ناوهڕۆك
سەرەتا
پشیلەی کێوی (بە عەرەبی: القط الوحشي، بە ئینگلیزی: wildcat)، پشیلە کێوییەکان لە کۆمەڵەی پشیلە بچووکەکانن، کە بۆ دوو بەشی سەرەکی دابەشبوون، پشیلە کێوییەکانی ئەوروپا و پشیلە کێوییەکانی ئەفریقا، هەریەکەیان بە گوێرەی نشینگەکانیان ناونراون، جۆری یەکەمیان لە دارستانەکانی ئەوروپا و قەوقازدا دەژین و جۆری دووەمیش لە دەشت و لەوەڕگاکانی ئەفریقا و نیمچەدوورگەی عەرەب و ئاسیا دەژی، بەگوێرەی نشینگەکانیان جیاوازی لە شێوەیاندا هەیە، زۆرینەیان هاوشێوەی پشیلە ماڵییەکانن بەڵام بە هیچ جۆرێک بۆ ڕاگرتن و ماڵی کردن خوازراو نین چونکە دڕندەن، لەئێستادا پشیلە کێوییەکان بە هۆی زیاتر لە هۆکارێکەوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، لەسەر ڕێگا گشتییەکان و ڕێگا خێراکان بە هۆی هۆکارەکانی گواستەوەوە دەمرن و توشی ڕووداو دەبن هەروەها ڕاوچییەکانیش ڕاویان دەکەن بۆ سود بینین لە فەرووەکەیان بۆ دروستکردنی جلوبەرگ، جگە لە ئەمانەش پشیلە کێوییەکان زۆرجار دەکەونە تەڵەی ڕاوچییەکانەوە کە بۆ ئاژەڵی دیکە ئامادەکراوە.
شێوەی دەرەوەی
قەبارەی پشیلە کێیویەکان هەتا ڕادەیەک بچووکە، درێژییەکەی لە نیوان ٤٥-٨٠ سم دایە و بەرزییەکەی هەتا شانەکانی دەگاتە نزیکەی ٣٥ سم، و کێشی لە نێوان ٣-٨ کگم دایە، درێژی کلکی بە تەنها دەگاتە ٣٠ سم، ڕەنگی فەرووی پشیلە کێوییەکان جیاوازە و دەکرێت سادە یاخود هێڵدار و خاڵدار بێت، بە گشتی نەوە ئەفریقییەکان قەبارەیان بچووکترە و ڕەنگیان کاڵترە بە بەراورد بە پشیلە کێوییەکانی ئەوروپا و ئاسیا.
خۆراک
پشیلە کێوییەکان ئاژەڵی ڕاوکەری بەتوانان و گۆشتخۆرن، هەریەک لە مەمکدارە بچووکەکان و باڵندەکان و هەر ئاژەڵێک کە قەبارەکەی هاوشێوە بێت ڕاویدەکەن و دەیکەن بە ژەمی خۆراکیان.
شێوازی پۆلێنکردنی پشیلە کێوییەکان
زاناکان لە ڕابردوودا ٤٠ نموونەی جیاوازیان لە پشیلە کوێیەکان کۆکردەوە و دواتر لێکۆڵینەوەیان کردووە بۆ بۆماوە ماددەکەیان، لە ئەنجامدا پشیلە کێوییەکانیان بۆ سێ نەوەی جیاواز پۆلێنکرد، بەم شێوەیە:
- نەوەی دارستانەکان: یەکەم و سەرەکیترین نەوەی پشیلە کێوییەکانە.
- نەوەی دەشتەکان: ئەم نەوە لە نەوەی پشیلە دارستانییەکانەوە دروست بوون بەڵام قەبارەیان بچووکترە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی ڕەنگی فەرووەکەی کاڵترە و کلکی درێژترە، هەروەها باوەڕ وایە کە پشیلە ماڵییەکان لە ئەم نەوەیەوە دروستبوون.
- نەوەی دەوەنەکان: تایبەتمەندە بە ڕەنگە کاڵەکەی، هەروەها هەبوونی کۆمەڵێک نیشانەی هەڕەمەکی کە هەندێک جار دەکرێت هاوشێوەی بازنە یان خاڵی گەورە بێت.
لە ئەنجامی زۆربوون و گۆرانکاری نشینگەی ئەم سێ نەوە سەرەکییەدا، پێنج جۆر پشیلەی کێوی باو لە جیهاندا دروستبوون، هەریەکەیان لە خاسیەتەکانی شێوەی دەرەوەیان وەک ڕەنگ و درێژی و کێش و شێوازی ژیانکردنیان گۆڕان و جیاوازی هەیە، پێنج جۆرەکەش بریتین لە:
- پشیلەی کێوی ئەوروپی
- پشیلەی کێوی ئەفریقی
- پشیلەی کێوی قەوقازی
- پشیلەی کێوی باشووری ئەفریقا
- پشیلەی کێوی ئاسیایی
قۆناغەکانی پەرەسەندنی پشیلە کێوییەکان
پشیلە کێوییەکان لە هۆزی پشیلە گەورەکانن، پشیلە کێوییەکان بەشدارن لە هاوبەشی پێکردنی بۆهێڵەکان لە نزیکەی ١٠-١٥ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە، دواتر کۆمەڵەی پشیلە کێوییەکان دوورکەوتونەتەوە لە پشیلە گەورەکان لە نزیکەی ١.٠٩-١.٤ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە، کە نەوە بنەڕەتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەستەڵەک، واتە نزیکەی ٣٤٠٠٠٠-٣٢٥٠٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستە، گۆڕانکارییە بۆماوەییەکانی پشیلە کێوییەکان دەریدەخات کە ئەم ئاژەڵانە لە چاخی بەستەڵەکدا کۆچیان کردووە لە ئەوروپاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆیەوە نەوەی نوێ دروستبووە لە ئەنجامی گۆرانکارییەکانی ژینگە نوێیەکەی و پێویستی بە ڕەوشتی نوێ بۆ بەردەوام بوون.
تایبەتمەندییەکانی
ئەم پشیلانە هاوشێوەی پشیلە گەورەکان ئارەزوی ژیانکردن بە تەنها دەکەن، تەنها لە وەرزی زۆربووندا نەبێت، بە گوێرەی گونجاوی نشینگەکەی لانەیەک و جێگەیەکی نیشتەجێبوون هەڵدەبژێرێت، دەکرێت قەدی درەخت بێت یان درزی نێوان بەردەکان یان لە نێوان چڵی درەختە پڕەکان، بە گشتی ئەو جێگەیان بۆ پەسەندە کە گەرمە و دوورە لە مێرووەکان و بەتایبەتی کێچەکان کە دەبنە هۆی بێزارکردنیان، پشیلە کێوییەکان ناچار دەبن لە زستاندا و بە تایبەتی کاتی بەفر بارین مەودایەکی زۆر ببڕن و کۆچبکەن بۆ ناوچەی گەرمتر، ئەم پشیلانە دواتر ناوچەکانی خۆیان دیاریدەکەن و جیای دەکەنەوە، بە ڕشتنی میز بەسەر درەخت و گوڵ و بەردەکانی نشینگەکەیدا.