نامۆتر لە بەهەشت - ١٩٨٤

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-22-21:08:00 - کۆدی بابەت: 8356
نامۆتر لە بەهەشت - ١٩٨٤

ناوه‌ڕۆك

کورتە چیرۆک

(ویڵی) و (ئێدی) ژیانێكی دووبارە و بێسەروبەر لە (نیویۆرك) بەسەر دەبەن، پاش سەردانێكی لەناكاوی (ئێڤا)ی ئامۆزای (ویڵی) کە بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەلای (ویڵی) دەمێنێتەوە، دوای ڕۆشتنەوەی ئێڤا، (ویڵی) و (ئێدی) بەرەو (فلۆریدا) ڕێگا دەگرنە بەر تاكوو ژیانێكی شیاوتر بدۆزنەوە، یاخود بەلایەنی كەمەوە كەمێك ئازار و بێزارییان كەم بكەنەوە.

دەربارە

فیلمی نامۆتر لە بەهەشت (بە ئینگلیزی: Stranger Than Paradise)، لە بەرواری ١ی ئابی ساڵی ١٩٨٤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەخشکراوە، لە دەرهێنانی دەرهێنەر (جیم جارمووش) بە ڕۆڵگێڕانی نواندنکاران (جۆن لووری، ڕیچارد ئێدسن، ئێزستەر بالێنت، سیسیلیا ستارك)، ماوەی فیلمەکە کاتژمێرێک و ٢٩ خولەکە و ڕەش و سپییە، لە ماڵپەری IMDb کە تایبەتە بە دەنگدان بە فیلم و زنجیرەکان نمرەی 7.5/10 وەرگرتووە، لە چەشنی کۆمێدی و درامییە، براوەی نۆ خەڵاتە و پاڵێوراوە بۆ سێ خەڵاتی تر. ئەم فیلمە چیرۆکی سێ کەسایەتییە، (ویڵی) کە لە بڕوکلین دەژی و نواندنکار (جۆن لووری) ڕۆڵی دەبینێت، پاشان سەرنجی بینەری بۆلای دوو کەسایەتی سەرەکی تر ڕادەکێشێت کەر بریتیین لە ئامۆزاکەی (ویڵی) بەناوی (ئێڤا) کە نواندنکار (ئێزستەر بالێنت) ڕۆڵی دەگێڕێت، هەروەها هاوڕێی (ویڵی) بە ناوی (ئێدی) کە نواندنکار (ڕیچارد ئێدسن) ڕۆڵی دەگێڕێت.

درێژەی چیرۆک

فیلمەکە دەرخەری هەندێک شتی بنچینەییە دەربارەی کەسایەتییەکی ئەمریکی، کە حەزی دژبەیەکی ونبوون و دەرکەوتنی هەیە، حەزی هەیە لەگەڵ خەڵک تێکەڵ ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بەدوور دەگرێت. کاتێک (ئێڤا) لە هەنگاریاوە دەگاتە نیویۆڕک دەچێت بۆ لای ئامۆزاکەی بە ناوی (ویڵی) و بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە، کاتێک کە (ئێڤا) دەگات (ویڵی) هەڵسوکەوتەکانی بە ڕوونی دەرخەری ئەوەن کە حەزی بە بوونی (ئێڤا) نییە لە ماڵەکەیدا، هەروەها بە (ئێڤا) دەڵێت کە تاکوو لە ماڵەکەی ئەودایە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە بکات. (ویڵی) کەسێکە کە کاری هەمیشەیی بریتییە لە کێشانی جگەرە و سەیرکردین تەلەڤزیۆن و تۆپی پێ، کە ئەمەش مانای ئەوەیە (ئێڤا) هیچ چێژێک لەو گەشتە دە ڕۆژییەی نابینێت، لە کاتێکدا کە هاتووە بۆ بینین و گەڕان لە ئەمریکا، هەر بەم شێوەیەش (ئێڤا) ئەو چەند ڕۆژە لە ژوورەوە و بە سەیرکردنی دیواری ژوورەکە و دانیشتن و بینینی تەلەڤزیۆن و کێشانی جگەرەوە بەسەر دەبات.
ئەم فیلمە بەشێوەیەکی ڕوون باسی ئەو کەسانە دەکات کە لە ژیانیان و ژینگەکەیان نامۆن، بەڵام هیچ هەوڵێک نادەن تاکوو گۆڕانکاری بکەن و لەو نامۆییە دەرچن. (ویڵی) و (ئێدی) هاوڕێی هەمیشە بیر لە کردنی کارێک دەکەنەوە کە دەوڵەمەندیان بکات، ماوەیەک دوای ڕۆشتنەوەی (ئێڤا) کاتێک کە بیردەکەنەوە نیویۆرک جێبهێڵن و بچن لە کلێڤلاند (ئێڤا) ببەن لەگەڵ خۆیان، بۆیان دەردەکەوێت کە نامۆیی و بێزارییەکەیان و ژیانە بێسەروبەرەکەیان بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵیان دەبێت، (ئێڤا) کەمێک ئاسوودەتر دەرکەوێت چونکە بێزاری ئەو تەنها لە کلێڤلاند و ئەو خواردنگەیەبوو کە کاری تێدا دەکرد، بەڵام (ویڵی) و (ئێدی) چاوەڕێی شتی زیاتر دەکەن لە گەشتەکەیان، هەرچەندە بە سەختی کارناکەن بەڵام دەیانەوێت دەوڵەمەند ببن. لەئەنجامدا بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێکەوە چیرۆکەکە ڕێڕەوێکی تر دەگرێت.

چەند ڕاستییەک دەربارەی فیلمەکە

  • لە ئەو دیمەنەدا کە (ویڵی) و (ئێدی) دەچن بۆ خواردنگەی (هات دۆگ)ەکە بۆ هەڵگرتنی (ئێڤا)، دەرهێنەر (جیم جارمووش) لە دیمەنێکدا لەدواوە دەردەکەوێت کە کڵاوێکی لەسەردایە و خەریکی خواردنی (هات دۆگ)ـە.
  • هەموو دیمەنەکانی فیلمەکە گرتەی تاکن و چەند چرکەیەک لە ڕوونمای تاریکییان بەدوادا دێت.
  • سەرەتا وەک فیلمێکی ٣٠ خولەکی کورت ئامادەکاری بۆ کراوە و لە ساڵی ١٩٨٢ کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، دواتر فراوانکراوە بۆ فیلمێکی سەرەکی سێ بەش، بەشی یەکەم لە فیلمەکەدا ناوی (جیهانە نوێیەکە - The New World) کە لە نیویۆڕک کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، بەشی دووەم بە ناوی (یەک ساڵ دواتر - One Year Later) لە کلێڤەلاند کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، هەروەها بەشی سێیەم و کۆتایی بە ماوی (بەهەشت - paradise) لە فلۆریدایە.
  • هەموو فیلمەکە تەنها بە بەکارهێنانی دوو هاوێنە (lense) کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە


سەرچاوەکان



477 بینین