زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-03-21:29:00 - کۆدی بابەت: 7740
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی یان زانکۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی (بە ئینگلیزی: Sulaimani Polytechnic University، بە عەرەبی: جامعة السليمانية التقنية). یەکێکە لە زانکۆ حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و دەکەوێتە شاری سلێمانی. زۆرجار بە کورتکراوەی (SPU) دەناسرێتەوە.

زانیاریی گشتی

زانکۆیەکە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە و خاوەنی هەشت پەیمانگا و پێنج کۆلێج و پێنج سەنتەرە. سەرۆکایەتی زانکۆ دەکەوێتە گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی و کۆلێجە سەرەکییەکانی دەکەونە گەڕەکی چوارچرا.

زانکۆی پۆلی تەکنیک ئەندامی یەکیەتی زانکۆ نێودەوڵەتییەکانە (IAU). سەرەتا ساڵی ١٩٩٦ لەژێر ناوی دەستەی پەیمانگا تەکنیکییەکان (FTE) دروست کرا بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٣وە کرا بە دامەزراوەی دەستەى خوێندنى تەکنیکى سلێمانى (FTES). ساڵی ٢٠٠٨/٢٠٠٩ بەهۆی زۆریی ڕێژەی خوێندکارەوە بە بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەشی ئێواران لە زانکۆکە کراوەتەوە. دواتریش لە ساڵی ٢٠١١/٢٠١٢ بەشی خوێندنی پارالێڵ کرایەوە. ساڵی ٢٠١٢ ناوی "دەستەی خوێندنی تەکنیکی سلێمانی" گۆڕا بۆ "زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی".

گۆڤار

زانکۆ خاوەنی گۆڤارێکی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوی (KJAR) یان گۆڤاری توێژینەوەی کارەکی کوردستان، لەوێوە بابەت و توێژینەوە تایبەتەکان بڵاو دەکرێنەوە. گۆڤارەکە خاوەنی کۆدی ISSNـی (2411-7684) و لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە. هەروەها خاوەنی ئیمەیڵی kjar@spu.edu.iqـە.

پەیمانگاکان

پەیمانگا ساڵی دامەزراندن
پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی ١٩٧٣
پەیمانگای تەکنیکیی کەلار ١٩٩٥
پەیمانگای تەکنیکیی چەمچەماڵ ٢٠٠٠
پەیمانگای زانستی کۆمپیوتەر ٢٠٠٣
پەیمانگای تەکنیکیی هەڵەبجە ٢٠٠٣
پەیمانگای تەکنیکیی دوکان ٢٠٠٤
پەیمانگای تەکنیکیی بەکرەجۆ ٢٠٠٧
پەیمانگای تەکنیکیی دەربەندیخان ٢٠٠٥

کۆلێجەکان

کۆلێج ساڵی دامەزراندن
کۆلێجی تەکنیکیی ئەندازیاری ٢٠١٣-٢٠١٤
کۆلێجی تەکنیکیی تەندروستی ٢٠١٣-٢٠١٤
کۆلێجی تەکنیکیی کارگێڕی ٢٠١٣-٢٠١٤
کۆلێجی تەکنیکیی ئینفۆرماتیک ٢٠١٣-٢٠١٤
کۆلێجی تەکنیکیی زانستە پراکتیکییەکان - هەڵەبجەی شەهید ٢٠٠٤

سەنتەرەکان

  • سەنتەری تەکنۆلۆجیای زانیاری و ئامار

بەڕێوبەرایەتی تەکنۆلۆجیاى زانیارى و ئامار لە سەرۆکایەتى زانکۆی پۆلیتەکنیکى سلێمانى لە ٢٢/١/٢٠١٥ـەوە دامەزراوە. لەڕێی هۆبەی سایتی زانکۆوە ئامانج لێی دابینکردن و ئاسانکاری لە پڕۆسەی توێژینەوە و خوێندن و فێربوون و وانەوتنەوە و بەرزکردنەوەى ڕانکى زانکۆیە. ئەمەش لە ڕێگەى چەند خزمەتگوزارییەک، بۆ نموونە: دانانى ئیمەیڵى زانکۆ بۆ هەموو مامۆستایان و خوێندکاران، خزمەتگوزاریی فێرکاریی ئەپەکانی گووگڵ Google Apps for Education،  خزمەتگوزارى پلاتفۆڕمى فێربوونى ئەلیکترۆنى E-learning Platform و Google Classroom. هەروەها گەشەپێدان و دروستکردنی ماڵپەڕ و رێکخستن و سەرپەرشتی کردنی ماڵپەڕى تایبەت بە زانکۆ و گشت کۆلێج و پەیمانگاکان و سەنتەر و بەڕێوەبەرایەتییەکانى سەرۆکایەتى زانکۆ و گۆڤارى زانستى و چالاکییەکانى کۆنفرانس.

لەڕێی هۆبەی کۆمپیوتەر و نێتۆرکیشەوە ئەرکی سەرپەرشتی و چاککردنەوەی کۆمپیوتەر و نێتۆرک و ئینتەرنێتى سەرۆکایەتى لە ئەستۆیە. لەگەڵ بەشدارىکردن بە شێوەى (ڕاوێژکارى یاخود ئەندامێتى)ـی پەیوەندیدار به ‌لیژنەکانى بوارى کۆمپیوتەر بۆ گشت زانکۆ و ئەنجامدانى پڕۆژەکانى نێتۆرک بۆ سەرۆکایەتى و زانکۆ.

ئەم سەنتەرە هۆبەی ئامار لەخۆی دەگرێت، کە ئەرکی دروستکردنی هێڵکاری و چارتی تایبەتە بە وەڵامدانەوەی نووسراوی تایبەتی زانکۆ.

  • سەنتەری توێژینەوە

سەنتەری توێژینەوە تایبەتە بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە کوردستان، ئەرکەکانی بریتین لە:

  1. بە هاوکاری هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان توێژینەوەی نوێکاری هەمەجۆر ئەنجام دەدات و بڵاویان دەکاتەوە.
  2. دروستکردنی توانای توێژینەوە بۆ توێژەران بە هاوبەشیکردنیان لە پڕۆژە توێژینەوە نوێ و چالاکەکان.
  3. پێکەوەبەستنی توێژەرانی زانکۆ بە توێژینەوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پێدانی هەلی خوێندنی باڵا لە بوارەکانی خۆیان.
  4. ئاسانکاری بۆ گەیشتنی توێژەران بە سەرچاوەی پێویست
  • ناوەندی گەشەپێدان بۆ کار CDC

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، کە لەڕووی پەیکەری کارگێڕی وابەستەی یاریدەدەرێتی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵایە. لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بە فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لەسەر پێشنیازی رێکخراوی IREX و بەپاڵپشتی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دامەزراوە. ئەم بەڕێوبەرایەتییە بۆشایی نێوان کەرتی تایبەت و زانکۆ پڕ دەکاتەوە و هێزی مرۆیی بە بازاڕی کارەوە دەبەستێتەوە. ناوەندی گەشەپێدان بۆ کار، (Career Development Center (CDC، له ‌ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پەیڕەو پڕۆگرامی نێوخۆیی بۆ دانراوه ‌و ئەرک و کارەکانی لەناو زانکۆکاندا رێکخراون، کە بریتین لە:

1- کردنەوەی خولی ڕاهێنان بۆ خوێندکاران.

2- پێشکەشکردنی پێشنیازی پڕۆژە بۆ رێکخراو و کۆمپانیاکان.

3- وەرگرتنی پشتیوانی دارایی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان بۆ چالاکییەکانی خوێندکاران.

4- ناساندنی دەرفەتەکانی کار بە خوێندکاران لە ڕێگەی پێشانگای کار و چالاکی زانستییەوە.

5- بەڕێوەبردنی خولی هاوینەی خوێندکاران (پڕۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان) لە کەرتی تایبەت کە بە “Internship”‌ ناسراوە.

  • سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی

  • سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی IELC

سەنتەرى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى وەک یەکێک لە سەنتەرە گرنگەکانى زمانى ئینگلیزى لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠١٤ـەوە دامەزراوە. سەنتەرەکە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێزینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە باوەڕپێکراوە‌ و لەلایەن بەرێوبەرایەتی دڵنیاىی جۆرى ‌و متمانەبەخشینى وەزارەتەوە وەک سەنتەرێک بۆ بەخشینى بڕوانامەى زمانى ئینگلیزى متمانەی وەرگرتووە.

کارگێڕی

ئەنجوومەنی زانکۆ

  • دکتۆر ئالان فەرەیدوون – سەرۆکی زانکۆ
  • دکتۆر سۆران سەعید
  • دکتۆر دانا ئەحمەد
  • دکتۆر حەکیم عوسمان
  • دکتۆر چیا م. حەسەن
  • دکتۆر کامیل سەعید
  • دکتۆر کازم عارف
  • دکتۆر کاوە محەمەد
  • دکتۆر محەمەد بابەکر
  • دکتۆر سەلیم عەزیز
  • دکتۆر ئەیووب خەسرەو
  • سەڵاح مەحموود

سەرۆکەکان

  • د. دڵشاد عەبدولڕەحمان محەمەد (1996 تا 2005)
  • ڕۆستەم عیززەت تاهیر (2005 تا 2013)
  • پ.ی. ناسیح فاتیح عوسمان (مانگى 11 ى 2013 تا مانگى 6 ى 2014)
  • پ.ی. ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین (مانگى 6 ى 2014)


سەرچاوەکان



1252 بینین