چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئۆفیس

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-19-19:02:00 - کۆدی بابەت: 13200
چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئۆفیس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئۆفیس (بە عەرەبی: کیفیة ادارة مکتب، بە ئینگلیزی: How to manage an Office) هەر کۆمپانیایەک یاخود ڕێکخراو یان بە گشتی شوێنی بازرگانی پێویستە پێشینەی کارەکانی بریتی بێت لە بەڕێوەبردنی نووسینگەی کارەکەی پاشان گرنگی بدات بە بابەتەکانی تری وەکو (زیادکردنی فرۆش، ناساندن، قازانج و بابەتەکانی تری پەیوەست بە بەڕێوەبردن) هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نووسینگەی کارکردن شوێنی سەرەکییە بۆ ئەوەی هەموو پڕۆسەکانی بەڕێوەبردن تێیدا ڕوودەدەن بۆ ئەمەش خاوەن کار دەبێت بەشێوازێکی لێهاتوو و کارامەییانە بیر لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی نووسینگەکەی بکاتەوە.

گرنگترین شێوازەکانی بەڕێوەبردنی نووسینگەی کار 

یەکەم: دیاریکردنی ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرا 
پاش ئەوەی نووسینگەی کارکردن دادەنرێت و فەرمانبەرەکان دەست دەکەن بە کارەکانیان، دەبێت خاوەن کار لە نووسینگەکەدا بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا ئامانجەکان بخاتە ڕوو، کە خۆی لە سێ ئامانجدا دەبینێتەوە: 

  • ئامانجی کورت مەودا (٣ مانگ). 
  • ئامانجی درێژ مەودا (ساڵێک بۆ دوو یان سێ ساڵ). 
  • ئامانجی ستراتیجی (زیاتر لە پێنج ساڵ). 

نابێت خاوەن کار دەستەواژەی "دوایی پێتان دەڵێم" یان "ئێستا زووە بۆ ئەوە" یان "کاتی نییە" ئەمانە بەکاربهێنێت لە کاتی باسکردنی ئامانجەکانی کارەکەی. 

دووەم: دروستکردنی ژینگەیەکی ئەرێنی بۆ کارکردن 
پێویستە نووسینگەی کار هەموو مەرجێکی تێدابێت کە پێی بوترێت شوێنێکی پارێزراوە لە ڕووداوی نەخوازراو، کە تیایدا فەرمانبەران بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن، پێویستە نووسینگەکە بەشێوازێک ڕێکخرابێت هاندەری فەرمانبەران بێت تاوەکو بە باشی کاربکەن. 

سێیەم: گفتوگۆی کاریگەرانە
لە شوێنی کارکردن هەمیشە بەرکەوتنی پەیوەندی هەیە لە نێوان فەرمانبەران و دەستەی کارگێڕی، بۆ ئەمەش پێویستە دەستەی کارگێڕی لە کاتی گفتوگۆدا بە جۆرێک بدوێن کەوا هاندەرانە بێت و لە هەمان کاتیشدا فەرمانبەران وەک دەسەڵاتدار بەسەریانەوە لێیان بڕوانن و هەوڵی ئەوە نەدەن بە خراپی کار بکەن. 

چوارەم: نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم بەکاربێت
لە هەندێک ناوەندی کار لە وڵاتە هەژارەکان سیستمی کۆن پەیڕەو دەکرێت و ئەو ئامێرانەی لە میانەی کاردا سوودیان لێ دەبینرێت لەلایەن وڵاتانی دروستکەرەوە چیتر بەکارناهێنرێن، بۆ نموونە ویندۆزی کۆمپیوتەر کە لەم سەردەمەدا بەرزترین ویندۆز ١١ یە کەچی ئەوان ویندۆزی XP یان ٧ بەکاردەهێنن یاخود پڕۆگرامەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس کە ساڵانە نوێ دەکرێنەوە و بەکارهێنانیان ئاسانتر دەکرێت کەچی ئەمان کۆنترین وەشانی بەکاردەهێنن کە بۆ ئەنجامدانی فرمانێک کاتێکی زۆر دەخایەنێت. بۆیە پێویست دەکات نووسینگەکانی کارکردن لەگەڵ نوێگەریدا گەشە بکەن و ئامێرەکان بە نوێترین وەشان بەکاربهێنن یان هەر کاتێک وەشانی نوێ بەردەست بوو ئەوا سیستمی ئامێرەکان نوێ بکەنەوە. 

پێنجەم: دابەشکردنی ئەرک و دیاریکردنی کۆتا بەروار 
لە شوێنی کاردا پێویستە ئەرک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا بکرێت. کۆتا بەرواری کارکردنیش بە دیاریکراوی دابنرێت. نابێت ئەم دەستەواژانە بەکاربێت "حەز دەکەیت مانگێکی تر تەواوی بکە" یان "بۆ تۆ هەفتەیەک بێت "دەبێت بە دیاریکراوی بوترێت" ڕۆژی دووشەممە و بەرواری دیاریکراو لەو ڕۆژەدا دانرێت" ئەمەش بۆ ئەوەیە هەمووان بە باشی کارەکانیان تەواو بکەن. 

شەشەم: پابەندبوون بەکاتی کارکردن 
لە شوێنی کارکردن دەبێت ئامێری کات پێو دابنرێت کە هەر فەرمانبەرێک ژمارەی خۆی هەیە کاتێک ژمارەکەی تۆمار کرد ئیتر لە ڕێگەی ئامێری زیرەک لەو ژوورەی کاری تێدا دەکات کاتی کارکردنی هەژمار دەکات لە ڕۆژێکدا. ئەگەر کات بە فیڕۆ بدات ئەوا ئامێرەکە هەژماری دەکات بۆ کاتی پشوودان و نان خواردنیش پێویستە و دووبارە تۆماری دەکات. ئەم تەکنیکە لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەکاردەهێنرێت و توانراوە ڕێگری بکرێت لە کات بە فیڕۆدانی فەرمانبەران. 

حەوتەم: دانانی فەرمانبەر لەو جێگەی پسپۆڕی خۆیەتی 
لە نووسینگەی کارکردن چەندین یەکەی جیاوازی کارکردن هەیە وەک بەشی ژمێریاری، بەشی کارگێڕی، بەشی سەرچاوە مرۆییەکان، بەشی بەبازاڕکردن، بەشی گەشەپێدان و پلان دانان و بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکان چەندین یەکە و بەشی تر، پێویستە فەرمانبەر بەو پسپۆڕییەی هەیەتی بۆ نموونە بەشی بەبازاڕ کردن پسپۆڕییەکەی گشتییە و لە هەموو بەشەکانی کۆمپانیا دەتوانێت کاربکات بۆ ئەم حاڵەتە دەبێت لە هەر بەشێک و ئەرکێک بۆ فەرمانبەرەکە دابنرێت لە کامیاندا نمرەی بەرزتری هێنا لەو بەشەدا جێگیربکرێت.

هەشتەم: گرنگیدان بە بەشی سەرچاوە مرۆییەکان 
بەشی سەرچاوە مرۆییەکان لە ساڵانی ١٩٥٠ کاندا وەکو بەشێکی نوێ لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوت کە پەیوەندی نێوان دەستەی کارگێڕی و فەرمانبەران ڕێکدەخات و لە هەمان کاتیشدا پردی بەیەکتر بەستنەوەی پەیوەندییەکانە. بۆیە دەبێت لە هەموو نووسینگەیەکی کاردا ئەم بەشە هەبێت و دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت کە ڕێخستن بکات بۆ کاری فەرمانبەران بە بیردۆزە نوێیەکانی کارگێڕی وەکو بیردۆزی نیۆکلاسیک و مۆدێرن یاخود تێکەڵەی بیردۆزی X و بیردۆزی Y.

نۆیەم: پلە بەرزکردنەوە 
لە کۆمپانیاکانی جیهاندا ئەوانەی بەتەواوی بە سیستمی مۆدێرن کاردەکەن بەتایبەتیش ئەوانەی ناوبانگی زۆریان هەیە بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەر سیستمێکی ڕیزبەندیان داناوە لە ئاستی سەرەتا تاوەکو باڵا. فەرمانبەر گەر ئەزموونی کارکردنیشی زۆربێت دەبێت بە پلەی سەرەتادا تێپەڕببێت تا دەگاتە ئاستی باڵا. لە هەر ئاستێک کۆمەڵێک ئەرک جێبەجێ دەکرێت کە بە تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد دیاریدەکرێت. لە هەندێ پلەدا فەرمانبەر ڕووبەڕووی کێشەیەکی خەیاڵی دەکرێتەوە کە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکە دەبێتەوە ماوەیەکیش دەدرێت بە فەرمانبەرەکە کە بیربکاتەوە چۆن چارەسەری بکات، هەڵبەتە ئەم جۆرە تەکنەلۆجیایە سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە لە کۆمپانیاکانی براندی ئۆتۆمبیل بەتایبەتیش براندە ئەڵمانییەکان. 

دەیەم: وەرگرتنی هەڵسەنگاندن لە فەرمانبەران 
یەکێک لە ئەرکەکانی نێو نووسینگەی کار ئەوەیە بەردەوام هەڵسەنگاندن وەربگیرێت تا بزانرێت ئاستی کارکردنی فەرمانبەران چۆنە و لە ژینگەی کار ڕازین؟ پێویستیان بەچی هەیە تا کارەکان ڕایی بکەن؟ 

یانزەیەم: کارکردن بە شێوەی سیستمی کراوە 
لە کارگێڕیدا دوو جۆر سیستمی کار هەیە ئەوانیش داخراو و کراوەن. سیستمی داخراو ئەوەیە هەر کەس بۆ خۆی کاربکات. سیستمی کراوەش ئەوەیە بە پڕۆسە کاربکرێت یان ڕوونتر بە شێوەی گرووپ کاربکرێت. ئەرکەکان دابەش دەکرێت بەسەر یەکەکاندا بۆ نموونە کۆمپانیایەک لە بواری ئۆتۆمبیل کاردەکات یەکەم کار گرووپێک نەخشەی مۆدێلەکە دەکێشن لەسەر کاغەز پاشان گرووپێکی تر لەسەر بنەمای نەخشەکە پڕۆتۆتایپێک دادەڕێژن "بەرهەمەکە لە قۆناغی سەرەتا" پاشان گرووپی بەبازاڕ کردن و فرۆشتن پلانەکانی خستنە بازاڕ دادەڕێژن و گرووپی فرۆشتنیش پلانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلەکە دادەنێن. لەگەڵ ئەمانەدا گرووپی دروستکردن مۆدێلە پڕۆتۆتایپەکە لە مۆدێلێکی سەر کاغەز دەگۆڕن بۆ بەرجەستەکراو. هەموو ئەمانە پێیان دەوترێت پڕۆسە کە بە شێوەی گرووپ کاردەکەن و مۆدێلێکی سەر کاغەز دەگۆڕن بۆ مۆدێلێکی بەرجەستەکراو کە بتوانیت هەستی پێ بکەیت و دەستی لێ بدەیت و ئەزموونی بکەیت. 

دوانزەیەم: گرنگی دان بە پاک ڕاگرتنی نووسینگەی کار 
پاکوخاوێنی لە هەموو شوێنێک ئەرکی سەر شانی تاکەکانە. لە نووسینگەی کاردا پێویستە ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکرێت پاکوخاوێن بێت، شێوێنراو نەبێت بە هۆی زۆری کاغەزی بەکارهاتوو و دانانی کەلوپەلی زۆر لەسەر مێزەکان کە بواری ئەوەنە نەدات بە شێوەیەکی ئاسوودە کار بکەیت. کاغەزە بەکارهاتووەکان کە چیتر کەڵکیان نییە دەبێت لە جێگەیەکدا کۆبکرێنەوە نەوەک لە هەموو جێگەیەکی نووسینگەکە بڵاو بکرێنەوە. چونکە ئەمە سیمایەکی ناشرین دەبەخشێتە نووسینگەکە. 

سیانزەیەم: هەبوونی کۆگا بۆ زەخیرەکردنی کەلوپەل 
لە هەندێک لە نووسینگەکانی کارکردندا کۆگایەکی شایستە نییە تاوەکو ئەو کەلوپەلانەی پێویست نین تێیدا زەخیرە بکرێن زۆرجار لە ڕێڕەوەکانی هاتوچۆکردندا دادەنرێن و شوێنێکی زۆر داگیردەکەن. بۆ ئەمەش پێویستە لە هەر نهۆمێکی کۆمپانیاکەدا کۆگایەکی گونجاو دروست بکرێت و کەلوپەلەکان بە ڕێکوپێکی هەڵبگیرێن تا ون نەبن. یاخود خراپ ببن. 

چواردەیەم: هاوسەنگی ڕاگرتن 
پێویستە لە نووسینگەی کاردا هاوسەنگی ڕابگیرێت لە نێوان ژیانی تایبەت و کاردا، بە جۆرێک بێت لە ناو نووسینگەدا فەرمانبەر بیری لای کێشە خێزانییەکان و ژیانی تایبەتی نەبێت هەروەها لە ماڵەوەش بیری لای شوێنی کارەکەی نەبێت. بە واتایەکی تر ئەم بابەتە پەیوەستە بە دەروونەوە کە هەست بە دڵەڕاوکێ و شڵەژان نەکەیت لە ماڵەوە و شوێنی کاردا، شتەکان بە ئاسایی وەربگریت و هیچ بابەتێک وات لێنەکات شڵەژاو بیت. 

پانزەیەم: وەرگرتنی بۆچوونی فەرمانبەران 
دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبەر ڕاستە دەسەڵاتیان هەیە بەسەر فەرمانبەرەکانیان، بەڵام لە کاتی دانانی پلانەکان و ئامانجەکان بۆچوونی فەرمانبەران وەربگرن تاوەکو بە باشی و بێ گرفت بگەنە جێگەی مەبەست، چونکە هەر پلان و ئامانجێک چەندین تێڕوانین و گۆشە نیگای جیاوازی هەیە، دەکرێت بەڕێوەبەر لە گۆشەیەکەوە بڕوانێت بەڵام فەرمانبەرەکان بۆچوونی جیاوازیان لە بارەیەوه هەبێت. بۆ ئەمەش ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکان گرنگە.



101 بینین