دڵبەران داییم دەناڵم، دەبەدەم شام و سەحەر - شێخ ئەحمەدی کۆر 

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-05-09-22:13:00 - کۆدی بابەت: 8587
دڵبەران داییم دەناڵم، دەبەدەم شام و سەحەر - شێخ ئەحمەدی کۆر 

ناوه‌ڕۆك

دڵبەران داییم دەناڵم، دەبەدەم شام و سەحەر

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: دڵبەران داییم دەناڵم، دەبەدەم شام و سەحەر

دڵبەران داییم دەناڵم، دەبەدەم شام و سەحەر
جارێ ناپرسی لە حاڵم، چاو عوقابی خۆش خەبەر

چاو عوقابی مەهـ‌جەماڵی، دوژمنی کوفر و زەلالی
نووری سیڕڕی لایەزالی، کاشفی 'شق‌القمر'

کاشفی قەمەر دوو نیمی، فاتحی دەرگای نەعیمی
شافعی 'یَوْمُ‌الْاَلیمی'، 'أنتَ‌ لی نورُالبَصَرْ'

نووری بینایی دوو چاوم، بێ فیدات ڕۆح و هەناوم
هەڵگیراوە خورد و خاوم، خورادنم بۆتە زەهەر

خواردنم خوێن زوخاوە، سەبر هۆشم لێ بڕاوە
ئاگری دڵ وا بەتاوە، میسلی شەمعی نێو فەنەر

وەک فەنەر دڵ پڕ لە نارم، باری عیسیان بۆتە بارم
ڕوو سیاهـ و شەرمەسارم، من لەبەر 'یَوْمُ‌الْخَطَرْ'

من لەبەر 'یَوْمُ‌الْمَماتمْ' دێ کە قابیز بۆ حەیاتم
وا خەجڵ بێ هۆش و ماتم، نامێنێ هۆش‌ و سەبەر

نامێنێ هۆش لەو سەعاتێ، ڕۆح دەگاتە جێی نەهاتێ
دەفتەری دونیام دەداتێ، نامێنێ مەیلی پسەر

نامێنێ مەیلی جیهانم، دێتە جونبش ڕۆح و گیانم
گەر لە گیر لاچێ زبانم، نێوی حەقمان دێتە بەر

نێوی حەق دێنم بەزارە، تەن گەلێک تەشنە و بیمارە
دڵ هەمیشە ئینتیزارە، هەر دەڵێ 'ماءُ‌الْقَطَرْ'

ئاخ لە بۆ یەک قەترە ئاوە، ئەو دەمەی دونیا تەواوە
شاهـ و دەروێش تۆپێ جاوە، 'قَد دَخَلْتَ فی‌الْقَبَر'

تا قیامەت قەبرە ماڵم، دێن مەلاییک بۆ سوئالم
ڕەببی تۆی موخبیر بە حاڵم، نەمخەیە سەر ڕێی خەتەر

نەمخەیە سەر ڕێی زەلالەت، لێم دەپرسن زۆر بە شیددەت
'قالَ مَنْ ربّکَ مَیتْ' کێت پەرەست، کێت پیغەمبەر

کێت پەرستوە، کوا ئیمامت، مەزهەب و دین و کەلامت؟ 
حەشر و میزان و مەقامت، بۆم بەیان کە ئەو خەبەر

بۆم بەیان کە سیڕڕی قەلبی، ئەی خودایە تۆم تەبیبی
من دەڵێم (اللّەُ رَبِّی)، با خەلاس بم لەو خەتەر

با خەلاس بین لەو مەقامە، ئاخری دونیا تەمامە
جەمعی ئوممەت خاس و عامە، ڕێی حەشرمان دێتە بەر

دەشتی مەحشەر وا دەبەستن، جەمعی مەخلووق سەف دەبەستن
یەک‌هەزار ساڵ ڕادەوەستن، لێمان ناپرسن خەبەر

ناپرسن لێمان چ حاڵە، دەشتی مەحشەر دێتە ناڵە
ئاگر و پۆلوو و زوخاڵە، نامێنێ حیلم و بەسەر

نامێنێ عیلاج و چارە، چەندهەزار کەس بێ‌ژمارە
باب لە فرزەندی بێزارە، ئەو لەبەر شین و چەمەر

ئەو لەبەر گریان و شینە، (قَالُوا یَا رَبِّ رَضِینَا)
کوا محەممەد شای مەدینە، بۆچ لێمان نابێ خەبەر؟ 

بۆچ خەبەردار نابێ لێمان، سووت دڵ و جەرگ، قەلب و پێمان
یەک‌هەزار ساڵ حەشرە جێمان، کوا حەبیبی ڕۆژی حەشەر

کوا حەبیبی کوللی عالەم (مَا تَقَدَّمَ قَبْلُ آدُم)
پاک لە مەحشەردا بووین جەم، بوو زوخاڵ سەمع و بەسەر

بوو زوخاڵ سەمع و بەسەرمان، باری عیسیان کەوتە سەرمان
چاو کە هەڵنایە لە شەرمان، دەستەو ئەژنۆ قوڕبەسەر

دەستەو ئەژنۆ ڕۆدەنیشن، پڕ گوناهان ڕادەکێشن
خێر و عیسیانمان دەکێشن، هەم بە میزان سەربەسەر

پڕگوناهان دێن و چوونە، دەفتەری وان سەرنگوونە
(فَاقْرَؤُوا مَا تَفْعَلُون، قَدْ دَخَلْتَ فِي السَّقَر)

ئەو سەقەر ئاور گرینە، بۆ کوفاران زۆر بەتینە
دێتە سەر عالەم بە کینە، نامێنێ هۆش و خەبەر

نامێنێ هۆش لەو سەعاتە، دێ جەهەننەم بانگ دەکاتە
کوانێ تاریکەسەلاتە، چاوەڕێی وانە سەقەر

جێ و مەقاممان زەمهەڕیرە، باسی مەحشەر زۆر کەسیرە
پێغەمبەرمان دەستگیرە، چاکە بیکەین موختەسەر

موختەسەر کەین باسی زیللەت، دەکرێ حەشری کوللی ئوممەت
یەک بە ڕەحمەت، یەک بە زەحمەت، ڕێی سیڕاتمان دێتە بەر

بۆن شەفیع کە تۆ بە ڕەحمەت نەنخەیە تاریک و زوڵمەت
پێن عەتا کە قەسری جەننەت (إعْطِنا طُوبَىٰ) شەجەر

دێتە بەرمان ڕێی سیڕاتە، بۆ گونەهبار، جێی نەهاتە
یاڕەبی بن‌دەی نەجاتە، بۆن شەفیع کە پێغەمبەر

تۆی شەفیعول‌موزنیبینە، لەو دەمەی ئاور بەتینە
تۆی پەنای مە شای مەدینە! بۆن شەفیع کە پڕهونەر

'ئەحمەدی کۆر'ی فەقیرە، حەق تەعالا دەستگیرە
باری عیسیانت کەبیرە، نەمخەیە سەر ڕێی خەتەر


سەرچاوەکان



641 بینین