ڤایرۆسی ئۆمیکڕۆن

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-01-07-19:27:00 - کۆدی بابەت: 7526
ڤایرۆسی ئۆمیکڕۆن

ناوه‌ڕۆك

ئۆمیکڕۆن

لە (26)ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بازدانێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڤید-19ی بە (ئۆمیکڕۆن OMICRON) ناونا. شارەزایان لە سەرەتاکانی تشرینی دووەمی 2021دا جۆرە گۆڕاوەکەیان لە ناوچەی (بۆتسوانا - Botswana) دۆزییەوە، بەپێی دوایین لێدوانی (ناوەندی ڕێگریکردن و چاودێریکردنی نەخۆشی CDC) هەموو کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە توانای گواستنەوەی ڤایرۆسەکەی هەیە بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا نیشانەکانی نەخۆشییەکەی تێدایە یاخود نا، و ئایا ژەمی ڤاکسینی کۆڤید-19ی وەرگرتووە یان نا.

نیشانەکانی تووشبوون بە ئۆمیکڕۆن

لە توێژینەوە سەرەتاییەکاندا، ڕۆژنامەی تەندروستی بەریتانی ئەوەی خستەڕوو کە نیشانەکانی تووشبوون بە ئۆمیکڕۆن هاوشێوەی نیشانەکانی پەتای وەرزیی (هەڵامەت)ـە،

هەروەها هەمان سەرچاوە باسی لە پێنج نیشانەی باوی نەخۆشییەکە کردووە کە ئەمانەن:

•  هەڵامەت
•  سەرئێشە
•  ماندووێتی مامناوەند یاخود توند
•  هەوکردنی قوڕگ
•  پژمین

بەڵام نیشانە باوەکانی تری کۆڤید-19 وەکوو کۆکە و تا و نەمانی هەستی بۆنکردن و تامکردن، تاکوو سەرەتای ٢٠٢٢ لەژێر توێژینەوەدایە و بەتەواوی ڕوون نەبووەتەوە. زانایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێن هیچ داتایەک نییە ئەوە بسەلمێنێت کە نیشانەکانی ئۆمیکڕۆن جیاوازن لەو نیشانانەی کە جۆرە گۆڕاوەکانی تری وەک (دەلتا و ئەوانی تر)ـی کۆڤید-19 دروستی دەکەن.

ڕادەی توندیی نیشانەکانی ئۆمیکڕۆن

پسپۆڕانی بوارەکە هێشتا بەتەواوی دڵنیانین لەوەی کە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکە هۆکارە بۆ تووشبوونی توندی نەخۆشی بەبەراورد بە جۆرە گۆڕاوەکانی تر یاخود نا، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکڕۆن خوێندکارێکی زانکۆ بوو کە نیشانەکانی سووک بوون، بەڵام شارەزایان پێویستیان بە داتای زیاترە تاکوو بزانن کە نەخۆشییەکە چۆن کۆمەڵە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی تووشدەکات، هەروەها پێویستە ئەوەش بزانین کە تووشبوون بە جۆری دەلتا پاشان چاکبوونەوە لێی تەنها % 19 بەرگریمان دەداتێ دژ بە ئۆمیکڕۆن.

خێرایی بڵاوبوونەوە

تووشبوون بە ئۆمیکڕۆن ئاسانترە بە بەراورد بە کۆڤید-19 و خێرایی بڵاوبوونەوەشی زیاترە، هەروەها توێژینەوەیەک ئەوەی دەرخستووە کە گەشەکردنی ئۆمیکڕۆن پێویستی بە نزیکی هەشت ڕۆژە، هەروەها سێ ڕۆژ بۆ (دەرکەوتنی نیشانەکان)، بەهۆی تێچووی دارایی زۆر و کاتی پێویستەوە، پشکنینی تایبەت بۆ زۆرینەی حاڵەتەکان ناکرێت و ئەگەر بشکرێت تەنها پشکنینی کۆڤید-19 دەکرێت.

چارەسەر

توێژەران بەردەوامن لە چاودێریکردنی دەرمانەکانی کۆڤید-19، چونکە وێڕای ئەوەی گۆڕانکاری بۆماوەیی لە کۆڤید-19 دا ڕووی داوە بەڵام هێشتا هەندێک لە دەرمانەکانی کۆرۆنا کاریگەرییان هەیە لەسەر ئۆمیکڕۆن و هەندێکیشیان کاریگەرییان نییە، یەکێک لە کاریگەرترین دەرمانەکان (کۆرتیکۆ ستیرۆیدەکانن).

ئایا ڤاکسینی کۆڤید-19 لە ئۆمیکڕۆن دەمانپارێزێت؟

بێگومان حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکڕۆن لەو کەسانەشدا هەیە کە هەموو ژەمەکانی ڤاکسینیان کردووە، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە کە وەرگرتنی ڤاکسین لە تووشبون بە نەخۆشی کوشندە و میکڕۆبەکان دەتپارێزێت، هەروەها هۆکارە بۆ ئەوەی کە لەکاتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ماوەی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان کەمتر بێت یاخود هەر نەیەوێت و مردن بە ڤایرۆسەکە سنووردار دەکات، لەبەر ئەم هۆکارانەش پێویستە بەزووترین کات خەڵکی ڤاکسین وەربگرن.

ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە ئۆمیکڕۆن

•  ڤاکسین: تاکوو ئێستا باشترین هەنگاوی تەندروستی گشتییە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی لەو نەخۆشییە کوشندانەی کە کۆڤید-19 هۆکارە بۆ ڕوودانیان.
•  بەستنی دەمامک: لە هەموو جۆرە نوێیەکانی کۆڤید-19 دەمانپارێزێت.
• دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی: بە واتای کەمکردنەوەی قەرەباڵغی دێت، تاکوو ڕێگربین لە خێراتر بڵاوبوونەوەی ئۆمیکڕۆن.


سەرچاوەکان



1021 بینین