بنیاتنانی پردە ئاوییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-11-21:55:00 - کۆدی بابەت: 8603
بنیاتنانی پردە ئاوییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پردی ئاوی (بە عەرەبی جسور المائیة، بە ئینگلیزی: Water bridges, Aqueducts) بنیاتنانێکی ئەندازەییە و لەسەر ڕووبەرە ئاوییەکانی وەکوو دەریا و ڕووبار و ئۆقیانووسەکان دروست دەکرێت، ئامانجی سەرەکی لە بنیاتنانی بریتییە لە ئاسانکاریکردن و فەراهەمکردنی چەند سوودێکی گرنگ بۆ مرۆڤ، نموونەی ئاسانکردنی پەڕینەوە و هاتوچۆکردن و بەیەکگەیاندنی شوێنە دوورەکان، بە شێوەیەکی گشتی چەندان  تەکنیکی سەرەکی هەیە بۆ بنیاتنانی ستوونی پردە ئاوییەکان، نموونەی تەکنیکی بۆکسی کۆگاکردنی ئاسنی، تەکنیکی هەڵکەندن و چەندان شێوازی تر.
هەروەها گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە هەڵبژاردنی جۆری تەکنیک و شێوازی بنیاتنانی پردەکە دیاری دەکەن بریتیین لە:
ـ شوێنی کار و پڕۆژەکە
ـ جۆری بناغەی پردە ئاوییەکە
ـ جۆری خاک و گڵی نێو ئاوەکە
ـ جۆری ئەو ئاوەی کە پردەکەی لەسەر دروست دەکرێت
ـ بارودۆخی کەشوهەوای ئەو ناوچەیەی کە  پڕۆژەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت
ـ ئاست و قووڵی و لێڵی ئاوەکە
ـ ماوە و بودجەی پێویست بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە

مێژووی بنیاتنانی پردی ئاوی

لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە پردی ئاوی بنیاتنراوە و کەرەستەکانی بیناسازی سادە و سەرەتایی بوونە، نموونەی چەند جۆرە دارێکی بەهێز لەگەڵ گڵ و قوڕ وەکوو بەستەر لە دروستکردنی بەکارهێنراوە، دواتر بناغەی لە دار دروستکراو بڵاوبووەوە، داری بەڕوو بەکاردەهێنرا بۆ دروستکردنی بناغە و بنچینەی پردە ئاوییەکان، چونکە زۆر پتەو و بەهێز بوو، لەگەڵ چەند جۆرێک لە بەرد و چەند کانزایەکی سەرەتایی پاڵپشتی دەکران و لەدوای بناغەکە ستوونەکانیان لە هەمان دار دروست دەکرد.

شێوازەکانی بنیاتنانی پردی ئاوی

شێوازی کلاسیکی 

شێوازی کلاسیکی ڕێگا باوەکەی بنیاتنانی پردە ئاوییەکانە و لە زۆر شوێن کاری پێدەکرێت، لەو ڕووبەرە ئاوییانە بەکاردەهێرێت کە قووڵی ئاستی ئاوەکە کەم و دیاریکراوە، لە سەرەتادا بناغەکە دوست دەکرێت دواتر ستوونەکان.
لە هەندێک شێواز بناغە و ستوونەکانی پردەکە لە شوێنێکی وشک دروست دەکرێت دواتر دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی پڕۆژەکە و جێگیر دەکرێت، لە چەند جۆرێکی تر قووڵایی و ئاستی ئاوەکە دیاری دەکرێت و پاشان بە چەند ئامێرێکی تایبەتی هەڵکەندنی بۆ دەکرێت و ستوونەکانی تێدا جێگیر دەکرێن، ئەم ڕێگایە لە کاتێکدا بەکاردەهێنێت کە قووڵی ئاوەکە کەم و دیاریکراو بێت.
بەڵام ئەو ڕووبەرە ئاوییانەی کە ئاستی قووڵییەکەیان زۆرە بەنداوی کاتی لەسەر ئاوەکە دروست دەکرێت تاکوو ڕێگری لە ئاوەکە بکات و گلیبداتەوە تا ئەو کاتەی بنیاتنانەکە تەواو دەبێت، ئەویش لە ڕێگای چەند ستوونێکی پردی کانزایی بەیەکەوەلکاو و چەقاندنی لە بنی ئاوەکە.

شێوازی Cofferdam

ئەم ڕێگایە لەسەر ڕووبەرە ئاوییە قووڵەکان دروست دەکرێت نموونەی ڕووبارە قووڵەکان و دەریاکان. ئەم تەکنیکە بریتییە لە دانانی دیوارێکی هاوشێوەی بەنداو چواردەوەری ئەو ناوچەیە دەگرێت کە شوێنی بنیاتنانەکەیە و ئاوەکە بەتاڵ دەکرێتە دەرەوە، دواتر بناغە و ستوونەکان لەناو بەنداوەکە بنیاتدەنرێت، بۆیە لەم ڕێگەیەدا پێویستە زۆر ئاگاداری هەڵکشان و داکشانی شەپۆلی ئاوەکە بن، جۆری پردی دروستکراو بەم شێوازە بەهێز و پتەوە و توانای هەڵگرتن و بەرگەگرتنی قورساییەکی زۆری هەیە.

شێوازی Case Drilling

پێشکەوتووترین و مۆدێرنترین شێوازی بنیاتنانی پردە ئاوییەکانە کە لە ئێستادا کاری پێدەکرێت، بە یارمەتی پەستانی هەوا و چەند تەکنیکێکی پێشکەوتوو ئاوی ڕووبارەکە گلدەدرێتەوە و پردەکە بنیاتدەنرێت.

جۆری پردە ئاوییەکان

ـ پردی سەرئاوکەوتوو Floating Bridges: ئەم جۆرەیان بە شێوەیەکی کاتی لەسەر ڕووبەرێکی ئاوی دروست دەکرێت، بۆیە بناغەی بەهێزی پێویست نییە.
ـ پردی هەمیشەیی Permanent Bridges: پردێکی هەمیشەییە و پێویستی بە بناغەیەکی پتەو و بەهێز هەیە، چەند جۆرێکی هەیە نموونەی: پردی هەڵواسراو، پردی جووڵاو، پردی کێبڵدار یان وایەردار و پردی ڕاگر.

پێنج سەرەکیترین کۆمپانیای جیهانی پسپۆڕ لە دروستکردنی پردی ئاوی:

  • Jacop
  •  HDR Inc
  • Lin International (TYLI) 
  • Arup
  • Aecom

نموونەی چەند پردێکی جیهانی ناودار

ـ Tower Bridge پردی تاوەر لە لەندەن
ـ  Golden Gate Bridge پردی دەروازەی زێڕین لە سانفرانسیسکۆ 
ـ Brooklyn Tower پردی بڕۆکلین لە نیویۆرک
ـ Harbour Bridgev پردی بەندەر لە سیدنی
ـ Yavuz Sultan Selim Bridge پردی سوڵتان سەلیمی یەکەم لە تورکیا
ـ Siduhe Bridge پردی ڕووباری سایدۆ لە چین


سەرچاوەکان



368 بینین