سەرئێشە بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-12-17-14:58:00 - کۆدی بابەت: 7283
سەرئێشە بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە

ناوه‌ڕۆك

ئازاری سەر بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە

سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Fasting Headache)، یەکێکە لەو جۆرە سەرئێشانەی کە بەهۆی نەخوارنی ژەمەکانەوە و کەمکردنەوەی ژەمەکان پەیدا دەبێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی لە ژیانێکی پڕ لە سەرقاڵیدا دەژین، ئەمە وا دەکات کە خواردنی ژەمەکانی ڕۆژانە کەمێک سەختبێت، هەندێ کات پێویست دەکات کە درەنگ ژەمەکان بخورێت، و هەندێک کاتی تر بە تەواوی ژەمێک ناخورێت و دەپەڕێنرێت، لە هەندێ لە هەندێک  بارودۆخی تردا خەڵکی خۆیان نایانەوێت خواردن بخۆن، ئەگەر بە ئەنقەست بێت یان نا، ژەمە لە دەستچووەکان زۆرجار دەبێتە هۆی سەرئێشە، ئەمانە هەندێک جار پێیان دەڵێن (سەرئێشە بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە).

نیشانەکانی سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە

سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە بە گشتی کاتێک ڕوودەدات کە خەڵکی بۆ ماوەی نزیکەی ١٦ کاتژمێر هیچ خواردنێک ناخۆن، بەڵام هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە، کاتێک پاش ئەو ماوەیە دەست دەکەیتەوە بە خواردن، ئەوا سەرئێشەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر کۆتایی پێدێت، بە گشتی ئازاری سەرئێشە لە ئازارێکی کەمەوە بۆ مامناوەند و توند دەستپێدەکات، ئەم ئازارە بە زۆری دەکەوێتە بەشی ناوچەوانەوە، هەروەها ئازارەکەی بە شێوەی ئازاری پلێدەر نییە، هەر بۆیە سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە یەکێکە لە جۆری ئەو سەرئێشانەی کە بە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانەوە پەیدا دەبێت نەک لە جۆری لاسەرئێشە (شەقیقە)، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ڕۆژووگرتن ببێتە هۆی پەیدا بوونی ئازاری لاسەرئێشە (شەقیقە) بەتایبەتی لەو کەسانەی کە لاسەرئێشە (شەقیقە)ــیان هەیە، تاکوو ماوەی نەخواردنت زیاتر بێت ماوەی سەرئێشەکە زیاتر دەبێت، هەروەها توێژینەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی سەرئێشەیان هەیە ئەوا لە کاتی ڕۆژووگرتندا ئەم سەرئێشەیەیان زیاتر دەبێت بە بەراورد بە کەسانی دیکە.

هۆکارەکان

هێشتا بە تەواوی هۆکاری پەیدابوونی سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە نەزانراوە، بەڵام بە گوێرەی چەند بیردۆزێک چەندین هۆکار هەن کە دەبنە هۆی پەیدابوونی ئەم سەرئێشەیە کە بریتین لە:

کەمی شەکری خوێن

یەکێک لە هۆکارە باوەکانی تووشبوون بە سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە بریتییە لە کەمی شەکری خوێن یاخود (Hypoglycemia)، بۆ هەندێک خەڵک، تەنها گۆڕانێکی بچووک لە ڕێژەی شەکری خوێن دەبێتە هۆی پەیدابوونی ئازاری سەر و ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ پەیدابوونی سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە، هەروەها هەندێک جار دەکرێت بەبێ ئەوەی ئاستی شەکری خوێن داببەزێت مرۆڤ تووشی سەرئێشە ببێت ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەوانەیە سەرئێشەیەکی خێرا ڕوو بدات تەنانەت ئەگەر ئاستی شەکری خوێن ئاسایی بێت.

وشکبوونەوەی جەستە یاخود هەبوونی پەستان

ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی سەرئێشە لە ماوەی بەڕۆژووبووندا بریتین لە وشکبوونەوەی جەستە و هەبوونی پەستانێکی زۆر، چونکە هەندێک جار فشار و پەستانێکی زۆر هەر لە سەرەتادا وا دەکات کە ئارەزووی خواردنت نەبێت، بە درێژایی ماوەی بە ڕۆژووبوونەکەش دەبێتە هۆی پویدابوونی سەرئێشە.

ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە سەرئێشە بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە

باوترین و خێراترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە سەرئێشە بە هۆی ڕۆژووگرتنەوە بریتییە لە نەپەڕاندنی ژەمەکان، هەرچەندە جاروبار هەر ڕوودەدات، بەهۆی کاروبار و چالاکییەکی زۆرەوە، بەڵام دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت تاکوو ئەگەر ژەمێکی بچووکیش بێت بخورێت، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەواوی جەستەت لە ئازاری سەر بە دووربێت، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک کەس بە هۆی بارودۆخی ئاینییەوە بە ڕۆژوودەبن، کە ئەمەش واتای ئەوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر خۆیان بە برسێتی دەهێڵنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕۆژووگرتنە لەوانەیە یارمەتی سنوردارکردنی بەکارهێنانی کافایین بدات کە لە هەفتەکانی پێش ڕۆژووگرتندا بەکارتهێناوە، هەروەها یەکێکی دیکە لە ڕێگاکان ئەوەیە کە دەتوانیت قسە لەگەڵ دابینکەری تەندروستی بکەیت دەربارەی ڕێگریکردن لە سەرئێشە یاخود دەرمان وەربگریت.


سەرچاوەکان



704 بینین