هۆکارەکانی زۆرخۆری

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-24-21:03:00 - کۆدی بابەت: 6972
هۆکارەکانی زۆرخۆری

ناوه‌ڕۆك

چەند هۆکارێکی زۆرخۆری

هاوڕێکانت

دەکرێت تەنانەت باشترین هاوڕێکانت ببنە دوژمنی ڕێجیمکردنەکەت و وەک وێرانکەری ڕێجیمەکەت ڕۆڵ ببینن، چونکە کاتێک کە پێتدەڵێن بۆ ژەمی نیوەڕۆ دەڕۆینە دەرەوە، ئەوا زۆر زەحمەتە بۆ تۆ کە بڵێیت نەخێر و لەگەڵیان نەڕۆیت، یاخود بڵێیت کە من خواردنە ناتەندروستەکان ناخۆم لە کاتێکدا کە تەواوی هاوڕێکانت ئەو خواردنانە داوادەکەن کە سوورکراونەتەوە و هانی تۆ دەدەن تاکوو تۆش هەمان خواردن داوابکەیت، بەڵام دەبێت ئەوەت لە بیربێت کە ئەوە جەستەی تۆیە و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە دەتەوێت کێشت لە دەست بدەیت ئەوەیە کە هەست بە باشی بکەیت لەبارەی خۆتەوە، چونکە دەرئەنجامەکەی بۆ ئەوان نییە و بۆ خۆتە، هەروەها پاش چەند چوونە دەرەوە و چەند بۆنەیەک دەبینیت کە ئەوان بە شێوەیەکی سروشتی هەڵبژاردنەکانی تۆ قبوڵ دەکەن و ڕەنگە تەنانەت ئەوانیش دەست بکەن بە ئەنجامدانی هەمان شت. 

قاپەکەت

دەبێت لە کاتی ژەمەکاندا تەماشای قەبارەی قاپەکەت بکەیت، چونکە دەکرێت سەرەکیترین هۆکاربێت کە واتلێدەکات زۆربخۆیت، قاپەکانی ژەمی ئێوارە و ژەمەکانی دیکە وا دەردەکەوێت گەورەتر و گەورەتر بن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو قاپە گەورانە تەنها لە ڕێستۆرانتەکاندا بە مەبەستی خزمەتکردنی سەردانیکەران بەکاردێت بەڵام لە ناو ماڵدا ئەمە دەکرێت هۆکارێکی سەرەکی زۆرخۆری بهێنێتە ئاراوە، بۆیە هەڵبدە کە قاپەکەت بچووکتر بکەیتەوە، بۆ نموونە، قاپێکی ئاسایی بگۆڕە بۆ دانەیەکی بچووکتر و لە ناو ئەم قاپە بچووکەدا بۆ ماوەی هەفتەیەک خواردن بخۆ، ئەوکاتە بۆت دەردەکەوێت کە بچووککردنەوەی قەبارەی قاپەکەت چەند کاریگەری لەسەر شێوازی خواردنەکەن هەیە.

ماندوویەتی

خواردن زۆر جار وەک چارەسەرێک بەکاردێت کاتێک هەست بە ماندوویەتی دەکەین، لە ڕاستیدا لەوانەیە ئەو هەستی برسییەتییە نیشانەی ماندوویەتی بێت بەڵام بە هەڵە هەست بە برسێتی بکەیت، یەکەم جار پێویستە بڕۆیتە ناو ڕۆتینێکی باشی خەوتن، هەروەها باشترین ماوەی خەوتن کە توێژینەوەی لەسەر ئەنجامدراوە بریتییە لە ٧-٨ کاتژمێر و بۆیە کاتێک توانیت ئەو ماوەیە بخەویت، ئەوە دڵنیابە لەوەی کە خەوی تەواوت کردووە، هەروەها بیر لەو کاتانە بکەرەوە کە تێیاندا زۆر هەست بە ماندوویەتی دەکەیت لەوانەیە ئەو کاتە بێت کە لەسەر کارەکەتیت یاخود پاش نیوەڕوان، بۆیە شێوازێکی تایبەت بە خۆت دابمەزرێنە تاکوو بزانیت کەی هەست بە ماندووبوون دەکەیت، ئەمە یارمەتیدەرت دەبێت تاکوو بزانیت کە کەی هەست بە برسێتی دەکەیت و پەنا بۆ خواردنی نا تەندروست و سووکە ژەمە پڕ کالۆرییەکان نەبەیت.

بێزاری

بە شێوەیەکی ئاسایی زۆرینەی خەڵک بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانیان پەنا دەبەنە بەر زۆرخۆری، چونکە لەوانەیە لەو کاتەدا بێزاربن یاخود هیچ کارێکی ئاسوودە بەخش نەبێت تاکوو ئەنجامی بدەن یاخود لێی وردببنەوە، هەروەها کاتێک کە خەڵکی هەست بە بێزاری دەکات ئەوا یەکێک لەو کارانەی کە ئەنجانی دەدەن لەوانەیە تەماشاکردنی تەلەفیزیۆن بێت و لەگەڵ ئەوەشدا چەند سووکە ژەمێک دەخۆن، بۆیە بە ئاشکرا پێویستە تیشک بخەیتە سەر ڕەگی کێشەکە، ئەگەر لە ماڵەوە بیت شتێکی جێگرەوە بدۆزەرەوە تاکوو ئەنجامی بدەیت بۆ نموونە، پەیوەندی بە کەسێکەوە بکە، بڕۆ سەرهێڵ، گۆڤارێک بخوێنەوە یاخود هه‌ر شتێك كه‌ دەتوانێت ئاڕاسته‌كه‌ت بەرەو لای ساردکەرەوەکە (سەلاجە) بگۆڕێت.

بەکارنەهێنانی خواردنەوەکان بەپێی پێویست

لەلایەکی دیکەوە، کەم خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کە کحولی نین (واتە ماددەی کحولییان تێدا نییە) دەبێتە ھۆی زۆرخۆری، چونکە هەندێک جار نیشانەکانی تونێتی لە برسێتی جیاناکرێنەوە، ئەمەش مانای وایە کە نەخواردنەوەی ئەو جۆرە خواردنەوانە وات لێدەکات کە هەستی برسێتی و تونێتیت لێ تێکەڵ ببێت، هەروەها بڕی پێشنیارکراوی خواردنەوەی ئاو ڕۆژانە لە دەوری هەشت پەرداخدایە، بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە کە لە یەک کاتدا هەمووی نەخورێتەوە، باشترین ڕێگاش ئەوەیە کە بەدرێژای ڕۆژەکە ئاو بخۆیتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێکخستنی ژمارەی پەرداخەکانی ئاو خواردنەوە بۆ تۆ سەختبێت ئەوا دەتوانیت پێش ژەمەکان پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە لەگەڵ بەیانیان پاش هەڵسان لە خەو هەروەها پێش چوونە ناو جێگا، بەم شێوەیە دەتوانیت ٥ پەرداخ لە ٨ پارداخە پێشبینیکراوەکە بخۆیتەوە بەبێ ئەوەی زۆر بیری لێ بکەیتەوە.

بەپەلە نانخواردن 

ماوەی تەواوکردنی خواردنەکەت زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر ئەو ژەمەی کە دەیخۆیت لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا تەواوی بکەیت ئەوا دەکەویتە ژێر کاریگەری مەترسییەکانی زۆرخۆری چونکە، جەستەت پێویستی بە کاتە بۆ نەمانی هەستی برسێتی، بۆیە کلیلی ناسینەوەی هەستی تێربوون بریتییە لە خواردنی خۆراک بە هێواشی، هەروەها چەند ڕێگایەک هەیە تاکوو بتوانیت بە هێواشی خواردن بخۆیت، کە یەکێک لە ڕێگاکان بریتییە لە زۆر جوینی خۆراکەکە بۆ ماوەیەک کە لە هەمان کاتدا یارمەتی کرداری هەرسیش دەدات.

زوو شکاندنی ڕێجیم

بۆ زۆرینەی کەس لەوانەیە زۆرخۆری یاخود ئارەزووکردنی خواردن لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ڕێجیمەکەیان ئەنجام نادەن و زووزوو دەیشکێنن، هەروەها لە کاتی ڕێجیمەکەدا ئەو خۆراکانە زۆر دەخورێت کە دەبێتە هۆی قەڵەوی، بۆیە دەبێت بیر لەوە بکەیتەوە خواردنی یەک جبس باشترە لەوەی کە دوو دانە بخۆیت ئەمە مانای ئەوەیە کە هەڵەیەکی بچووک زۆر باشترە لەوەی کە تۆ بە تەواوی بکەویتە ناو هەڵەوە. 

دواخستنی ڕێجیم

"سبەی دەست بە ڕێجیم دەکەم" لەوانەیە چەندین جار ئەم قسەیەت کردبێت، بەڵام لەڕاستیدا شتەکە ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک ئەو ڕێجیمە بوونی نییە، کاتێک کە دەڵێیت سبەی دەست دەکەم بە ڕێجیم، لە هەمان کاتدا بە خۆت دەڵێیت، ئەمڕۆ دەتوانیت هەرچیت پێخۆشبوو بیخۆیت، وە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادەخۆری تاکوو قەرەبووی ماوەی ڕێجیمەکەی سبەی بکەیتەوە، هەروەها بابەتەکە ئەوەیە کە سبەی هەرگیز نایەت.


سەرچاوەکان

447 بینین