شێخ محەمەدی خاڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-17-13:53:00 - کۆدی بابەت: 3384
شێخ محەمەدی خاڵ

ناوه‌ڕۆك

ژیاننامە

زانا و نووسەری گەورەمان ناوی (محەمەدە و کوڕی شێخ عەلی کوڕی حاجی شێخ ئەمین کوڕی شێخ محەمەدی خاڵ)ـە لە ساڵی ١٩٠٤ـی زاینی لە شاری (سلێمانی) لە گەڕەکی گۆیژە لە دایک بووە لە ١٥/٧/١٩٨٩ هەر لە شاری (سلێمانی) کۆچی دواییکردووە و لە گردی سەیوان تەرمی پاکی بە خاک سپێردراوە.

شێخ محەمەدی خاڵ بنەماڵەیەکی ئایین پەروەر و زانا هەڵکەوتووە هەر لە مناڵییەوە خەریکی دەرس خوێندن و مزگەوت بووە، ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، بووە بە (مامۆستا) لە مزگەوتەی خۆیان کە بە مزگەوتی حاجی شێخ ئەمین بەناوبانگە، لە ساڵی ١٩٣٩ بووە بە قازی لە شارەکانی (سلێمانی، کەرکووک، موسڵ)ـدا قازییەتی کردووە لە ساڵی ١٩٦٧ وازی لە کار هێناوە. ئەندامی کۆڕی زانیاری عێراقی و کۆڕی زانیاری کوردی بووە لە بەغداد لە ساڵەکانی (١٩٧٠-١٩٨٩).

بەرهەمەکانی 

شێخ محەمەدی خاڵ کە زانایەکی کارامە و دانایەکی بەتوانا بوو ڕێبازی ڕۆشنبیری و خزمەتکردنی زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەی کوردی گرتە بەر لەسەر ئەم ڕێبازە نەوەستا تاوەکو دوا هەناسەکانی ژیانی، باوەڕی بە دووشت هەبووە یەکەم موسڵمانییەتییە بە گشتی، دووەم نەتەوەی کورد بە تایبەتی، کێڵگەی ڕۆشنبیری (خاڵ)ـی زانا خەرمانی هەمە جۆری کەلەپووری کوردی تێدا قووت بۆتەوە، لەم ڕووەوە مامۆستا خاڵ گەلێ بەرهەمی بەنرخی هەیە چ بەزمانی کوردی چ بەزمانی عەرەبی لەوان (شێخ معروف النودهی) کە بەزمانی عەرەبییە باس لە بەرهەم و خزمەتەکانی زانایەکی گەورەی کورد دەکات بە زمانی عەرەبی هەروەها پەرتووکێکی دیکەی بە زمانی عەرەبی هەیە لەسەر (المفتی الزهاوی) هەیە.

بە زمانی کوردیش کۆمەڵێک بەرهەمی هەیە لەوانە (فەرهەنگی خاڵ) کە بە سێ بەرگ چاپی کردووە کە فەرهەنگێکی لە کوردی بۆ کوردییە، بەرگی یەکەمی لە ساڵی ١٩٦٠ چاپکردووە لە سلێمانی بەرگی دووەمیشی لە ساڵی ١٩٦٤ هەر لە سلێمانی چاپکردووە بەگی سێیەمیشی لە ساڵی ١٩٧٦ چاپکردووە تا ئیستا بە یەکێک لە فەرهەنگە باشەکانی زمانی کوردی دادەنرێت کە توانیویەتی زۆرترین وشەی زاراوەکانی زمانی کوردی کۆبکاتەوە لەم فەرهەنگەدا، بەمەش بووە بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی زمانەکەمان و بەسەرچآوەیەکی گەورە دەژمێردرێت بۆ فەرهەنگەکانی تر کە لە پاش ئەو چاپکراون،

بەرهەمێکی تری مامۆستا محەمەدی خاڵ پەرتووکی (پەندی پێشینان)ـە کە تا ئێستا سێ جار چاپکراوە، جاری یەکەم لە ساڵی ١٩٥٧ـدا بڵاویکردووەتەوە کە (١٣٠٨) پەندی تێدایە، کە لەم سامانەدا ڕەفتاری تایبەتی و بیرکردەنەوەی گەلی کورد و باری کۆمەلایەتی و ژیانی ڕوون و ئاشکرا دیارە، شاکاری گەلی نەتەوەی کوردە، ئەو ڕێکی خستوون، لە ساڵی ١٩٧١ـدا هەمان پەرتووکی لە چآپ داوەتەوە ژمارەی پەندەکانی پتر کردووە و گەیاندوویەتی بە (٣٨٩٣) پەند، لە ساڵی (٢٠٠٠) زایینی دیسان ئەم بەرهەمە بە چاپێکی جوانتر و قەشەنگتر لە شاری سلێمانی چاپ کراوەتەوە، واتە جاری سێیەمی کە ئەم بەرهەمەش وەکو خۆی گەنجینەیەکی پڕ لە گەوهەرە تا ئێستا بە پوخت ترین کارێکی کۆکردنەوەی (پەندی پێشینان) دادەنرێت کە لە کوردستان کرابێت و زۆرترین ژمارەی پەندی کوردی تێدا کۆکرابێتەوە.
هەروەها مامۆستا (خاڵ) بەسەدان وتاری بڵاوکردۆتەوە لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا دەربارەی زمان و ئەدەب و رەخنە و ئایین و تەسەوف جگە لەو بەرهەمانەی کە باسمان کردن

بەرهەمی دیكە

ئەم بەرهەمانەشی هەیە کە ئەمانە مشتێکن لە خەرمانێک.
١. فەلسەفەی ئاینی ئیسلام- ١٩٣٨. 
٢. تەفسیری خاڵ – بەرگی یەکەم- ١٩٦٩،
٣. تەفسیری خاڵ – بەرهی دووەم- ١٩٧٢. 
٤. مەولود نامە- ١٩٧٢
٥. ناڵەی دەروون- ١٩٧٦

جگە لەم بەرهەمانەی شێخ محەمەدی خاڵ دەستنووس و چاپەمەنی دەگمەنی پەرتووکخانەی خۆی بڵاوکردۆتەوە، چی دەستنووس و چاپکراوی دەگمەنی بەهاداری پەرتووکخانەکەی هەیە چ بە زمانی کوردی و یا عەرەبی یا فارسی یا تورکی هەموویانی بە شێوەی لیست بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا خەتەکەی خۆشە یا ناخو‌ێندرێتەوە کارەکە تەواوە یان نوقستانە ژمارەی لاپەڕەکانی چەندە کە ئەمەش بە بەشێک لە گرنگی دان بە کەلەپووری نەتەوایەتی دادەنرێت، شێخ محەمەدی خاڵ یەکێک بووە لە پەخشان نووسە بە تواناکانمان کە بەزمانێکی پوخت و وسفت و ڕەوان دەینووسی.

وتار

لێرەدا پارچە نووسینێکی بڵاودەکەینەوە کە وتارێکی ڕەخنەییە دەربارەی دیوانی شاعیری پایە بەرزمان شێخ ڕەزای تاڵەبانی نووسیویەتی کە لە گۆڤاری کوڕی زانیاری کورد بەرگی بیستەم بڵاویکردۆتەوە  بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٨٩.

((داخیی گیانم ئەگەر شیعری هەموو شاعیرەکانمان کۆبکرانایەتەوە لە وسختی خۆیا، ئێستا بەسەداها دیوانمان ئەبوو، بەڵام بەداخەوە لە هەزارا یەکێکیان شیعریان نەنووسراوە کۆنەکراوەتەوە، لەگەڵ مردنی خۆیان، شیعرەکانیشیان مردوون و نێژراون، وە بەبێ ناونیشان چونەتەوە بیابانی نەبوونی، تەنانەت ناوی شاعیرەکانیسمان پێ نەگەیشتووە ئەم دە پانزە بیست دیوانەی کە ئێستا لەناومان هەن بەچاپکراو و دەست نووسەوە هەر شاعیری ناوچەی خۆمانن لە دوو سەد ساڵ لەمەو پێشەوە، ئینجا ئەبێ شاعیرانی کوردستانی گەورە لە دەورەبەری بابە تاهیری هەمەدانییەوە، کە هەزار ساڵ لەمەو پێش بووین و چەندبووین و چۆن بووین، ئەمە مەگەر هەر خوا بزانێ...
باشە شاعیرەکانی کۆنەکانی دەوری بابەتاهیری هەمەدانی ئەگەر فەوابن لە بەر دووری ڕۆژگاری، ئەی شاعیرەکانی دەوری خۆمان بۆچی شیعرەکانیان فەوتاون؟!
زۆر دوور نەرۆین ئەوە شێخ ڕەزای تاڵەبانی کە پێچی مێزەرێکە کۆچی دوایی کردووە، تا ئێستا دووجار دیوانەکەی لەچاپ دراوە بەڵام بە داخەوە لە دە یەکێکی کۆکراوەتەوە؟ ئەوەشی کۆکراوەتەوە هەمووی پڕە لە ‌‌هەڵە وساتمە و کەم و کوڕی و کورت و کوێری، بێ گومانم شێخ ڕەزا بە قەد (کەلیم) شیعری فارسی و بە قەد نامق کەمال شیعری تورکی و بە قەد نالی و سالم شیعری کوردی وتووە، بەڵام بەداخەوە بەشی زۆریان لەناو چوون و کوا شیعرەکانی بەر  چوار زبانەکە چییان لێ هات؟ بۆچی مەردێک لە خزمەکانی خۆی شیعرەکانی کۆنەکردۆتەوە> یا بۆ خۆی لە دەفتەرێک هەمووی تۆمار نەکردووە؟ دیوانم نەدیوە بەقەد دیوانی شێخ رەزا بەدبەخت و وێران بێ و هەڵەی تیابێ...!!)).


سەرچاوەکان



2318 بینین