بەعقووبە 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-21-20:31:00 - کۆدی بابەت: 7653
بەعقووبە 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارۆچکەی بەعقووبە (بە عەرەبی: بعقوبة، بە ئینگلیزی: Baquba) شارۆچکەیەکی عێراقییە و ناوەندی پارێزگای دیالەیە، بە دووریی 50 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لە پارێزگای بەغدادەوە دوورە و دەکەوێتە سەر ڕۆخی ڕووباری دیالە، ڕووبەرەکەی نزیکەی 580 کیلۆمەتر دووجایە، لە ڕابردوودا هێڵی سەرەکی شەمەندەفەری بەغداد و کەرکوک تێیدا تێپەڕ دەبوو، ئەم ناوچەیە خاکەکەی زۆر بەپیتە بۆ کشتوکاڵی، بە تایبەت مزرەمەنییەکان نموونەی پرتەقاڵ و لیمۆ، چەندان بێستانی دارخورماش لەخۆدەگرێت، ساڵانە داهاتێکی باشی هەیە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی بەروبوومی ناوخۆیی.

یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئەم شارە بریتییە لە "مزگەوتی شابەندەر" کە لە ساڵی 1882 دروستکراوە و ڕووبەرەکەی دوو هەزار مەتر دووجایە شوێنێکی مێژوویی و گرنگە بۆ شارۆچکەکە و پارێزگای دیالە، کەشوهەوای ناوچەکە لە هاوین بیابانی وشەکە و خۆڵبارینی زۆری هەیە، لە زستان ساردە و ڕێژەی بارانبارینی دیاریکراوە.

دانیشتوان 

بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و بەشی هەرەزۆریان پەیڕەوی ڕێبازی سوننەن، چەندان هۆز و عەشیرەتی عەرەبیی ناودار دانیشتوی ناوچەکەن، هەروەها ژمارەیەکی دیاریکراو لە کورد دانیشتوی چەند ناوچەیەکی ئەو شارۆچکەیەن، زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە، بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2014 لە عێراق ژمارەی دانیشتوانی بەعقووبە 268,866 کەسن.

مێژووی ناوچەکە

ـ واتای ناوەکەی: ڕەچەڵەکی ناوەکەی "ئارامییە" واتای "ماڵی یەعقووب"ـە.
ـ مێژووی دروستبوونی: مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی، کاتێک پارێزگای دیالە لەلایەن "هاشمی کوڕی عوتبە" لەژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان ڕزگار کرا، لەو کاتەوە دەسەڵاتی ئیسلامی تێدا سەپێندرا.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان: لەو سەردەمەدا و لە سەدەکانی ناوەڕاست، بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافی، ناوچەکە بە ڕێگای ئاوریشمی عێراق دادەنرا چونکە بە وێستگەیەکی سەرەکی نێوان بەغداد و ناوچەی خوراسان دادەنرا.
- لە سەردەمی عوسمانییەکان: بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی عوسمانییەکان ئاشوورییەکان کۆمەڵکوژ کران، ئاشوورییەکان ئەو شارۆچکەکەیان وەکوو کامپ بەکارهێنراوە و نزیکەی 40 هەزار بۆ 50 هەزار ئاوارە و دەربەدەری ئاشووریی لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوونە.

کەسایەتییە ناودارەکانی شارۆچکەی بەعقووبە

- ڕەشید عالی گەیلانی: ڕەشید عالی گەیلانی کەسایەتی سیاسی و سەروەزیرانی عێراقی لە سەدەی ڕابردوودا.
- نوڕ سەبڕی: یاریزان و گۆڵپارێزی پێشووی تیمی عێراق
- سعەد خەلیفە: ئەکتەری کۆمیدی و هونەرمەندی عێراقی


سەرچاوەکان



490 بینین