هۆکاری نوقمبوونی کەشتی تایتانیک

له‌لایه‌ن: - ئەژی یاسین ئەژی یاسین - به‌روار: 2024-08-25-15:27:00 - کۆدی بابەت: 14336
هۆکاری نوقمبوونی کەشتی تایتانیک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کەشتی تایتانیک (بە ئینگلیزی: Titanic) یەکێک بوو لە گەورەترین کەشتییە شاهانە و مەزنەکان، کە لە بەرواری ١٤-١٥ی نیسانی ١٩١٢ لە یەکەم گەشتیدا لە شاری ساوسهامپتنی ئینگلتەراوە بەرەو شاری نیویۆرک، نوقم بوو. نزیکەی ١٥٠٠ سەرنشین و کارمەندی سەر کەشتییەکە گیانیان لەدەست دا، ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە دیارترین کارەساتەکان دادەنرێت لە مێژووی مۆدێرن دا.

هۆکاری سەرەکی نوقمبوونی کەشتی تایتانیک

هۆکاری سەرەکی نوقمبوونی کەشتیی تایتانیک پێکدادانەکەی بوو لەگەڵ شاخێکی سەهۆڵینی زەبەلاح، ئەم زەبرە بە ئەندازەی ٩١.٤ مەتر زیانی بە ناوپۆشی کەشتییەکە گەیاند و لە ئەنجامیشدا بووە هۆی نوقمبوونی کەشتییەکە بە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێر. ئەم پێکدادانە چەندین زیانی دیکەی دروستکرد لە کەشتییەکەدا؛ لە شانزە کەرتدا، شەش کەرتییان ژێرئاو کەوتن، لەم ڕێیەوە ئاوەکە بەخێراییەکی زیاتر تەوژمی هێنا بەرەو ناوەوە و لای ڕاستیی کەشتییەکە و وە بەم شێوەیە کەشتییەکە لەڕووی پێشەوە و لەلای ڕاستییەوە چەمایەوە و وردە وردە ژێرئاو کەوت.

هەندێک هۆکاری دیکە کە بوونە هۆی نوقمبوونی کەشتییەکە

هەندێک هۆکار بوونە هۆی نووقمبوونی کەشتییەکە، کە دەشێت گرنگترینیان ئەمانە بن:

گەشتکردن بە خێراییەکی بەرز: یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی بوو بە مایەی نوقمبوونی کەشتیی تایتانیک، تیژڕەویی کەشتییەکە بووە، کە بە نزیکەیی بە خێرایی ٤٠.٧ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە نێو ئاو و  سەهۆڵبەندە قورسەکانی زەریای ئەتڵەسیی باکووردا دەڕۆیشت؛ هۆکاری ئەم خێرا ڕۆیشتنە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەیەک، لە یەکێک لە خەڵووزدانەکانی کەشتییەکەدا.

پشتگوێخستنی هۆشدارییەکانی ڕادیۆی بێ وایەر: هەندێک پێیان وایە پشتگوێخستنی ئەو هۆشدارییە ڕادیۆییانەی کە ئاگادارییان دەدا لە بوونی شاخێکی سەهۆڵینی زەبەلاح یەکێکە لە هۆکارەکانی نوقمبوونەکە؛ لەبەر ئەوەی نامەکان و ئاگادارکردنەوەکان پێشگری (MSG)ییان پێوە نەبووە کە کورتکراوەی (Master’s Service Gram)ە، واتا (نامەیەکی بەپەلە بۆ کاپتن)، نامە و ئاگادارییەکان پشتگوێخراون و بە ئاگادارییەکی گرنگییان دانەناوە.

زیانگەیاندن بەو پەیوەستکەرانەی کە چوارچێوەی ناو کەشتییەکەیان بەیەکەوە گرتووە: زانایانی ماددە خاوەکان، تیم هوک و جێنیفر هۆپەر مەکارتی، بۆیان دەرکەوت کە ئەو پەیوەستکەرانەی لە ناوپۆشی کەشتییەکە دەردەچن ڕێژەیەکی بەرزی خڵتەیان تێدایە، کە ئەویش پاشماوەی توانەوەیە کە کانزاکان ناسک دەکاتەوە و زوو-شکێنیان دەکات، ئەمەش کەشتییەکەی لاواز کرد و توانای بەرگرییەکەی بۆ نەشکان و نوقووم نەبوون کەمکردەوە لەکاتی پێکدادانەکەی لەبەرانبەر شاخە سەهۆڵیینەکە.


سەرچاوەکان



106 بینین