ناوهڕۆك
زانیاری دەربارەی دەریای شیلانی
دەریای شیلانی یان دەریای مەرجانی یان دەریای کۆڕاڵ (بە ئینگلیزی: The Coral Sea)، بە فەڕەنسی (Mir de Corai)، دەریایەکی پەراوێزخراوی باشووری زەریای هێمنە لە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا کە بە زیندەناوچەیەکی کاتی ئوسترالی پۆلێن کراوە، دەریای کۆڕاڵ 2000 کیلۆمەتر (1200 میل) لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیاوە بۆ خوارەوە درێژدەبێتەوه، دەریاکە شوێنی جەنگی دەریایی کۆڕاڵ بوو، کە ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە بوو لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا لە نێوان هێزی دەریایی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن، ئەمریکا و ئوسترالیا، دەریاکە ژمارەیەکی زۆ دوورگە و گردی دەریایی و هەروەها گەورەترین سیستمی گردی دەریایی جیهانی تێدایە، (Great Barrier Reef) کە گەورەترین و بەناوبانگترین سیستمی ژینگەیی گردی دەریاییە لە جیهاندا و ڕێگری لە لەناوچوونی گردە دەریاییەکان دەکات و لە ساڵی 1981دا لەلایەن یونسکۆوە بە شوێنەواری کەلەپووری جیهانی ڕاگەیەنرا، هەروەها لە ساڵی 1975دا کۆتایی بە هەموو پرۆژەکانی پێشووی پشکنینی نەوت لە (GBR) هێنرا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاوەماسی لە زۆربەی ناوچەکان سنووردار کرا، گردی دەریایی و دوورگەکانی دەریای کۆڕاڵ بە تایبەتی دەوڵەمەندن بە باڵندە، گیاندار، ڕووەکە ئاوییەکان و شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگن، هەم لە ناوخۆ و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
دەریاکە لەڕووی جوگرافییەوە
دەریای شیلانی لە ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ کەناری ڕۆژهەڵاتی کوینزلاند، بەوەش (Great Barrier Reef) لەخۆدەگرێت کە گەورەترین و بەناوبانگترین سیستمی ژینگەیی گردی دەریاییە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری ڤانواتو و کالێدۆنیای نوێیە، و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەنزیکی هاوسنووری پەلی باشووری دوورگەکانی سلێمانە، لە باکووری ڕۆژئاوا دەگاتە کەناری باشووری ڕۆژهەڵاتی گینێی نوێ، بەوەش کەنداوی پاپواش دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە باشوور لەگەڵ دەریای تاسمان و لە باکوور لەگەڵ دەریای سلێمان (Solomon Sea) و لە ڕۆژهەڵات لەگەڵ زەریای هێمن تێکەڵ دەبێت، لە ڕۆژئاوا هاوسنوورە لەگەڵ کەناری بەشی سەرەکی کیشوەری کوینزلەند و لە باکوری ڕۆژئاواشەوە لە ڕێگەی دەربەندی تۆرێسەوە دەچێته ناو دەریای ئارافۆرا (Arafura Sea)وە، تایبەتمەندی دەریاکە لەوەدایە کە کەشوهەوایەکی گەرم و جێگیری هەیە لەگەڵ بارانی زۆر و گێژەلووكەی خولگەیی.
لەڕووی زەویزانییەوه
حەوزی دەریای کۆڕاڵ لە نێوان 58 ملیۆن و 48 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە کاتێک بەشی تەنکاوی دەریای کوینزلاند هەڵگیرا و مەودای دابەشکردنێکی گەورە پێک هات و لە هەمان کاتدا باڕستەکانی کیشوەریش کەمبوونەوە، هەروەها دەریاکە سەرچاوەیەکی گرنگی مەرجان بوو بۆ گەورەترین سیستمی گردی دەریایی، هەم لەکاتی دروست بوونیدا و هەم دوای دابەزینی ئاستی دەریاکەدا، هێشتا پڕۆسەکانی پێکهێنانی جیۆلۆجی بەردەوامن بۆ نموونە بەشێکی بە سووکە بومەلەرزەی زەوی دەرکەوتووە، لە ساڵی 1866 تا 2000 بە درێژایی کەناری کوینزلاند و لە دەریای کۆڕاڵ نزیکەی سەد بومەلەرزە بە گوڕی 2 بۆ 6 پلە تۆمار کران، هەروەها لە 2ی نیسانی 2007دا بوومەلەرزەیەکی گەورە دای لە دوورگەکانی سلێمان و بەهۆیەوە تسۆنامییەکی چەند مەتر بەرزی لێکەوتەوە، ناوەندی بوومەلەرزەکە 8.1 بوو بە پێوەری ڕێختەر، بوومەلەرزەکە 349 کیلۆمەتر (217 میل) لە باکووری ڕۆژئاوای هۆنیارا (Honiara) بوو لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر (6.2 میل)، هەروەها زیاتر لە 44 زەمین لەرزەی بچووتری بەدوادا هات کە پلەیان 5.0 یان زیاتر بوو، بەرەنجامی تسۆنامییەکەش بووە هۆی بەلایەنی کەم کوشتنی 52 کەس و زیاتر لە 900 خانووشی وێرانکرد، دەریاکە بەهۆی فرەیی پێکهاتەکانی مەرجانەوە ئەم ناوەی لێنراوه، کە ئەوانیش (GBR) لەخۆدەگرن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر (1200 میل) بەدرێژایی کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا درێژدەبێتەوە و نزیکەی 2900 تاکە گردی دەریایی و 1000 دوورگە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوورگەکانی چێستەرفیڵد (Chesterfield) و گردی دەریایی لیهو (Lihou) گەورەترین دوورگە مرواریی خڕی دەریای کۆڕاڵن.
مێژووی دەریاکە
دەریای کۆڕاڵ ناوی خۆی لە پێکهاتەکانی مەرجان لە گەورەترین سیستەمی گردی دەریایی ناسراوی جیهانەوە وەردەگرێت، لە مانگی ئایاری 1942 جەنگێک لە نێوان یەکەی دەریایی هاوپەیمانان و ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە دەریای کۆڕاڵ بەرپابوو، ئەمەش ڕێگری لە داگیرکردنی دەریایی بەندەری مۆڕسبی کرد.
کەشوهەوا
دەریاکە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی هەیە و زۆربەی کات لەژێر کاریگەری گێژەلووكەی خولگەییدایە، بەتایبەتی لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و نیسان، ئەم مەودایە لە مانگی تشرینی دووەم تا مانگی ئایار لە ناوچەکانی باشوور تا 10 پلە بەرەو باشوور درێژە دەکێشێت، هەروەها لە نێوان ساڵانی 1969 و 1997 هەشتا و هەشت گێژەلووکە لە (GBR) ڕوویدا کە 90٪ یان لە جۆری 1 یان 2 بوون کە (بای 17 بۆ 33 مەتر لە چرکەیەکدا، پەستانی ناوەندی 970 بۆ 1000 هیکتۆ پاسکاڵ) و تەنیا 10٪ یان لە جۆری 3 بوون (با> 33 مەتر لە چرکەیەکدا، پەستان <970 هیکتۆ پاسکاڵ)، ڕێژەی گێژەلووکەکان لە نێوان ساڵانی 1997 و 2005 بۆ 1.5 لە ساڵێکدا دابەزیوە (12 بەگشتی)، ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە بەگوێرەی ناوچەکە دەگۆڕێت و لە نێوان 1,000 بۆ 3,000 ملم دەبێت، زۆربەی بارانەکان لە نێوان مانگی کانوونی یەکەم و ئازاردا دەبارێت، لە دەستپێکی لەناکاوەکانی 30 بۆ 60 ڕۆژدا، ژمارەی ڕۆژە خۆرەتاوەکان لە ساڵێکدا جیاوازە و نزیکەی 80 بۆ 125 ڕۆژە، پلەی گەرمی ئاسایی لە ماوەی ساڵدا لە نێوان 18 بۆ 27 پلەی سەدیدا دەگۆڕێت، گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەری ئەوەی نیشاندا کە ئاوی سەر ڕووی دەریای کۆڕاڵ دەگاتە پلەی گەرمی ڕیکۆردشکێن لە مانگی ئازاری ساڵی 2016دا کە بووە هۆی سپیکردنەوەی گردە دەریاییەکان، تا 175 جار زیاتر، وەکوو شیتەڵکاری مۆدێلی پیشانیدا.
فلۆرا یان ژیانی ڕووەکەکانی ئەم دەریایە
کەنار دەریای کۆڕاڵی ئوسترالی زیاتر لە لم پێک دێت و (GBR) یش زۆر دوورە تا بڕێکی زۆر نیشتووی کۆڕاڵی دابین بکات، بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر داڵدەی کەنارەکە دەدات لە شەپۆلەکانی زەریا، لە ئەنجامدا زۆربەی ڕووەکەکانی زەوی بۆ بەشی خوارەوەی دەریاکە بڵاودەبنەوه و ئاوی کەناراوەکان بە ڕووەکی ژێر ئاوی دەوڵەمەندن، وەک قەوزەی سەوز، باوترین جۆری گیا دەریاییەکان بریتین لە هالۆفیلا (Halophila) و هالۆدوڵ (Halodule)، دوورگەکانی (GBR) زیاتر لە 2,000 جۆری ڕووەکی تێدایە, کە سێ بەشیان نیشتیمان نشینن، لەگەڵ ئەوەشدا دوورگەکانی باکوور 300 بۆ 350 جۆری ڕووەکیان هەیە کە خەریکە شێوەی دارەکان وەردەگرن، لە کاتێکدا دوورگەکانی باشوور 200 جۆری ڕووەکی تێدایە کە زیاتر دەوەنن، ناوچەی ویتساندی (Whitsunday) هەمەجۆرترینە و ژیان بۆ 1141 جۆر دابیندەکات، تۆوی ڕووەکەکان لەلایەن باڵندەکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی ڕووەکەکان.