ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-14-22:48:00 - کۆدی بابەت: 9403
ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مێژووی ئەورووپا (بە ئینگلیزی: History of Europe، بە عەرەبی: تاريخ أوروبا) بە شێوەیەکی نەریتی بەسەر چوار قۆناغی کاتیدا دابەشکراوە: ئەورووپای پێش مێژوو (پێش نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش زایین)، دێرینی کلاسیکی (٨٠٠ پێش زایین تا ٥٠٠ زایینی)، سەدەکانی ناوەڕاست (٥٠٠ی زایینی تا ١٥٠٠ی زایینی)، سەردەمی مۆدێرن (لە دوای ساڵی ١٥٠٠).

کورتەی مێژووی ئەورووپا

یەکەم مرۆڤی مۆدێرن و سەرەتایی ئەورووپی لە تۆماری بەردبووەکاندا دەردەکەون و دەگەڕێنەوە بۆ نزیکەی ٤٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەردەمی بەردینە کۆنەکاندا. خەڵکی ئەم قۆناغە چەندین شوێنەواریان بەجێهێشتووە، لەوانە بەرهەمی هونەری و شوێنی ناشتن و ئامڕازەکان. لە سەردەمی کۆچەکانی هیندۆ ئەورووپیدا، ئەورووپا کۆچی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بەخۆیەوە بینی. کشتوکاڵی نیشتەجێبوو سەردەمی بەردینە نوێیەکانی دیاری کرد، کە بە هێواشی لە سەرانسەری ئەورووپادا لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ باکوور و ڕۆژاوا بڵاوبووەوە. قۆناغی دواتری بەردینە نوێیەکان هێنانەکایەی کانزاسازی سەرەتایی و بەکارهێنانی ئامراز و چەکی دروستکراو لە مس و دروستکردنی پێکهاتەی مێگالیتیکی بەخۆیەوە بینی، وەک ستۆنهێنج. 

ئەو قۆناغەی بە دێرینی کلاسیک ناسراوە بە سەرهەڵدانی شار-دەوڵەتەکانی یۆنانی کۆن دەستی پێکرد. هەندێک لە نموونە سەرەتاییەکانی ئەدەب و مێژوو و فەلسەفە لە نووسینەکانی یۆنانییە کۆنەکانەوە هاتووە، وەک هۆمێر و هێرۆدۆت و ئەفلاتوون. دواتر ئیمپراتۆریەتی ڕۆم هاتە سەر هەموو حەوزی دەریای ناوەڕاست. سەردەمی کۆچی گەلی ژێرمانی لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زایینی دەستی پێکرد و وردە وردە هێرشیان کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم. لەگەڵ نیشتەجێبوونی ئەم خەڵکە کۆچبەرانە و پێکهێنانی کۆمەڵگەی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، بە قۆناغی گواستنەوە لە سەردەمی کلاسیک ناسرا.

کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاوا لە ساڵی ٤٧٦ی زایینی بە شێوەیەکی نەریتی دەستپێکردنی سەدەکانی ناوەڕاستە. لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی ١٠٠٠ ساڵی تر بەردەوام بوو، بەڵام خاکەکانی پێشووی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژاوا دابەش بوون بۆ ژمارەیەک دەوڵەتی جیاواز. لە هەمان کاتدا سلاڤەکانی سەرەتایی وەک گروپێکی جیاواز لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەستیان کرد بە جێگیربوون. یەکەم ئیمپراتۆریەتی گەورەی سەدەکانی ناوەڕاست ئیمپراتۆریەتی فرانکەکانی شارلمان بوو، دواتر فەتحی ئیسلامی ئیبەریا لە ئەندەلووس ڕوویدا. سەردەمی ڤایکینگەکانیش دووەم کۆچی گەورەی گەلانی نۆرزی بەخۆیەوە بینی. هەوڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی شام لە دەوڵەتە موسڵمانەکان، وایکرد سەدەکانی ناوەڕاستی باڵا ببێتە سەردەمی جەنگە خاچپەرستەکان، لەگەڵیشیدا سیستمی سیاسی فیۆدالیزم گەیشتە لوتکە. کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست بەهۆی تاعوونەوە ڕێژەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد، کە هاوکاتیش بوو لەگەڵ لەشکرکێشییەکانی گەلانی مەغۆل لە چەمی ئۆراسیاوە. لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا قۆناغێکی ڕاگوزەری بوو کە بە ڕێنێسانس ناسرابوو.

سەرەتای ئەورووپای مۆدێرن بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی پازدەهەم. گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکانی وەک دەرکەوتنی بارووت و چاپخانە گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕ و چۆنیەتی پاراستن و بڵاوکردنەوەی زانیاری گۆڕی. چاکسازیی پرۆتستانت پارچە پارچەبوونی بیری ئایینی بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی شەڕی ئایینی. سەردەمی گەڕان بووە هۆی کۆلۆنیالیزەکردن و خراپ سوودوەرگرتن لە خەڵکی گەلانی تر و هاوردەکردنی سەرچاوە سروشتی و خۆڕسکەکانیان بۆ ئەورووپا.

دوای ساڵی ١٨٠٠، شۆڕشی پیشەسازی کەڵەکەبوونی سەرمایە و شارنشینی خێرای هێنایە ئەورووپای ڕۆژاوا، لە کاتێکدا چەند وڵاتێک لە دەسەڵاتی ڕەهاخوازەوە دوورکەوتنەوە و بوونە ڕژێمی پەرلەمانی. سەردەمی شۆڕشەکان سیستمە سیاسییە لەمێژە دامەزراوەکانی ڕووخاند. لە سەدەی بیستەمدا، جەنگی جیهانیی یەکەم بووە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی نەخشەی ئەورووپا، چونکە ئیمپراتۆرییە گەورەکان دابەش بوون بۆ دەوڵەت-نەتەوەی نوێ. درێژخایەنیی پرسە سیاسییەکان بووە هۆی جەنگی جیهانیی دووەم، کە لەو ماوەیەدا ئەڵمانیای نازی هۆلۆکۆستی ئەنجامدا.

دوای جەنگی جیهانیی دووەم قۆناغی نەمانی داگیرکردنی وڵاتان هات لەلایەن ئەورووپای ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەریتانیا کە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی ژێردەستی ڕزگاریان بوو. دواتر سەردەمی جەنگی سارد دەستی پێکرد و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی پەردەی ئاسنییەوە دابەشبوون بەسەر دوو بلۆکی سەربازیدا: ناتۆ و پەیماننامی وارشۆ. بەڵام وردە وردەی پرۆسەی یەکگرتنی ئەورووپای تێدابوو، کە بووە هۆی دروستبوونی یەکێتیی ئەورووپا؛ دوای ڕووخانی دیواری بەرلینیش وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای بۆ زیاد بوو. سەدەی بیست و یەک قەیرانی قەرزەکانی ئەورووپا و کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا و جەنگی ئۆکرانیای بەخۆیەوە بینی.

ئەورووپای دوای کۆن

ئەورووپای پۆست کلاسیک، ئەورووپای دوای کۆن یان ئەورووپا لە سەدەکانی ناوەڕاست (Post-classical Europe) لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژاواوە لە سەدەی پێنجەمەوە تا سەرەتای سەرەتای سەردەمی مۆدێرن لە سەدەی ١٦دا دەگرێتەوە، کە بە سەرهەڵدانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و دابەشبوونی مەسیحییەتی ڕۆژاوا لە ڕووی چاکسازییەوە دەناسرێتەوە، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤگەرایی لە رێنێسانسی ئیتاڵیا و سەرەتای فراوانبوونی ئەورووپی لە دەرەوەی وڵات کە ڕێگەی بە ئاڵوگۆڕی کۆڵۆمبیا دا.

بیزەنتین

زۆر کەس ئیمپراتۆر قوستەنتینی یەکەم (٣٠٦-٣٣٧ حوکمڕانی کردووە) بە یەکەم "ئیمپراتۆری بیزەنتین" دەزانن. هەر ئەو بوو کە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی لە ساڵی ٣٢٤ لە نیکۆمیدیا گواستەوە بۆ بیزەنتین، کە دواتر بە ناوی قوستەنتینیە، یان نۆڤا ڕۆما ("ڕۆمای نوێ") ناسرا. ئەم ئیمپراتۆرییە دوای کەوتنی قوستەنتینیە بە دەستی تورکەکانی عوسمانی لە ساڵی ١٤٥٣ کۆتایی هات. لە نێوان ساڵانی ٥٤١ بۆ ٥٤٢ ئیمپراتۆرییەکە تووشی تاعوونی جەستینیان بوویەوە. بەپێی خەمڵاندنەکان تاعوونی جەستینیان لە سەرانسەری جیهاندا ١٠٠ ملیۆن کەسی کوشتووە. ئەمەش بووە هۆی دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی ئەورووپا بە ڕێژەی نزیکەی ٥٠%. 

ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین لە ماوەی زۆرینەی کاتی هەبوونیدا یەکێک بوو لە بەهێزترین هێزە ئابووری و کولتووری و سەربازییەکانی ئەورووپا و قوستەنتینیە یەکێک بوو لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین شارەکانی ئەورووپا.

سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاست

سەدەکانی ناوەڕاستی سەرەتایی نزیکەی پێنج سەدە لە ٥٠٠ تا ١٠٠٠ دەگرێتەوە.

لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەوڵەتی باڵادەستی نوێ پێکهات: دەوڵەتی ئاڤار خەگانات (٥٦٧-٨٢٢)، بولگاریای گەورەی کۆن (٦٣٢-٦٦٨)، خەگاناتی خەزار (٦٥٠-٩٦٩) و بولگاریای دانووب (لەلایەن ئەسپاروو لە ساڵی ٦٨٠ دامەزرا)، کە ئەمانە بەردەوام ڕکابەری هەژموونی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین بوون.

لە سەدەی حەوتەوە مێژووی بیزەنتین زۆر کاریگەری سەرهەڵدانی ئیسلام و خەلافەتەکانی لەسەر بوو. عەرەبە موسڵمانەکان بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ئەبووبەکری سدیقدا، یەکەم خەلیفەی خەلافەتی ڕاشیدین، چوونە ناو شامی داگیرکراوی ڕۆمانی و میزۆپۆتامیای ڕۆمەکانەوە و داگیریان کرد و دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام.

هاتنی هێزی ئیسلامی

بەو پێیەی بیزەنتینەکان و ساسانییەکانی دراوسێ بوون، چەندین شەڕ لە نێوانیان ڕوویدا، بەتایبەت لە ساڵانی ٦٠٢-٦٢٨، لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتابدا، خەلیفەی دووەم، موسڵمانان بە تەواوی ئیمپراتۆریەتی فارسی ساسانییان ڕووخاند، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوەش سووریا و میزۆپۆتامیایان داگیرکرد، هەروەها فەلەستینی ڕۆمانی و میسری ڕۆمانی و بەشێک لە ئاسیای بچووک و ڕۆمانی باکووری ئەفریقایان داگیرکرد.

لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمی زایینیدا، دوای داگیرکردنی وڵاتی فارس، ئیسلام چووە ناو ناوچەی قەفقازەوە، کە دواتر بەشێکی بۆ هەمیشە بوونە بەشێک لە ڕووسیا. ئەم ڕەوتە تاوەکوو سەردەمی ئومەوییەکانیش بەردەوام بوو و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایینەکە لە زۆرینەی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاستی باکووری ئەفریقا و زۆربەی نیمچەدوورگەی ئیبەر. لە ماوەی سەدەکانی داهاتوودا هێزە موسڵمانەکان توانیان خاکی زیاتری ئەورووپا بگرنە دەست، لەوانە قوبرس، ماڵتا، کریت و سیسیلیا و بەشێک لە باشووری ئیتاڵیا.

دواتریش داگیرکردنی هیسپانیای بەدوا هات، موسوڵمانان لە ساڵی ٧١١دا لە ژێر دەستی جەنەراڵ تاریق کوڕی زیاددا هێرشیان کردە سەر شانشینی ڤیزیگۆتی مەسیحی هیسپانیا. لە ٣٠ی نیسان لە جەبەل تاریق نیشتەوە و بەرەو باکوور ڕۆشتن. هێزەکانی تاریق ساڵی دواتر گەیشتنە هێزەکانی باکوور بە سەرکردایەتی مووسای کوڕی نوسەیر و بە یەکتری پەیوەست بوون. لە ماوەی هەڵمەتی هەشت ساڵەدا زۆربەی نیمچەدوورگەی ئیبەریا خرایە ژێر دەسەڵاتی موسڵمانانەوە، جگە لە ناوچە بچووکەکان لە باکووری ڕۆژئاوا. 

لە ساڵی ٧١١دا هیسپانیای ڤیزیگۆتی بەهۆی شەڕکردنی دوو جێنشین لەسەر تەختی پاشایەتی زۆر لاواز بوو. موسڵمانان قەیرانی ناو کۆمەڵگەی هیسپانی-ڤیزیگۆتیکیان قۆستەوە بۆ ئەوەی فەتحەکانیان ئەنجام بدەن. دواتر ئەم خاکە ناونرا ئەندەلووس و بوو بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتی ئومەوی.

دووەم گەمارۆی قوستەنتینیە لە ساڵی ٧١٧ بەهۆی دەستێوەردانی تێرڤێڵی بولگاریا سەرنەکەوتوو بوو و شانشینی ئومەوی لاواز کرد و شکۆیانی کەمکردەوە. لە ساڵی ٧٢٢ دۆن پێلایۆ کە ئاغایەکی بە ڕەچەڵەک ڤیزیگۆتی بوو، سوپایەکی لە ٣٠٠ سەربازی بەهێز پێکهێنا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازە موسڵمانەکانی مونوزا. لە شەڕی کۆڤادۆنگادا، ڤیزیگۆتییەکان شکستیان بە موسوڵمانەکان هێنا و ئەوانیش کشانەوە. سەرکەوتنی مەسیحییەکان سەرەتای ڕیکۆنکویستا بوو و بووە هۆی دامەزراندنی شانشینی ئەستوریاس بە پاشایەتی دۆن پێلایۆ.

موسوڵمانان ویستیان بەرەو ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵات بەرەو پێش بڕۆن، بەڵام لەلایەن سەرکردەی فرانکەکان چارڵز مارتێل لە شەڕی پۆیتییە لە ساڵی ٧٣٢دا شکستیان هێنا، بۆیە کشانەوە و لە بەشی باشوور ئومەویەکان میرنشینێکی سەربەخۆیان بە ناوی ئیمارەتی قورتوبە لە نیمچە دوورگەی ئیبەری دامەزراند.

ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز

ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز لە دەوروبەری ساڵی ٨٠٠ سەریهەڵدا، شارلمانی پادشای فرانکەکان و بەشێک لە شانشینی کارۆلینجیەکان لەلایەن پاپا وەک ئیمپراتۆر تاجی لەسەر نرا. ئیمپراتۆریەتەکەی کە بنکەکەی لە فەرەنسای مۆدێرن و وڵاتانی خوارەوە و ئەڵمانیا بوو، بەرەو هەنگاریای مۆدێرن و ئیتاڵیا و بۆهێمی و ساکسۆنی خواروو و ئیسپانیا درێژ بوویەوە. مردنی شارلمان سەرەتای کۆتاییهاتنی خێزانەکەی بوو کە تا ساڵی ٨٨٨ بە تەواوی نەمان. پارچەپارچەبوونی دەسەڵاتەکە بووە هۆی نیمچە خۆبەڕێوەبەرییەک لە ناوچەکەدا، کە وەک خاڵی دەستپێکی دروستبوونی دەوڵەتەکان لە ئەورووپا ناسراوە.

ئیمپراتۆریەتە نوێیەکان

لە ڕۆژهەڵاتەوە بولگاریا لە ساڵی ٦٨١ دامەزرا و بووە یەکەم وڵاتی سلاڤی. ئیمپراتۆریەتی بەهێزی بولگاریا بۆ چەندین سەدە ڕکابەری سەرەکی بیزەنتییەکان بوو و توانی کۆنترۆڵی باڵکان بکات و لە سەدەی نۆیەمەوە بووە ناوەندی ڕووناکبیری ئەورووپای سلاڤی. ئیمپراتۆریەت لە ماوەی سەدەی نۆیەمی زایینیدا، لە قوتابخانەی ئەدەبی پرێسلاڤ، ڕێنووسی سیریلیکی دروستکرد. بولگاریا لە ماوەی ئیمپراتۆر سیمۆنی یەکەمدا لە ماوەی ٨٩٣ بۆ ٩٢٧ سەردەمی زێڕینی خۆی بینی.

لە سەدەی نۆیەمدا بە ڕێکەوت لە نێوان گەلانی سلاڤیدا دوو دەوڵەت بە ناوەکانی مۆراڤیای گەورە و کیڤان رووس سەریان هەڵدا. لە کۆتایی سەدەی نۆیەم و دەیەمدا، باکوور و ڕۆژاوای ئەورووپا هەستیان بە گەشەسەندنی دەسەڵات و کاریگەریی ڤایکینگەکان کرد کە هەڵیانکوتایە سەریان و بازرگانییان دەکرد، دواتر بە خێرایی باکووریان داگیر کرد و بە خێرایی لەوێ نیشتەجێ بوون. ڤایکینگەکان کاریگەرییەکی کولتوورییان لەسەر ئەنگلۆساکسۆنەکان و فرانکەکان و هەروەها سکۆتلەندییەکان بەجێهێشت. لەو ماوەیەشدا هەنگارییەکان زۆرێک لە خاکەکانی ئەورووپایان تاڵان کرد و پێچێنگەکانیش هەڵیانکوتایە سەر بولگاریا و دەوڵەتانی ڕووسیا و دەوڵەتە عەرەبییەکان. لە سەدەی دەیەمدا کۆمەڵێک شانشینی سەربەخۆ لە ئەورووپای ناوەڕاست دامەزران، لەوانە پۆڵەندا و شانشینی تازە نیشتەجێبووی هەنگاریا. هەروەها شانشینی کرواتیا لە باڵکان دەرکەوت. قۆناغی دواتر کە لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ کۆتایی هات، گەشەی زیاتری فیودالیزمی بەخۆیەوە بینی، کە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆزی لاواز کرد.

لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ڤۆڵگا بولگاریا لە ساڵی ٩٢١ بوو بە دەوڵەتێکی ئیسلامی، دوای ئەوەی ئەلمیشی یەکەم لە ژێر هەوڵی ئەحمەد کوڕی فەدلاندا موسڵمان بوو. کۆیلایەتی لە سەرەتای سەدەی ناوەڕاستدا و زیاتر لە ڕۆژئاوای ئەورووپا، تا نزیکەی ساڵی ١٠٠٠ی زایینی کۆتایی هات و مسکینی (serfdom) جێگەی گرتەوە. بەڵام لە ئینگلتەرا و لە ناوچە پەراوێزییەکانی پەیوەست بە جیهانی موسڵمانانەوە زیاتر مایەوە و کۆیلایەتی بەردەوام لە گەشەکردندا بوو. دواتریش یاساکانی کڵێسا کۆیلایەتی مەسیحییەکانی قەدەغە کرد.

کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست

سەدەکانی ناوەڕاستی بەرز، یان سەردەمی بەرزی سەدەی ناوەڕاست، قۆناغێکی تری مێژووی ئەورووپا بوو کە لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ی تا ١٣٠٠ بەردەوام بوو. ڕەوتە مێژووییە سەرەکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی باڵا بریتین لە زیادبوونی خێرای دانیشتووانی ئەورووپا، کە گۆڕانکارییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەردەمی پێشووەوە بەدوای خۆیدا هێنا، هەروەها رێنێسانسی سەدەی ١٢، لەوانەش یەکەم پێشهاتەکانی کۆچی گوندەکان و دەستپێکی شارنشینی. تا ساڵی ١٢٥٠ زیادبوونی بەهێزی ژمارەی دانیشتووان سوودێکی زۆری بە ئابووری ئەورووپا گەیاندبوو، کە گەیشتە ئاستێک کە تا سەدەی نۆزدەهەم لە هەندێک ناوچەدا جارێکی تر نەبینرایەوە.

ئەو ڕەوتە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەهۆی زنجیرەیەک بەڵا، دیارترینیان تاعوون، هەروەها چەندین جەنگ و چەقبەستوویی ئابووری کۆتایی هات. لە دەوروبەری ساڵی ٧٨٠ـەوە ئەورووپا دوا لەشکرکێشییە بەربەریەکانی بەخۆیەوە بینی و لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ڕێکخراوتر بوو. دواتریش رێنێسانسی کارۆلینجی هاندەری چالاکیی زانستی و فەلسەفی بوو لە باکووری ئەورووپا. یەکەم زانکۆکان لە بۆلۆنیا، ئۆکسفۆرد، پاریس، سالامانکا، کامبریج و مۆدێنا دەستیان بە کارکردن کرد و دامەزران. ڤایکینگەکان لە دوورگەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و شوێنەکانی تر نیشتەجێ بوون و شانشینی مەسیحییەکانی نۆرزی لە زێدی خۆیان لە وڵاتانی سکاندیناڤیا دەستیان بە گەشەکردن کرد.

مەگیارەکان لە سەدەی ١٠ـدا فراوانبوونیان وەستاند و تا ساڵی ١٠٠٠، شانشینی مەسیحی هەنگاریا بووبووە دەوڵەتێکی دانپێدانراو لە ئەورووپای ناوەڕاست و دەستی کرد بە هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزە ناوچەییەکان. سەروەری بولگاریا بە ڕاپەڕینی دژە بیزەنتینەکانی بولگارییەکان و ڤلاخەکان لە ساڵی ١١٨٥ دامەزرا، خاچپەرستەکان هێرشیان کردە سەر ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین و لە ساڵی ١٢٠٤ قوستەنتینیەیان گرت و ئیمپراتۆریەتی لاتینی خۆیان دامەزراند. کالۆیانی بولگاریا لە شەڕی ئەدریانۆپڵ لە ١٤ی نیسانی ١٢٠٥دا شکستی بە باڵدوینی یەکەمی ئیمپراتۆری لاتینی قوستەنتینیە هێنا. دەسەڵاتی ئیڤان ئاسێنی دووەمی بولگاریا بووە هۆی فراوانبوونی زۆرترین خاک و سەردەمی ئیڤان ئەلێکساندەری بولگاریاش بووە هۆی دووەم سەردەمی زێڕینی کولتووری بولگاریا. هەروەها جارێکی تر ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین لە ساڵی ١٢٦١ دامەزرایەوە.

خاچپەرستان کۆلۆنیەکانی ئەورووپایان لە شام دامەزراند، زۆرینەی نیمچەدوورگەی ئیبەری لە موسڵمانان داگیرکرا و نۆرمانەکان باشووری ئیتاڵیایان داگیر کرد، هەموو ئەمانەش بەشێک بوون لە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و شێوازی نیشتەجێکردنی سەرەکی. سەدەکانی ناوەڕاستی باڵا چەندین شێوەی جیاوازی بەرهەمی فیکری و ڕۆحی و هونەری بەرهەم هێنا. بەناوبانگترینیان کاتدراییە گەورەکانن وەک دەربڕینی تەلارسازی گۆتیک.

ئەم سەردەمە سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و سەرهەڵدانی شار-دەوڵەتە بەناوبانگەکانی ئیتاڵیا، وەک فلۆرانس و ڤێنیزی بەخۆیەوە بینی. پاپا كاریگەرەكانی کڵێسای كاسۆلیكی بانگهێشتی سوپای خۆبەخشیان لە سەرانسەری ئەورووپاوە دەکرد بۆ زنجیرەیەك شەڕی خاچپەرستی دژ بە توركەكانی سەلجوق كە خاكی پیرۆزیان داگیر دەكرد. 

لەڕووی فەلسەفەوە، دووبارە دۆزینەوەی بەرهەمەکانی ئەرستۆ وایکرد تۆماس ئاکویناس و بیرمەندانی تر پەرە بە فەلسەفەی سکۆلاستیزم بدەن. 

داشبوونی کڵێسا و دۆخی بیزەنتینەکان

دابەشبوونێکی گەورە لە نێوان کڵێسای مەسیحییەکانی ڕۆژاوا (کاسۆلیک) و ڕۆژهەڵات (ئۆرتۆدۆکس) لە ساڵی ١٠٥٤ لەلایەن پاپا لیۆی نۆیەمەوە دەستی پێکرد. لە ناوەڕاستی سەدەی هەشتەمەوە سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین لە بەرامبەر فراوانبوونی ئیسلامیدا بەرەو بچووکبوونەوە دەچوو. ئەنتیکە تا ساڵی ١٠٤٥ لەلایەن بیزەنتینەکانەوە داگیر کرایەوە.

جەنگە پیرۆزەکان

دوای دابەشبوونی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا، ئایینی مەسیحی ڕۆژئاوا لەلایەن شانشینە تازە دروستکراوەکانی ئەورووپای ناوەڕاستەوە وەرگیرا، وەک پۆڵەندا، هەنگاریا و بۆهێمی. کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیک وەک زلهێزێکی سەرەکی گەشەی کرد و بووە هۆی ناکۆکی نێوان پاپا و ئیمپراتۆر. دەسەڵاتی جوگرافیی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی بەهۆی گۆڕینی پاشا بتپەرستەکانەوە زۆر فراوان بوو، بەتایبەت لە (سکاندیناڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، هەنگاریا، ریکۆنکیستای مەسیحی ئەلئەندەلوس و جەنگە خاچپەرستەکان). زۆربەی ئەورووپا لە سەدەی پازدەهەمدا ڕۆمانی کاسۆلیک بوون.

ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز کە لە بنەڕەتدا بنکەکەی لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بوو، زیاتر پارچە پارچە بوو و بوو بە چەندین میرنشینی فیۆداڵی یان دەوڵەتی بچووکی شار، کە ملکەچبوونیان بۆ ئیمپراتۆر تەنیا فەرمی بوو.

سەدەی ١٤ کە ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان هاتە سەر دەسەڵات، زۆر جار بە سەردەمی مەغۆلەکان ناودەبرێت. سوپای مەغۆلەکان بە فەرمانی باتوخان بەرەو ڕۆژئاوا فراوان بوون. تۆمارەکانی مەنگۆلیا ئاماژە بەوە دەکەن کە باتوخان پلانی داڕشتبوو بۆ داگیرکردنی تەواوەتی ئەو زلهێزانەی ئەورووپا کە مابوونەوە، سەرەتا بە هێرشێکی زستانە بۆ سەر نەمسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا دەستی پێکرد، بەڵام لەگەڵ مردنی خان ئۆگێدەی گەورەدا سوپا بانگهێشتکرایەوە بۆ مەنگۆلیا. زۆربەی مێژوونووسان پێیان وایە تەنیا مردنی ئەو ڕێگری لە داگیرکردنی تەواوەتی ئەورووپا کردووە. ئەو ناوچانەی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و زۆربەی ئاسیای ناوەڕاست کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی مەغۆلەکاندا بوون، بە هۆردی زێڕین ناسران. لە سەردەمی ئوزبەگخاندا، ئیسلام لە سەرەتای سەدەی ١٤دا بووە ئایینی فەرمی ناوچەکە. دواتر مەغۆلەکانی داگیرکەر لەگەڵ مسکینەکانیان کە زۆربەیان تورک بوون، بە تاتار ناسران. پاشان لە ڕووسیا تاتارەکان بۆ زیاتر لە ٣٠٠ ساڵ لە ڕێگەی ژێردەستەییەوە حوکمڕانی دەوڵەتە جیاوازەکانی ڕووسیان کرد.

برایانی شمشێری لیڤۆنی لەلایەن لیتوانییەکانەوە شکستیان هێنا، بۆیە لە ساڵی ١٢٣٧دا گریگۆری نۆیەم پاشماوەی فەرمانەکەی تێکەڵ کرد بە فەرمانی تیۆتۆنی وەک ڕێبازی لیڤۆنی.

کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست

کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست دەوروبەری سەدەی ١٤ و کۆتایی سەدەی پازدەهەم دەگرێتەوە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٠٠، چەندین سەدە لە ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئەورووپا وەستا. زنجیرەیەک برسێتی و بەڵا، وەک برسێتی گەورەی ساڵانی ١٣١٥-١٣١٧ و مردنی ڕەش دەستیان پێکرد، بەمەش ژمارەی دانیشتووانی هەندێک ناوچە بوو بە نیوە. کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان بووە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کار؛ ڕزگاربووان مووچەیان باشتر بوو و کۆڵبەران دەیانتوانی هەندێک لە بارگرانییەکانی فیۆدالیزم کەم بکەنەوە. هەروەها کۆمەڵێک نائارامیی کۆمەڵایەتیش دروست بوو؛ فەڕەنسا و ئینگلتەرا سەرهەڵدانی جددی جووتیارانیان بەسەردا هات، وەک شۆڕشی جاکێری و ڕاپەڕینی کۆڵبەران. لە هەمان کاتدا یەکێتیی کڵێسای کاسۆلیکی بەهۆی دابەشبوونی گەورەوە تێکچوو. کۆی ئەم ڕووداوانەش ناویان لێنراوە قەیرانی کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاست. 

لە سەدەی ١٤ـەوە دەریای باڵتیک بوو بە یەکێک لە گرنگترین ڕێگا بازرگانییەکان.

هەروەها لە کۆتاییەکانی ئەم سەردەمەدا شاری قوستەنتینیە لە ١٤٥٣ کەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکە عوسمانییەکان و ئیمپراتۆریەتی بیزەنتین ڕووخا.  توركەكان ئەو شارەیان كردە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەکان كە تا ساڵی ١٩٢٢ ئیمپراتۆرییەکە بەردەوام بوو و میسر و سووریا و زۆربەی بەڵكانی گرتەوە.

پێشکەوتنێکی سەرەکی سەدەی پازدەهەم هاتنی چاپخانەی جووڵاو بوو لە نزیکەی ساڵی ١٤٣٩ لە ماینز، پێشتر کاغەز لە چینەوە لە ڕێگەی عەرەبەکانەوە لە سەدەکانی ناوەڕاستی بەرزدا هاتە ئاراوە. وەرگرتنی ئەم تەکنەلۆجیایە لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا بە خێرایییەکی سەرسوڕهێنەر بڵاوبوویەوە و تا ساڵی ١٥٠٠ زیاتر لە ٢٠٠ شار لە ئەورووپا چاپخانەیان هەبوو کە لە نێوان ٨ بۆ ٢٠ ملیۆن کتێبیان چاپ کرد.


سەرچاوەکان



4396 بینین