ڕۆژووی پزیشکی چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد حیكمەت - به‌روار: 2021-04-11-01:26:00 - کۆدی بابەت: 4372
ڕۆژووی پزیشکی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ڕۆژوو

بەشێوازێکی گشتی ڕۆژوو پەیوەندی بە مانگی ڕەمەزانەوە ھەیە، ئەویش کاتێک موسوڵمانان خۆیان لە خواردن و خواردنەوە دەگرنەوە لە ڕۆژھەڵاتنەوە، تاوەکو ڕۆژئاوا بوون، لەگەڵ ئەوەی ڕۆژوو گرتن زیاتر وەکو پەرستشێکی ڕۆحی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک کەس بۆ وەرگرتنی سودە تەندروستیەکانی ڕۆژوو دەگرێت، چونکە ڕۆژوو چەند سودێکی تەندروستی وەک لەدەستدانی کێش و کەمکردنەوەی فشاری خوێن و چەوری خوێن ھەیە، بۆیە پزیشکەکان ئامۆژگاریمان دەکەن کە کەم کەم ڕۆژوو بگرین بۆ بەدەستھێنانی ئەو سوودانەی کە ھەیەتی.

ڕۆژووی پزیشکی چییە؟

زۆرێک لە خەڵکی دەپرسن کە ڕۆژووی پزیشکی چییە و چۆن ئەنجامدەدرێت؟ لەوەڵامدا دەڵێین کە ڕۆژوی پزیشکی بریتیە لە نەخواردنی خۆراک لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بۆ نموونە ١٦ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا یاخود ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و ئەنجامدانی ئەم کارە دوو جار لە ڕۆژێکدا، واتە دەتوانین بڵێین رۆژووی پزیشکی دابەشکردنی کاتی خواردنە نەک خۆگرتنەوە لە خۆراکێکی دیاریکراو وەک رجێمێکی خۆراکی، لە خوارەوە ئاماژەمان بە شێوازەکانی ڕۆژووی پزیشکی داوە :

شێوازی ١٦/٨: بە شێوازی لینگینزیش ناسراوە، ئەم شێوازە ژەمی بەیانیان تێدەپەڕێنێت و کاتەکانی خواردنی ڕۆژانە کەمدەکاتەوە بۆ ھەشت کاتژمێر، واتە نێوان ١-٩ و دواتر رۆژووگریتن لە ١٦ کاتژمێرەکەی تردا.

شێوازی خواردن-ڕۆژوو-خواردن : eat-stop-eat

لەم شێوازەدا کەسەکە بۆماوەی یەک ڕۆژ واتە ٢٤ کاتژمێر ھەڵدەستێ بە ڕۆژوو گرتن یەک یان دوو جار لە ھەفتەیەکدا، بۆنموونە نەخواردنی نانی ئێوارە تاوەکو ئێوارەکەی تر.

شێوازی خۆراکی ٥:٢ :  

لەم شێوازەدا کەسەکە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ کالۆری لەدەست دەدات لەماوەی دوو رۆژدا کە بەدوای یەکدا نین، وە لە پێنج رۆژەکەی تردا کەسەکە بەشێوەیەکی ئاسایی ژەمە خۆراکیەکان بەڕێوە دەبات.

سودەکانی ڕۆژوی پزیشکی 

ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو سودانەی کە ڕۆژوی پزیشکی پێمانی دەبەخشن.

لەدەست دانی کێش 

لەبەرئەوەی لەشی مرۆڤ ناتوانێت وزەی پێویست وەربگرێت بە هۆکاری نەخواردنی ژەمە خۆراکیەکان لە کاتی ڕۆژووگرتندا، بۆیە بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی پەنا دەباتە بەر ئەو شەکرە خەزنکراوەی کە لە جگەردا هەیە، دواتر گەر بەوەش وزەی پێویستی وەرنەگرت، ئەوا پەنا دەباتە بەر سوتاندنی چەوری خەزنکراوی جەستە بۆ دابینکردنی وزەی پێویست.

دابەزینی چەوری خوێن

لەپاڵ دابەزاندنی کێشدا، دکتۆر ڕازین ماهرۆڤ ئاماژە بەوە دەدات کە سوتاندنی چەوی جەستەی مرۆڤ دەتوانێت یارمەتی پاراستنی شێوەی گشتی ماسولکەکانی لەش بدات و ئاستی چەوری خوێن دابەزێنێت لەگەڵ ڕزگارکردنی جەستە لە مادە ژەهراویەکان، لەبەرئەوەی سوتاندنی چەوری جەستە دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لەو مادە ژەهراویانەی کە لە چەوریەکاندا خەزن کرابوون.

پشتیوانی کردنی تەندروستی مێشک

بەهەمانشێوە دکتۆر ماهرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە دوای چەند ڕۆژێک لە ڕۆژووگرتن، بڕێکی زیاتر لە هۆرمۆنی خۆشبەختی واتە ئێندۆرفین بەرهەمدەهێنرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە سودێکی ئەرێنی بگەیەنێت بە تەندروستی مێشک و خانەکانی.

پشتیوانی کردنی تەندروستی سیستەمی بەرگری جەستە

یەکێکی تر لە سودەکانی ڕۆژوی پزیشکی بە هێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەیە، ئەویش لەبەرئەوەی کاتێک کەسێک لە کاتی ڕۆژوو گرتندا برسی دەبێت، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، جەستە پەنادەباتە بەر وزە خەزنکراوەکانی ناو خۆی، لەم نێوەندەشدا خانە کۆنەکانی سیستەمی بەرگری لەناودەبرێن و خانەی نوێ شوێنیان دەگرنەوە. ئەم زانیاریە لە توێژینەوەیەکی دکتۆر لۆنگۆ لەسەر خانە بنەڕەتیەکان پشت ڕاست کراوەتەوە.

پاراستنی جەستە لە چارەسەری کمیایی

بەهەمانشێوە دکتۆر مۆنگۆ و دەستەکەی لە کاتی توێژینەوەکانیاندا ئەوەیان تێبینی کرد کە سیستەمی بەرگری جەستەیی ئەو نەخۆشانەی کە سێ ڕۆژ پێش چارەسەری کیمیایی رۆژویان گرتووە پارێزراوتربووە لەچاو نەخۆشانی دی ئەویش بەهۆی ئەو نوێبوونەوەی لە خانەکانی سیستەمی بەرگریدا ڕویداوە.

چەند ئاگادار کردنەوەیەک لەسەر ڕۆژووی پزیشکی

چەند هۆکارێک هەن کەدەبێت ئاگاداریان بین لە ڕۆژووی پزیشکیدا، وەک بەکارهێنانی هەندێ دەرمان کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژەمەکانەوە هەیە و ڕۆژوو کاریگەری ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر بەکارهێنانیان، بۆیە دەبێت لەم حاڵەتەدا ڕاوێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دکتۆر بکرێت، هەروەها چەند خاڵێک هەن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین لەسەر ئەو ڕێکارانەی کە نەخۆشانی شەکرە دەبێت بیگرنە بەر لەکاتی ڕۆژووگرتندا:

1- ئەنجامدانی فەحسی شەکرەی خوێن هەردوو کاتژمێر جارێک.

2- لەوانەیە پێویست کات دەرزی ئەنسۆلین یاخود خواردنی حەبەکان کەمکرێتەوە.

3- ئاگادار بوون لە دابەزینی لەبەرچاوی شەکری خوێن.

4- ئەگەر کەسەکە زانی کە وا شەکرەی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە، پێویستە ڕۆژوەکەی بشکێنێت و پەیوەندی بکات بە پزیشکەوە.

ڕۆژوی ئاو

ڕۆژووی ئاو جۆرێکی ترە لە ڕۆژوی پزیشکی کە تێدا کەسەکە بێجگە ئاو بۆماوەیەکی دیاریکراوی نێوان ٢٤ بۆ ٧٢ سەعات هیچی دی ناخوات و ناخواتەوە. ڕۆژوی ئاو دەبێت لەو ماوەیەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بەبێ ڕاوێژی پزیشک زیاتر نەبێت. ئەم خاڵانەی خوارەوە بەشێکن لەو هۆکارانەی کە خەڵکی لەبەر هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ڕۆژووی ئاو:

1- هۆکاری ئاینی و ڕۆحی.
2- بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کێش.
3- بۆ دەرکردنی ژەهرەکانی نێو جەستە.
4- بۆ سوودە تەندروستیەکانی، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و شێرپەنجە و شەکرە.
5- بۆ ئامادەبوون بۆ چارەسەری پزیشکی.


سەرچاوەکان



760 بینین