چۆن دەبیتە نووسەرێکی سەرکەوتوو؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-08-24-16:39:00 - کۆدی بابەت: 9988
چۆن دەبیتە نووسەرێکی سەرکەوتوو؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن دەبیتە نووسەرێکی سەرکەوتوو؟ (بە ئینگلیزی: ?How to be a successful writer، بە عەرەبی: كيف تكون كاتبا ناجحا؟)، نووسەر کەسێکە کە خەیاڵ و بیرۆکەکانی یاخود پەیامێک لەڕێگەی نووسینەوە دەگەیەنێت بە خوێنەر، بە مەبەستی سوودبینین بێت یاخود چێژبینین.

زۆر جۆری نووسین هەیە لەوانە (ڕۆمان، شعر و هۆنراوە، پەخشان، چیرۆک، کورتە چیرۆک، ڕاپۆرت، وتار، ڕۆژنامە و گۆڤار، توێژینەوەی زانستی و مێژوو هەروەها چەندین بابەتی دیکە). لێرەدا چەند تایبەتمەندییەکی نووسەرێکی سەرکەوتوو ڕوونکراوەتەوە.

تایبەتمەندییەکان

  1. نووسینێکی ڕوون و ئاشکرا: نووسەری باش بە نووسینەکانی پەیوەندییەک لەگەڵ خوێنەر دروست دەکات و خوێنەر لە مەبەستی تێدەگات. سەرەتا پێویستە بزانیت کە چی دەنووسیت، دواتر کار لەسەر ئەوە بکە بە چی شێوازێک بینووسیت کە پەیامەکە بگەیەنیت و خوێنەر لێی بێزار نەبێت. بەپێی پێویست درێژە بە بابەتێک بدرێت کە زۆر لە کاتی خوێنەر نەگرێت.
  2. خولیا بۆ کارەکەت: نەک تەنها لە نووسیندا بەڵکوو بۆ سەرکەوتووبوون لە هەر بوارێکدا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان خولیا و حەزە بۆ کارەکە. ئارەزوو بۆ نووسین هەلی سەرکەوتن زۆر زیاتر دەکات، وات لێدەکات کات و توانایەکی زۆرتری بدەیتێ بێ ئەوەی هەست بە بێزاری بکەیت، چونکە نووسین کارێکی بێزارکەر دەبێت بۆ کەسێک کە حەزی لێ نەبێت.
  3. خوێندنەوە: پێویستە خودی نووسەر خوێنەرێکی باش بێت و بەردەوام بخوێنێتەوە، کە بەرچاوڕوونی زیاتر دەداتێ لەسەر بوارەکە، هەروەها کاتێک خۆت خوێنەر بیت بەجۆرێک دەتوانیت نووسینی باش و خراپ لێک جیا بکەیتەوە و دەزانیت خوێنەر زیاتر چی جۆرە نووسینێکی لا پەسەندە، چونکە سەرکەوتنی نووسەر بەندە بە ڕاوبۆچوونی خوێنەرەکانییەوە.
  4. فراوانکردنی وشە و دەستەواژە: نووسەر دەبێت بەباشی ئەو زمانە بزانێت کە پێی دەنووسێت و هەوڵبدات وشە و دەستەواژەی دەگمەن و ناوازە بەکاربهێنێت کە زۆر لە ژیانی ڕۆژانە بەکارنایەن، بەمەش نووسینەکەی تایبەتتر دەبێت. بۆ ئەمەش دەتوانیت لیستێک دروست بکەیت بۆ ئەو وشە دەگمەنانەی کە گوێت لێدەبێت یاخود لەکاتی خوێندنەوە دەیانبینیت، دواتر لەکاتی نووسین بەکاریان بهێنیت. 
  5. ڕێزمان و خاڵبەندی: خاڵبەندی بەشێکی گرنگە لە نووسین و نابێت پشگوێ بخرێت، دەبێت بزانیت چۆن و لە چی کاتێکدا هێماکان بەکاردەهێنیت، شارەزای باشت هەبێت. بۆ ڕێزمانیش بە هەمان شێوە، زۆری هەڵەی ڕێزمانی دەبێتە هۆی بێزارکردنی خوێنەر.
  6. جیاوازبە: هەوڵبدە شێوازی تایبەت بەخۆت هەبێت و جیاوازبیت، شێوازێک دابنێ لەگەڵ خۆتدا بگونجێت خۆتی تێدا دەدۆزیتەوە، چونکە جیاوازبوون سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت و بەرهەمەکەت زووتر بڵاودەبێتەوە هەروەها چەندین جۆری نووسین هەیە کە دەتوانیت کاریان لەسەر بکەیت وەکوو نووسینی ئەکادیمی، ڕۆمان، کورتە چیرۆک، شیعر و هۆنراوە، پەخشان و چەندین جۆری تر. هەرچەندە دەتوانیت لە هەمان کات کار لەسەر چەند جۆرێکیان بکەیت، بەڵام سەرنج خستنەسەر یەکێک هەلی سەرکەوتن زیاتر دەکات وەک لەوەی لە چەند بابەتێک کار بکەیت. 
  7. هەبوونی پلان: نووسین بکە بە خوویەکی ڕۆژانە و کاتی بۆ تەرخان بکە. نووسین کاتێکی زۆری دەوێت بۆیە پێویستە ڕۆتینێکی ڕێکوپێکت هەبێت و چالاکییە ناپێویستەکان پشگوێ بخەیت. هەوڵبدە ئەگەر چەند وشەیەکیش بێت لە ڕۆژێکدا بنووسیت، لەسەر ژیانی نووسەرە سەرکەوتووەکان بخوێنەرەوە و تێبینی ڕۆتینی ڕۆژانەیان بکە.
  8. ئارامگرتن و کۆڵنەدان: تەنانەت نووسەرە گەورەکانیش تووشی بێهیوایی و نائومێدی بوون و ساتێک هەبووە کە ویستویانە واز لە کارەکەیان بهێنن. ئارامگرتن یەکێکە لە گرنگترین تایبەتمەندییەکان کە دەبێت لە نووسەردا هەبێت. هەموو قۆناغەکانی بوون بە نووسەر کاتێکی زۆریان دەوێت هەروەها تووشی ڕەتکردنەوە و ڕەخنەی زۆر دەبیت، هەندێک ڕەخنە بەرەوپێشت دەبات و بە پێچەوانەوە هەندێکیان ڕووخێنەرە کە نابێت گوێیان پێ بدەیت. باشترین شت کە بیکەیت ئەوەیە کە بە گەشبینییەوە بەردەوام بیت لە نووسین.
  9. پێداچوونەوە: پێش بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک پێداچوونەوە بکە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ هەڵەیەکی ڕێزمانی نییە. هەروەها کاتێک بابەتێکی زانستی، مێژوویی، ئەکادیمی یاخود هەر زانیارییەک لە سەرچاوەیەکەوە وەردەگریت، پێداچونەوەی بکە و دڵنیاببەوە کە سەرچاوەکە دروست و باوەڕپێکراوە. بەمشێوەیە متمانەی خوێنەرەکانت بەدەست دەهێنیت.


سەرچاوەکان



932 بینین