پەنجەی تەزیو - کامەران موکری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-20-16:45:00 - کۆدی بابەت: 9101
پەنجەی تەزیو - کامەران موکری

ناوه‌ڕۆك

پەنجەی تەزیو

شاعیر: کامەران موکری

بەرهەم: دیاری

هۆنراوە: پەنجەی تەزیو

زەردە پەڕی، کاڵی زێڕین
ئەتوێتەوە.. دەشتی بەفرین

تۆپەڵی بەفر، لە سەر چڵ
لەپڕ ئەڕژێتەوە جەرگی گڵ

مەلی دەنگ خۆش، وردیلانە
ئەگرێتەوە، هێلانە

درەختی پیر، ئەڵێ من چیم!
بە سەرمای تیژ ئەڵێ (تەسلیم!)

شاخ و ڕووبار و... دارستان
ئەترسن، لە بەفر و باران

تاوێک ڕەهێڵەیە بەتین
دەمێک بەگوڕ بەفربارین

مناڵێکی شەش حەوت ساڵان
ئەگەڕێ، ئەگری، لە کۆڵان

با... لە ناو، بەفرا ئەتەزێ
چرۆی درەختی تەڕ ئەمرێ

(هیوا)، ئەنواڕێتە ناو ژوور
تەلاری بەردی زەرد و سوور

لە پێش بوونیا بوو.. باوکی مرد
لەگەڵ دایکی.. سواڵی ئەکرد

دایکیشی سکی پڕ لە ژان
ڕایکێشایە ناو گۆڕستان! 

شەوە... ئاوازە ڕەنگاوڕەنگ
لەو ماڵە، بەستەیە، ئاهەنگ

لە پاڵ دیوارێکدا، غەمگین
دائەنیشێ (هیوا) ی شیرین

ئەندامی ورد، لەشی، گەردن
هەموو لەگەڵ یەک ئەلەرزن

دوای هەناسەیەک دەسگێڕان
لە کون و قوژبنی گیرفان

نەختێ شقارتە دەردێنێ
یەک یەک دایانەگیرسێنێ

لە بەر تیشکی گڕی پچووک
مناڵی برسیی ئێسکسووک

دائەنیشێ تا دوا دەنک
ئەگڕێ، بۆ پەنجەی ناسک

سەر ئەنێتە سەر لەپی دەس
ئەنوێ بەسەزمانی بێکەس!

دوای هەناسەیەک ڕێبوارێ
تێئەپەڕێ و پیا ئەنواڕێ

هەڵی ئەگرێ و ئەڵێ (فەرموو!)
ئەمشەو، لای مامی خۆت بنوو

بەڵام ئاخ، پاش چی! تازە مرد
(چاوەڕێی پرشنگی ئەکرد...)


سەرچاوەکان



303 بینین