سەری مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-06-22:20:00 - کۆدی بابەت: 7518
سەری مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەری مرۆڤ (بە ئینگلیزی: Human head) دەکەوێتە بەشی سەرەوەی جەستەی مرۆڤ، پاڵپشتی لە ڕووخسار دەکات و بەهۆی کەللـەی سەرەوە جێگیرکراوە کە مێشک دادەپۆشێت. کێشی سەری مرۆڤ بە گشتی دەکەوێتە نێوان ٢.٣ بۆ ٥ کیلۆگرام.

پێکهاتە 

سەری مرۆڤ لە کەللـەی سەر، لامەئێسک و بڕبڕەی مل پێکهاتووە، کەللـەی سەر ئاماژەیە بۆ ئێسکی خوارەوەی شەویلگه و کاسەی سەر کە مێشکی تێدایە. بەشی دەرەوەی سەری مرۆڤ لە گۆشت پێکهاتووە کە دەوری ئیسکی کەللـەی سەر دەدات. ٢٢ ئێسک لە سەری مرۆڤدا هەن و سەر لەسەر مل جێگیر کراوە و حەوتەم بڕبڕەی مل پاڵپشتیی دەکات.

ڕووخسار بەشی پێشەوەی سەرە پێکهاتووە لە چاو، لووت، گوێ و دەم. لەناو دەمدا زمان و ددان بوونیان هەیە و لە هەر لایەکی دەمدا ڕوومەتەکان لێوارێکی گۆشتی بۆ بۆشایی ناودەم دادەنێن. گوێیەکانیش دەکەونە هەردوو لای سەرەوە، چاوەکان دەکەونە بەشی سەرەوەی پێشەوەی سەر و لەسەروویانەوە برۆ هەیە، هەروەها لووت دەکەوێتە بەشی خوارەوەی نێوان چاوەکان.  

پاڵپشتیی خوێن

سەر پاڵپشتی خوێنی پێ دەگات لەڕێی خوێنەبەرەکانی کارۆتیدیی ناوەوە و دەرەوە، کە خوێنبەری سەرەکیی ملە. خوێنبەری کارۆتیدیی دەرەوە خوێن دەگەیەنێت بە بەشی دەرەوەی کەللـەی سەر، هەروەها خوێنبەری کارۆتیدیی ناوەوە خوێن دەگەیەنێت بە بەشی ناوەوەی کەللـەی سەر. بەشی ناوەوەی کەللـە سەر لە خوێنبەری بڕەبڕەکانیشەوە خوێنی پێ دەگات کە بە بڕبڕەی ملدا دەچنە سەرەوە بۆ ناو سەر. 

پاڵپشتیی دەمار

دوازدە جووت لە دەمارەکانی کاسەی سەر کۆنترۆلی زۆربەی فرمانەکانی سەر دەکەن. هەستکردن لە ڕووخساردا بەهۆی دەمارەکانی سێ جمکە لە پێنجەم دەماری کاسەی سەر، ڕوودەدات. هەستکردن لە بەشەکانی تری سەردا بەهۆی دەمارەکانی تری کاسەی سەرەوە ڕوودەدات.

دەمارەکانی تری سەر بریتین لە:

  • دەماری چاو
  • دەماری شەویلگەی سەروو
  • دەماری شەویلگەی خواروو
  • تۆڕی دەماری مل
  • بەشی پشتەوەی دەمارەکانی کاسەی سەر 

فرمان

سەر پێکهاتووە لە ئەندامە هەستەوەرەکان، کە بریتین لە دوو چاو بۆ بینین، دوو گوێ بۆ بیستن، لووت بۆ بۆنکردن و زمان لەناو دەمدا بۆ تامکردن و قسەکردن، هەروەها مێشکیش لەخۆ دەگرێت کە گرنگترین بەشی سەر و جەستەی مرۆڤە، دەمارەکان لە مێشک و تەواوی جەستەدا یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ هەستکردن بە ساردی، گەرمی، بەرکەوتن، ئازار، پەستان و هەستە جیاوازەکانی تر. ئەم ئەندامانە پێکەوە ناوەندێکی جێبەجێکردن لە جەستەدا دروست دەکەن بە گواستنەوەی زانیارییە هەستییەکان بۆ مێشک. جێبەجێکردنی زانییارییەکان لە مرۆڤدا خێراتر دەبێت بەهۆی هەبوونی هێشووی بنکە دەمار. بە گشتی نەخۆشییەکانی سەر بریتین لەو نەخۆشییانەی کە پەیوەستن بە ئەندامەکانی سەر، مێشک و دەمارەکان هەروەها زەبر و بەرکەوتنەکانی ئێسکی سەر.


سەرچاوەکان



1197 بینین