شام 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-31-14:47:00 - کۆدی بابەت: 8853
شام 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

وڵاتانی شام یان وڵاتی شام (بە عەرەبی: بلاد الشام، بە ئینگلیزی: Levant) بریتییە لە کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی کە دەکەونە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، لە ئێستادا لە هەریەک لە وڵاتی سووریا، لوبنان، ئوردن، فەڵەستین و چەند ناوچەیەکی بچووکی باشووری تورکیا پێکهاتووە.
ڕووبەرەکەی 307,134 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە پەنجا ملیۆن کەس، هەروەها بە گشتی زمانی فەرمی دانیشتوانەکەی زمانی عەرەبییە و شێوەزاری چەند ناوچەیەکیان لە یەکەوە نزیکن، هاوکات زۆربەی دانیشتوان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن. 

واتای ناوەکەی

لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی "Levant" هاوتای وڵاتی شامە کە واتای ڕۆژهەڵاتە، دەستەواژەیەکە لە زمانەکانی ئەورووپا بەربڵاوە و واتای درەوشانەوە و شوێنی دەرکەوتنی خۆر یاخود ڕۆژهەڵات دەبەخشێت، لە ئیتاڵیا و فەڕەنسا ئەم دەستەواژەیە بڵاوبووەوە و دوای داگیرکارییەکانی فەڕەنسا بۆ ناوچەکە هەر ئەو دەستەواژەیەیان بۆ ناوچەکە بەکارهێنا.
لە زمانی عەرەبیشدا "شام" دەستەواژەیەکی کورتکراوە بووە و وەکوو ئاماژە پێکردن بە وشەی "شمال" بەکارهێنراوە کە واتای باکوورە، هەندێک سەرچاوەی تریش ئاماژە بەوە دەکەن کە واتای سووریای مەزن یان بلاد آشور - وڵاتی ئاشوورییەکان دەبەخشێت.
چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی تریش ڕەچەڵەکی ناوەکە دەگێڕنەوە بۆ "سام" کە کوڕێکی پێغەمبەر نوح بووە و لە دوای گیرسانەوەی کەشتییەکەی نوح لەو ناوچەیە، سام شارستانییەتی بنیاتناوە و بە ناوی خۆیەوە ماوەتەوە، بەڵام بەپێی کات ناوەکەی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووە بە شام. 

سنووری جوگرافی وڵاتانی شام

سنووری جوگرافی شام لە نێوان هەر سێ  کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپایە، بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی کەنار ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە سنوورەکەی دەست پێدەکات، لە باکوورەوە هاوسنووری وڵاتی ڕۆمای کۆن بووە و لە باشوورەوە سینای وڵاتی میسڕ، لە ڕۆژئاواوە دەریای سپی ناوەڕاست و لە ڕۆژهەڵاتەوە بیابانەکانی ئایلە و فوڕات دەوریان داوە، هەریەک لە وڵاتانی سووریا، ئوردن، لوبنان و فەڵەستین شام پێکدەهێنن. 

مێژووەکەی

ـ سەردەمی دێرین: بەڵگە مێژووییەکانی شوێنەوار دەریدەخەن کە لە سەدان ساڵ پێش زایینەوە مرۆڤ نیشتەجێی ئەم ناوچەیە بووە و چەندان شارستانی گرنگی تێدا هەڵکەوتووە.
ـ بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە شام: پێش بڵاوبوونەوەی ئیسلام ناوەچەکە لەلایەن ڕوومەکانی بیزەنتییەوە داگیر کرا بوو، جەنگی "موئتە" یەکەم هەوڵی موسڵمانان بوو بۆ فەتح کردنی وڵاتی شام، پاشان لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق لە ساڵی 13ـی کۆچی نزیکەی حەوت هەزار جەنگاوەری ئیسلامی ناردە دیمەشق، پاشان بە سەرکردایەتی عەمڕی کوڕی عاس سوپایەکیش بەرەو فەڵەستین نێردا و شەرەبیلی کوڕی حەسەنەش بۆ ئوردن پێشڕەوی سووپایەکی تری کرد. دوای کوچی دوایی ئەبوبەکر لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب لە ناوچەکە پێشڕەوی زیاتر کرا و شام بە تەواوی فەتح کرا، جەنگی یەرمووک گرنگترین جەنگی ئەو ناوچەیە بوو کە لە ساڵی 14ـی کۆچی ڕوویدا، موسڵمانان سەرکەوتن و بیزەنتینییەکان لە ناوچەکە بە تەواوی دەرکران، ئەبوعوبەیدەی کوڕی جەڕاح و خالیدی کوڕی وەلید دیمەشقیان فەتح کرد، پاشان لەو سەردەمە شام دابەشکرا کرا بۆ سەر چوار بەشی سەرەکی کە بریتی بوون لە: دیمەشق، حومس، ئوردن و فەڵستین.
ـ سەردەمی عوسمانییەکان: ماوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەو ناوچەیە چوار سەدەی خایاندووە، عوسمانییەکان شامیان دابەش نەکردووه و هەر بە یەک قەوارەیەیی ماوەتەوە. شام لەو سەردەمە ناوچەیەکی ستراتیجی هەبووە، چونکە هەموو گەشتە بازرگانییەکان کە بەرەو حیجاز و حەجکردن و عێراق و ناوچەکانی کەنداو دەچوون بە شاری حەلەب تێپەڕ دەبوون.

قۆناغی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم: لە ڕابردوودا وڵاتانی شام قەوارەیەکی سیاسی و جوگرافی یەکگرتوو بوون، بەڵام لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و شکستهێنانی دەوڵەتی عوسمانی و بەستنی پەیماننامەی سایکس پیکۆ، ناوچەکە لەنێوان هێزە داگیرکارەکانی ڕۆژئاوا نموونەی بەریتانیا و فەڕەنسا دابەشکرا. 
ناوچەکانی باکووری شام کرا بە سووریا و کەوتنە ژێر داگیرکاری فەڕەنسا، هاوکات ناوچەکانی باشووری شام کرا بە فەڵەستین و کەوتنە ژێر داگیرکاری بەریتانیا.
لە ساڵی 1920 دووبارە باکووری سووریا لەلایەن داگیرکارییەکانی فەڕەنسا دابەش کرایەوە و لوبنانی کرایە سەر، چەند هەرێمێکیش لە شام دابڕێندران و کرانە سەر وڵاتی تورکیا، پاشان ساڵێک دواتر فەڕەنسا لوبنانی جوودا کردەوە و بووە وڵاتێکی سەربەخۆ، باشووری شامیش کرا بە دوو بەشەوە کە ڕۆژهەڵاتی ئوردن و فەڵەستین بوون.
لە دوای ساڵی 1948 و کۆچی جوولەکەکان بۆ فەڵەستین، خاکی فەڵەستین داگیر کرا و وڵاتی ئیسرائیل لەسەر خاکەکەی بنیاتنرا، لە سەرەتادا خاکەکەیان دابەش کرد بەشێکیان تەرخان کرا بۆ جوولەکە کۆچەرییەکانی ئەورووپا و عەرەبنشینەکانی دەرکران بەشێکیشیان تەرخان کرا بۆ عەرەبەکان.

لە ساڵی 1967 خاکی فەڵەستین بە تەواوی داگیر کرا کەوتە ژێر داگیرکاری ئیسڕائیل. 

دیمۆگرافیای دانیشتوانی وڵاتی شام

بەهۆی گرنگی شوێنی جوگرافی شام، چەندان شارستانی و گەل تێیدا هەڵکەوتوون، عەرەب و کورد و تورک لە خاکەکەی نیشتەجێ بوونە، بۆیە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتوور و دابوونەریتەکانی شام دەوڵەمەند و هەمەجۆرن.
ئایینی ئیسلام بەربڵاوترین ئایینی ناوچەکەیە، پاشان ئایینی مەسیحی و پەیڕەوانی ئەو ئایینە دووەمین بەربڵاوترین ئایینی ناوچەکەیە، چەندان کەمینەی ئایینی تریش بوونی هەیە نموونەی جوولەکە، بەهائی، سابئی و مەندائی و ئەرمەنی چەندانی تر.
زمانی عەرەبی لە ناوچەکە زمانی فەرمییە، بەڵام هەر وڵاتێک و شێوەزرای تایبەت بە خۆی هەیە و تا ڕادەیەک شێوەزارەکان لەیەکەوە نزیکن.
لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی شام نزیکەی 50 ملیۆن کەسن، پێشبینی دەکرێت تاکوو ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتوان 70 ملیۆن کەس تێدپەڕێنێت.


سەرچاوەکان



2104 بینین