ناوهڕۆك
ڕۆژنامەگەری كوردی لە بەغدا
لە ساڵانی سی بەدواوە ئیتر شاری بەغدا دەبێتە مەڵبەندی دەركردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی كوردی، چونكە زۆر كوردی خوێندەواری زانكۆ لەم شوێنەدا بە یەكگەیشتن، بۆیە لەم ساڵانەدا گۆڤارەكانی (دیاری لاوان) و (یادگاری لاوان) پاشان گۆڤاری (گەلاوێژ) كە لەنێوان ساڵانی (١٩٣٩ - ١٩٤٩)ز بۆ ماوەی دە ساڵ بە بەردەوامی و بێ وەستان مانگانە ژمارەیەكی لێدەردەچوو، لەم گۆڤارەدا، نووسەران و شاعیرانی بەناوبانگی وەكو (تۆفیق وەھبی، محەمەد ئەمین زەكی، عەلائەدین سوجادی، ئیبراھیم ئەحمەد، ڕەفیق حیلمی، شاكر فەتاح، پیرەمێرد، گۆران، شێخ محەمەدی خاڵ...ھتد) گوتار و شیعران بڵاوكردۆتەوە، سەردەمی دەرچوونی گەلاوێژ بە سەردەمێكی زێڕین و بوژانەوە و ڕابوون دادەنرێت بۆ ئەدەبی كوردی بە گشتی و بۆ پەخشان و چیرۆكی كوردی بە تایبەتی، ھەروەھا بزوتنەوەیەكی بەرچاوی وەرگێڕان لە زمانەكانی بێگانە بۆ كوردی دەستپێدەكات.
بەتایبەتی لە زمانی ئینگلیزییەوە بەمەش پەخشانی كوردی و چیرۆكی گەیشتنە چڵەپۆپە، ھەر لە ساڵانی (١٩٤٨ - ١٩٤٩)ز، لە بەغدا گۆڤاری (نزار) لە لایەن (عەلائەدین سەجادی)یەوە ھەفتانە دەردەچوو كە تێكڕا (٢٢) ژمارەی لێدەرچوو بە زمانی كوردی و عەرەبی، ئەم گۆڤارە بە یەكەمین گۆڤاری سیاسی كوردی دادەنرێت، نووسەرانی وەكو (شاكر فەتاح، پاكیزە ڕەفیق حلیمی، موحەڕەم محەمەد ئەمین، ڕەفیق چالاك) بەشدارییان تێدا كردووە.
نموونەیەك
ئەمەش نمونەیەك لە پارچە پەخشانێكی (پیرەمێرد) لەژێر ناوی (دواوانی زەڵم و تانجەڕۆ) كە لە گەلاوێژی ژمارە (٤)ی (١٩٤٣)ز بڵاوكراوەتەوە:
ئۆخەی بۆیە (مەولەوی)ـم خۆش ئەوێ و شیفتە و شەیدای سۆز و ناڵەی ئەوم كە پەردەپەردە شوێنە شیرینەكانی خاكەكەم و نیشتیمانەكەمی بە فەردیفەردەوە بەفەڕ و زیبێكی دڵنەوەردەوە پیشانداوم بە سینەما خۆشەویستی ئەوانی چەسپاندۆتە سینەمە و كۆی ئاتەشگای وەك ئاتەشگەدەی (زەردشت) لێھێنامە تین و تاو:
ناو دڵی برژاندووم، تاڤگەی قەڵبەزەی (زەڵم)ـی وا بۆ كێشاوم دانەی مرواری بەسەردا پڕژاندووم بارەكەاللە چەرخ، ھەی ئافەرین چەرخ پلوسكەی (بافڕ)ـی (عەوداڵان)و ھەوای (چەمی خواجایی) تێگەیاندم ھەر ئەو جۆش و خرۆشە بوو كە (مەعدوومی)ـم لە دیاری (عەدەم) نەبوونیەوە ھێنایە.
سەركۆی ئاتەشگاو پڕشنگی شیعرەكانیم خستە تەلی سازوسەمتووری شێوەی كوردی خۆمانەوە، دام بە ڕادیۆی چاپخانەی (ژیان) بەھۆی ئەو سەودای دڵبەستەی خاكەكەمانەوە ھە شوێنێكی ڕەنگین و ھەر دیمەنێكی دڵنشین و ھەر چەشمەندازێكی شیرین و ھەر لەنجەولارێكی ناوێكی نازەنین ببینم ئەمەوێ پێشانی ھەموو دۆستێكی بدەم، بەڵام ئاخ (شیعر)، نازانم تاچەند و چۆن ئەو زادەی سروشتی ئێزەدییە بھۆنمەوە؟