وەسێت چییە؟

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-07-03:07:00 - کۆدی بابەت: 4261
وەسێت چییە؟

ناوه‌ڕۆك

وەسێت

واتە خێرکردنێک کە لەدوای مردن جیبەجێ بکرێ خێرکردن لە ژیاندا خێری زیاترە لەو خێرەی ئەیخاتە دوای مردن، بەڵام ئەگەر لە ژیانیا نەیکرد، با وەسێت بکا، لە دوای مردن بۆ بکەن (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: ما حق امریء مسلم له شیء یرید أن یوصی فی یبیت لیلتین إلا ووصیته مکتابة عنده) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی باش نییە بۆ مرۆڤی موسوڵمان شتێکی هەبی بیەوێ لە دوای مردن بیکا بە خێر دوو شەوی بەسەردا بڕوا، بەڵکو وا باشە وەسێتەکەی بنووسێ لە لای خۆی.

وەسێتکردن دروستە بە شتێکی زاندراو، وەک بڵێ لە دوای مردنم ئەم مەڕەم بۆ بکەنە خێر، هەروەها دروستە بە بەشی نەزاندراو، وەک بڵێ لە دوای مردنم مەڕێکم بۆ بکەنە خێر، هەروەها دروستە بە شتی هەبوویی، وەک بڵێ ئەم خانووەی ئێستام، هەروەها بە شتێ هێشتا نەبووبێ، وەک بڵێ ئەو خانووەی لەمەودووا دروستی ئەکەم، لەدوای مردنم بیکەنە خێر.

وەسێت لە سێیەکی ماڵی مردووەکە جێبەجێ ئەکرێ، واتە ئەو ماڵەی لە ڕۆژی مردنی هەیەتی جا ئەگەر ئەو وەسێتەی داینابوو، لە سێیەکی ماڵەکە زیاتر بوو، زێدەیەکە ڕائەگیرێ لەسەر ڕێگەدانی گشت میراتگرەکان، واتە: ئەگەر ڕازی بوون، گشتی جێبەجێ ئەکرێ، ئەگەر ڕازی نەبوون، تەنها تا سێیەکی ماڵەکەی جێبەجێ ئەکرێ و لە سێیەک زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ میراتگرەکانی، جا ئەگەر هەندێکیان ڕازی بوون و ئەوانی تر ڕازی نەبوون، ئەوە تەنها بەشی ڕازیبووەکان وەسێتەوە و، هی ئەوانی تر میراتە و تەنها بۆ خۆیانە.

(عن سعد بن أبی وقاص -رضي الله عنه-: أنه سأل النبی ﷺ عن تصدق بثلثي ماله؟ فلم یجزه، وبشطره؟ فلم یجزه، ثم سأل عن الثلث؟ فقال النبی ﷺ: الثلث، والثلث کثیر، إنك إن تذر ورثتك أغنیاء خیر من أن تذرهم عالة یتکففون الناس) رواه الشیخان، سعد (خوا لێی ڕازی بێ) لە نەخۆشیدا گوتی پێغەمبەر ﷺ ئایا دوو بەشی ماڵەکەم بکەمە خێر؟ فەرمووی نا. گوتی نیوەی ماڵم؟ فەرمووی نا. گوتی: ئەدی سێیەکی ماڵم؟ فەرمووی سێیەک باشە و زۆریشە، تۆ ئەگەر میراتگرەکانت بە دەوڵەمەندی بەجێ بهێڵی باشترە لەوەی هەژار بن و دەرۆزە بکەن.

دروست نییە و نابێ وەسێت بۆ میراتگر، مەگەر میراتگرەکانی تر ڕازی بن (عن أبی أمامة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا وصیة لوارث إلا أن یشاء الورثة) رواه الدارقطنی، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی دروست نییە وەسێت بۆ میراتگر، مەگەر میراتگرەکانی تر ڕازی بن. وەسێتکردن دروستە لە لایەن هەر کەسێکەوە کە بلوغی بوبێ و عەقڵی هەبێ، بەڵام مەرج نییە وەسێتکەرەکە موسوڵمان بێ.

وەسێت دروستە بۆ هەر شتێک کە بگونجێ ببێتە خاوەن ماڵ، کەوابو: وەسێت دروست نییە بۆ ئاژەڵ و بۆ مردوو و بۆ شتی کە هێشتا نەبووبێ وە هەروەها پێویستە وەسێت بۆ کراوەکە دیارکراو بێ، کەوابوو دروست نییە بڵێ بۆ یەکێک لەم دووانە، هەروەها وەسێت دروستە بۆ ڕێگای خوا، وەکو دروستکردنی مزگەوت و چاککردنی ڕێگە و، بەرژەوەندی هەژاران. بەلام ئاگاداربە وەسێت دروست نییە بۆ لایەنێکی وەها کە گوناهی تێدابێ.


سەرچاوەکان



903 بینین