ناوهڕۆك
ناساندن
ئایا خووە خراپەکان چین؟ (بە ئینگلیزی: What Are Bad Habits، بە عەرەبی: ما هي العادات السيئة)، هەر ڕەفتارێک یان کردارێک کە بووە بە ڕۆتینێکی ژیانت و دووبارەی دەکەیتەوە و بە بەردەوامی ئەنجامی دەدەیت وەک خووییەک دەژمێردرێت، بۆ نموونە: ددان شتن پێش خەوتن، نان خواردن، خواردنەوەی قاوە، جگەرە کێشان، سەیرکردنی تەلەفزیۆن. هەندێک لە خووەکان دەتوانن تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەهێز بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر لەوانەیە کاریگەری نەخوازراوییان هەبێت لەسەر ژیانی ڕۆژانەت. تۆ دەبیت بەوەی کە ڕۆژانە کاتی پێوە بەسەر دەبەیت، خووەکان شێوازی ژیانت دیاری دەکەن. کەواتە هەر خوویەک کە هەتە، باش بێت یان خراپ، تا ڕایەک داهاتووی تۆ دیاریدەکات. بۆ نموونە ئەگەر خووی خواردنی تەندروست و وەرزشکردن دروست بکەیت، ئەوا لە داهاتوودا جەستەیەکی ڕێک و تەندروستت دەبێت.
خووە خراپەکان چین؟
خوویەکی خراپ بریتییە لە هەر ڕەفتارێکی دووبارەکراوە کە دەبێتە هۆی ئەنجامێکی نەرێنی یان نەخوازراو. خووە خراپەکان زیان بە تەندروستیی جەستەیی یان دەروونیی کەسێک دەگەیەنن، لەوانەیە خۆشییەکی کاتیت پێ بدەن بەڵام زۆرجار دەبێتە هۆی کێشەی درێژخایەن. هۆکارەکەشی پەیوەستە بە نەبوونی کۆنترۆڵی خود. چەندین جۆری خوویی خراپ هەن و ئەو خووانەش لە کەسێک بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێن و مەرج نییە خوویەک بۆ هەموو کەسێک خراپ بێت، بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک بیەوێت کێشی داببەزێنێت خواردنی ڕێژەییەکی زۆری کالۆری خوویەکی خراپە، بەڵام بۆ کەسێک کە بیەوێت خۆی قەڵەو بکات بە پێچەوانەوە. هەموو کەسێک خوویەکی خراپی هەیە، لە خواردنی نینۆکەکانتەوە بۆ جگەرەکێشان و خەوی ناڕێک کە دەتوانێت ژیانت تێکبدات و ڕێگریت لێبکات لە بەدیهێنانی ئامانجەکانت. لابردنی یان گۆڕینی خووە خراپەکان کارێکی ئاسان نییە. بە تێکڕا، ٦٦ ڕۆژی دەوێت بۆ دروستکردنی خوویەکی نوێ.
چۆن خووە خراپەکان دروستەبن؟
نووسەر چارلس دوهیگ لە کتێبەکەیدا بە ناوی هێزی خوو، ڕوونی دەکاتەوە کە هەر خوویەک بە شێوازێکی بە دەروونی دەست پێدەکات کە پێی دەوترێت "بازنەی خوو". ئەڵقەکە لە ئاماژە و ڕۆتین و پاشان پاداشت پێکدێت. ئاماژە واتا ئەو شتەی کە وات لێدەکات کە ئەو چالاکییە ئەنجام بدەیت کە دواتر دەبێت بە خوو، ئاماژە وا لە مێشکمان دەکات کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو کارە بکەین. بۆ نموونە کێشانی جگەرەیەک یان خواردنەوەی کوپێک قاوە دوای لەخەو هەستان، لێرەدا لەخەو هەستان ئاماژەکەیە. ئەمە ڕەفتارێکە کە زانایانی دەمار بەوە دەستنیشانیان کردووە کە لە بەشێکی بنچینەیی مێشکدا دروستدەبن.
هەروەها قاوە خواردنەوە یان جگەرە کێشانەکەش خۆی دەبێت بە ڕۆتینێک کە بەبێ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە دەیکەین. پاداشتەکەش لەوەوە دێت کە ئایا ئەو خووە چی شتێک و هەستێکت دەداتێ؟ جا باش بێت یان خراپ. بەم شێوەیە خووەکە دروست دەبێت و بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کاتێک ئەزموونی هەستە نەرێنییەکان دەکەیت، زیاتر ئەگەری ئەوەت هەیە کە بکەویتە ناو بازنەی خووی خراپەوە. ئەم هەستانە زۆرجار دەبنە ئاماژە بۆ وەڵامی ئەم خووە. بۆ نموونە، زۆربەی خەڵک زیاتر دەخۆن کاتێک بێزار دەبن یان کاتێک ماندوو دەبن. هەندێک کەس زیاتر دەخۆنەوە یان جگەرە دەکێشن کاتێک فشاری دەروونییان لەسەرە. بەم شێوەیە ئەم هەستە نەرێنییانە وەک ئاماژەیەک کار دەکەن کە پەیوەندی هەیە بە وەڵامدانەوە و پاداشتی خووی خراپ.
چۆن خووە خراپەکان بناسیتەوە؟
ڕەنگە هەندێک خووت هەبێت بەڵام تا ئێستا بیرت لە دەرەنجامەکانی و سوود و زیانەکانی نەکردبێتەوە، بەڵام گرنگە هەر کارێک دەیکەیت بە ژیرانە بیکەیت و بزانیت کە لە داهاتوودا دەتگەیەنێت بە کوێ، ئەگەر خوویەکت هەیە ناتگەیەنێت بەو کەسەی دەتەوێت لە داهاتوودا ببیت، وا باشترە وازی لێ بهێنیت. کردنی کارێک کە هیچ بەهایەک بۆ ژیانت زیاد ناکات: کەسانی سەرکەوتوو هەمیشە کاتێک شتێک دەکەن بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا بۆچی ئەو کارە دەکەن؟ ئایا ئەم کارە چی سوودێکی دەبێت بۆیان لە داهاتوودا؟ کردنی شتێک کە هیچ سوودێکیان پێ ناگەیەنێت بەفیڕۆدانی کاتیانە. بۆیە هەمیشە ئەو پرسیارانە لەخۆت بکە، ئەگەر ئەو خووەی لە ئێستادا هەتە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر ئێستا و داهاتووت نەبێت ئەوا خوویەکی خراپە.
زیادەڕەویکردن: زیادەڕەویکردن لە کردنی شتێک تەنانەت ئەگەر باشیش بێت ئەوا خوویەکی خراپە. بۆ نموونە وەرزشکردن خوویەکی باشە بەڵام ئەگەر زیادەڕەوی بکەیت لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە ئازاری ماسولکەکان، هەستکردن بەماندوێتی، خەمۆکی، توڕەیی و کێشەی خەوتن. هاوسەنگ ڕاگرتنی ژیان گرنگە و خووە باشەکانیش دەبێت بەشێک بن لەو هاوسەنگییە. بۆیە ئەگەر هەر شتێکی باش لە ژیاندا دەست بکات بە کەمکردنەوەی شتە باشەکانی دیکە، ئەوا زیادەڕەویت تێدا کردووە.
کردنی شتێک بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت: زۆرێک لە خووە خراپەکان بەهۆی نەبوونی مەبەستەوە سەرچاوە دەگرن. ئەگەر بەبێ ئاگاییەوە کارێک دەکەیت و نازانیت بۆچی ئەوە دەکەیت، ئەوا ئەو کارە بووە بە خوو و زۆر کات خوویەکی خراپە. بۆ نموونە، زۆر کەس لە کاتە بەتاڵەکانیاندا بەبێ ئاگایی و بەبێ ئەوەی بیریان لای کات بمێنێ سۆشیاڵ میدیاکان بەکاردەهێنن.
ئەو کارانەی زیان بە تەندروستیت دەگەیەنن: زۆر جار کاتێک کە کارێک دەکەین دەزانین کە زیانی تەندروستی هەیە بەڵام هەر بەردەوامین لەسەری، هەروەها زۆربەی ئەو خووانە ڕاستەوخۆ زیانەکەی نابینین بەڵکو دوای ماوەیەکی دەبێتە هۆی تێکچوونی تەندروستی و نەخۆشی. بۆ نموونە خواردنی شیرینی بەبەردەوامی، درەنگ خەوتن، جگەرە کێشان، دانیشتن بە شێوازی نا تەندروست.
ئەو کارانەی کاریگەری نەرێنیان لەسەر دەروونت دەبێت: بەشێوەیەکی گشتی خووە خراپەکان لەکۆتایدا لەرووی دەروونی یان جەستەییەوە زیان بە خۆت دەگەیەنن کە ئەمەش نیشانەیەکی دیاری خووی خراپە، هەر خوویەک دەبێتە هۆی بێتاقەت بوون و نائارامی و نەمانی وزەت، یاخود کەمبوونەوەی باوەڕبەخۆبوون ئەوا خوویەکی خراپە. بۆ نموونە، خۆ بەراوردکردن، بیرکردنەوەی زۆر، سەرزەنشتکردنی خود.
کردنی شتێک کە دواتر پەشیمان بیت لە کردنی: زۆرجار کە کارێک دەکەیت یەکسەر لەدوای کردنی پەشیمان دەبیتەوە، بەڵام خووەکە هەر بەردەوامە. بۆ نموونە زۆرخۆری، لەکاتی خواردنا لەوانەیە خەیاڵت لای ئەوە نەبێت کە چەند دەخۆیت چونکە زۆرخۆری بووە بە خوویەک. بۆ ئەمەش پێویستە ڕاهێنان بکەیت لەسەر ئەوەی پێش ئەوەی هەر کارێک بکەیت بیربکەیتەوە کە ئایا دوای ئەوە هەست بە پەشیمانی دەکەیت یان بە ئارامی؟
ئەو کارانەی دەبێتە هۆی ئازاردانی کەسانی چواردەورت: خووی خراپ نەک تەنها زیان بە خۆمان دەگەیەنێت بەڵکو بە چواردەوریشمان. بۆ نموونە، توڕەبوون کە دەبێتە هۆی دەمەقاڵێ و قسەی ڕەق و تەنانەت زۆرجار لێدان و ئازاری جەستەیش.
نموونەی خووە خراپەکان
- قسەکردنی زیاد لە پێویست
- درۆکردن
- زۆر سەیرکردنی تەلەفزیۆن
- نینۆک خواردن
- نەوتنی "نەخێر" بۆ ئەو شتانەی که حەزت لێیان نییە
- بڕیاردان لەکاتی توڕەبووندا
- خواردنی خراپ و ژەمی ناڕێک
- خراپیی لە بەکارهێنانی پارە و بەڕێوەبردنی پاشەکەوت
- زۆر بیرکردنەوە
- کەم خەوتن
- زۆر خەوتن
- زۆرخۆری
- جگەرە کێشان
- کات بەفیڕۆدان
- دانیشتن و وەستانی ناڕێک
- درەنگ خەوتن
- بەکارهێنانی مۆبایل پێش خەوتن
- بیرکردنەوەی نەرێنی
- ڕەخنەگرتنی زۆر لە خۆت و چواردەورت
- ناسوپاسگوزاریی
- کەم ئاو خواردنەوە
- سەرزەنشتکردن و تاوانبارکردنی چواردەورت
- خواردنەوەی کهول
- ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر
- بیرکردنەوە لە ڕابردوو