پشکنینی ماوەی خوێنبەربوون و خوێنمەیین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-06-27-18:34:00 - کۆدی بابەت: 9195
پشکنینی ماوەی خوێنبەربوون و خوێنمەیین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی ماوەی خوێنبەربوون و ماوەی خوێنمەیین (بە ئینگلیزی: bleeding time and clotting time test یان BT and CT test) بریتیین لە دوو پشکنین، کە پێکەوە بە مەبەستی زانینی کاتی مەیینی خوێن لە لەشی مرۆڤدا ئەنجام دەدرێن.

لەڕێگەی ئەم دوو پشکنینەوە دەتوانرێت کێشەکانی ماوەی مەیینی خوێن دیاری بکرێت. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی مەیینی خوێن پەڕەکانی خوێنە، کە پێکهاتەیەکی بچووکی خوێنن لە کاتی برین یان خوێنبەربوون لە هەر شوێنێکی لەشدا یارمەتی کەمبوونەوەی خوێنبەربوون و چاکبوونەوەی برین دەدەن.

کەی پێویستە ئەم پشکنینە ئەنجام بدرێت؟

لەم دوو کاتەدا ئەنجامدانی ئەم پشکنینە گرنگە:

  1. کاتێک کەسێک لە کاتی برینداربوون خوێنی برینەکەی ناوەستێت یان کاتێکی زۆری دەوێت تاوەکوو بوەستێت.
  2. پێش ئەنجامدانی نەشتەرکاری.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی ماوەی خوێنمەیین

پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە زۆر گرنگە دڵنیا ببیتەوە لەوەی نەخۆشەکە هیچ دەرمانێکی وەرگرتووە یاخود نا، دەرمانەکانی وەک ئەسپرین کار لە کرداری مەیینی خوێن دەکەن، پێویستە بەر لە چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە ئەم دەرمانانە بوەستێنرێن. تەنانەت وەرگرتنی ڤیتامینەکانیش کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت.

  • سەرەتا بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردن شوێنی وەرگرتنی خوێنەکە پاک دەکرێتەوە
  • بە لانسێت (دەرزییەکی بچووکە بۆ بریندارکردنی ئەو شوێنەی دەمانەوێت خوێنی لێ وەربگرین بەکاردێت) پەنجەی کەسەکە بریندار دەکرێت و پاشان بە کاپیلەری شین، کە تیوبێکە کە هیچ ماددەیەکی دژەمەیینی تێدانییە خوێنەکە کۆدەکرێتەوە.
  • بۆ ئەوەی بزانین لە چ خولەکێکدا خوێنەکە دەمەیێت، هەموو ٣٠ چرکە جارێک پارچەیەکی بچووک لە تیوبەکە دەشکێنرێت
  • چرکەکانی نێوان شکاندنەکان کۆدەکرێنەوە و ماوەی مەیینی خوێنەکەمان بۆ دەردەچێت

ڕێژەی ئاسایی مەیینی خوێن لەم پشکنینەدا هەشت بۆ ١٥ خولەکە

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی ماوەی خوێنبەربوون

  • بۆ ئەم پشکنینە بەشە نەرمەکەی گوێ بە لانسێت بریندار دەکرێت
  • دواتر هەر ۳٠ چرکە جارێک بە کاغەزی پاڵاوتن ئەو خوێنەی لە بەشە نەرمەکەی گوێوە دێت دەسڕدرێت تا ئەو کاتەی خوێنبەربوونەکە دەوەستێت
  • چەند دڵۆپ خوێن لەسەر کاغەزی پاڵاوتنەکە هەبوو کۆیان دەکەینەوە و کاتی خوێنبەربوونمان بۆ دەردەچێت، کۆی هەر دوو دڵۆپی سەر کاغەزی پاڵاوتنەکە دەکاتە یەک خولەک

ڕێژەی ئاسایی ئەم پشکنینە دوو بۆ شەش خولەکە

شیکردنەوەی ئەنجامی ئەم پشکنینە

ئەگەر خوێن لە کاتی ئاسایی خۆی دەستی بە مەیین کرد، ئەوا کاتی مەیینی خوێنی کەسەکە ئاساییە، بەڵام ئەگەر لەو کاتە زیاتر یان کەمتر بخایەنێت دەکرێت بەهۆی ئەم هۆکارانەوە بێت:

  • بوونی کێشە لە لوولەکانی خوێن دەبێتە هۆی نەگواستنەوەی خوێن بە شێوەیەکی گونجاو
  • نەخۆشی بۆماوەیی وەک هیمۆفیلیا، دەبێتە هۆی کەموکوڕی لە فەرمانی پەڕەکانی خوێندا.
  • زۆری پەڕەکانی خوێن، بەهۆی ئەوەی مۆخی ئێسک بڕێکی زۆر لە پەڕەکانی خوێن دروست دەکات، یان کەمی پەڕەکانی خوێن بەهۆی کەم بەرهەمهێنانیان لەلایەن مۆخی ئێسکەوە.
  • بەهۆی نەخۆشی ڤان ویلبراند (Von Willebrand disease) کە نەخۆشییەکی بۆ ماوەییە کار لە کرداری مەیینی خوێن دەکات.

پشکنینەکانی تر

کاتێک ئەنجامی ئەم دوو پشکنینە ئەرێنی بوو بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکە دەکرێت ئەم پشکنینانەش ئەنجام بدرێن:

ئایا ئەم پشکنینە مەترسی بۆ نەخۆشەکە دروست دەکات؟

لە کاتی برینداربوونی پێستدا بە بەردەوامی ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن و خوێنبەربوون هەیە، لەم پشکنینەشدا بەهۆی بریندارکردنی پەنجە و گوێ دەکرێت کەسەکە تووشی هەوکردن ببێت، بەڵام لەبەرئەوەی لەم پشکنینەدا برینەکان زۆر قووڵ نین ئەگەری خوێنبەربوون و هەوکردن کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردن، پێویستە ڕەچاوی پاکوخاوێنی شوێنەکە و ئەو پێداویستییانەش بکرێت کە پشکنینەکەی پێ ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



587 بینین