ئاوی زەمزەم

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-29-21:17:00 - کۆدی بابەت: 8432
ئاوی زەمزەم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاوی زەم زەم (بە ئینگلیزی: zamzam water) سەرچاوە دەگرێت لە بیری زەمزەم (بە ئینگلیزی: Zamzam Well، بە عەرەبی: بِئْرُ زَمْزَمَ) بریتییە لەو بیرەی کە دەکەوێتە مزگەوتی الحرام لە شاری مەککەی پیرۆز، لە عەرەبستانی سعوودیە،  بە دووری ٢٠ مەتر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کەعبەی پیرۆز، پیرۆزترین شوێنە لە ئیسلامدا، بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بیرەکە یەکێکە لە موعجیزە گەورەکانی خودای گەورە کە لە هەزاران ساڵ پێش ئێستاوە بە خۆڕسکانە ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و ئێستا یەکێکە لە سیما هەرە سەرسوڕهێنەرەکانی شارەکە.

مێژوو و چیرۆکی ئاوی زەمزەم

کاتێک موسوڵمانان هەڵدەستن بە ئەنجامدانی حەج، نەک تەنها ئەو قوربانییە دووبارە دەکەنەوە کە لەلایەن پێغەمبەر ئیبراهیمەوە ئەنجامدراوە، بەڵکوو شوێن جێگا پێیەکانی هاجەری ژنی پێغەمبەر ئیبراهیم و دایکی پێغەمبەر ئیسماعیل دەکەون، چونکە لە ڕێگەی هاجەرەوە بوو موعجیزەی ئاوی زەمزەم ڕوویدا.

موعجیزەی ئاوی زەمزەم

کاتێک پێغەمبەر ئیبراهیم هاجەری خێزانی و ئیسماعیلی کوڕی لە بیاباندا جێهێشت، هاجەر و کوڕە ساواکەی ئیسماعیل لە گەرمای خنکێنەردا پێویستیان بە ئاو بوو، هەر بۆیە هاجەر خاتوون بۆ گەڕان بەشوێن سەرچاوەیەکی ئاودا لە نێوان هەر دوو گردی سەفا و مەڕوا حەوت جار ڕایکرد، پاشان گوێی لە دەنگێک بوو، پاشان تەماشای کرد لە ژێر پێیەکانییەوە ئاو هەڵدەقوڵێت، دواتر ئەم ئاوە بە ئاوی زەمزەم ناسێنرا چونکە هاجەر بە (زەم زەم) ناوی برد واتە (بوەستە بوەستە)، لەبەرئەوەی ئاوەکە بەردەوامبوو لە هەڵقوڵان و ئەویش دەترسا کە وشک بکات و نەمێنێت. 

ئێستا کاتێک موسوڵمانان بە مەبەستی بەجێگەیاندنی مەڕاسیمی حەج ڕوودەکەنە ماڵی خودا هەڵدەستن بە ئەنجامدانی هەمان کاری هاجەر خاتوون و هەمان ئەو تێکۆشانە دووبارە دەکەنەوە وەک یەکێک لە مەڕاسیمەکانی حەجکردن، هەروەها بیری زەمزەم ساڵانە ئاو بۆ حاجییان بەرهەمدەهێنێت، خەڵکی لە کاتی ئەنجامدانی حەج و عەمرەکانیان نەک تەنها خۆیان ئاوەکە بەکاردەهێنن و دەیخۆنەوە بەڵکوو هەڵدەستن بە کۆکردنەوە و هێنانەوەی بەشێک لەو ئاوە پیرۆزە بۆ خێزان و خزم و هاوڕێکانیان تاکوو ئەوانیش بێبەش نەبن لەو خێر و پیرۆزییە.

سوودەکانی ئاوی زەمزەم

١- ئاوی زەمزەم یارمەتی بەرزبوونەوەی وزەی خانەکانی لەش دەدات، زانای ئەڵمانی Dr. Knut Pfeiffer سەرۆکی گەورەترین ناوەندی پزیشکی لە میونخ، بۆ ماوەیەکی زۆر هەستا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر کاریگەرییەکانی ئاوی زەمزەم، یەکێک لە سەرنج ڕاکێشترین بیردۆزەکانی ئەوە بوو کە ئاوی زەمزەم ئاستی وزە زیاد دەکات و سیستمی خانە لە لەشی مرۆڤ بەهێز دەکات، کە توانی بە لێکۆڵینەوەی زۆر و تاقیکردنەوەی بێشومار ئەو ڕاستییە بیسەلمێنێت.

٢- ئاوی زەمزەم هیچ بەکتریایەک و زیندەوەرە بەچاو نەبینراوەکانی تێدا نییە، بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە تاقیگەکانی ئەورووپا لەسەر ئاوی زەمزەم ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە ئەم ئاوە هیچ جۆرە بەکتریایەک و زیندەوەرە بەچاو نەبینراوەکانی تێدا نییە بەهۆی هەبوونی ڕێژەیەکی بەرزی فلۆرید لە ئاوەکەدا.

٣- ئاوی زەمزەم بەپاکی ناسراوە، بەهۆی دۆزینەوە و ئاشکرابوونی ئەوەی کە ئاوی زەمزەم بڕێکی زۆر بیکاربۆنات لە پێکهاتەکەیدا هەیە، بۆیە ئەم ئاوە بە پاکترین ئاو لەسەر ڕووی زەوی دانراوە. 

٤- ئاوی زەمزەم دەوڵەمەندە بە کالسیۆم و مەگنیسیۆم، لە لێکۆڵیبەوەکاندا ئەوە بە تەواوی پشتڕاستکراوەتەوە کە ئاوی زەمزەم ڕێژەیەکی بەرزی کالسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە کە یارمەتی کەمبوونەوەی ماندوویەتی و شەکەتبوون دەدەن.

٥- ئاوی زەمزەم یارمەتی گەشەی ئێسکە تەندروستەکان دەدات، بەهۆی زۆری ڕێژەی کالسیۆمەوە لە پێکهاتەی ئاوەکەدا، ئاوەکە کاریگەری ئەرێنی لەسەر جەستەی مرۆڤ پەیدادەکات بەتایبەتی ئێسکەکان، کە ڤیتامینەکان هەڵدەمژن و سوودیان لێوەردەگرن بۆ گەشەی باشتر.

٦- باشترین ئاوی سەر ڕووی زەوییە: پێغەمبەر محەمەد ﷺ فەرموویەتی باشترین ئاو لەسەر ڕووی زەوی ئاوی زەمزەمە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ئەم ئاوە نەک تەنها دەخورێتەوە بەڵکوو دەشخورێت و دەتوانرێت وەک خواردن و خوداردنەوە بەکاربهێنرێت هەروەها توانای چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیشی هەیە.

٧- یارمەتی زیادبوونی پەڕەکانی خوێن دەدات، ئاوی زەمزەم زۆر بەخێرایی یارمەتی زیادبوونی پەڕەکانی خوێن دەدات، هەروەها کۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆڤ بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی زیادبوونی خرۆکە سوور و سپییەکانی خوێن و جەستە لە ژەهر پاکدەکاتەوە.

٨- یارمەتی هاوسەنگ ڕاگرتنی کێشی لەش دەدات، ئەم ئاوە لەبەرئەوەی وەک خواردن و خوداردنەوە بەکاردێت، یارمەتی پاراستنی کێشی لەش دەدات تاکوو بە هاوسەنگی بمێنێتەوە.

٩- تەندروستی چاو زیاد دەکات، بەکارهێنانی ئەم ئاوە لەسەر چاوەکانت یارمەتیدەرە بۆ درەوشانەوەی بینایی چاو، شوشتنی چاوەکانت بەم ئاوە پیرۆزە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی چەندین نەخۆشی پەیوەندیدار بە چاو.

١٠- ترشەڵۆک و دڵەکزێ کەمدەکاتەوە.

چەند ڕاستییەک دەربارەی ئاوی زەمزەم

١- ئەم ئاوە بە هەر مەبەستێک بخورێتەوە سوودی خۆی دەبێت و ئامانجەکەی دەپێکێت.
٢- پێغەمبەر ﷺ ئەم ئاوەی بەسەر شوێنی نەخۆشی و نەخۆشدا پرژاندووە وەک چارەسەر.
٣- یارمەتی ڕاستکردنەوەی وشەکان و ڕوانبێژی دەدات بەم شێوەیە بۆ قوتابییانیش باش دەبێت.
٤- خواردنەوەی ئەم ئاوە یارمەتیت ئەدات بۆ بەجێهێنان و هاتنەدی ئاواتەکەت.
٥- بیری زەمزەم لە مەککە دەکەوێتە ناو مزگەوتی حەرام.
٦- موسڵمانانی جیهان لەو باوەڕەدان کە ئاوەکە بەرەکەتە و یەکێکە لە باشترین دیارییەکان کە پێشکەش بە خەڵکی دەکرێت.


سەرچاوەکان



1725 بینین