ناوهڕۆك
ناساندن
چۆن نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەوری (بە ئینگلیزی: How diabetes can lead to an increase in fat، بە عەرەبی: كيف يمكن أن يؤدي مرض السكري إلى زيادة الدهون) ڕێژەیەکی بەرزی گلوکۆز (شەکر) لە خوێندا پەیوەندی هەیە بە کۆمەڵێک ئاڵۆزی، لەوانە نائاسایی کۆلیسترۆڵ. بەرگری ئەنسۆلین ئەو کاتەیە کە چیتر خانەکان بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی هۆرمۆنی ئەنسۆلین نادەنەوە. لە ئەنجامدا، کەسەکە دەکرێت دووچاری ڕێژەی کۆلیسترۆڵی نائاسایی ببێتەوە. بە نموونە نزمبوونەوەی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز (HDL، یان "کۆلیسترۆڵی باش")، بەرزبوونەوەی لیپۆپرۆتینی چڕی نزمی نزم (LDL، یان "کۆلیسترۆڵی خراپ")، و ترایگلیسیریدی بەرز.
ئەم ئاستانەی چەورییەکان مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و مێشک زیاد دەکات. لەگەڵ ئەمەدا دەردەکەوێت بەڕێوەبردنی حاڵەتی پێش شەکرە یان نەخۆشی شەکرە زیاتر لەوەیە کە تەنها شەکری خوێنت کۆنترۆڵ بکەیت. چونکە لەگەڵیشیدا هۆکارێک دەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ.
ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنسۆلین
چالاکییەکانی ئەنزیمەکە دەگۆڕێت کە دەکرێت بریتی بێت لەمانە:
- فەرمان بە شیکردنەوەی کاربۆهیدرات دەدات.
- ئاستی شەکری خوێن ڕێک دەخات.
- ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی گلایکۆجین.
- ماسولکە دروست دەکات سەرەڕای برین یان نەخۆشی.
- ڕێکخستنی چەوری بەڕێوە دەبات.
- دابەشکردنی پڕۆتین و چەوری بەڕێوە دەبات.
- بەڕێوەبردنی دەردانی زیادەی سۆدیۆم.
- توانای بیرگە و فێربوون باشتر دەکات.
- ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی ترایگلیسیراید.
بەرگری ئینسۆلین و گۆڕانی کۆلیسترۆڵ
دوای خواردنی ژەمێک، کاربۆهیدراتەکان پارچە پارچە ئەبن بۆ گلوکۆز لەلایەن کۆئەندامی هەرسکردنەوە. ئەم گلوکۆزە لە ڕێگەی دیواری ڕیخۆڵەکانەوە دەمژرێت بۆ ناو خوێن.
کاتێک ئەنسۆلین هەیە، هۆرمۆنێکە کە لەلایەن پەنکریاسەوە دروست دەکرێت، کە ڕێکخەری سەرەکی زیندەپاڵی کاربۆهیدراتە، ئەم هۆرمۆنە گلوکۆز دەهێنێت بۆ خانە جیاوازەکان، بۆیە وزەیان دەبێت بۆ کارکردن و ئەنجامدانی کارەکانیان. هەروەها ئەنسۆلین ڕێگری لە کرداری شیبوونەوەی چەوری دەکات بۆ ترشە چەورییەکان (lipolysis) لەناو جەستەدا.
بەرگری ئینسۆلین کاتێکە کە خانەکان کەمتر وەڵامی ئەم پرۆسەیە دەدەنەوە. لە ئەنجامدا، شەکری خوێن لە لە ناو خوێندا زیاد دەکات، بۆیە بە پێشینەیەک دادەنرێت بۆ نەخۆشی پێش شەکرە و نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو.
هەروەها بەهۆی بەرگری ئەنسۆلینەوە چەورییەکان لەناو لەشدا بە ڕێژەیەکی زیاتر تێکدەشکێنرێن، ئەمەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گۆڕانی جۆراوجۆری کۆلیسترۆڵ. بە تایبەتی بەرگری ئەنسۆلین ئاستی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز کەم دەکاتەوە و تریگلیسیراید و لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم بەرز دەکاتەوە.
ئاستێکی نزمی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز یان ئاستێکی بەرزی لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم هاوکات لەگەڵ ئاستێکی بەرزی تریگلیسێراید بەستراوەتەوە بە کۆبوونەوەی چەورییەکان (پڵاک) لە دیوارەکانی خوێنبەرەکان. ئەم نەخۆشییە پێی دەوترێت ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاد دەکات.
کۆنیشانەی میتابۆلیزم یان کۆنیشانەی زیندەپاڵ نەخۆشییەکی دیاریکراو نییە، هەرچەندە ناوەکەی پێشنیاری ئەوە دەکات. بە پێچەوانەوە، کۆمەڵێک بارودۆخن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشی دڵ زیاد دەکەن.
ئەم دیاردەیە زۆرجار پێشدەکەوێت بەهۆی بەرگری ئەنسۆلینەوە و بە شێوەیەکی بنچینەیی دەتوانرێت وەک "وەستانی داهاتوو" ڕەچاو بکرێت لە ڕووی بەرزی مەترسی بۆ تەندروستی دڵ کە بەهۆی بەرزی ئاستی گلوکۆزەوە سەرچاوە دەگرێت. پرۆگرامی نەتەوەیی پەروەردەی کۆلیسترۆڵ کۆنیشانەی میتابۆلیزم بەوە پێناسە دەکات کە سێ تایبەتمەندی یان زیاتری هەیە:
- قەڵەوی لە سکدا، بە قەبارەی قەڵەوی پێناسە دەکرێت کە گەورەتر بێت لە ٤٠ ئینج لە پیاوان و ٣٥ ئینج لە ئافرەتاندا.
- ترایگلیسیراید گەورەتر یان یەکسانە بە ١٥٠ میلیگرام بۆ هەر دێسیلیتەرێک (mg/dL) یان لەسەر دەرماندا بۆ تریگلیسیرایدی بەرز.
- ئاستی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز کەمتر بێت لە ٤٠ میلیگرام بۆ هەر دێسیلیتەرێک لە پیاوان یان کەمتر لە ٥٠ میلیگرام بۆ هەر دێسیلیتەرێک لە ئافرەتان یان لە دەرماندا بۆ کەمی لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز.
- پەستانی خوێن گەورەتر بێت یان یەکسانە بە ١٣٠/٨٥ میلیمەتر جیوە (mmHg) یان لەسەر دەرماندا بۆ بەرزی پەستانی خوێن
- ئاستی گلوکۆزی خوێن لەسەر برسییەتی گەورەتر بێت یان یەکسان بێت بە ١٠٠ میلیگرام بۆ هەر دێسیلیتەرێک یان لە دەرماندا بۆ بەرزی گلوکۆزی خوێن.
بۆ چارەسەرکردنی کۆنیشانەی میتابۆلیزم و بەتایبەتی ڕێگریکردن لە گەشەکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و/یان نەخۆشی دڵ، ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستە ڕەچاوبکرێن و ئەنجامبدرێن:
دابەزاندنی کێش: کەمبوونەوەی ٥٪ لە کێشی لەش پەیوەستە بە باشتربوونی پڕۆفایلی کۆلیسترۆڵ و ئاستی گلوکۆز و بەرگری ئەنسۆلین.
ڕاهێنان: وەرزش بکە بە چڕی مامناوەند (بۆ نموونە پیاسەکردنی خێرا، سەماکردن، یان یاری ئاو) بۆ ماوەی لانی کەم ٣٠ خولەکی ڕۆژانە.
پابەندبوون بە خۆراکی تەندروست: خۆراکی دەریای ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی پێشنیارکراوە و دەوڵەمەندە بە میوە و سەوزە و هەنگوین و دانەوێڵەی تەواو و زەیتی زەیتوون.
وازهێنان لە جگەرەکێشان: جگەرەکێشان مەترسی تووشبوون بە کۆنیشانەی میتابۆلیزم زیاد دەکات
کەمکردنەوەی پەستانی خوێن: لەگەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان و دەرمان (ئەگەر پێویست بکات)، ئامانجەکە پەستانی خوێنە کە کەمتر بێت لە ١٣٠/٨٠.
کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ: لەگەڵ گۆڕانی شێوازی ژیان و دەرمان (ئەگەر پێویست بکات)، ئامانجەکە LDL ە کە کەمترە لە ٨٠ بۆ ١٠٠mg/dL.
باشترکردنی کۆنترۆڵی شەکری خوێن: ئەمە لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان و دەرمانەوە ئەنجام دەدرێت (بە دڵنیاییەوە ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە پێویستە شەکرە کەم بکەیتەوە؛ هەروەها ئەگەر حاڵەتی پێش نەخۆشی شەکرەت هەبێت پێویستەکات و باشترە شەکر کەم بکەیتەوە).
لە ئێستادا هیچ دەرمانێک نییە بۆ چارەسەرکردنی بەرزی شەکری خوێن بەهۆی بەرگری ئەنسۆلین کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە پەسەندکراوە. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە بەکارهێنانی مێتفۆرمین (دەرمانێکە کە شەکری خوێن کەم دەکاتەوە) دەکرێت ڕێگری بکات لە دەستپێکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو.
کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر هێشتا هەڵنەساویت بە ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی ساڵانە، یان ئەگەر نیشانەکانی بەرزی شەکری خوێنت هەبوو (بۆ نموونە زۆر میزکردن، هەستکردن بە تینوویەتی نائاسایی یان تێکچوونی بینین)، ئەوە گرنگە کە لەگەڵ پزیشک قسە بکەیت و چاوپێکەوتن وەربگریت. زۆربەی ئەو کەسانەی شەکری خوێنیان بەرزە و بەرگری ئەنسۆلینیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نییە، بۆیە ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی گرنگە.
دابینکەری چاودێری تەندروستی دەتوانێت پشکنینەکانی خوێن ئەنجام بدات، وەک پشکنینی ئاستی شەکری خوێن یان پشکنینی هیمۆگلۆبین A1C (پشکنینی شەکرەی سێ مانگی)، بۆ پشکنینی حاڵەتی پێش نەخۆشی شەکرە. هەروەها دەتوانێت داوای پانێڵێکی چەوری بکات بۆ پشکنینی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن و چەورییەکانی دیکە، ئەمە جگە لە پشکنینی پەستانی خوێن و دیاریکردنی کێشی کەسەکە.
لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دابینکەری چاودێری تەندروستی و ئەنجامەکانی تاقیگە، دەتوانن پلان دابنێن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی جەڵتەی دڵ یان مێشک.
نیشانە و ئاڵۆزییەکانی بەرزی شەکری خوێن
بەرگری ئەنسۆلین مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز و ئاستی کۆلیسترۆڵی نائاسایی زیاد دەکات، کە دواتر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زیاد دەکات.
کەواتە، ئەگەر یەکێک یان زیاتر لە تایبەتمەندییەکانی کۆنیشانەی میتابۆلیزمت هەبێت، بە سادەیی لەوانەیە کەم گرنکی بە تەندروستیت دابێت و کەمتەرخەمیت تیاکردبێت، یان لەوانەیە ئەو پشکنینە ساڵانەت لەبیرچووبێت کە گرنگن ئەنجامبدرێت، هەر بۆیە پێویستە تا زووە گرنگی بە تەندروستیت بدەیت و دڵنیا بیتەوە لە دۆخی تەندروستیت بۆ ئەمەش باشترە چاودێری تەندروستی ببینیت. پشکنینی ئاسان و سادە و پشکنینەکانی خوێن یارمەتیت دەدات بۆ گەیشتن بە ئاستی تەندروستیت.
پرسیارە زۆر باوەکان
بەرگری ئەنسۆلین چۆن کاریگەری لەسەر کۆلیسترۆڵ هەیە؟
بەرگری ئینسۆلین لیپۆپڕۆتینی چڕی بەرز یان کۆلیسترۆڵی HDL ("باش") کەم دەکاتەوە و لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم یانکۆلیسترۆڵی LDL ("خراپ") زیاد دەکات.
ئایا بەرگری ئەنسۆلین دەبێتە هۆی بەرزی ترایگلایسیراید؟
بەڵێ، بەرگری ئەنسۆلین دەبێتە هۆی زیادبوونی ترایگلایسیرایدەکان، لەگەڵ بەرزبوونەوەی لیپۆپڕۆتینی چڕی نزم یان کۆلیسترۆڵی LDL.
بۆچی نەخۆشەکانی شەکرە ڕێژەی کۆلیسترۆڵی بەرزیان هەیە؟
لە نەخۆشی شەکرەدا، جەستە بە شێوەیەکی دروست هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەکار ناهێنێت. ئەنسۆلین کۆنترۆڵی چۆنیەتی بەکارهێنانی شەکر و کۆلیسترۆڵ دەکات کەواتە لە کاتێکدا کە تیشک خستنە سەر بەڕێوەبردنی شەکرەیە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام ئاستی ئاسایی کۆلیسترۆڵ زۆرجار دەتوانێت کێشە دروست بکات.