ناوهڕۆك
نەخۆشیی بایی بوون
شاعیر: کاکەی فەلاح
بەرهەم: دیوانی کاکەی فەلاح
شیعر: نەخۆشیی بایی بوون
برا! با من بچرپێنم بە گوێی تۆدا بە ئاسایی
نەبی مەستی شەرابی پێی ئەڵێن: بادەی لەخۆ بایی
نەچێژی تامی بادەی وا نەکەی ڕەنجت بە بادەی تۆ
نەچیتە ژێری با ژیری نەدۆڕێنی بە خۆڕایی
ژیانی ڕاستەقینەی تۆ بە هاشەوهووشە پێک نایە
حسابی بۆشە بایی بوو بناغەی وا لەبۆشایی
ئەگەرچی ڕیوی بایی بوو لە شێر ترسی نییە ئەمڕۆ
بەیانی هات و لێی قەوما ئەبێ سڵ کا لە تارمایی
لەخۆت بایی نەبی ئەم بایە با دوری هەناسەت بێ
ئەبێ تەقڵەی بەرەو نزمی ببینێ چاوی بەرزایی
ئەوەی سەرخۆشی مەی بێ شەو، سبەینێ زوو لەسەر خۆیە
ئەوەی مەستی غرورە، چاوی گومی خوێنە تا دوایی
مناڵیش تێ ئەگا چاو: ئەرکی بینینی لەسەر شانە
کەچی پیاوێ کە بایی بوو بە جارێ کوێرە بینایی
ئەوەش وا کەوتە بە زەللەی غرور و پێ لەقە و زللەی
ئەبێ ناوی بەدی بزڕێ لەناو بازاڕی ڕسوایی
بەسەرهاتی مریشکێکە کە هێلکەی قازی پێ نەکرا
ئەزانی چی بەسەر هێنا غرور و دەردی لاسایی؟
بەڵێ ئەم دەردە داخی نا بەسەر جەرگی هەزارانا
ئەوەی دوچارە چارەی وا لەکن پارێز و وریایی
جڵەو بۆ نەفسی سەرکێشە لە هەر دوو دەستی ئالێنە
ملی ئەشکێ ئەوەی بگرێ ملی ڕێگەی بەڕەڵڵایی
ئەوەی لوتی لەئاسمانە، کەچی پێی هەر لەسەر خاکە
بەوەی ئەمری، ئەبێ دەرکا لە کەللەی بوشی غەرایی
بەرەو دەریای دەروونی خۆت بڕۆ، پشتێ لەدنیاکە
ڕەگی ئەو دەردە بن بڕ کە هەتا سەربێخی قوڵایی
زمانی حاڵی تۆش ئەم دەردە پیسە با بە لەعنەت کا
نەخۆشی وا بە چاوی سووک تەماشاکە من ئاسایی