هۆکارەکانی وازهێنان لە خواردنی شەکر

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-12-14:13:00 - کۆدی بابەت: 7174
هۆکارەکانی وازهێنان لە خواردنی شەکر

ناوه‌ڕۆك

١٠ هۆکار بۆ وازهێنان لە خواردنی شەکر

شەکر تەندروستی جۆگەی هەرس پەکدەخات

لە هەموو ئەو ناوچانەی کە شەکر دەتوانێت کاریگەری خراپی هەبێت، تەندروستی جۆگەی هەرس بە شێوەیەکی زۆر زیاتر زیانی پێدەگات، لەوانەیە گوێت لەو قسەیە بووبێت کە دەڵێت (تۆ ئەوەیت کە دەیخۆیت)، بەڵام لە ڕاستیدا، تۆ ئەو شتەیت کە هەڵیدەچنیت لە جەستەتدا، جۆگەی هەرس لە سیستەمێکی ئاڵۆز پێکدێت کە ماددە خۆراکییەکان هەڵدەمژێت، کانزاکان دروست دەکات، شوێنی بەکتریاکانە، پارێزەری نەخۆشییە، هەروەها پەیامەکان بۆ مێشک دەگوازێتەوە، ئەوە سیستەمێکی سەختە کە ڕێگە بە ماددە خۆراکییە گرنگەکان و ئاو دەدات بێنە ناو لەشمان، لە کاتێکدا ژەهر و ماددە نامۆکان لە دەرەوەی لەش دەهێڵێتەوە، دەزگای جۆگەی هەرسکردنمان ماڵی سەدان جۆری جیاوازی بەکتریای سوودبەخشە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی تەندروستیمان بە باشی بهێڵنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازێکی نادروست لە بەکارهێنانی شەکر و کاربۆهیدرات دەتوانێت هاوسەنگی بەکتریا لە ناو جۆگەی هەرس تێکبدات، ئەو ناهاوسەنگییە بەتەنیا نابێتە هۆی پەکخستنی کرداری جۆگەی هەرس، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە جۆگەی هەرس بەستراوەتەوە بە زۆر ناوچەی تری جەستەوە، هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێشەی پێست، کێشەی ڕەفتار و هەڵسووکەوت، هەستیاری، ناهاوسەنگی هۆرمۆنی و هەوکردنی هاوبەشی هەبێت، تەندروستی جۆگەی هەرس کلیلی باشبوونی تەندروستی گشتییە، بۆیە باش بەڕێوبردنی جۆگەی هەرس بنچیینەی تەندروستی گشتی و تەمەن درێژییە.

شەکر کاریگەری لەسەر پێست و زیپکە  و ئەگزیما هەیە

هەرچەندە زۆرینەی جار ئەمە لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵام پێست ئەندامێکی فڕێدانە دەرەوەی ماددەکانە، لەبەر ئەمە پێست وەک وەڵامدەرەوەیەکی کردارەکانی ناو جەستە کاردەکات، بەتایبەتی لە هاوسەنگبوونی بەکتریا لەناو جۆگەی هەرس، تێکچوونی بەشێکی جەستە یان تێکچوونی تەندروستی جۆگەی هەرس کە بەهۆی خواردنی شەکرەوە دروست دەبێت دەتوانێت کاریگەری زۆر خراپی لەسەر پێست هەبێت، ئاماژە بەوە نەکراوە، بەڵام بەکارهێنانی شەکر و کاربۆهیدرات، وەک هۆکاری دروستبوونی هەوکردن و بێزاری و تێکچونی هۆڕمۆنەکان دەستنیشان کراون، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشییەکانی پێست وەک زیپکە و پیربوونی پێشوەخت، بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین لە ناو ڕێڕەوەکانی خوێندا، بەهۆی زیاد بەکارهێنانی شەکرەوە، وەک هۆکارێک بۆ زیادبوونی جۆرەکانی چەوری لەسەر پێست و زیادبوونی پڕۆسەی هەوکردن کە دەبێتە هۆی دروست کردنی زیپکە و دوومەڵ، هەروەها کاتێک زیاد لە پێویست شەکر بەکاردێت ئەوە ماددەیەکی نوێ لەناو لەشدا دروست دەبێت کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پڕۆتینە سروشتییەکانی جەستە و کۆڵاجینی پێست کەمدەکاتەوە، بەمەش چرچ و لۆچی دەکەوێتە سەر ڕوخسار و دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەخت.

شەکر دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش

شه‌كری پاڵاوته‌كراو ته‌نها به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌تاڵی كالۆری دانانرێت كه‌ به‌تاڵه‌ له‌ خۆراك بەڵکوو شەکر هۆکاری سەرەکییە بۆ قەڵەوبوون، هەرکاتێک کە شەکر یاخود کاربۆهایدرایت دەخۆیت ئەوا تۆ ڕێژەی ئەنسۆلین لە ڕێڕەوی خوێندا بەرزدەکەیتەوە، ئەنسۆلین هۆڕمۆنی کۆکردنەوەی چەورییە، ئەرکی ئەنسۆلین لەناو لەشدا ئەوەیە کە بە جەستە دەڵێت ئەو شەکرەی کە تازە خواردووتە پارێزگاری لێبکە و بیکە بە وزەی یەدەگ و لەکاتی پێویست لە شێوەی چەوری بەکاری بێنە، کێشەکە ئەوەیە بەکارهێنانی شەکری زیادە بەرهەڵستی دژی ئەنسۆلین دەکات، ئەمەش مانای وایە کە لەش زیاتر و زیاتر پێویستی بە ئەنسۆلینە تا کارەکەی تەواو بکات، لەئەنجامدا هەتا شەکری زیاتر بخورێت، ڕێژەی شەکری خوێن لە جەستەدا بەرزتر دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئەنسۆلین و لەئەنجامدا چەوری زیاتر دروستدەکەیت، بە تێپەڕبوونی کات، ئەنسۆلین زیاتر و زیاتر بەرهەڵستکار دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە چەوری لەش بە ڕێژەیەکی خێراتر خەزن بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی زیادە، بە تایبەتی لە ناوچەی سک و ورگ.

کاریگەری شەکر لەسەر هۆڕمۆنەکان

خواردنی لەڕادەبەدەری شەکر دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی شەکری خوێن، هەروەها شەکری خوێن بەستراوە بە هاوسەنگی کرداری هۆڕمۆنەکانەوە لە جەستەدا، توێژینەوەیەک لەسەر نیشانەکانی کیسی هێلکەدان دەریخست کە پەیوەندییەکی زۆر بەرز هەیە لەنێوان بەکارهێنانی شەکر و کاربۆهیدرات لەگەڵ چالاکی هۆڕمۆنەکان، هەروەها ئەوە خراوەتە ڕوو کە بەرهەڵستیکردنی ئەنسۆلین یەکێکە لە ناهاوسەنگیترین  کرداری فیزیکی، هەروەها ڕێژەی بەرزی ئەنسۆلین تەنها کارناکەتە سەر شەکری خوێن، بەڵکو بەستراوە بە هۆڕمۆنەکانی تری جەستەشەوە وەک، ئیسترۆجین، پڕۆجیسترۆن، تێستێسرۆن، کە بە گوونەکان دەڵێت تاکوو تێستێسترۆنی زیاتر بەرهەم بهێنێت، گرنگی هەبوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەکان یەکێکە لە باشترین هۆکارەکان بۆ وازهێنان لە شەکر. 

شەکر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی وزە

بەکارهێنانی شەکر ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر شەکری خوێن و شەکری خوێنیش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ڕێژەی وزە لە لەشدا، کاتێک بڕێکی زۆر شەکر دەخورێت، یاخود ژەمە خواردنەکەت پڕە لە کاربۆهایدرات، جەستەت بە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین بۆ زیندەچالاکی شەکر لە خوێندا کاردانەوەی دەبێت، ئەم هەڵچوونە بەرزەی شەکر یان وزە وزەیەکی خێرات پێ دەبەخشێت، کاتێک شەکرەکە لە ناو خوێندا لادەبرێت ئەوا خێراییەکە تێکدەشکێت و کەمدەبێتەوە، ئەم تێکچوونە بەردەوامەی شەکری خوێن نەک تەنها واتلێدەکات هەست بە ماندووبوون بکەیت لە تەواوی ڕۆژدا بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئارەزووی خواردنی شەکری زیاتر و کاربۆهیدراتی زیاتر بکەیت بۆ ئەوەی ئاستی وزە داببەزێت، بە تێپەڕبوونی کات، ئەم خوولە زیاتر دەبێت و پێویستیت بە شەکری زیاتر و زیاتر دەبێت بۆ هێنانەوەی وزەی پێویست.

شەکر کاریگەری دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری

هەرجارێک شتێکی شیرین بخۆین پانکریاس ئەنسۆلین دەردەکات بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکری خوێن و گەیاندنی بە خانەکان، ئەنسۆلین ڕێگری لە ئازادکردنی هۆرمۆنی گەشەی مرۆڤ دەکات، هەروەها سیستەمی بەرگری لە کار دەخات، ئەمەش وامان لێ دەکات کە کەمتر ئامادەبین بۆ بەرگریکردن لە توشبوون بە نەخۆشی و ڤایرۆس، کەواتە، بەتێپەڕبوونی کات، بەکارهێنانی شەکری زیادە دەتوانێت سیستەمی بەرگری لاوازبکات، هەروەها سیستەمی بەرگری وامان لێدەکات کە ئامادەبین بۆ بەرهەڵستی سەرما و هەڵامەتی وەرزەکان.

شەکر هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵە

لەوانەیە گوێت لەو بیروبڕوایە بێت کە چەوری و کۆلیسترۆڵی سروشتی دوژمنن کاتێک بابەتەکە دێتە سەر تەندروستی دڵ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە شەکرە کە ئێمە دەبێت زیاتر لەبارەیەوە نیگەران بین، ئێستا بە گشتی لەلایەن کۆمەڵگەی پزیشکییەوە قبوڵکراوە کە زیادەخۆری شەکر گەورەترین یارمەتیدەرە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، نەک خواردنەکانی بە چەوری تێرکراو، چۆن شەکر بەتەواوی کاریگەری لەسەر تەندروستی دڵ هەیە هێشتا بەتەواوی جێگای تێگەشتن نییە لای زۆربەی خەڵک، بەڵام پێدەچێت چەندین پەیوەندی ناراستەوخۆ هەبێت لەوانە بەرزی شەکری خوێن، کۆلیسترۆڵی بەرز، بەرزی فشاری خوێن، کە هەموویان بە نەخۆشی دڵەوە بەستراون، ئەمەش دەکاتە یەکێکی تر لەهۆکارە گرنگەکانی وازهێنان لە شەکر.

شەکر دەبێتە هۆی دروستبوونی ئارەزووی زۆر بۆ شیرینی

هەرچەندە زۆربەی خەڵک لەوە تێدەگەن کە تۆ دەتوانیت ئارەزووی شەکر بکەیت، بەڵام هەموو کەس ئەوە نازانێت کە کاتێک دەستت بە خواردنی شەکر کرد، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیاتر ئارەزووی بکەیت، ئەم سوڕە ترسناکەی زیادبوونی ئارەزووی خواردنی شەکر نەک تەنها کاریگەری لەسەر بەرزی و نزمی ئەنسۆلین هەیە لەکاتی خواردنیدا بەڵکوو، دەبێتە هۆی دەرپەڕاندی دۆپامین بەخێرایی و گواستنەوەی هەستێکی خۆش کاتێک دەیخۆیت، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ شه‌كر ده‌بێته‌ هۆی هاندانی ناوه‌ندی مێشك كه‌ بڕێكی كه‌می ده‌كرێت سودبه‌خش بێت، به‌ڵام له‌ زیاده‌ڕه‌ویدا زیان ده‌گه‌یه‌نێت به ته‌ندروستیمان كه‌ زیاتر و زیاتر  ئاڵووده‌ ده‌بین.

شەکر هۆکارە بۆ نەخۆشی شەکرە

ئەمە لەوانەیە ناسراوترین کاریگەری لایەنی خراپی خواردنی شەکری زیادە و کاربۆهیدراتە پاڵاوتەکان بێت،  و هەرچەندە لە هەندێک لە نیشانەکانی تر درێژخایەنترە، بەڵام بەداخەوە هەمووی زۆر باوە، بە تێپەڕبوونی کات، بەرهەڵستیکردن دژ بە ئەنسۆلین دەتوانێت زیاتر ببێت و پەرە بە شەکرەی جۆری ٢ لە هەندێک کەسدا بدات، شەکرەی جۆری ٢ بە "نەخۆشیی شێوازی ژیان" دادەنرێت بەو مانایەی کە ڕێجیم، هۆکارەکانی شێوازی ژیان، بەکارهێنانی شەکر و کاربۆهایدرات گەورەترین یارمەتیدەرن بۆ توشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو.

شەکر کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستی دەروونی

تا ئێستا زۆر کەمتر گرنگی بە کاریگەرییەکانی شەکر لەسەر تەندروستی دەروونی دراوە، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوە و زانیاریانەی ئێستا تا دێت زیاتر لە بەردەستدایە، خواردنی بڕێکی زۆر شەکر نەک تەنها کاریگەری دەکاتە سەر ئەنسۆلین بەڵکوو دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر هۆڕمۆنەکانی دیکە و دۆپامین، بەڵام جۆگەی هەرس کە بە مێشکی دووەم ناسرەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی هەیە لەگەڵ تەندروستی دەروونی، لە سەدا ٨٠ ی هۆڕرمۆنی (سیرۆتۆنین) کە هۆڕمۆنێکی دیکەی تایبەت بە میزاجە لەناو جۆگەی هەرسدا نیشتەجێ بوون، بۆیە، زۆربوونی شەکر نەک هەر کاریگەری لەسەر هەڵچوونەکانی وزە هەیە کە دەبێتە هۆی تێکچونی میزاج بەڵکوو شەکر بە بەردەوامی کاریگەری دەکاتە سەر جۆگەی هەرس و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕاستەخۆ کاریگەری بکاتە سەر میزاج و ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.


سەرچاوەکان



681 بینین