هێند بە دیتنت ئینتیزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو - شێخ ئەحمەدی کۆر 

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-06-05-23:56:00 - کۆدی بابەت: 8911
هێند بە دیتنت ئینتیزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو - شێخ ئەحمەدی کۆر 

ناوه‌ڕۆك

هێند بە دیتنت ئینتیزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: هێند بە دیتنت ئینتیزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو

هێند بە دیتنت ئینتیزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو
دڵ تەنووری پڕ لە نارم، ئاخ لەبۆ یەک قەترە ئاو

ئاخ لەبۆ دڵ میهرەبانێ، لەفز خۆشێ، حاڵ‌زانێ 
دڵبەری شیرین زبانێ، باوەشێن کا جێی سووتاو

باوەشێن کا جەڕح و زامان، دڵبەری شۆخ و خەرامان
یار وەبیر بێنێ غوڵامان، زوڵف ڕیحان لوول و خاو

زوڵف ڕیحان، لوول و کڕژن، وا لە هەنیانت دەچڕژن
جەرگ و دڵیان پێ دەبرژن، تەن دەنێنە جۆش و تاو

تەن وەکوو کوورەی حەدادە، حەق بدا وەعدەی مرادە
یار بەبێ قەول و عینادە، ڕەحم کا بە منی 'بێ چاو'

ڕەحمێ کا بە منی هەژارە، جارێکی پێم بڵێ بەزارە
شەربەتە بیخۆ بیمارە، ڕۆحم ئیحیا کا تەواو

حەی بکا ئەرواح و جانم، حۆریی حەوت ئاسمانم
لەیلەتولقەدری زەمانم، تۆی دەوای جەرگی بڕاو

دڵبەرا دەردم دەوا کە، ساتێکی ڕوو لە خودا کە
بەس دڵی من پڕ جەفا کە، بەو خەدەنگی، تازە ساو

لێم مەدە هێندە خەدەنگان، شای غەزالان شۆخ و شەنگان
من لەبەر زەبری نەهەنگان، لێم مەحو بوون ئیسم و ناو

لێم مەحو بوون ناو و ئیسمم، سووت دڵ و جان، جەرگ و جیسمم
حەق وەهای دا پشک و قیسمم، قەددی ئەلفم بوو بە واو

قەددی ڕاستم کوفتە کارە، خەڵک لە ناڵەی من بێزارە
ئەو چ دەردێکە دوچارە، هاتە سەر دڵ (از) نەکاو

هاتە سەر من ناگەهانی، سیڕڕی مەخفی ‌و‌ نیهانی
ئاشکار بوو لە جیهانی، عەقڕەبێ خستوومیە داو

عەقڕەب و مار و ئیلانی، قاتڵی ئەرواح و جانی
یار بە حاڵم گەر بزانی، بوومە تەیری باڵ شکاو

تەیرێکی بێ‌پەڕوباڵم، مایەیی سووت و زوخاڵم
دڵ بە جۆش و ئاهـ و ناڵم، لێم حەرام بوو خورد و خاو

خورد و خابم لێ حەرامە، مەسکەن و مەئوا و مەقامە
بۆت وەها ڕیسوایی عامە، شێخ و شاب و پیر و لاو

شێخ و شاب بێ ئیختیارن، هەن لە بەندت، بەندەوارن
میسلی وی چەندین هەزارن، هەن لە خاکی پات کوژاو

هەن لە خاکی پات هیلاکن، شێخ و سۆفیی سینەچاکن
ناڵەکێش و دەردناکن، مەست و ئەقڵ پێ نەماو

مەستی تۆن بێ ئەقڵ و هۆشن، بافوغان، شین و خرۆشن
دڵ بەناڵە و دەرد جۆشن، دڵبەران دڵ لێ‌ڕفاو

دڵبەران دڵ برد بەغارەت، هەرچی یار کردی ئیشارەت
بۆ وییە موژدە و بەشارەت، شاهی حەو ئیقلیم تەواو

تۆ کە شای مڵکی زەمینی، هەرکەسێ ڕووی تۆ ببینی
شاد دەبێ قەلبی حەزینی، زولف هەوری، ڕوو هەتاو

ڕووت مەهی دوو پەنج و چارە، ناو بە ناو نەجم و ستارە
عەقرەبان لێ گرت قەرارە، شوبهی شەمعی دڵ گڕاو

شوبهی شەمعی شەو زولامە، پێی نەهێشتم ئەقڵ و فامە
شوبهەتی وەحشی گەڕامە، تۆ منت کرد نەخچیر و ڕاو

تۆ منت کرد نەخچیر و سەیدە، نات لە پام زنجیر و قەیدە
جانی جانان ئەو چ کەیدە، بوومە دانەی ناو خوراو

بوومە سەرمایەی جغاران، دڵ بە فیدای زولفی یاران
داییمەن سوبح و ئێواران، لێی دەدا نەرمە خوناو

وان خوناوان لێ دەبارن، نافەیی ئاهووی تەتارن
شوبهەتی شەبهایی تارن، عەتر و ڕیحان بۆی گوڵاو

عەتر و ڕیحان گوڵ شەمیمە، قەد ستوونی زێر و سیمە
دڵ لەسەر عەهدی قەدیمە، دڵبەری زێڕین کڵاو

دڵبەری قەد زێڕ ستوونە، تەختی عەقرەب لێی سکوونە
هێندەیان شیر لێ دەسوونە، دەس‌خەتی حەققن تەواو

دەس‌خەتی سونعی جەلالن، مەکتەبی پڕ خەت و خاڵن
لەشکری غەم وەک مناڵن، قەت لە من نابن بڵاو

'ئەحمەدی کۆر'ی هەژارە، جارێکی تۆ بڵێی بە زارە
شەربەتە بیگرە بێ‌چارە، ڕۆحم ئیحیا کەی تەواو

'ئەحمەدی کۆر'ی بێ‌چاوە، سەبر و هۆشت لێ بڕاوە
ئاگری دڵ هێند بەتاوە، پێت نەما جەرگ و هەناو


سەرچاوەکان



485 بینین