تایبەتمەندییەکانی میدیای نوێ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-06-11-21:10:00 - کۆدی بابەت: 13153
تایبەتمەندییەکانی میدیای نوێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تایبەتمەندییەکانی میدیای نوێ (بە ئینگلیزی: New Media Features، بە عەرەبی: خصائص الإعلام الجديد) لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا جۆرێک لە میدیای نوێ و سەردەمیانە هاتۆتە کایەوە. کە توانیویەتی بەشێوەیەک لە شێوەکان سوود بە بواری میدیای هاوچەرخ بگەیەنێت و خۆی لە میدیای تەقلیدی جیابکاتەوە

چەمکی میدیای نوێ

میدیای نوێ زاراوەیەکی مۆدێرن و جیاوازە لەگەڵ میدیای تەقلیدی، چونکە میدیای نوێ ئیتر نوخبەیەکی کۆنترۆڵکەر یان سەرکردەی میدیایی نییە، بەڵکو بووەتە بەردەستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و تاکەکانی. چونکە ئاسانە بۆ چوونە ژوورەوە و بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لێی تا ئەو کاتەی توانا و شارەزاییان لە ئامرازەکانیدا هەبێت. هێشتا پێناسەیەکی زانستی تایبەت نییە کە بە وردی چەمکی میدیای نوێ پێناسە بکات، بەڵام میدیای نوێ چەندین هاوواتای هەیە، لەوانە:

  • میدیای جێگرەوە.
  • تۆڕی کۆمەڵایەتی.
  • ڕۆژنامەگەری هاوڵاتی.
  • ماڵپەڕەکانی سۆشیال میدیا.

میدیای نوێ ئامرازی پێویستی هەیە کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەتوانێت دەستی بگات بە جیهانەکەی، وەک:

  • بەردەستبوونی ئامێری ئەلیکترۆنی (کۆمپیوتەر، مۆبایلە زیرەکەکان، تابلێتەکان).
  • بەردەستبوونی ئینتەرنێت.
  • سەبسکرایبکردن یان بەشداریکردن لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر، ئینستاگرام، یوتیوب، بلۆگەکان و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییە ئەلیکترۆنییە چالاکەکانی دیکە کە بۆشاییەکی زۆریان لە جیهانی مەجازیدا گرتۆتەوە.

پەیوەندی نێوان میدیای تەقلیدی و میدیای نوێ

هەرچەندە میدیای تەقلیدی و نوێ لە هەندێک خاڵدا جیاوازن و لەسەر هەندێکی تر هاوڕان، بەڵام چەند خاڵێک هەن کە پەیوەندی نێوانیان ڕوون دەکەنەوە، کە بەم شێوەیەن:

  • کێبڕکێیەکی توند و بەهێز لە نێوان میدیای تەقلیدی و میدیای نوێدا هەیە.
  • ئاماری پشتڕاستکراوە سەبارەت بە دابەزینی ژمارەی شوێنکەوتوانی میدیای تەقلیدی و زیادبوونی بەکارهێنەرانی میدیای نوێ لە بواری ڕۆژنامەگەریدا هەیە.
  • هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی تەقلیدی دەستیان کردووە بە پێکهێنانەوەی خۆیان و دووبارە بنیاتنانەوەی خۆیان، بۆ ئەوەی تێکەڵ بە میدیای نوێ ببن و بەشێک بن لێی.

ئەو دیاردانەی کە هاوڕێی میدیای نوێ بوون

  • شکاندنی قۆرخکاری دامەزراوە گەورەکانی میدیا.
  • سەرهەڵدانی چینێکی نوێی پیشەگەری میدیا، هەندێکجار پسپۆڕی میدیا نین، بەڵام بوونەتە پیشەیی لە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی میدیای نوێ، بە شێوەیەک کە لە پسپۆڕە ڕەسەنەکان باڵاترە.
  • پلاتفۆرمی نوێ بۆ دیالۆگ هاتۆتە ئاراوە، هەر تاکێک لە کۆمەڵگادا توانای ناردن و وەرگرتن و کارلێککردن و شوێنکەوتن و پرسیارکردن و کۆمێنتێکی ئازادانەی هەیە و ئەمەش بە خێراییەکی زۆرەوە بووە.
  • دەرکەوتنی زانیاری گشتی بۆ ڕای گشتی.
  • سەرهەڵدانی ناوەڕۆکی نوێی کولتووری و میدیایی.
  • بەشداربوون لە دانانی کارنامەی کار.
  • سەرهەڵدانی دیاردەی کۆمەڵگەی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
  • بەشبەشبوونی جەماوەر.

تایبەتمەندییەکانی میدیای نوێ

میدیای نوێ بە چەندین تایبەتمەندی جیا دەکرێتەوە، لەوانە:

کارلێککردن: کە پەیوەندیکەر و وەرگر ڕۆڵ دەگۆڕنەوە و پراکتیکی پەیوەندیکردن دوولایەنە و بەرامبەرە، و تاک ئاراستە نییە. بەڵکو زیاتر گفتوگۆ لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا هەیە.

ناهاوسەنگی: ئەگەری کارلێککردنە لەگەڵ پرۆسەی پەیوەندیکردن لە کاتی گونجاودا بۆ تاکەکەسەکە، جا وەرگر بێت یان نێرەر.

بەشداریکردن و بڵاوبوونەوە: میدیای نوێ ڕێگە بە هەر کەسێک دەدات کە خاوەنی ئامرازە سادەکانە، ببێتە بڵاوکەرەوەیەک و پەیامەکەی بۆ کەسانی دیکە بنێرێت.

جوڵە و نەرمی: دەتوانرێت ئامرازی نوێ بگوازرێتەوە بۆ یاوەری وەرگر و نێرەر، وەک کۆمپیوتەری مۆبایل، کۆمپیوتەری ئینتەرنێت، مۆبایل و ئامێری دەستی، بە سوودوەرگرتن لە تۆڕە بێ وایەرەکان.

گشتگیربوون: ژینگەی پەیوەندیکردن بووەتە ژینگەیەکی جیهانی، بەربەستەکانی کات و شوێن و سانسۆر تێپەڕاندووە.

پێکداچوونی میدیا: لە میدیای نوێدا هەموو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بەکاردەهێنرێن، وەک دەق، دەنگ، وێنەی وەستاو، وێنەی جوڵاو، گرافیکی دوو ڕوویی و سێ ڕەهەندی و هتد.

سەرنج و تەرکیز: لەبەرئەوەی وەرگری میدیای نوێ ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆک و کارلێککردن لەگەڵیدا، بە پلەیەکی بەرزی سەرنج و تەرکیز تایبەتمەندە. بە پێچەوانەی بەرکەوتن بە میدیای تەقلیدی، کە بەزۆری نەرێنی و ڕووکەشە.

هەڵگرتن و پاراستن: هەڵگرتن و پاراستن و وەرگرتنەوەی پەیامەکانی پەیوەندیکردن ئاسانە بۆ وەرگر، ئەمەش وەک بەشێک لە توانا و تایبەتمەندییەکانی خودی میدیا نوێیەکانە.


سەرچاوەکان



61 بینین