ئەتلەتیکۆ مەدرید

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-04-10:10:00 - کۆدی بابەت: 8501
ئەتلەتیکۆ مەدرید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یانەی ئەتلەتیکۆ دێ مەدرید (بە ئینگلیزی Atletico Madrid، بە عەرەبی أتلتيكو مدريد، بە ئیسپانی Atlético Dé Madrid)، کورتکراوەتەوە بۆ ئەتلێتی Atleti لە زمانی ئیسپانیدا و لە جیهانی تۆپی پێدا بە ئەتلەتیکۆ مەدرید ناوبراوە، یانەیەکی ئیسپانییە شوێنەکەی دەکەوێتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا و لە خولی ئیسپانی (لالیگا - La liga) یاری دەکات. یاریگاکەی ناوی واندا مێترۆپۆلیتانۆیە و جێگەی ٦٨،٤٥٦ هاندەری تێدا دەبێتەوە. 

جل و بەرگ سەرەکی یانەکە پێکهاتووە لە خەتی ستوونی سپی و سوور، شۆرتی شین و گۆرەوی شین و سوور، لە ساڵی ١٩١١ جل و بەرگە سەرەکییەکەیان بەم شێوەیە بووە. لەگەڵ تێپەڕینی مێژوودا یانەکە چەندین نازناوی پێدراوە لەوانە (The Mattress Makers, The Indians) دۆشەک دروست کەرەکان لەوەوە دروست بووە کە جل و بەرگەکەیان شێوەکەی نزیک بووە لە شێوەی دۆشەکەوە، نازناوی هندۆسەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هندییە سوورەکان دوژمنایەتیان لەگەڵ سپی پێستەکان هەبووە و وەکو بەراوردێک لە نێوان ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڕکابەرایەتییەکەیان لەگەڵ یانەی ئیسپانی ڕیاڵ مەدرید ئەو نازناوە دروست بووە.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی یانە یانەی ئەتلەتیکۆ دێ مەدرید
دامەزراندن ٢٦\٤\١٩٠٣
یاریگا
واندا مێترۆپۆلیتانۆ
جێگەی هاندەر ٦٨،٤٥٦
خاوەنی یانە یدان ئۆفەر ٪٣٣، کۆمپانیای ئەتلەتیکۆ هۆڵدکۆ ٪٦٥،٩٨
سەرۆک ئێنرکوی سێرێزۆ
ڕاهێنەر دیۆگۆ سیمیۆنی

مێژوو

ساڵی ١٩٠٣ - ١٩٣٩

یانەکە لە ساڵی ١٩٠٣ لەلایەن سێ قوتابی باسکوییەوە دامەزرا. دامەزرێنەرەکان ئەم یانەیەیان وەکوو بەشێکی بچووکتر و گەنجتری یانەی ئەتلەتیکۆ بلباو دەبینی. لە ساڵی ١٩٠٤ هەندێک لە ئەندامەکانی بەڕێوەبردنی ڕیاڵ مەدرید چوونە ناو یانەکە، لە هەمان ساڵدا یارییان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ بلباو ئەنجام دا کە هەردوو یانە بلووسی ستوونی سوور و سپییان پۆشیبوو، هەندێک کەس دەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە بلووسی سپی و سور هەرزانترین جۆری بلووس بووە بەپێی ئەوەی کە دۆشەکی ئەو ساڵەکانی ١٩٠٠ - ١٩٢٠ بەو شێوە و ڕەنگانە دروست کراون و کاتێک قوماشی زیادە ماوەتەوە کردوویانە بە بلووس. ئەتلەتیکۆ بلباو بە بەکارهێنانی هەندێک یاریزانانی ئەتلەتیکۆ مەدرید توانیان کۆپا دێل رێی ساڵی ١٩١١ ببەنەوە (لە ساڵانی پێشوودا ڕێگەپێدراو بووە کاتێک دوو یانە سەر بە هەمان وڵات بن یاریزانی یەکتری بەکار بهێنن). 
لە ساڵی ١٩٢٨ یانەکە بانگهێشت کرا بۆ لالیگا و لە ساڵی ١٩٢٩ یەکەم یاری لالیگایان ئەنجامدا.

١٩٣٩ - ١٩٤٧

لەساڵی ١٩٣٩ کاتێک لالیگا بەردەوام بوو لەگەڵ بارگەی سەربازی ئاسمانی "ئەفیاسۆن ناسیۆناڵ" گرێبەستی کرد بەم شێوەیەش ناوی یانەکە گۆڕدرا بۆ ئەتلەتیکۆ ئەڤیاسۆن و توانیان بە سەرکردایەتی ڕاهێنەر ڕیکاردۆ زامۆرا یەکەم نازناوی لالیگا بۆ یانەکە بەدەستبهێنن. لە ساڵی ١٩٤١ فرانسیسکۆ فرانکۆ یاسایەکی دەرکرد کە یانەکان چیتر ناتوانن ناوی بیانی بەکار بهێنن و ناوی یانەکە گۆڕدرا بۆ ئەتلەتیکۆ ئەڤیاسیۆن دێ مەدرید پاشان لە ساڵی ١٩٤٧ ناوە سەربازییەکەیان لابرد و ناوی یانەکە بوو بە ئەتلەتیکۆ دێ مەدرید

١٩٤٧ - ١٩٨٧

بە سەرکردایەتی هێلێنیۆ هێرێرا ئەتلەتیکۆ توانی ساڵی ١٩٥٠ و ١٩٥١ نازناوی لالیگا بباتەوە، دوای دەست لەکارکێشانەوە هێرێرا بە پێی کات ئاستی یانەکە دابەزی و بوو بە سێهەم یانەی لالیگا لەدوای ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەوە، لە ساڵەکانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠ توانی ڕکابەرایەتییەکی بەهێز لەگەڵ بەرشەلۆنە هەبێت بەڵام ڕیاڵ مەدرید ڕیزبەندی یەکەمی داگیر کردبوو توانی لە نێوان ساڵانی ١٩٦١ بۆ ١٩٨٠ چواردە جار نازناوی لالیگا بەدەست بهێنێت. ساڵەکانی کە ئەتلەتیکۆ مەدرید توانی نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت بریتیین لە (١٩٦٦، ١٩٧٠، ١٩٧٣، ١٩٧٧).
یاریزانە ناسراوەکانی ئەو ماوەیە بریتیین لە (لویس ئەراگۆنس، خاڤییێر یرورێتا، خۆسێ ئولۆگیۆ، ڕۆبن ئەیارا و پانادێرۆ دیاز). کاتێک ئەتلەتیکۆ نازناوی لالیگای بەدەست هێنا لە ساڵی ١٩٧٣ توانی بەژداری خولی ئەورووپی European cup بکات کە تیایدا گەیشتە یاری کۆتایی یاریەکەی دۆڕاند و یانەی ئەڵمانی بایرن میونخ بوون بە براوەی نازناوەکە.

١٩٨٧ - ٢٠٠٥

سیاسەتمەدار و بازرگان خێسوس گیل لە ساڵی ١٩٨٧ بوو بە سەرۆکی یانەکە و لە مانگی ٥ـی ساڵی ٢٠٠٣ وازی لە ئەرکی سەرۆکایەتی یانەکە هێنا. ئەتلەتیکۆ ١٠ ساڵ بوو نازناوی لالیگا بەدەست نەهێنابوو و هەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ بەدەست هێنانی نازناوەکە. دەستبەجێ خێسوس گیل چەندین گرێبەستی لەگەڵ چەندین یاریزانی گرانبەها لەوانە پاولۆ فوترە براوەی خولی ئەورووپی لەگەڵ یانەی پورتوگالی پۆرتۆ. لە ساڵی ١٩٩٠ ـ ١٩٩١ ئەتلەتیکۆ بە جیاوازی ١٠ خاڵ لە دوای بەرشەلۆنەی یۆهان کرۆیفەوە بوو و نازناوەکەیان بەدەست نەهێنا بووە ڕیزبەندی دووەم.

گیل هەوڵێکی ئێجگار زۆریدا بۆ بردنەوەی نازناوەکە، چەندین ڕاهێنەری گۆڕی و پەیمانگای یاریزانە گەنجەکانی یانەکەی داخست. پاشان دوای دامەزراندنی ڕادۆمیر ئانتیچ وەکو ڕاهێنەر ئەتلەتیکۆ لە ساڵی ١٩٩٥ - ١٩٩٦ توانی هەردوو نازناوی لالیگا و کۆپا دێل رێی بەدەست بهێنێت.
ساڵی دواتر ١٩٩٦ - ١٩٩٧ ئەتلەتیکۆ مەدرید توانی بەژداری چامپیۆنزس لیگ بکات سەرەڕای هاتنی (خوان ئێشنایدەر و ڕەدێک بێجبل) بۆ یانەکە، لە چارەکی کۆتایی خولەکەدا ئەتلەتیکۆ مەدرید لەلایەن یانەی ئەجاکس ئەمستردام کرایە دەرەوە. پاش ئەوەی گیل لە ساڵی ١٩٩٩ چەند یاسایەکی حکوومەتی شکاند ئەرکی سەرۆکی یانەکەی لێ سەندرایەوە و پاش دوورخستنەوەی گیل یانەکەیە ئاستێکی زۆر خراپیان پشاندا و ڕیزبەندی ١٧ـەم لە کۆی ٢٠ یانە گرتبوو، سەرەڕای گەیشتن بە یاری کۆتایی کۆپا دێل رێی یانەکە دوورخرایەوە بۆ خولی ژمارە دووی ئیسپانی (Sagunda Division). ئەتلەتیکۆ دوو ساڵی لە خولی ژمارە دوو بەسەربرد، پاش دامەزراندنی لویس ئەرانگۆس وەکو ڕاهێنەر یانەکە توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و بگەڕێتەوە لالیگا، ئەرانگۆس توانی یەکەم دەرکەوتن لە ئەتلەتیکۆ مەدرید پێشکەش بە ئەستێرەی تۆپی پێی سەدەی ٢٠ فێرناندۆ تۆرێس بکات.  

٢٠٠٦ - ٢٠٠٩

ساڵی ٢٠٠٧ - ٢٠٠٨ بە باشترین ساڵی یانەکە دادەنرێت لە سەدەی ٢٠ کاتێک توانییان بگەنە چارەکی کۆتایی کۆپا دێل رێی و یانەی ئیسپانی ڤالێنسیا توانی ئەتلەتیکۆ ببەزێنێت و توانییان ڕیزبەندی چوارەم بەدەست بهێنن و پاش دە ساڵ بەژداری چامپیۆنس لیگ بکەن. لە ٣\٢\٢٠٠٩ خاڤیێر ئاگویرێ لە ڕاهێنەرایەتی دورخرایەوە بەڵام دواتر لە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی پێدا کە خۆی وازی لە ئەرکەکە هێناوە و دوورنەخراوەتەوە. ئەتلەتیکۆ بۆ ساڵی ٢٠٠٨ - ٢٠٠٩ توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات و ڕیزبەندی چوارەم بەدەست بهێنێت و دووبارە پاڵێوراو بێت بۆ پاڵەوانێتی چامپیۆنس لیگ، یاریزانی هێرشبەر دیێگۆ فۆرلان توانی پێڵاوی زێرین بەدەست بهێنێت بە تۆمارکردنی ٣٢ گۆڵ بۆ یانەی ئەتلەتیکۆ.

٢٠٠٩ - ٢٠٢٢

لە ساڵی ٢٠٠٩ـ٢٠١٠ توانیان ئاستێکی تا ڕادەیەک باش پێشکەش بکەن و ڕیزبەندی ٩ بەدەست بهێنن بەڵام لە ٢٠١٠ - ٢٠١١ دووبارە ئاستیان دابەزی.
لە ساڵی ٢٠١٤ ئاستێکی زۆر بەرزیان پێشکەش کرد بە سەرۆکایەتی ڕاهێنەر دیێگۆ سیمیۆنی کاتێک توانیان نازناوی لالیگا بەدەست بهێنن و بگەنە یاری کۆتایی چامپیۆنس لیگ بەرامبەر ڕکابەرە مێژووییەکەیان ڕیاڵ مەدرید کاتێک تا خولەکی ٩٠ بە گۆڵێکی دیێگۆ  گۆدین لەپێش بوون بەڵام لە لێدانێکی سوچەوە سێرجیۆ ڕامۆس لە خوولەکی ٩٣ توانی ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە و لە کاتی زیادکراودا ڕیاڵ مەدرید بۆ جاری دەیەم نازناوەکەی بەدەست هێنا.

ڕکابەرەکانی

ڕکابەرە سەرەکی و سەرسەختەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید بریتیین لە ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە سەرسەختترینیان ڕیاڵ مەدرید کە مێژووی ڕکابەرایەتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٠ و هەر لەو کاتەوە بەردەوام بووە، بەپێی ئەوەی هەردوو یانە سەر بە یەک شارن وا لە ڕکابەرایەتیەکە دەکات بەهێزتر بێت بۆ سەلماندنی باشترین یانەی شاری مەدرید.

گرنگترین نازناوەکان

  • لالیگا: ١١ جار
  • کۆپا دێل رێی: ١٠ جار
  • جامی سوپەری ئیسپانیا: ٢ جار


سەرچاوەکان



483 بینین