ناوهڕۆك
حەدیقەی کوردستان
شاعیر: مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری
بەرهەم: دیوانی شیعر
هۆنراوە: حەدیقەی کوردستان
جوانیی چی لە دنیادا ھەیە یەزدان بە تۆی داوە
گومان ناکەم ئەگەر دیبێ وەکوو تۆ شۆخ ئەوەی چاوە
کەمەندی زولفی چین چینت ھەزاران لاوی کێشاوە
دڵی شیخ و مەلا و زاھید بە عیشقی تۆوە سووتاوە
بە نووکی تیری موژگانت دڵی من خوێنی تێزاوە
لە راستی وردە خاڵی ڕووت خەجاڵەت بوون گوڵ و نەسرین
ئەوەی دیبێ قەد و باڵات دەبارێنێ لە چاو ئەسرین
حەبیبم کوشتەکانی تۆن ھەزاران عاشقی بێ تین
دڵارام شاری بۆکانت بە جارێ کرد بە شاری چین
لە ھەر لایێ سەیر کەی عاشقت بێ ھێز و داماوە
ئەگەر بڵێم وەکوو زولفت پەرێشان نیم، پەرێشانم
بە عیشقی تۆ وەکوو قەقنەس سووتاوە پێست و ئێسقانم
سەبەب چی بوو لە من تۆرای و زیز بووی ڕاحەتی گیانم
"عەزیزە": ھێند عەزیزی زیاترە باییت لە سەت گیانم
لەسەچاوەی ژیان جامێ بدە پێم گیان ھەتا ماوە.
ئیتر ھێزم نیە سۆزی دەروونی پێ بکەم پنھان
بترسە نەک وەڕەز بم لێت بکەم تووکێ لە لای یەزدان
لە ئاھی من بسووتێنێ بە تۆوە عالەمی بۆکان
"عەزیزە" سوورە خونچەی ناو حەدیقە و باخی کوردستان
ئەوەندە کافیە "ئەفزار"ی لە داوی زولفت ئاڵاوە.