کوشتنی عەبە - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-07-22:05:00 - کۆدی بابەت: 8551
کوشتنی عەبە - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

کوشتنی عەبە

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: ئاوات و ڕەنج

هۆنراوە: کوشتنی عەبە

سام دوا تەزووی ڕشتە هەناو
دڵی هەموو دایکێ لەرزی

لەگەڵ دەرکەوتنی هەتاو
وشەی لە دەما تەزی

***

زەردەخەنە لە ئەسرینا
وەک گۆیەکی زێڕ توایەوە

خەندە لە قوڵپی گرینا
خنکا و یەکسەر بڕایەوە

***

کۆڵانەکان کش و بێ دەنگ
تەنیا شریخەی شەستیر

لێی ئەدا نەغمەی سووری جەنگ
خوێنی تێکەڵ ئەکرد بە شیر

***

ئەو کەسەی دەرچوایە لە ماڵ
کۆڵانی لێ ئەبوو بە گۆڕ

گەنج بوایە یا پیر یا مناڵ
سنگی ئەیڕشت خوێن چۆڕە چۆڕ

***

لە ناکاو تیری زریکە
دڵی هەموومانی سمی

دوژمن بانگی کرد بیپێکە
دەنگێ وتی: «ئاخ کوشتمی»

***

دوو سێ کارژۆلەی بەسزمان
لەگەڵ مناڵێکی شوانا

لەناو گۆمی خوێنا گەوزان
لە پێچی تەنگی کۆڵانا

***

مناڵێ هاواری ئەکرد
وەرنەدەرێ عەبەیان کوشت

توخوا فریا کەون وا مرد
خوێناوی سنگی هەموو ڕشت

***

گوڵاڵەی دەروونم وەران
دڕکی تۆڵەم نایە شوێنی

بەڵێن بێ ئەی زەبری ژیان
هەرگیز من ون نەکەم خوێنی

***

لێرە مناڵی کوردستان
بەم شێوەیە لە ناو ئەبەن

ئەی دایکانی هەموو جیهان
گوێ بگرن، هاوارێ بکەن


سەرچاوەکان



404 بینین