ڕووداوەکانی ئەمریکا دوای هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-11-12:43:00 - کۆدی بابەت: 6548
ڕووداوەکانی ئەمریکا دوای هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر

ناوه‌ڕۆك

حاڵەتی مەترسی ئەمریکا

دوای هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی دژی تیرۆری ڕاگەیاند، ئەوەش بە جەنگی ڕاستەوخۆ و هاوکاری و گەمارۆی ئابووری دژی هەر ڕێکخراو و لایەنێک کە تیرۆرستی یان مەترسی یان لایەنگری تیرۆرستان بێت دژی ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠١ یەکەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستی پێکرد و هەریەک لە هێزەکانی ناتۆ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و حکوومەتی تاڵیبانیان ڕووخاند کە ڕێکخراوی قاعیدەی داڵدە دابوو لای خۆی.

ڕووداوەکانی دوای هێرشەکان

گەڕان و هاوکاری

یازدەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ گورزێکی کوشندەبوو بۆ هەموو تاکێکی ئەمریکی و ئابووری بە شێوەیەکی زۆر پاشەکشەی کرد، چەندین ساڵی ویست تاوەکوو ترس لە دڵی ئەمریکییەکان دەربچێت، هەموو کەسێک لە شوێنی هێرشەکان یارمەتی پاککردنەوە و هاوکاری دەدا، پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە و پەرستار و پزیشک و خەڵکی ئاسایی، زیاتر لە ١٥٠٠ کرێکار و ئاسنگەر و خاوەن ئۆتۆمبێلی گەورە و لە نێو بناغەی بیناکەدا بەدوای جەستە و قوربانییەکاندا دەگەڕان، چەندین بارهەڵگر و بەرزکەرەوە هێنران بۆ بەرزکردنەوەی چەندین تۆن لە چیمەنتۆ و شیش و قورسایی بۆ دۆزینەوەی شوێنی قوربانیان.

لە ئاکامی گەڕانەکان تەنیا ٢٠ کەس دەرهێنران بە زیندوویی، ئەوانی دیکە هەموو بووبوونە پارچە و شێلرابوون، لە دوای ڕۆژێک لە هێرشەکە سەرۆکی شارەوانی بە ڕۆژنامەکانی ڕایگەیاند کە تەلەفۆنی قوربانیانی ژێر دار و پردوو وەربگرن، لە مانگی پێنجی ٢٠٠٢ بە هاوکاری زیاتر لە ١٠٨,٠٠٠ بارهەڵگر نزیک لە ١,٨ ملیۆن تەن خاشاک و پاشماوە فڕێدران و ناوچەکە پاککرایەوە.

مەترسییەکان

جیا لە مەترسی ڕووخان و بە قوربانیبوونی چەندین کەس و تێکشکان و کەوتنە خوارەوەی پارچەی باڵەخانەکان، چەندین مەترسی دیکە هەبوون کە ئەگەر ڕوویانبدایە کارەساتی گەورەتریان دەخولقاند، نهۆمی گەراجی بیناکە زیاتر لە ٢٠٠٠ ئۆتۆمبێلی تێدابوو کە هەریەکێکیان ٥ گاڵۆن بەنزینیان تێدابووە و دەکرا ئاگر بگرن و بسووتێن، هەروەها چەندین بانکی سووتەمەنی لە ناوچەکە هەبوون کە دەکرا ئاگر بگرن، لەگەڵ ١,٢ ملیۆن فیشەکی کۆگاکراوی بەڕێوبەرایەتی گومرکی ئەمریکا لەوێ.

کاردانەوەی کۆمەڵگای ئەمریکا

لە هەفتەکانی دوای ڕووداوەکە چەندین تاوان دژی خەڵکی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دانیشتووی ئەمریکا ئەنجامدران، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین کەسی سیخ هێرشیان کرایە سەر بەهۆی ئەوەی عەمامە لە سەریان دەپێچن و ئەمریکییەکان پێیانوابووبوو موسوڵمانن، چەندین ڕاپۆرتی کوشتن بە فیشەک و ئۆتۆمبێل و دەستدرێژی و دزیکردن و وێرانکردنی مزگەوتەکان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان بڵاوکرانەوە، لەگەڵ چەندین ئاگرکەوتنەوەی ئەنقەست دژی موسوڵمانەکان، لە ساڵی دواتر تاوانەکان دژی موسوڵمانان بە ڕێژەی %١٦٠٠ بەرزبوونەوە. 


سەرچاوەکان



450 بینین