چۆنیەتی ڕاگەیاندنی هەلی کار

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-12-14:56:00 - کۆدی بابەت: 12874
چۆنیەتی ڕاگەیاندنی هەلی کار

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنیەتی ڕاگەیاندنی هەلی کار (بە عەرەبی: كيف تعلن عن فرص عمل، بە ئینگلیزی: How to announce job opportunities) زۆرجار خاوەنی کار و پیشەکان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەلی کاردا ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە لەلایەن جەماوەر چونکە ناتوانن بە وردی دیاری بکەن کە چ ڕەگەز و کارمەندێکیان پێویستە بۆ ئەو بەشە، چەندین پیشە لە یەک کەسدا کۆدەکەنەوە کە هەموویان دوورن لە یەک تر. بۆ ئەوەی خاوەنکار دووربێت لە هەڵە و زۆرترین کەس CV خۆیان بنێرن بۆ دامەزراوەکە دەبێت ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێت. 

گرنگترین هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنی هەلی کار

یەکەم: دامەزراوەکان هەمیشە دەبێت هەوڵبدەن کەسانی تازە وەربگرن لە ژیانی پیشەییدا، واتا ئەوانەی تازە خوێندنی ئەکادیمیان تەواو کردووە و دەیانەوێت بێنە دونیای کارەوە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا کارمەند یان فەرمانبەر تەمەنی کەمتر بێت ئاستی بەرهەمی زیاترە. 

دووەم: دیاریکردنی ڕەگەز، هەندێک دامەزراوە جیاکاری ڕەگەزی ئەنجام دەدەن و تەنها ڕەگەزێکی دیاریکراو داوا دەکەن بۆ پیشەیەک، بۆ نموونە پیشەی گرافیک دیزاینەر، کاشێر، بەڕێوەبەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان بەڕێوەبەر بۆ بەشێک لە بەشەکانی دامەزراوە. هەندێک پیشە ڕەگەز نابێت لە ڕاگەیاندنی هەلی کار دابنرێت. بۆ نموونە گرافیک دیزاینەر هەر ڕەگەزێک بێت دەتوانێت کارەکەی خۆی بکات. 

سێیەم: پسپۆڕی، هەلی کار زیاتر لەلایەن دامەزراوە گەورەکان وەکو کۆمپانیا و مۆڵەکان ڕادەگەیەنرێن، ئەم دامەزراوانە بەشی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکانیان هەیە  بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان کاتێک کارمەندی نوێی بۆ بەشێک دەوێت دەبێ بزانێت چ پسپۆڕییەکی دەوێت، نابێت کارمەندێک چەند پسپۆرییەکی تێدا کۆبکرێتەوە بۆ نموونە گرافیک دیزاین نابێت ڤیدیۆ مۆشن و شارەزای بەڕێوەبردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی پێ بدرێت و کاری سپۆنسەر کردن و پۆست کردنی پێ بکرێت چونکە ئەم کەسانە تەنها دەبێت لە یەک بوار قووڵ ببنەوە و کاتی بۆ تەرخان بکەن. جگە لەوە هەندێک بەش هەیە وەکو بازاڕگەری دەتوانێت لە چەند بەشێکی دامەزراوەکە کاربکات بەڵام دووبارە دەبێت لە یەک بەشی جێگیر دابنرێت. 

چوارەم: ئەزموونی کارکردن، زۆرێک لە دامەزراوەکان گرنگی بە تازە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان نادەن و لە هەلی کاردا داوای ساڵانێکی زۆری ئەزموونی کارکردن دەکەن کە بە گشتی لە ٢ ساڵ کەمتر نییە و لە ١٠ ساڵ زیاتر نییە. هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەیەک لە عێراقدا شەش مانگ بۆ ساڵێک کارمەندی نوێ دەخاتە ژێر چاودێری یان تێست، خاوەن ئەزموون بێت یان ئەزموونی نەبێت. دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەگەڵ نوێترین سەرچاوەکان فێردەبن و ئەزموونی بیردۆزی و کرداری وەردەگرن لەسەر بابەتەکان جا بۆیە لە هەلی کاردا دەبێت سوود لە توانای ئەم گەنجانە وەربگیرێت بێ مەرجی ئەزموون چونکە خودی خۆیان لە ماوەی چاودێری و هەڵسەنگاندن فێردەبن و ئاستیان بەرەو پێش دەچێت. 

پێنجەم: موچە، لە فۆرمی ڕاگەیاندنی هەلی کار یەکێک لە بابەتە پێویستەکان دانانی موچەیە بە پێوەرێکی دادپەروەرانە کە لەگەڵ پسپۆڕی و ئەو بڕوانامەیە بگونجێت کە داوا دەکرێت. زۆرێک لە شوێنە بازرگانییەکان لە چاوپێکەوتنی هەلی کاردا باسی موچە دەکەن کە ئەمە شتێکی هەڵەیە، چونکە ئەو کەسەی خوازیارە کار بکات ئەگەر نەزانێت ئەو موچەیە چەندە کە پێی دەدرێت ئامادە نابێت CV بنێرێت. 

شەشەم: کارکردن لە ژێر فشاردا، هەندێک دامەزراوە ئەم خاڵە وەکو مەرجی کارکردن دادەنێن کەوا کارمەند دەبێت ڕازی ببێت بە کارکردن لە ژێر فشاردا، ئەمەش پێچەوانەی ڕێساکانی کارکردنە لە سەردەمی هاوچەرخدا، زۆرینەی کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان لە جیهاندا بە بیردۆزی Y کاردەکەن کە شێوازی کارکردن بە گرووپ و نەرم و نیانی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و گونجاوی کارکردنە نەوەکو دروست کردنی فشاری زۆر و وابکات فەرمانبەرەکە بە دڵە ڕاوکێ کاربکات.

هەندێک بابەتی پێویست کە دەبێت خاوەن کار بیکات

کاتێک دامەزراوەیەک هەلی کار داوا دەکات دەبێت چەند ڕێکارێک بگرێتە بەر:

یەکەم: ناوی کۆمپانیا یان دامەزراوە دیار و ئاشکرا بێت، زۆر جار خاوەن کار لە شوێنێکی نافەرمی داوای هەلی کار دەکات وەکو گرووپەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک و بەناوی نادیار یان هەژماری ناڕاستەقینە. بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە لە هەژمار و پەڕەی فەرمی دامەزراوەکە داوا بکرێت. 

دووەم: ناونیشانی دامەزراوەکە دیاربێت، هەندێک شوێن ناونیشان نانووسێت و لە شوێنە نافەرمییەکان تەنها ئیمێڵ یاخود ژمارەی مۆبایل دادەنێت کە ئەمەش هەڵەیە و گرنگترین بابەت دانانی ناونیشانی دامەزراوەکەیە.

سێیەم: ژمارەی مۆبایل کارا بێت، هەندێک جێگه چەند ژمارەیەک دادەنێت هیچی ناتوانیت پەیوەندی پێوە بکەیت یان پەیوەندییەکە وەرناگیرێت. دەبێت ژمارەکانی پەیوەندی هی دامەزراوەکە بێت نەوەکو ژمارەی تایبەت.

چوارەم: کاتێک کەسی خوازیار کە پەیوەندییەکەی وەردەگیرێت بەڕێزەوە قسەی لەگەڵدا بکرێت و هەموو شتەکانی بۆ ڕوون بکرێتەوە و وادەی چاوپێکەوتنی تەواوی بۆ دابنرێت، هەندێک دەستەواژە نابێت بوترێت وەک "کاتمان نییە، ئەگەر دێیت وەرە ئەگەرنا لە کاتمان مەگرە، تۆ دەتەوێت کاربکەیت یان نا، ببوورە ئێستا کاتمان نییە کاتژمێرێکی تر پەیوەندی بکەرەوە، چەندان دەستەواژەی تر". 

پێنجەم: لە کاتی چاوپێکەوتندا لیژنەی چاوپێکەوتن پێویستە هەموو زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی کار و کاتی کارکردن و پاداشت هەمووی بەر لە گرێبەست بۆ کەسی خوازیار ڕوون بکەنەوە و ئاماژەی پێبدەن و لە گرێبەستەکەشدا بە ڕاشکاوانە مەرجەکان باس بکرێن لە نێوان فەرمانبەر و بەڕێوەبەردا.


سەرچاوەکان



1922 بینین