کەروێشکی کێوی جەمسەری باکوور

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-12-15:54:00 - کۆدی بابەت: 12882
کەروێشکی کێوی جەمسەری باکوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەروێشکی کێوی جەمسەری باکوور (بە ئینگلیزی: Arctic hare، بە عەرەبی: ارنب القطب الشمالي)، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باکوورە و لە خێزانی مەمکدارەکاندا پۆلێندەکرێت، لە ناوچەی تەندرا و جێگە بەردەڵانەکاندا دەژی، هەرچەندە ژمارەیان بە تەواوەتی زانراو نییە، بەڵام لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە بە گیانەوەرێک دانانرێت کە مەترسی لەناوچوونی هەبێت، بە نزیکەیی ژمارەیەکی زۆریان بوونی هەیە لە جەمسەری باکووردا و بە گشتی جێگیر دەردەکەون و زۆردەبن.

شێوەی دەرەوەی

کەروێشکی کێوی جەمسەری باکوور گەورەترە لە هەموو جۆرە کەروێشکە کێوییەکانی تری ئەمریکای باکوور، سەرەکیترین تایبەتمەندی ئەوەیە کە فەروویەکی ئەستووری هەیە، بە گۆڕانی وەرزەکان ڕەنگی فەرووەکەی دەگۆڕێت، لە هاویندا ڕەساسییە و لە زستانیشدا بە تەواوەتی سپی دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ڕەنگی بەفردا، بەڵام ئەوانەی کە لە ئەوپەڕی جەمسەری باکووردا دەژین ئەوا بە درێژایی ساڵ ڕەنگییان سپییە.

کەروێشکێکی خێرایە و لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت ٦٤ کیلۆمەتر ببڕێت، لە هەر چوار پەلەکەیدا چنگی درێژی هەیە، بەڵام ئەوانەی پەلەکانی دواوەی درێژترن، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانێت سەهۆڵ و بەفر هەڵبکۆڵێت، بۆ دروستکردنی پەناگە یان دۆزینەوەی خۆراک، هەروەها بەهۆی پەلەکانی دواوەی دەتوانێت وەک کەنگەر بازبدات.

جەستەی بەجۆرێکە کە هاوکاری بکات بۆ ئەوەی بەرگەی کەشی ساردی جەمسەری باکوور بگرێت، بۆ نموونە هەبوونی فەرووی ئەستوور، گوێچکەی کورت، لوتی بچووک، چەوری و پتەوی جەستەی هەموویان پێکەوە هاوکارن بۆ ئەوەی پلەی گەرمی بە گونجاوی بهێڵێتەوە، کێشی کەروێشکی پێگەیشتوو لە نێوان ٤-٥ کیلۆگرام دەبێت، درێژییەکەشی لە نێوان ٤٨-٦٧ سانتیمەترە. 

خۆراک

کەروێشک ڕووەکخۆرە و خۆراکی سەرەکی بریتییە لە گیا و گوڵ لەگەڵ داری بی، خواردنی دڵخواز و پەسەندی گژوگیایە و ئەگەر لەناو بەفرەکەشدا توو هەبێت ئەوا دەیخوات، هەرچەندە بە گشتی ڕووەکخۆرە بەڵام کەروێشکی کێوی بینراوە کە ماسی و گۆشتی خواردووە، لەبەر ئەمەش دەکرێت بە گیانەوەرێکی هەموو شت خۆر پۆلێنبکرێت، یاخود هەندێکجار بەگوێرەی وەرزەکان دەکرێت ڕەگ و قەد بخوات، جیاوازی جۆری خواردنەکانیشی بەهۆی ئەوەیە کە جێگەکەی سەختە و خواردنی بە ئاسانی دەستناکەوێت، بۆ بەدەستهێنانی ئاویش دەتوانێت بەفر بخوات و جەستەی بەرگەی پلەی گەرمی نزمی بەفرەکە دەگرێت.

لەبەر ئەوەی ناوچەی تەندرا ژینگەیەکی زۆر سەختە بۆیە خۆگونجاندنی ئەم کەروێشکە لەگەڵ ژینگەکەیدا یەکێکە لە پێویستییەکانی ژیانکردنی، ئەم جۆرە کەروێشکە زۆر شەرمنە و لەلایەن گیانداری زۆری ترەوە دەکرێت ڕاوبکرێت، هەندێکجار بەهۆی ڕەنگە سپییەکەیەوە هیچ ناکات و تەنها هەوڵ دەدات لەگەڵ ڕەنگی بەفرەکەدا لەیەکتری جیانەکرێنەوە، نموونەی ئەو گیاندارانەی کە ڕاویدەکەن بریتین لە ئەو گۆشتخۆرانەی کە لە تەندرا دەژین وەک ڕێوی سوور و ڕێوی جەمسەری لەگەڵ ڕشاقی کەنەدی و گورگی ڕەساسی.

جگە لە ئەوانیش لەلایەن مرۆڤە ڕەسەنەکانی دانیشتووی ناوچەکەوە ڕاودەکرێن، بە مەبەستی خواردنی گۆشتەکەی یاخود بەکارهێنانی فەرووە ئەستوورەکەی بۆ دروستکردنی کەلوپەل، یان ئەگەر کەروێشکە کێوییەکە خواردنی دەستنەکەوێت ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا دەمرێت بەهۆی ساردی و سەختی ئاووهەوای ناوچەی بەستەڵەکەوە.  

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتن لە بەهاردایە و لەم کاتەدا کۆمەڵە گەورەکان بچووکدەبنەوە، نێرینەکان بۆ بەدەستهێنانی مێینە لەگەڵ یەکتریدا دەجەنگن، هەر نێرینەیەک تەنها لەگەڵ یەک مێینەدا جووتدەبێت، هەر بۆیە مێینەکان لە جێگەیەکی گونجاودا و لە نزیکی بەردەکاندا جێگەیەک بۆخۆی و بێچووەکانی دروستدەکات، جێگەکەی هەڵدەکۆڵێت و گژوگیای تێدا دادەنێت و لە ناویشەوە چینێک لە مووەکانی فەرووەکەی خۆی بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی گەرمبێت.

بێچووی کەروێشکی جەمسەر جیاوازە لە بێچووی کەروێشکە ئاساییەکان، جۆرە ئاساییەکە کە لەدایکدەبن هیچ نابینن و فەروویان نییە، بەڵام کێوییەکە بە پێچەوانەوە بە فەرووی تەواوەتییەوە لەدایکدەبێت و لەماوەی تەنها چەند خولەکێکدا دەتوانێت بازبدات، ئەمەش هاوکاری دەکات بۆ ئەوەی لە سەختی و قورسی جەمسەری باکوور ڕزگاریببێت.

لە چەند ڕۆژی سەرەتادا بە بەردەوامی دایکەکەیان لەگەڵدایە، بەڵام دواتر کاتێک دایکەکە دەچێتە دەرەوە بۆ گەڕان بەدوای خۆراکدا بێچووەکانیش جووڵەی کەم دەکەن، لەماوەی ٢-٣ هەفتەدا دەتوانن بەتەواوەتی بچنە دەرەوە و تەنها بۆ شیرخواردن دەگەڕێنەوە هێلانەکەیان، هەتاکوو تەمەنیان دەبێت بە نۆ هەفتە و لە شیر دەبڕدرێنەوە، لە هاوینی ساڵی دواتریشدا بە تەواوەتی پێدەگەن و توانای زۆربوونیان دەبێت.  

بەگشتی بەتەنها دەژی بەڵام هەندێکجار شێوازی ژیانکردنی ئەندامەکان بە یەکەوەیە و لە شێوەی ڕەوە و کۆمەڵەدا پێکەوە دەژین کە لە سەدان دانە پێکهاتووە، بەگشتی لە هەرجارێکدا نزیکەی شەش بێچووی دەبێت، ناوەندە ڕێژەی ژیانکردنی هەر تاکێکیش لە نێوان ٣-٨ ساڵە، تەمەنی زۆر دیاریکراو نییە بەڵام ئەگەر ئەم کەروێشکە ماڵی بکرێت ئەوا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەمرێت.  


سەرچاوەکان



3885 بینین