکی نزیکی ئۆبە و خێزانەکەی داوای لە ئەمەریکا کرد کە ڕێگابدەن ئەو شمشێرەی کە ئۆبە لە کاتی خۆ بەدەستەوەدان ڕادەستی هێزەکانی ئەمەریکای کردبوو بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوانیش داواکەیان پەسندکرد و جۆنز شمشێرەکەی بۆ گەڕاندەوە. جۆنز زۆر سەرسام بوو بە کەسایەتی ئۆبە. تا ئەم سەردەمەش شمێشرەکە پارێزراوە لەلایەن خێزان و بنەماڵەی ئۆبە. 

مردن

ئۆبە لە ٨ مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢ کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٧٨ ساڵی. لە پەرستگای (کۆنون) لە شارۆچکەی (گاماگۆری) بە خاک سپێردرا.

بوون بە کەسایەتیەکی نێو فیلم وێژە

هاوڕێیەتی نێوان دۆن جۆنز و ساکێی ئۆبە کرایە ڕۆمان و ساڵی ١٩٨٢ وەرگێڕدرایە سەر زمانی یابانی و بڵاوکرایەوە. وەشانە ئینگلیزیەکەی لە ساڵی ١٩٨٦ لە ژێر ناونیشانی (ئۆبە: دواین سامورای. ساڵی ١٩٤٤ بۆ ١٩٤٥) بڵاوکرایەوە. لە مانگی ٥ ساڵی ٢٠١٠ دووەم کوڕی ئۆبە کە ناوی (هیسامەتۆ) بوو هەندێک نامە دەدۆزێتەوە کە لە ماوەی جەنگ لە نێوان ئۆبە و هاوسەرەکەی گۆڕدراونتەوە. نامەکان زۆر بە جوانی باسی ژیانی ڕۆژانەی ئەوکاتەی جەنگی تێداکرابوو و خۆشەویستی نێوان ئەو دوو هاوسەرەی بۆ یەکتری نیشان دەدا. ئۆبە کە لە نامەکانی بە وردەکارییەوە باسی بەرەی چین و زەریای هێمنی بۆ هاوسەرەکەی کردبوو کە چی ڕوویداوە و چی ڕوودەدات لەوێ.

هاوسەرەکەی زۆر جوان باسی دۆخی وڵات و شارۆچکەی گاماگۆری بۆ ئۆبە کردبوو کە چۆن ژیان لەوێ دەگوزەرێت. ئیدی دووەم کوڕی ئۆبە هاوکاری هەندێک کەس توانی لە ساڵی ٢٠١١ هەندێک نامە لە نێو ئەو نامەنەی دۆزیبوویەوە بڵاوبکاتەوە لە ژێر ناونیشانی (نامەکانی نێو بڵێسەی شەڕ). و لە ساڵی ٢٠١١ فیلمێک بە ناوی (دەرئاساکەی زەریای هێمن: ئەو پیاوەی کە پێی دەگوترا ڕێوی. یاخود ئۆبە: دواین سامورای) کە لەسەر ژیانی دروست کرابوو بڵاوکرایەوە. کە باسی لە ژیانی ئۆبە و ئەزموونی دەکرد لەو ماوەیەی لەگەڵ پیاوەکانی و هاوڵاتییە مەدەنییەکان خۆیان لە دوورگەی سایپان حەشاردابوو تا کاتی خۆ بەدەستەوەدانی.

فیلمەکە لەلایەن دەرهێنەری یابانی (هیرایامە) کاری دەرهێنانی بۆ کرابوو و لەلایەن نواندکاری یابانی (یوتاکا) ڕۆڵی ئۆبە دەبیندرا، کۆمپانیای (تۆهۆ پیکچەر) بودجەی فیلمەکەی تەرخان کردبوو. یوتاکا لە ماوەی بەرهەم هێنانی فیلمەکە سەردانی کوڕی ئۆبەی کردوو لەوێش سەردانی گۆڕی ئۆبەی کردوو ڕێزی خۆیان بۆ دەربڕی. فیلمەکە پێشوازییەکی باشی لێکرا لەلایەن ڕەخنەگرانەوە، شایەنی باسە فیلمەکە بە هەماهەنگی وڵاتانی یابان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تایلەند دروست کرا وەک رێزلێنانێک لە مەزنی ئەم سەربازەی وڵاتی یابان.


سەرچاوەکان



83 بینین