بایکۆتی ئەو کۆمپانیایانەی پشتگیری ئیسرائیل دەکەن

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-08-14:55:00 - کۆدی بابەت: 13127
بایکۆتی ئەو کۆمپانیایانەی پشتگیری ئیسرائیل دەکەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بایکۆتی بەرهەمی ئەو بڕاند و کۆمپانیایانەی کە پاڵپشت و پشتگیری ئیسرائیلی داگیرکەر دەکەن (بە عەرەبی: مقاطعة منتجات الشركات الداعمة لإسرائيل، بە ئینگلیزی: Boycott products of companies that support Israel) بریتییە لە هەڵمەتی بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیا و بڕاندە ناودارانەی جیهان کە پشتگیری ئیسرائیل دەکەن، لە دوای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ هەڵمەتەکە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا بە گشتی و تیکتۆک بە تایبەتی لەڕێگەی هاشتاگەوە ڕاگەیاندرا و پتر پەرەی پێدرا.

بە تێپەڕبوونی کات و بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئیسڕائیل لە غەززە هەڵمەتەکە وەک بزووتنەوەیەک یان جووڵانەوەیەکی لێهات کە لەنێو کۆمەڵگا جیاوازەکان بایکۆتکردنی بەرهەمی کۆمپانیا و بڕاندەکان کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن کاردانەوە و کاریگەری زۆری هەبوو، تاڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەو پێیەی بەتێپەڕبوونی کات بایکۆتەکە گۆڕا بووە کولتوورێک یان نەرێتێکی جەماوەری بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی وڵاتە عەرەبی و وڵاتە ئیسلامییەکان.

چەند نموونەیەک لە مێژووی بایکۆتکردن

بایکۆتی کاڵا یان بەرهەم وەکوو چەکی گەل و کۆمەڵگەکان دادەنرێت چونکە لە ڕابردوودا لە دژی چەندان داگیرکەر بەکارهێنراوە و ئەنجامی کارا و ئەرێنی هەبووە بە تایبەتی لە بواری کەرتی ئابووری. چەند نموونەیەکی دیاری بایکۆتکردن لە مێژوو:

  • لە ساڵی ١٨٧٩ بۆ ١٨٨٢ ئێرلەندا كە لەلایەن ئینگلیزەوە داگیر کرابوو، جوتیارەکانیان دژی بڕیارێکی ئینگلیز بایکۆتی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کرد، بازرگان و دەوڵەمەندە ئینگلیزەکان زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێرلەندایان بە کرێ دەدایەوە جووتیاری خاوەن زەوییەکە، لە ئەنجامدا جووتیارەکان زەوییەکانیان بە کرێ نەدەگرت و زەوییە کشتووکاڵییەکانیان بەئەنقەست و بەویستی خۆیان بەکارنەدەهێنا و کارکردنیان ڕاگرت، ئەم ڕووداوە کاریگەری گرنگی هەبوو لە فشار دروستکردن بۆ سەر ئینگلیز ودەرکردنی بڕیارێک بۆ بەرژەوەندی جووتیاران و دواتریش دروستبوونی بەرخۆدانی جەماوەری و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئێرلەندا.
  • لە ئەفریقای باشوور هەڵمەت و جووڵانەوەکانی بایکۆتکردنی یاسا و بڕیارەکانی ئاپارتاید ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە ڕۆشنبیرکردن و ئاگادارکردنەوەی دانیشتووان و پووچەڵکردنەوەی سیستمی ئاپارتاید کە سیستمێکی ستەمکاری ڕەگەزپەرستی بوو جیاوازی لە نێوان ڕەشپێست و سپیپێستی وڵاتەکە دەکرد.
  • لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ لە ماوەی ڕووداوەکانی ڕاپەڕینی دووەمی فەڵەستین، دانیشتووانی وڵاتی میسر بایکۆتی جبسی لەیزیان کرد کە زیانێکی زۆری بە داهاتی کۆمپانیاکە دا، بۆیە ناچار لەیز بڕاندی (شیبسی) کڕییەوە کە بڕاندێکی میسری بوو و لەژێر هەمان ناو لەمیسر بەرهەمەکانی خۆی لە بازاڕی میسر ساغکردەوە.

گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەی پاڵپشتی ئیسرائیلی داگیرکەر دەکەن

زۆرێک لە کۆمپانیاکانی جیهان هەندێکیان بە ئاشکرا و هەندێکیانیش بە نهێنی پاڵپشتیکاری دارایی و مەعنەوی هێز و سوپای ئیسرائیلن یانیش خاوەنەکانیان جوون و بە ئاشکرا پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن، پشتگیرییەکانیان لە ڕێگەی دارایی بۆ ئیسرائیل یان ڕیکلامکردنە یان پاڵپشتی سوپای ئیسرائیلە لەڕێگەی بەرهەمەکانیانە، نموونەی:  

  • ماکدۆناڵدز کە ژەمی بێ بەرانبەر دەبەخشێتە سەربازانی سوپای ئیسرائیل و لە زۆرێک لە گرتە ڤیدیۆکان بڵاوبووەوە، چونکە بریکاری زنجیرە خواردنە خێراکانی ماکدۆناڵدز لە ئیسرائیل پشتیوانی سوپای داگیرکەری بە نزیکەی ٤ هەزار ژەم لە ڕۆژێکدا ڕاگەیاند.
  • نموونەی بڕاندی زارا کە فۆتۆسێشنێکی بە ڕەنگی سپی بڵاوکردەوە وەکوو سووکایەتییەک لێکدرایەوە بە کفنی قوربانیانی غەززە. 
  • نموونەیەکی تر بریتییە لە نایکی، لە بەشی دیزاینکردنی ئۆنڵاین هەڵبژاردنێکی هەیە ڕێگە بە بەکاربەر دەدات کە بە دڵی خۆی کاڵا و پێڵاوی وەرزشی دیزاین بات بە چی جۆرە ڕەنگێک لەگەڵ دانانی هەر دەستەواژەیەک لەسەر کاڵاکە کە پێی خۆشە، بەڵام دانانی ڕەنگەکانی ئاڵای فەڵەستین پێکەوە یان دانانی دەستەواژەی (free palestine) ڕێگەپێدراو نییە و هەڵبژاردنەکە مۆدێلەکەت بۆ جێبەجێ ناکات. 
  • پیتزا هۆت و دۆمینۆز پیتزا ژەمی بێ بەرانبەر دەبەخشنە سووپای ئیسرائیل و لە گرتە ڤیدیوکانی سۆشیال میدیا بڵاوکرانەتەوە.
  • کارفوور لە تەلئەبیب لەکاتی هێرشەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەر پاڵپشتی بۆ هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەستەبەر کردبوو.
  • هەندێک لە لقەکانی زنجیرە خواردنگە خێراکانی ئەمریکا و ئەورووپا بەشێک لە زەرف و پاکەتەکانیان بە ئاڵای ئیسرائیل ڕووپۆش کردووە وەکوو پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەو وڵاتە.

گرنگترین کۆمپانیا و بڕاندی جیهانی کە پشتگیری ئیسرائیل دەکەن بریتین لە:

بەرهەمەکانی کۆمپانیای کۆکاکۆلا

بانگەشەی بایکۆت لە وڵاتە جیاوازەکان و کاریگەری لەسەر داهاتی گشتی کۆمپانیاکان

دوای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا لە مانکی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ زۆرێک لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە بە تایبەتی تیکتۆک هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەم و بڕاندەکانی جیهان کە لەڕووی دارایی و مەعنەوییەوە هاوکاری داگیرکارییەکانی ئیسرائیلن یان خاوەنەکانیان جوولەکەن و پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن لە ڵاوتانی جیهان ڕاگەیاندرا، وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی تەنانەت وڵاتانی ئەورووپیش بێبەش نەبوون لەم هەڵمەتە، گرنگترین وڵاتەکان کە پاڵپشتی ئەم هەڵمەتەیان کرد بریتی بوون لە:

بایکۆت لە وڵاتی میسر 

لە میسر بە گشتی لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە دژی بەرهەمی خواردنەوەی بیپسی بوون، لە سەرەتای هەڵمەتەکە لە لە زۆر ناوچە بەرهەمی بیپسی نەدەکڕدران. هوکات بڕی فرۆشییەکانی زنجیرە خواردنگەکانی ماکدۆناڵدز له مانگی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٧٪ لە میسر کەمی کرد.

بایکۆت لە عێراق

لە سەرەتای هەڵمەتەکە بایکۆت لە عێراق زۆر گرنگی پێنەدرا، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٤، بەشێک لە لایەنگرانی شیعە و حیزبوڵڵا لە بەغداد هێرشیان کردە سەر لقەکانی زنجیرە خواردنگەکانی KFC لە بەغداد و ڕێگری لە هێنانی چەند بەرهەمێک نموونەی جپسی لەیز کرا بۆ چەند ناوچەیەکی بەغداد، چەند گردبوونەوەیەک بۆ دژایەتی و بایکۆتی کاڵا ئەمریکییەکان ئەنجام درا، هاوکات جێگرەوەی ناوخۆیی و بەرهەمی نیشتمانی ناسنێران.

بایکۆت لە ئوردن

لە وڵاتی ئوردن چەند لقێکی کارفوور داخران، هاوکات لە عەممانی پایتەخت لقێکی سەرەکی ستاربۆکس داخرا، زۆرێک لە لقەکانی زنجیرە خواردنگەکانی بەرگەرکینگ و پیزا هۆت و ماکدۆناڵدز و کینتاکی بێبازاڕییەکی زۆریان تووش بووە، بەکارهێنانی زۆرێک لە بڕاندەکانی وەک بیبپسی و نێسڵێیە و کۆکاکۆلا کرا بە بەرهەمی جێگرەوەی نیشتمانی و ناوخۆیی ئوردنی و لەلایەن بەکارهێنەرانەوە دکڕدرێن.

بایکۆت لە کوەیت

بەهۆی زۆری بەربڵاوی خواردنگە و کافێکان لە وڵاتی کوەیت، زۆرێک لە کوەیتییەکان گرنگیان بە خواردنگە نێوخوییەکان داوە و بایکۆتی زۆرێک لە بڕاندە ئەمریکییەکانیان کراوە.

بایکۆت لە مالیزیا و ئەندەنووسیا

لە دوای ڕاگەیاندنی هەڵمەتی دژایەتی و بایکۆتکردنی چەند بڕاندێکی ناودرا، لە وڵاتی مالیزیا ١٠٨ لقی زنجیرە خواردنگەکانی کینتاکی داخران، هاوکات بەشێکی زۆری لقەکانی ستارباکس و پیزا هۆت و ماگدۆناڵدیزیش لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە مالیزیا داخران. ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردەوە کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتڵەنتیک و سی ڤی سی کاپیتال پارتنەرز فرۆشتنی پشکی بەرچاوی چەند ملیۆن دۆلارییان لەو کۆمپانیایانە ڕاگرتووە کە براندەکانی خواردنی خێرای ئەمریکی لە مالیزیا و ئەندەنووسیا بەڕێوەدەبەن چونکە بەهۆی ناڕەزایەتی و بایکۆتەکانەوە و زیان بە داهای گشتییان کەوتووە.

بەکارهێنەرانی وڵاتانی ئەندەنووسیا و مالیزیا کە زۆرینەیان موسڵمانن لە سەرەتای دەستپێکردنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە زۆرێک لە بەرهەم و بڕاندە ئەمریکییەکان دوورکەوتنەوە نموونەی ستاربۆکس، کەی ئێف سی و پیزا هۆت. 

بایکۆت لە تورکیا

بەپێی سەرچاوەکانی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە وڵاتی لە تورکیا، پەرلەمانی تورکیا بەرهەمەکانی کۆکاکۆلا و نێسڵێی لە چێشتخانەکانی لابردووە، سەرچاوەیەکی پەرلەمانیش ئاماژەی بە "تووڕەیی گشتی" کردووە بەرامبەر بەو دوو براندە.  هەروەها زۆرێک لە تورکەکان بایکۆتی بەرهەمەکانی ئیسرائیل یان کۆمپانیاکانی سەر بە ئەمریک دەکەن.  کولتوری بایکۆت لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهاندا تەشەنە دەکات و بەردەوام لە فراوانبووندایە لەگەڵ بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە.

بەکارهێنانی جێگرەوەی بەرهەمەکان

بەهۆی بەربڵاوی و زۆری ئەو کۆمپانیا و بەرهەمانەی کە پشتگیری ئیسرائیل دەکەن، چالاکوانان بۆ هەر بەرهەمێک جێگرەوەیان داناوە، بەشێکی زۆری بەرهەمەکان ناوخۆیین یان نیشتمانین، بەرهەم و کاڵای تورکی، ئیماڕاتی، قەتەڕی، سعوودی، ئێرانی، ئوردنی، میسری و عەرەبی بەگشتی ڕێگەپێدراوە.

هاوکات خوێندکارێکی فەڵەستینی بە ناوی ئەحمەد باباش کە لە خوێندنی باڵا دەخوێنێت ئاپڵیکەیشنێکی بێبەرامبەری لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٣ دروست کردووە بە ناوی (لا شكرًا) واتا "نەخێر، سوپاس" و سایتێکیشی بۆ دروست کردووە، نزیکەی ١٠٠ هەزار کەس ئاپەکەیان دابزاندووە کە لەم ئاپڵیکەیشنە لە ڕێگەی نیشاندانی باڕکۆدی بەرهەمەکان بۆت دەستنیشان دەکات کە بەرهەمەکە پشتگیری ئیسرائیل دەکات یان نا و ئەگەر بەرهەمەکە پاڵپشتیکاری ئیسرائیل بێت دەستەواژەی لا شكرًا لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، تا مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤ بەکارهێنەرانی ئاپلیکەیشنەکە ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند.

بایکۆتکردنی چالاکوانان و ناودارانی سۆشیال میدیا

بایکۆتی دژی ئیسرائیل تەنها بەرهەم و بڕاندی کۆمپانیا ناودارەکانی جیهانی نەگرتەوە، بەڵکوو ئەو کەسایەتییە ناودارانەی کە لە دوای ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسا ڕیکلام یان بانگەشەی بازرگانیان بۆ بەرهەمەکان کرد یان هەڵوێستیان نەبووە یان لایەنگری ئیسرائیل بوون کەوتنە بەر ڕەخنەی جەماوەری و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیایان لەلایەن بەکارهێنەرانەوە یان بلۆک کران یان ئەنفۆڵۆ، بە تایبەت ڕیکلامێک بۆ بەرهەمێکی بیپسی لە میسر کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

هەڵمەتەکە لە ئەورووپا لەژێر ناونیشانی BLOCKOUT2024 TD دەستی پێکرد بە تایبەت لە ئینستاگرام و تیکتۆک و تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پاشان گەیشتە وڵاتانی عەرەبی. لە یەکێک لە لیستەکان كە بڵاوکرایەوە ١٤٠ ئەکاونتی کەسایەتییە کاریگەرە عەرەبەکان لە ئینستاگرام دانران، ئەو ژمارانە پشتڕاستیان کردەوە کە کۆی گشتی ئەنفۆڵۆوکردن بۆ ئەو کەسانە لە ماوەی چوار ڕۆژی یەکەمی دەستپێکردنی کەمپەینەکەدا زیاتر لە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بووە، بە تێکڕای ڕێژەی ١ ٢٣ هەزار و شەش سەد و شەست ئەنفۆڵۆو بۆ هەریەکەیان و هەڵمەتەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگەیاندرا.
گرنگترین ئەو کەسایەتییە ناسراوانەی کە بەر هێرشی بایکۆتی ناوداران کەوتن بریتی بوون لە:

  • یاریزانی میسری موحەمەد سەڵاح کە بە هۆی ڕێکلامکردنی بۆ بیپسی و لاوازی و نەبوونی هەڵوێست لە سەر ڕووداوەکانی غەززە دژایەتی زۆر کرا.
  • گۆرانیبیژی میسری عەمڕو دیاب
  • نواندنکاری میسری ئەحمەد سەقا
  • گۆرانیبێژی لوبنانی نەوال زوغبی
  • هونەرمەندی میسری موحەمەد ڕەمەزان
  • خێزانی کارداشیان دوای ڕاگەیاندنی کەمپینەکە سێ ملیۆن شوێنەکەوتوویان لەدەستدا.


سەرچاوەکان



141 بینین