مەکەن مەنعی عاشقان، عاشق کاری دژوارە - شێخ ئەحمەدی کۆر

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-05-09-21:55:00 - کۆدی بابەت: 8582
مەکەن مەنعی عاشقان، عاشق کاری دژوارە - شێخ ئەحمەدی کۆر

ناوه‌ڕۆك

مەکەن مەنعی عاشقان، عاشق کاری دژوارە

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: مەکەن مەنعی عاشقان، عاشق کاری دژوارە

مەکەن مەنعی عاشقان، عاشق کاری دژوارە
هەرچی عیشقی لە دڵ بێ، بێ سەبر و بێ قەرارە
دائیم لە بەر هیجرانێ، ڕەنگ زەرد و لێو بەبارە
دە عیشقێدا سووتاوم، غەمم لە چوار کەنارە
لە بەر دەرد و حەسڕەتان، گریانم دێن هەزارە

گەلۆ دەردان ئەز هەڵگرت، ساتێ ناگرم قەرارێ
شەو و ڕۆژێ ناسەبرێم، لە ‌بەر غەمی دە یارێ
دڵی من هێند لە جۆشە، ئەسرینم دێنە خوارێ
مەگین بە وەی ساکین بێ، ببیێن دەنگی بەهارێ
بە گوڵانم دێن سەبووری، سەربێننەدەر لە خارێ

مزگێنی بێ لە یاران، دەڵێن ئەوڕۆ بەهارە
هاتن تەیری دە ڕەنگین، جووت‌بەجووت بوون قەتارە
نیشتن لە دەم شەتاوان، زەینی کە، چەن هەزارە
ڕەنگاندییان قۆپی و شەت، لە هەر گۆشە و کەنارە
گوڵ هاتنە پیکەنینێ، یەک یەک بە دڵ بە زارە

هەوری دە ڕەش دەهاتن، گرتیان بەری ئاسمانێ
غەمی لە دڵم چەن زۆرن، بابڕۆن دەگەڵ زستانێ
لە گوڕڕەی دە شەماڵێ، لە ڕێژنەی دە بارانێ
کوێستان مابوون لە تەمێ هەوەڵ مانگی نیسانێ
بە سروەی دە شەوبایە، گوڵ خۆی داوە لە سانێ

هەوری ڕەش هاتنە خرۆش، لە دامێنی کۆساران
چیا و زۆزان سەوزەپۆش، دەگەڵ لکی دە داران
وەنەوشەم چەن زەریف دین، گوڵان لە دەم ڕۆباران
بە کەسک و سوور دەخەمڵێن، لە سەر جۆ و جۆباران
دەڵێن ئەوڕۆ بەهار هات، مزگێنی بێ لە یاران

لە کوێستانی دە عەزیم، هەوری ڕەش دەخرۆشن
به نەخشی دە بەهارێ، گوڵان زەڕبافتە پۆشن
هەر وەکوو ئاهووی چینی، سەحرا میسکێ دەفرۆشن
لە شادی دە بەهارێ، چەن لە زەوق و لە جۆشن
کێو و دەر و دۆڵ و دەشت، پاکی سەرمەست و خۆشن

زەینی خۆم دا کوێستانێ، چەندی لێم کرد خەیاڵە
گوڵ بوون لە چوار کەنارێ، لێی شین ببوون هەڵاڵە
زەرد و کەسک و بنەفشە، سوورگوڵ و تافتەی ئاڵە
لەبەر بۆنی وان گوڵان، یاران دەبوون بێ حاڵە
بولبول لە کوێیە مەست بێ، بکا ئەفغان و ناڵە

لە کوێستانی دە وا ڕەند، دڵی ئەزە حەزینە
گوڵبون لە دەم ڕۆباران، جوان دەبوون بە پەرژینە
با بێن گوڵان ببینن، هەرکەس دڵی غەمگینە
ئەو گوڵی دە دونیایە، وەفایان بۆ کەس نینە
خۆشی لە بۆ وان کەسان، دڵ بە دونێ خۆش نینە

ئەو سوێسنەی ساوایە، تازە سەری هەڵدەدا
خاشخاشک و گوڵەمێلاق، ئەتڵەسی سوور دەبەردا
وەنەوشە پڕ جغارە، سەری لە بەردێ دەدا
بۆنی دەبا بای سەبا، بولبول بۆی لە خۆی دەدا
کاری دونیایە وەیە، هەر تاڵییە وێت دەدا

بە لرفەی بای شەماڵێ، بە سۆزی دە شەوبایە
بۆنی گوڵان دەپڕژێن، تێکەڵ بوون لە سەحرایە
گوڵ دەرکەوتن لە خارێ، دەریان کردن گەڵایە
ئەو گوڵی جوان و زەریف، بوونە بەرگی دونیایە
یاران مەدحی بەهارێ، هەرگیز لە تاریف نایە

بەهار هاتە سەر تەختێ، گوڵ پشکووتن بە تاوە
تەرزی گوڵانم زۆرن، چەن تەرز، سوێسنی ساوە
موژدە دەنە بولبولێ، ئەو عاشقی دڵ سووتاوە
ئەو دونیایە وا ڕەنگین، وەفای بۆ کەس نەماوە
چەن لاو و جوانی پیر کرد، بۆخۆی بە قیتی ماوە

بۆنی گوڵان ئەز هەڵگرت، لە دەم جۆ و سەراوان
هاتن تەیری گەرمێنێ، کەوتن لە دەم شەتاوان
لە هاشەی دە شالوورێ، گڕ بەربوونە هەناوان
فرمێسکم دێن بە جووتە، خوێناوم دێن لە چاوان
لە حەسڕەتی دە یارێ، دەناڵم وەک سووتاوان

لە بەر غەمی دە یارێ، شەو و ڕۆژم خەو نایە
چەن جوامێر و سوارچاکان، کۆچیان کرد لە دونیایە
«ئەحمەد» ئەتۆش ڕادەبری، یار بۆت دەکەن دوعایە
مزگێنی بێ لە یاران، جێن جەننەتولمەئوایە
ئەو بەهاری به ‌گوڵزار، بۆ کەس دە تاریف نایه

ئەم شیعرە دەبێ وەپاڵ شێخ ئەحمەدی کۆر درابێ، زمانەکەی وە هی شێخ ناچێ بۆیە مامۆستا مستەفای زاواکێویش دە دیوانەکەی دا نەیهێناوە و بە هی ئەحمەدی کۆری نەزانیوە. گیوی مکریانی بە هی ئەحمەدی شێخ مارفی دەزانێ. شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ مارفە و خەڵکی دەربەند دەلۆیە، کە کەوتۆتە دۆڵی ورمێ، لە شەڕی نێوان ئێران و ڕووسدا کوژراوە، شێخ ئەحمەد ئامۆزای شێخ بابای شاعیرە. 


سەرچاوەکان



818 بینین