بە بازاڕکردنی پیشە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-19-19:10:00 - کۆدی بابەت: 13201
بە بازاڕکردنی پیشە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بە بازاڕکردنی پیشە (بە عەرەبی: التسویق الوضائف المهنیة، بە ئینگلیزی: Marketing of professional careers) بە بازاڕکردنی پیشەیی یان بازاڕکردنی پیشەکان بریتییە لە بە بازرگانی پیشەیەک کە خۆی پیشەیەکی گشتی بێت و لە کەرتی گشتیدا بێت بەڵام دەبێتە پیشەیەکی بازرگانی و لە ڕێگەیەوە خاوەن پیشەکە داهاتی زیاتر بۆ خۆی دەستەبەر دەکات. 

بە بازاڕکردن چی دەگرێتەوە؟ 

لە زانستی بازاڕگەریدا دوو شت دەچنە خانەی بازرگانییەوە ئەوانیش (بەرهەم و خزمەتگوزارین) ئەگەر خزمەتگوزاری وردتر بکرێتەوە ئەوا یەکێک لە پێکهێنەرەکانی بریتییە لە پیشەکان وەکو پزیشکی، پەروەردە و فێرکردن، ئەندازیاری، پزیشکی شیکاری نەخۆشییەکان و بوارەکانی تر. بە شێوەیەکی گشتی پیشەکان کە لە ڕێگەی پسپۆڕی بە دەست دەهێنرێن یان ئەوانەی بە ئەزموون کردن بە دەست دەهێنرێن پیشەی بازرگانی نین بەڵکو پیشەی گشتین و هەموو کەسێک دەتوانێت ئەنجامیان بدات لە ڕێگەی بینینی خولی ڕاهێنان یاخود خوێندن. بۆ نموونە پزیشکی کە هەموو کەس بە هەوڵ و کۆششی زۆر دەتوانێت بە خوێندن پێی بگات، یاخود ئەو پیشانەی بە ئەزموون کردن بەدەست دەهێنرێن وەکو بەرگ دروو، شۆفێری پاس و تەکسی، دارتاش، ئاسنگەر، میکانیکی چاکردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان. 

چۆن پیشەکان دەبنە بازرگانی؟ 

بۆ ئەوەی پیشەیەک ببێتە بازرگانی دەبێت ئەو داهاتەی لێی بەدەست دێت زیاتر ببێت ئەگەر لەو داهاتەی بە شێوەی ئاسایی بەدەست دێت کەمتر بوو ئەوا نابێتە بازرگانی یان بە بازاڕ ناکرێت. واتا بۆ ئەوەی پیشەیەک بە بازاڕ بکرێت گرنگ ئەوەیە داهاتەکەی زیاد بکات. 

نموونەی هەندێک پیشە کە بازرگانی نین بەڵام لە ڕێگەی بە بازاڕکردن دەبنە بازرگانی

یەکەم: پیشەی شۆفێریکردن و گواستنەوە 
ئەم پیشەیە شۆفێری هۆکارەکانی گواستنەوە دەگرێتەوە وەکو پاس و تەکسی و کاری گەیاندن کە پیشەی ئازادن و تەنها بتوانیت شۆفێری بکەیت و مۆڵەتت هەبێت دەتوانیت کارەکە بکەیت. ئەم کارانە بە شێوەی ئاسایی خۆیان بازرگانی نین گەرچی داهاتیان هەیە بۆ خاوەن کارەکە. بەڵام گەر خاوەنی ئۆتۆمبیلی تەکسی یان پاس پیشەکەی فراوان بکات بۆ نموونە نوسینگەی تەکسی دابنێت لە ناوچەیەک و چەند کەسێک بخاتە سەر کار و وەک هێڵی تایبەت دەربکەوێت ئەو کاتە پیشەکە دەبێتە بازرگانی. بەهەمان شێوە شۆفێری پاس ئەگەر ببێتە هێڵێکی تایبەت و لە ژێر ناوێکی دیاریکراودا کار بکەن و لۆگۆی خۆیان هەبێت بەم جۆرە دەبێتە بازرگانی واتا لێرەدا هەردوو پیشەی تەکسی و پاس لە ڕێگەی بە بازاڕ کردن دەبنە بازرگانی. 

دووەم: ئەو پیشانەی شوێنیان جێگیرە 
پیشەکانی بەرگ دروو، سەرتاش، دارتاش، ئاسنگەر و گۆشت فرۆش ئەو پیشانەن کە شوێنی دیاریکراویان هەیە بەڵام بازرگانی نین. ئەم پیشانە بە دوو ڕێگە دەبنە بازرگانی. یەکەم گەر خاوەنکار پیشەکەی فراوان بکات و ئامێر و کەسی زیاتر دابنێت، یاخود لە ڕێگەی کردنەوەی خول و فێرکردنی خەڵکانی تر بۆ پیشەکە. پیشەی گۆشت فرۆشی دەبێتە بازرگانی لە ڕێگەی کردنەوەی لقێکی تر لە ژێر ناوی بازرگانی شوێنەکە و دانانی لۆگۆیەک و فرۆشتنەوەی گۆشت بە مارکێتەکان، گرنگە ئەو لۆگۆیەی بەکاردەهێنرێت پێی بناسرێتەوە لای خەڵک نەوەک لۆگۆیەک بێت پێناسی پیشەی گۆشت فرۆش بکات بەڵکو دەبێت پێناسی شوێنی کارەکەی بکات کە وێنایەک دروست ببێت لای کڕیارەکان کە لە هەر شوێنێک لۆگۆکەیان بینی بزانن خاوەنەکەی کێیە؟ شوێنی کارەکە لە نێو سەدان شوێن بناسنەوە. 

سێیەم: ئەو پیشانەی بە خوێندن پسپۆڕی لێ پەیدا دەبێت

  • پیشەی پەروەردە و فێرکردن: مامۆستایەتی کردن پیشەیەکە لە کەرتی گشتیدایە و لە ڕێگەی خوێندن دەبیتە پسپۆڕ لەو بوارەدا، داهاتەکەی لە ڕێگەی حکوومەت دابین دەکرێت و مانگانە دەدرێت کە بڕێکی جێگیرە. بەڵام گەر مامۆستایەک بیەوێت پیشەکەی بە بازاڕ بکات یاخود بیکاتە پیشەیەکی بازرگانی ئەوا دەبێت خولی بەهێزکردن بڵێتەوە یاخود وانەی تایبەت بڵێتەوە کە لە ڕێگەی ئەم دوو ڕێگایە داهاتێکی زیاتر بە دەست دەهێنێت یاخود دەتوانێت لە قوتابخانەی تایبەت و نێودەوڵەتی وانە بڵێتەوە بەم جۆرە پیشەکەی دەبێتە بازرگانی. 
  • پیشەی پزیشکی: پزیشکی پیشەیەکە کە لە ڕێگەی خوێندن خاوەن پیشەکە پسپۆڕی لێ وەردەگرێت و لە نەخۆشخانەدا دەتوانێت شارەزایی و لێهاتوویی خۆی بەکاربهێنێت، بەڵام گەر پزیشکێک نۆرینگە بکاتەوە یاخود لە نەخۆشخانەی تایبەتدا کلینیکی ڕاوێژکاری بکاتەوە یاخود پیشەکەی لە پزیشکەوە بگۆڕێت بۆ پزیشکی ڕاوێژکار یاخود پسپۆڕی زیادە بۆ خۆی دابنێت بۆ نموونە پسپۆڕییەکەی بریتییە لە نەخۆشی منداڵ بەڵام لەگەڵ ئەمەدا کۆمەڵێک بواری تری پەیوەست بە منداڵ دەخاتە سەر پسپۆڕییەکەی وەکو هۆرمۆن و گەشە و هەڵسەنگاندنی ژیری منداڵ کە پێی دەوترێت "پسپۆڕی زیادکراو بۆ سەر پسپۆڕی سەرەکی" بەم جۆرە پیشەی پزیشکی دەبێتە بازرگانی و بە بازاڕ دەکرێت.
  • پیشەی ئەندازیاری: ئەندازیار بە هەموو لقەکانی وەکو "تەلارسازی، شارستانی، ڕێگەوبان، کارەبا، سۆفت وێر، میکانیک، نەوت و وزە" پیشەی کەرتی گشتین، بەڵام گەر ئەندازیار لە پێناو زیادکردنی داهاتی خۆی کارەکانی خۆی بە بیرۆکە و داهێنانی نوێ بخاتە ڕوو ئەوا دەبێتە بازرگانی چونکە بەهۆی بیرۆکەی کارەکانی داهاتی زیاد دەکات. بۆ نموونە ئەندازیاری تەلارسازی گەر داهێنەر بێت و خۆی بە دوور بگرێت لە نەخشەی دووبارە و لە هەر کارێکی نوێدا نەخشەیەکی نوێ بکێشێت ئەو کاتە پیشەکەی دەبێتە بازرگانی. دەتوانێت نووسینگەش بکاتەوە و چەند ئەندازیارێکی تر کە هەمان بۆچوونی ئەویان هەبێت کاری بۆ بکەن تا داهاتی زیاتر بە دەست بهێنن.


سەرچاوەکان



127 بینین