ژیاننامەی گۆرانی شاعیر

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-03-09-16:28:00 - کۆدی بابەت: 3075
ژیاننامەی گۆرانی شاعیر

ناوه‌ڕۆك

ناسنامەی كەسێتی

ناو: عەبدوڵڵا سلێمان
لەدایکبوون: 1904ز هەڵەبجە
مەرگ: 1962ز سلێمانی
نیشتەجێبووی: سلێمانی
نەتەوە: کورد
پیشە: شاعیر

ژیاننامە

ناوی عەبدوڵڵا بەگە و کوڕی سلێمان بەگی کوڕی عەبدوڵڵا بەگە. باوک و باپیریشی لە ھۆنراوە و وێژەدا بەھرەیان ھەبووە. بنەماڵەی باپیری لە بەگزادەی «میران بەگی» لە ناوچەی مەریوان بوون. پاشان ڕوودەکەنە ھەڵەبجە چونکە خۆیان بە گۆران زانیوە ‌و لەوێ جێگر دەبن.
گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ یان لە ١٩٠٥دا لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ. لە دوا ساڵەکانی جەنگی جیھانیی یەکەم ‌و سەرەتای ھاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوەیەک ھەڵەبجە چۆڵ دەبێت ‌و خەڵک ڕوودەکەنە لادێکانی دەوروپشت. ماڵی باوکی گۆرانیش لە بەھاری ١٩١٩ەوە تا پاییزی ئەو ساڵە ڕوودەکەنە چەمی بیارە ‌و لەوێ لە باخێکدا ھەوار دەخەون ‌و بۆ پایز ئەگەڕێنەوە بۆ ھەڵەبجە. کە یەکەم قوتابخانەی زمانی تورکی لە ھەڵەبجە دانرا، بۆ پۆلی یەکەم وەرگیراوە. وەک گۆران خۆی گێڕاویەتەوە چوونی بۆ قوتابخانە پچڕپچڕ بووە. پۆلی چوارەمی لە سەردەمی داگیرکرانی ھەڵەبجەدا لەلایەن ئینگلیز‌ەوە تەواو کردووە.
لە ١٩١٩دا سلێمان بەگی باوکی گۆران کۆچی دوایی دەکات. پاشان لە ١٩٢١دا موحەممەد بەگی برای، بە ھاندانی مستەفا سائیب، لەگەڵ عەبولواحید نووریی خاڵۆزایدا دەیاننێرێت بۆ قوتابجانەی عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام ھەر لەو ساڵەدا موحەممەد بەگی برایشی دەکوژرێ. ئیتر گۆران کەسی وەھای نامێنێ گوزەرانی خوێندنی خۆی ‌و ژیانی دایکی ببات بەڕێوە، لەبەرئەوە دەست لە خوێندن ھەڵئەگرێت ‌و لە ساڵی ١٩٢٢ەوە تا ساڵی ١٩٢٥ گەلێ دەست تەنگی ئەچێژێ. گۆران بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

لە سەرەتای 1959دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق ئەگرێتە دەست و بە ناوی بەیان دەریدەکات. لە ئیسکانی سلێمانیش دایدەمەزرێنێت و تا ناوەڕاستی 1960 کاری تێدا دەکات. دواتر بە بیانووی ئەوەوە کە گوایە بێپرس کاری بەجێهێشتووە - کار بەجێهێشتنەکەی بۆ ڕۆشتن بووە بۆ شەقڵاوە بۆ بەشداربوون لە کۆنگرەی دووهەمی مامۆستایانی کورد دا - لەسەر کار لای دەبەن.
لە ناوەڕاستی ساڵی 1960دا دێتە بەغدا و ئەبێ بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئازادی.

كۆچی دوایی

لە سەرەتای 1962دا ژانەسک زۆری پێ ئەهێنێ. دەرئەکەوێ کە گەدەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووه. نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووی لە بەغدا بۆ دەکرێ بەڵام بەداخەوە پاش وادەیەك. پاش ئەو نەشتەرگەرییە لە نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی کرێملین و سەنەتۆری بەرڤیخە بەسەرئەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ عێراق. پاش گەڕانەوەی بەماوەیەکی کەم نەخۆشییەکەی سەرهەڵئەداتەوە و تەنگی پێ هەڵئەچنێ. لەبەرئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لەوێ لە جێدا ئەکەوێ.
لە کاژمێر نۆ و نیوی بەیانی (1962-11-18) چاوی یەکجاری ئەنێتەوه.


سەرچاوەکان



18950 بینین