گرافیک دیزاین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-16-01:14:00 - کۆدی بابەت: 9420
گرافیک دیزاین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گرافیک دیزاین (بە ئینگلیزی: Graphic Design، بە عەرەبی: تصميم الرسوميات) پیشەیەکە کە ئەنجامدەرەکانی ناوەڕۆکی بینراو دروست دەکەن بۆ گەیاندنی پەیامەکان. ئەمەش بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی داڕشتنی لاپەڕە، دەستکاریکردنی وێنە و تایپۆگرافی و دروستکردنی وێنە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی بەکارهێنەران. هەریەک لە: دروستکردنی لۆگۆ، وێب دیزاین، مارکێتین دیزاین، مۆشن گرافیک و ئەنیمەیشن، دیزایی یاری، وێنەکێشانی ئەلیکترۆنی و تایپۆگرافی جۆرێکن لە جۆرەکانی گرافیک دیزاین. 

ئەو کەسەی کاری گرافیک دیزاین دەکات، پێی دەوترێت گرافیک دیزاینەر، کەسەکە هەڵدەستێت بە وێناکردنی ئەو داواکارییەی لێی دەکرێت و بەپێی ئەزموونەکانی و بە تێکەڵەیەک لە ویست و تێڕوانینەکانی کڕیار و شێوەی کارەکە، دیزاینێکی گونجاو دروست دەکات.

بنەچەی ئەم هونەر و پیشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، دیزاینی گرافیک وەک هونەری کارپێکراو سەرەتا پەیوەست بوو بە بووژانەوەی سەرهەڵدانی چاپکردن لە ئەورووپا لە سەدەی پازدەهەم و گەشەکردنی کولتووری لە شۆڕشی پیشەسازیدا. لەوێشەوە وەک پیشەیەکی جیاواز لە ڕۆژاوا سەریهەڵدا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ڕیکلام بەست و دواتر لە سەدەی بیستەم زیاتر بوو. بە سەرنجدان بە گەشەی خێرا و بەرفراوانی ئاڵوگۆڕی زانیاری لە سەدەی ٢١، خواست لەسەر دیزاینەری بە ئەزموون زیاتر بوو، بە تایبەتی بەهۆی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای نوێ و پێویستی گرنگیدان بە هۆکارە مرۆییەکان.

بەکارهێنانەکان

دیزاینی گرافیک دەتوانێت چەندین بەکارهێنانی هەبێت لە هێماکانی ڕێگاوبانەوە تا نەخشەی تەکنیکی و کتێبەکان. زۆرجار لە براندکردنی بەرهەم و توخمەکانی ناسنامەی کۆمپانیا وەک لۆگۆ، ڕەنگ، پاکەت و دەق وەک بەشێک لە ریکلام بەکاردێت. یان لە گۆڤارە زانستییەکانەوە تا ڕاپۆرتکردنی هەواڵ، زۆرجار پێشکەشکردنی بۆچوون و زانیارییەکان بە گرافیک و پێکهاتە بینراوەکان باشتر ڕوون دەکرێتەوە کە بە دیزاینی زانیاری ناسراوە.

یان دەشێت بۆ دیزاینکردنی ماڵپەڕ و پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنرێت، یان بۆ دیزاینی بەرنامە و یارییەکانی مۆبایل و تابلێتەکان.

ئامرازەکان

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ٢١ کۆمەڵێک بەرنامە بۆ کۆمپیوتەرەکان دروست کرا کە پێشتر بوونیان نەبوو و بە دەست جێبەجێ دەکرا. کۆمپیوتەرەکان وایانکرد دیزاینەران بتوانن ئەو گۆڕانکارییەی لە شێواز و تایپۆگرافی دەیکەن ڕاستەوخۆ بیبینن و هەڵەکانیان ئاسانتر ڕاست بکەنەوە، یان بتوانن چەندین شێوە تاقی بکەنەوە تاوەکوو بگەنە باشترین ئەنجام. 

زۆربەی دیزاینەران پرۆسەیەکی تێکەڵاو بەکاردەهێنن لە دروستکردنی دەستی و کۆمپیوتەری. سەرەتا نەخشەی کارەکەیان بە دەست دەکێشنەوە و دواتر لەسەر کۆمپیوتەر ئەنجامی دەدەن.

کۆمەڵێک بەرنامەی گشتی هەن کە چاوەڕوان دەکرێت دیزاینەرانی گرافیک تێیدا شارەزا بن بۆ دروستکردنی وێنە و تایپۆگرافی و نەخشەسازی. نزیکەی هەموو ئەو بەرنامە نەرمەکاڵایە بەناوبانگانە کە بەکار دەهێنرێن بەرهەمی کۆمپانیای ئەدۆبی سیستەمز ئینکۆڕپۆراتدن.

بەزۆری ئەدۆبی فۆتۆشۆپ (بەرنامەیەک لەسەر بنەمای ڕاستەر بۆ دەستکاریکردنی وێنە) و ئەدۆبی ئیلسترەیتۆر (بەرنامەیەکی ڤێکتەر بۆ وێنەکێشان) بەکاردەهێنرێن. هەندێک لە دیزاینەرانیش لە سەرانسەری جیهان CorelDraw بەکاردەهێنن. CorelDraw نەرمەکاڵایەکی دەستکاریکەری گرافیکی ڤێکتەرییە کە لەلایەن کۆمپانیای Corel Corporation پەرەی پێدراوە و دەخرێتە بازاڕەوە. نەرمەکاڵایەکیش کە سەرچاوە کراوە بێت و بۆ دەستکاریکردنی گرافیکی ڤێکتەری بەکاربێت بریتییە لە Inkscape.

فۆرماتی سەرەکی پەڕگەی بەکارهێنراو لە Inkscape بریتییە لە Scalable Vector Graphics (SVG). دەتوانیت فایلەکە بە هەر فۆرماتێکی ڤێکتەری تر هاوردە یان هەناردە بکەیت. 

بەناوبانگترین بەرنامەکان

  • ئەدۆبی ئیلسترەیتۆر (Adobe Illustrator)
  • ئەفینیتی دیزاینەر (Affinity Designer)
  • پڕۆکریەیت (Procreate)
  • ئەدۆبی فۆتۆشۆپ (Adobe Photoshop)
  • ئەفینیتی فۆتۆ (Affinity Photo)
  • کانڤا (Canva)
  • گراڤت دیزاینەر (Gravit Designer)
  • ئەدۆبی ئیندیزاین (Adobe InDesign)
  • پیکسلەر (Pixlr)
  • فیگما (Figma)
  • سکێچ (Sketch)
  • کرێلۆ (Crello)
  • فۆتۆسکەیپ (PhotoScape)
  • ڤێکتەر (Vectr)
  • کریتا (Krita)
  • ئینکسکەیپ (Inkscape)
  • گیمپ (GIMP)


سەرچاوەکان



2423 بینین