بازاڕیکردن لە ئینتەرنێت

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-10-00:59:00 - کۆدی بابەت: 13134
بازاڕیکردن لە ئینتەرنێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بازاڕیکردن لە ئینتەرنێت یان بازاڕکردنی ئۆنڵاین یان بازاڕی ئۆنلاین (بە عەرەبی: التسوق عبر الإنترنت، بە ئینگلیزی: Internet shopping or online shopping)، بازاڕکردنی ئۆنلاین یان کڕینی کاڵا بە شێوەی ئۆنلاین بریتییە لە چالاکی یان کرداری کڕینی بەرهەم یان خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، واتە چوونە سەر ئینتەرنێت و کردنەوەی لە ماڵپەڕی فرۆشیارێک و هەڵبژاردنی شتێک و داواکردنی و وەرگرتنی کاڵاکە لە ڕێگای گەیاندنەوە. کڕیار پارەی کاڵاکە یان خزمەتگوزارییەکە بە شێوەی ئۆنلاین واتا بە کارتی بانکی یان لە ڕێگای بەرنامەی پارەدانەوە وەک (فاستپەی، ئێف ئای بی و چەندانی تر) یان لە کاتی گەیاندنیدا دەدات.

ئەم زاراوەیە تەنها کڕینی شتەکان بە شێوەی ئۆنلاین ناگرێتەوە بەڵکو گەڕان بەدوای کاڵاکاندا بە شێوەی ئۆنلاین دەگرێتەوە. هەروەها بازاڕکردنی ئۆنلاین نزیکەی بیست و پێنج ساڵە هەیە و لە ڕووی جەماوەرییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، لەسەردەمی هاوچەرخدا بە نزیکەیی دەتوانین هەموو شتێک بە شێوەی ئۆنلاین بکڕین، کە لە ڕاستیدا پسپۆڕانی فرۆشتنی تاکەکەسی دەڵێن بەم زووانە بازاڕکردنی ئۆنلاین لە ڕووی هەموو شتێکەوە پێش بازاڕکردنی تەقلیدی دەکەوێت.

پەیووندی بازاڕکردنی ئۆنلاین بە بازرگانی ئەلیکترۆنییەوە چییە؟

بازاڕکردنی ئۆنلاین بەشێکە لە بازرگانی ئەلیکترۆنی کە دەتوانرێت بوترێت بازاڕکردنی ئۆنلاین کورتکراوەی بازرگانی ئەلیکترۆنییە، کڕینی ئۆنلاین کاتێک ڕوودەدات کە کڕیارێک لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵییەوە کڕین بکات، هەروەها ڕووماڵکردنی جیهانی یەکێکە لە سوودە سەرەکییەکانی بازاڕکردنی ئۆنلاین، بازاڕکردنی ئۆنلاین دەتوانێت شوێنپێی پەیوەست بە فرۆشتنی تاکەکەسی کەم بکاتەوە بە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو گەشتانەی کە بەکارهێنەران بۆ فرۆشگا فیزیکییەکان ئەنجامی دەدەن. هەروەها زۆرجار پلاتفۆرمی کڕینی ئۆنلاین شیکاری داتا بەکاردەهێنن بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری کەسی، ئەزموونی کڕینی بەکاربەر بەرز دەکاتەوە. 

کام فرۆشیارانە بازاڕکردنی ئۆنلاین پێشکەش دەکەن؟

لە سەردەمی هاوچەرخدا زۆربەی فرۆشگاکان ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان دەکەن بە دابینکردنی کرداری کڕین بە شێوەی ئۆنلاین، بە واتایەکی تر ئەوان ماڵپەڕێکیان هەیە کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات لە ڕێگەی وێبەوە کاڵاکان بکڕن لێیان. فرۆشیارەکە کاڵاکە یان دەیگەیەنێتە ماڵی کڕیارەکە یان شوێنی کارەکەی یان کاڵاکە دەگەیەنێتە دەستی خێزانەکەی کە ئەمەش بە ڕێگای گەیاندن دەبێت. هەروەها هەندێک کۆمپانیا هەن کە لە ڕاستیدا تەنها بە شێوەی ئۆنلاین کاڵاکانیان دەفرۆشن، واتا هیچ دوکانێکی فیزیکییان نییە کە خەڵک سەردانیان بکات، لەو کۆمپانیایانەش بریتییە لە:

  • کۆمپانیای ئەمازۆن نزیکەی هەموو کاڵاکانی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی بازرگانی ئەلیکترۆنی خۆیەوە بە شێوەی ئۆنلاین دەفرۆشێت.
  • هەروەها کۆمپانیای NewEgg، ،Ocao و TigerDirect بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجیان لەسەر ئاسانکارییەکانی بازاڕکردنی ئۆنلایە.

بازاڕکردنی ئۆنلاین چۆن کاردەکات؟

بۆ ئەنجامدانی کرداری بازاڕکردن بە شێوەی ئۆنلاین پێویستت بە زۆر شت دەبێی بەڵام لە سەرووی هەمووشتێکەوە پێویستت بە هێڵی ئینتەرنێت و کارتی بانکی و وشەی نهێنی پارێزراوی خۆت دەبێت، هەروەها پێویستت بە ئیمەیڵ و ژمارەی مۆبایلی جێگیر دەبێت، هەروەها زۆربەی فرۆشیارەکان گەر جارێک کاڵایان لابکڕیت ئەوا ڕێگەت پێدەدەن وشەی نهێنی خۆت دروست بکەیت و دڵنیابە کە وشەی نهێنیەکەت کەس ناتوانێ بیزانێت، هەروەها بۆ دیاریکردنی وشەی نهێنی کە نەتوانرێت هاک بکرێت ئەوا دوور بکەوەرەوە لە ڕۆژی لەدایک بوونی خۆت و کەس و ئازیزانت یان ژمارەی مۆبایلەکەت، با ژمارەی نهێنیەکەت بە شێوەیەکی ئایدیاڵ بێت واتا تێکەڵەیەک لە پیت و ژمارە و پیتی کەپیتەڵ و سمۆڵ لەخۆ بگرێت. پاشان تۆ بەو ڕێسایانە دەڕۆیت کە فرۆشیارەکە پێشکەشی دەکات کە هەندێک جار لیستی پۆلەکانیان دەبێت، وەک مۆبیلیات، کەرەستەی وەرزشی، باخداری و چەندانی تر. هەروەها زۆربەی فرۆشیارانی تاکەکەسی ئامرازی گەڕانیان هەیە کە ئەمەش واتە دەتوانیت ناوی ئەو شتە بنووسیت کە بەدوایدا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ئەوان ئەو کاڵایەیان هەیە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت یان نا.


سەرچاوەکان



79 بینین